عیمران ئەل باداوی بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی هوستۆن بۆ گوڵان: ئەمریكا و ڕووسیا وەك ناوچەیەكی پڕ بایەخ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانن
عیمران ئەل باداوی پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی هوستۆن لە ئەمریكا، هەروەها دامەزرێنەری پڕۆگرامی دیراساتی عەرەبییە لە هەمان زانكۆ. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە لەسەر وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
* هەروەك ئاشكرایە قسە و باسی زۆر كرا لە بارەی پاڵنەری هەڵگیرسانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەوەتا ئەم شەڕە درێژەی كێشاوە و چەندین لێكەوتە و دەرهاویشتەی جیاواز و جۆراوجۆریشی لێ كەوتووەتەوە، بە شێوەیەكی گشتی ئێوە چۆن لە ڕەوت و ڕێڕەوی شەڕەكە دەڕوانن و پێتان وایە بۆچی ئەم شەڕە بەم شێوەیە ئاراستە و ئاقاری گرت؟
- لە ڕاستیدا ئەمە پرس و بابەتێكی ئاڵۆزە، ئەوەی لەم ڕووەوە دەكرێت ئاماژەی پێ بكرێت، ئەوەیە كە لەلایەك هیچ پاساو و بیانوویەك نییە ڕەوایەتی بدات بەو كوشتن و كوشتارەی ڕووسیا كە لە دژی خەڵك و گەلی ئۆكرانیا بەرپای كردووە، هەروەها هیچ شتێك ڕەوایەتی نادات بە داگیركردنی و لكاندنی خاكی ئۆكرانیا و ناسەقامگیركردنی بارودۆخی ئەمنی و شڵەژاندن و شێواندنی بازاڕی وزە لە ئەوروپا و، دروستكردنی پشێوی لە تێكڕای ئابووریی جیهاندا، لەلایەكی دیكەوە، پێداگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ بەرفراوانكردنی ناتۆ، ئەو ڕێكخراوەیەی بە ڕاددەیەكی گەورە ئەرك و بەرپرسیارێتییەكەی بریتی بوو لە ئیحتیواكردن و لە قاڵبدانی ڕووسیا و یەكێتیی سۆڤییەتی پێشوو، بە شێوەیەكی حەتمی سەری دەكێشا بۆ سەرهەڵدان و هەڵگیرسانی ناكۆكی، كاتێك ئەم بەرفراوانبوونە نزیك دەبووەوە لە سنوورەكانی ڕووسیا، هەروەك ئەوەی لە ئێستادا ڕوو دەدات و بەدی دەكەین. دوای جەنگی دووەمی جیهانی بەرفراوانبوونی ناتۆ لە شێوەی چەند شەپۆلێكدا بەرجەستە بوو، لە لوتكەی بوخارست لە ساڵی 2008دا گەیشتە بەرزترین ئاست، ئەوە بوو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕایگەیاند كە ئۆكرانیا و جۆرجیا (كە هاوسنوورن لەگەڵ وڵاتی ڕووسیا) پەیوەندی بە ناتۆوە دەكەن، لە بەرامبەردا ڕووسیا سەرسەختانە بەرهەڵستی كرد و ئەم پەرەسەندنانەش سەریان كێشا بۆ شەڕی ساڵی 2014 و لكاندنی خاكی كریمیا بە ڕووسیاوە، هەروەها بەرپابوونی شەڕی ساڵی 2022، كەواتە دەكرێت بڵێین كە ئەم شەڕ و ناكۆكییەی ئێستا مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە و من مشتومڕی ئەوە دەكەم كە ویلایەتە یەكگرتووەكان هەڵگیرسانی ئەم شەڕەی كردە شتێكی حەتمی.
* شتێكی شاردراوە نییە كە ئەم شەڕەی ئێستا تەنیا پەیوەست نییە بە هەر دوو وڵاتی بەشەڕهاتوو (رووسیا و ئۆكرانیا)، بەڵكو وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هاوكارییەكی گەورەی سەربازی و مرۆییان بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر كردووە، بە چەشنێك ئەمە بووەتە هاوشێوەی شەڕێكی بە وەكالەت، ئایا دەكرێت ئەم بارودۆخە بشوبهێنین بە ڕۆژگاری شەڕی سارد، یان بڵێین دووبارە شەڕی سارد هاتووەتەوەئارا؟
- لە ڕاستیدا دەستەواژەی شەڕی سارد لە ئێستادا بە ڕاددەیەكی گەورە گوزارشتێكی نەرمكراوە و، بگرە بەشێك لە خەیاڵ و ئەندێشەی ڕۆژئاوا و پێكهاتەی شوناسیان، ئەمە دەستەواژەیەكە بۆ یەكخستنی ئەوروپا و ئەمریكا لە ڕووی هاوتەریبكردنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەكانیانەوە، بۆ ئەوەی خۆیان جیا بكەنەوە لە ڕووسیا، كە لە بنەڕەتدا مێژووییەكی هاوبەشی گەرموگوڕ هەیە لە نێوانیاندا. هەر لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین هیچ كاتێك شەڕی بە وەكالەتی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕووسیا (یەكێتیی سۆڤیەت) ڕانەوەستاوە و لە ئێستاشدا هەر ڕانەوەستاوە و بگرە لە دەیەكانی دواییدا پتر چڕ بووەتەوە، لە نێویاندا لە وڵاتی سووریا (لە ساڵی 2011 تاوەكو ئێستا، عێراق لە ساڵی 2003 تاوەكو 2011، ئەفغانستان لە ساڵانی 1979-1989، ئەمە ئەگەر هیچ شتێك نەڵێین لەبارەی ئەو یاخیبوونە خوێناوی و سەرهەڵدان و ناكۆكییانەی لە ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریكا هاتنە ئاراوە، كە تێیدا هەردوو هێزەكە دەستیان لە كێشە و ناكۆكییەكاندا هەبوو و خەتابار بوون. هەرچۆنێك بێت، واقیع و هەلومەرجەكە ئەوەیە كە شەڕی هەمیشەیی نێوان هێزە مەزنەكان هۆكاری هەڵگیرسێنەری شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا بووە، لە ئێستاشدا تەشەنەكردنی شەڕەكە بۆ جەنگێكی ناوكی و بۆ جەنگێكی بەربڵاوتری جیهانی ئەگەرێكی ڕاستەقینە و مەترسیدارە.
* یەكێك لە دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە بریتییە لە لەقبوونی پایەكانی ئەو سیستمەی پێی دەڵێین سیستمی جیهانیی تەوەربەند لەسەر ڕێساكان، بە گوزارشتێكی دیكە ئایا دەتوانین بڵێین ئەم شەڕە بزمارێكی دیكەیە لە تابووتی ئەم سیستمە و ئایا ئەمە لێكدانەوەیەكی ورد و دروستە بۆ بارودۆخەكە؟
- لە ڕاستیدا من خۆم بە گومانم لە ئاست بیرۆكەكانی هاوشێوەی «سیستمی تەوەربەند لەسەر ڕێساكان» و «سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی»، یان چەند تیۆر و بیرۆكەیەكی دیكەی سیاسیی هاوشێوە، چونكە ئەم دەستەواژانە ڕەنگدانەوە و بەرجەستەكاری بۆچوونێكی لایەنگرانەن و وەك پێویستە وێنای زەروورەتی شەڕ و باڵادەستیی نێو سیستمە نێودەوڵەتییەكەمان بۆ ناكەن، هەروەها پێم وایە چەمكی پەیوەست بە دەستی شاردراوە و نادیاری نێو بازاڕ (ئابووری) بە هەمان شێوە چەمكێكی هەڵەیە، لەبەر ئەوەی بۆ نموونە ئەگەر كۆمپانیا گەورە فرەنەتەوەییەكان بیانەوێت قازانجێكی زۆر بكەن لە ڕێی فرۆشتنی كاڵا و خزمەتگوزارییەكانەوە لە جیهاندا (ئۆتۆمۆبیل، نەوت، وزە، خۆراك و.. هتد) ئەوا پێویستە دەستبدەنە سەركوتكاریی خەڵكە بنەڕەتییەكانی وڵاتان و بە تەواوەتی باڵادەست بن بەسەر ڕێگە وشكانی و دەریاییەكاندا، بۆ نموونە كەنداوی فارسی، دەریای باشووری چین، دەریای ڕەش) لەم پرۆسەیەشدا یاسا نێودەوڵەتییەكان پێشێل، یان هەموار دەكەنەوە، كەواتە ئەگەر ئەو سیستمەی ئێستاش بەردەوام بێت و درێژە بكێشێت، ئەوا دووبارە گفتوگۆی لەسەر دەكرێتەوە، بۆ نموونە دەبێت ئەڵمانیا لەبارەی وزەوە بكەوێتە گفتوگۆ لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ڕووسیا، ڕەنگە فەڕەنسا بەرهەمی وزەی ناوكی زیاد بكات، بۆ ئەوەی خۆیان ڕزگار بكەن لە پشتبەستن بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕووسیا، ئەگەری ئەوەش هەیە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات خۆیان لە یەكێك لەم دوو هێزە نزیك بكەنەوە، بۆ نموونە بیلارووسیا پەیوەندیی نزیكی هەبێت لەگەڵ ڕووسیا و ئۆكرانیا شەڕی ژیان بكات لە نێو ڕۆژئاوادا بەو شێوەیە. هەرچۆنێك بێت، ئێستا سزا سەپێنراوەكانی سەر ڕووسیا بوونەتە هۆی گۆشەگیربوونی زیاتری ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان، بەو پێیە لاوازتر بووە، لە هەمان كاتدا، ئەو شەڕ و ناكۆكییانەی بوونە تەهۆی درێژەدان و هێشتنەوەی ئەم سیستمەی ئێستا لە ئارادا ماوە و بەردەوامن.
* هەر لە پەیوەندی بە ئاراستە و ئاقاری ئەم شەڕەوە (شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا) ئایا پێت وایە پێشهات و پەرەسەندنەكانی ئەم شەڕە چۆن دەكەونەوە؟ ئایا پێت وایە بەرەو هەڵكشانی زیاتر دەچێت، یان دەكرێت پێشبینیی ئەوە بكرێت كە لە ڕێی گفتوگۆوە جۆرێك لە ئاگربەست و چارەسەر بێتەر ئاراوە؟
- ئەوەی لە بارودۆخی ئێستای شەڕەكەوە دەردەكەوێت، ئەوەیە كە ئاسۆیەك لە چارەسەردا بەدی ناكرێت و نابینرێت، چونكە هەردوو وڵاتە بەشەڕهاتووەكە سیاسەتی دەرەكیی خۆیان بە چەشنێك داڕشتووە و پیادە دەكەن، كە هیچ سازشێك لەخۆ ناگرێت، ئەمە لە كاتێكدا هەر چارەسەرێك ئەوە لە خۆدەگرێت كە پێویستە یەكێك لە لایەنەكان سازش بكات، واتە یان دەبێت وڵاتی ڕووسیا ڕێگە بە ئۆكرانیا بدات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ كە ئەمەش مەحاڵە، یان دەبێت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەست لە پلانەكانی هەڵبگرێت لە پەیوەندی بە ئەندامبوونی ئۆكرانیا لە ناتۆدا كە ئەمەش لە ئەگەری یەكەمیان مەحاڵترە، هەروەها یەكێك لە دەرئەنجامەكانی ئەم شەڕە بەردەوامە ئەوەیە كە ڕووسیا هەرێمە سنوورییەكانی ئۆكرانیا بكاتە بەشێك لە وڵاتەكەی، بە تایبەتی هەرێمی دۆنباس، لە نێویاندا دۆنێتسك و لوهانسك، بەو پێیە دووبارە سنوورەكانی ئۆكرانیا دابڕێژدرتەوە.
* لە میانەی وەڵامەكانی پێشوودا ئاماژەتان بە پرسی سزاكانی سەر ڕووسیا كرد، بە تێڕوانینی ئێوە تا چەند ئەم سزایانە كارا و كاریگەر بوون لەسەر ڕووسیا و ئایا هیچیان لە لێكدانەوە و حیساباتی ڕووسیا گۆڕیوە؟
- ئاشكرایە كە سزا و ڕێكارە ئابوورییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوونەتە هۆی تێكشكاندنی ئابووریی ڕووسیا و، ڕەنگە سەربكێشن بۆ برسیكردنی خەڵكی ڕووسیا و لەناوبردنی بزنێس لەو وڵاتەدا، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر ئەم خوێنڕێژییەدا، مشتومڕ لەبارەی كاریگەریییەكانی ئەم سزایانە بكرێتەوە، هەرچۆنێك بێت، هیچ ئاماژەیەك لە ئارادا نییە كە سەرۆك پوتین و كەسە سەربازییە نزیكەكانی حیسابات و ڕەوت و ئاراستەی كاركردنی خۆیان بگۆڕن، لە هەمان كاتدا، سزاكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هاوشان بوون بە هەناردەكردنی چەك و تەقەمەنی بۆ ئۆكرانا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، لەم ڕووەوە خوێنڕێژییەكە تەنیا لە ڕووسیا و ئۆكرانیادا قەتیس بووە و ناتۆش پتر بەرفراوان بووە بە هۆی هەوڵەكانی بوون بە ئەندامبوونی فینلەندا و سوید لە ترسی دەستدرێژكارییەكانی ڕووسیا، بە دڵنیاییەوە ئەم پەرەسەندنانە لە بەرژەوەندیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپادا بوون.
* ئێوە ئاماژەتان بە كاریگەریی ئەم شەڕە كرد لەسەر ئەوروپا، ئایا پێت وایە تا چ ڕاددەیەك ئەم شەڕە بووەتە هۆی گۆڕینی حیساباتی ئەوروپا لە ڕووی ئەمنی و وزەوە؟
- من لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا هەندێ ئاماژەم بەم پرسە كرد، هەر لەم ڕووەوە دەتوانرێت بگوترێت هیچ ڕێككەوت نییە كە وڵاتێكی وەك ئەڵمانیا كە وڵاتێكی پێشەنگە لە پەیوەندی بە وزەی خۆرەوە، بەڵام كێشەی ئەم وڵاتە ئەوەیە كە پشت بە غازی ڕووسیا دەبەستێت، كە لە ئێستادا هەوڵ و كۆششێكی سەخت دەكات بۆ ئەوەی خۆی بە دوور بگرێت لەم پشتبەستنە، بە هەمان شێوە فەڕەنسا پێشەنگی وڵاتانە لە ڕووی وزەی ناوكییەوە، كە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەكی بەرچاو بازاڕی وزەی ئەم وڵاتە سەقامگیر بێت، پێم وایە وڵاتانی دیكەی ئەوروپا ڕێچكەی ئەم وڵاتە پێشەنگانە دەگرنەبەر. واقیعەكە ئەوەیە كە لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر شەڕ و ناكۆكییەكەدا ئەوا سەرچاوە بەدیلەكانی وزە هەم لە بڵاوبوونەوەدا بوون و هەم بوونەتە زەروورەت، مێژوو سەلماندوویەتی كە چۆن خواست و خستنەڕوو پەیوەست بە نەوت و غازەوە بوونەتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕە كارەساتبارەكان، هەروەك ئەوەی لە ئێستادا لە حاڵەتی ئۆكرانیادا بەدی دەكەین، من لە شوێنی دیكە لە بارەی نەفرەتی نەوتەوە نووسیومە. ساڵانی داهاتوو پشبەستنی زیاتر بە وزەی ناوكی و خۆر و با بەخۆوە دەبینێت، لێرەشدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا ئەو ڕۆژەی ئەوروپا دەتوانێت پشتبەخۆبەستن بەدی بهێنێت لە ڕووی وزەوە، ئەمریكا و ناتۆ دەتوانن كۆنتڕۆڵی ئەو توندوتیژییە بكەن كە پێویستە بۆ درێژەدان بە بازاڕەكانی ئێستای وزەوە؟
* ئەی چۆن لە كاریگەری و ئاكامەكانی ئەم شەڕە دەڕوانیت لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
- لە ڕاستیدا هەڵكەوتە و پێگەی ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا و كێڵگە نەوت و غازییەكانی، بوونەتە هۆی ئەوەی لە لایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕووسیاوە، وەك ناوچەیەكی پڕ نرخ و بەها لێی بڕوانرێت، شەڕی بەردەوامی باكووری سووریا و، چەند بەشێكی وڵاتی یەمەن و ناوچەكانی دیكە، بوونە بەشێك لە وێنەكە، هەروەها وڵاتانی دیكەی ناوچەكە دابەش بوون بە سەر زۆنەكانی دەستڕۆیشتوویدا.