بەریەکەوتنی هێز لە عێراق دا
ململانێی نێوان هێزە سیاسیەكان گەیشتۆتە قۆناغێكی مەترسیدار ، چەندین هێزی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی دەیانەوێت گوشارەكانیان لەسەر عێراق زیاتر بكەن، بەتایبەتی ئەمریكیەكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە ئێران دەیەوێت گرژییەكانی عێراق وەك یەكێك لەكارتە بەهێزەكانی لە دانوستانەكانی ئەتۆمی لەڤیەنا سوود لێوەربگرێت. ئیدارەی ئەمریكا گەیشتۆتە ئەو بڕوایەی، پێویستە سزا بەسەر میلیشیاكان لەچوارچێوەی بەندی حەوتەم جێبەجێ بسەپێنێت، چونكە گرژییەكانی عێراق ناوچەكە دەگرێتەوە و مەترسی لەسەر كەرتی وزەی رۆژهەلاتی ناوەراست و جیهانیش دروست دەكات.
لەلایەكی دیکەوە ئیسرائیل وەك هێزێكی هەرێمایەتی هەستیار ،نایەوێت ئێران چیتر عێراق بۆ لێدانی بەرژوەندییەكانی بەكاربهێنیت، لەرێگەی دروستكردنی چەندین تۆڕی نهێینیەوە دەیەوێت ئامانجی خۆی بپێكێت.
سعودیە و ئیمارات یەكێكن لە كاریگەرترین هێزە هەرێمیەكانی کاریگەر لە سەر هاوکێشەی سیاسی عێراق ، لەماوەی رابردوودا لەرێگەی دروستكردنی چەندین تۆڕی نهێنیەوە توانیویانە دەست تێوەردانی زیاتر بكەن، بەجۆرێك پێدەچێت سعودیە و ئیمارات لەماوەی داهاتوو لەرێگەی چالاكوانان و ژمارەیەك رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی گەورەترین خۆپیشاندان لەناوەڕاست و باشووری عێراق دروست بكەن. ئامانجی سەرەكیان هەردوو رەوتی سەدر و ئیتار فەرامۆش بكرێن .
سەبارەت بە مەرجەعیەتی باڵا، لەئیستادا سەرجەم چاوەكان لەسەر مەرجەعیەتی باڵای نەجەف كۆبووینەوە ، چونكە مەرجەعیەت لەدوای 2003 و پرۆسەی ئازادكردنی عێراق رۆلێكی زۆر كارایی لەچارەسەركردنی كێشەكاندا بینی ، ئێستاش دەتوانێت هەمان ڕۆڵ دووبارە بكاتەوە، هەرچەندە دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی گۆڕانی زۆری بەسەرهاتووە، بەڵام جارێكی تر ناكرێت رۆڵ و گرنگی مەرجەعیەت فەرامۆش بكرێت . بەتایبەتی کە لەماوەی رابردوودا دادگای فیدراڵی نەیتوانی ڕەوشەكە هێوربكاتەوە، گۆڕەپانەكەی ئالۆزتر كرد، بەڵام لەئێستا دەتوانێت لەرێگەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختە شەقامی ناڕازی هێور بكاتەوە .
هەولێر ناوەندی بەیەكگەیشتنی دیدگا جیاوازەكانە
مەرجەعی نەتەوەیی و نیشتیمانی سەرۆك بارزانی زۆرجار لەرێگەی دەسپێشخەرییەكانیەوە، زۆر كێشەی مەترسیداری لەعێراق چارەسەركردووە، تەنانەت سەرجەم ڕایەكان لەشەقامی عێراقی لەوەدا كۆدەبیتەوە كە رێگەكان دەچنەوە بۆ هەولێر، چونكە هەولێر ئەو ناوەندە دیپلۆماسیە بووە ، كە دەتوانێت دیدگا جیاوازەكان لەیەكتر نزیك بكاتەوە، وەك چەترێك كێشەی هەمووان چارەسەر بكات .