ریفراندۆم كوردستانییەتی كەركووك و تەواوی ناوچەكانی مادەی 140ی سەلماند

ریفراندۆم كوردستانییەتی  كەركووك و تەواوی ناوچەكانی مادەی 140ی سەلماند

كاتێك باسی بزاڤی نەتەوەیی كورد و بزووتنەوەی ڕزگارخوازی كورد دەكەین، ناكرێت باسی مەلا مستەفا بارزانی سیمبولی نەتەوەیی كورد نەكەین. مەلا مستەفا بارزانی نەك تەنیا لە باشووری كوردستان، بەڵكو لە هەر چوارپارچەی كوردستان كوردی بردە قۆناغێكی نوێ لە مێژووی هاوچەرخی كورد، گەلی كوردستان و گەلی كورد و مافە ڕەواكەی بە جیهان ناساند، مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی 1958 كاتێك لە مۆسكۆوە گەڕایەوە، هیوایەكی بۆ هەموو كوردی هەر چوارپارچەی كوردستان گەڕاندەوە و، ئەو ڕابەرایەتیی گەورەترین شۆڕشی لە مێژووی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستان كرد، شۆڕشی ئەیلوول گەورەترین شۆڕشی ڕێكخراوی هەموو كورد و كوردستانییەكان بوو بە جیاوازیی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانەوە، كۆتایی بە هەموو ئەو قسانەش هێنا كە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی توركەكان دەیانگوت كورد چیتر نەما و لە دوای قازی محەمەد لە ئێران باسی كۆتاییهاتنی بزاڤی كوردیان دەكرد و لە عێراق بە ناوی عێراقی عەرەبی هەموو مافەكانی گەلی كورد و كوردستانییەكانیان پەراوێز خستبوو. حكومەتی عێراق پەشیمان بووەوە بەوەی عێراق نیشتمانی كورد و عەرەبە و دەبێت بە هاوبەشی پێكەوە ئەم وڵاتە بەڕێوەببەن و مافەكانی گەلی كورد زەوت نەكرێت، حكومەتی عێراق پێشێلكاریی بەرامبەر ئەو دەستوورە كرد كە لەسەری ڕێككەوتبووین، بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی گەورەترین شۆڕش لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا ڕووی دا و، كاریگەری و شوێنەوارەكانی تا ئەمڕۆش بەسەر بیری نەتەوەیی و سەربەخۆییەوە ماوە و، دەكرێت بگوترێت بناغەی شۆڕشی گوڵان و ڕاپەرین و ڕزگاركردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان و ڕیفراندۆمیش بوو، بە تایبەتی كە هزری نەتەوەیی گەلی كوردی بە ئاستێكی زۆر بەرز كردبووەوە. لە شۆڕشی ئەیلوولدا بارزانی سەلماندی بۆ هەموو دونیا و دەسەڵاتدارانی هەرچوار دەوڵەتی عێراق و توركیا و ئێران و سووریا كە كورد میللەتێكی زیندووە و نەمردووە و ناكرێت ماف و داواكارییەكانی پەراوێز بخرێت و، وەكو هەموو گەلانی دیكەی ناوچەكە كار بۆ سڕینەوەی سیمای نەتەوەیی بكرێت، پێش شۆڕشی ئەیلوولیش لە ساڵی 1931-1932 لە بزاڤی شێخ ئەحمەدی بارزان و لە ساڵی 1943- 1945 و دواتر بە درێژایی 14 ساڵ گەلی كورد بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی شەڕی كردووە لە پێناو ناسنامەی كوردستانی نەك ناسنامەیەكی بیانی، واتا شۆڕش و كوردایەتی بۆ هزر و بیری سەربەخۆیی بووە، نەك بۆ حوكمی زاتی و فیدڕاڵییەت، هەموو ئەم داواكارییانە سەرەتای ڕێگە بووە و تەنیا هەنگاوی یەكەم بووە بەرەو بەدەستهێنانی ئامانجە گەورەكە، كە سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی بووە، هەموو سەركردەكانی كورد هەڵقوڵاوی ناو ئەو كۆمەڵگەیەی كوردستانی بوونە كە لە مزگەوت و تەكیە و خانەقاكاندا ناسنامە و شوناسی نەتەوەیی و هزری كوردایەتی و نیشتمانپەروەری لە ئامانج و ڕیزبەندی پێشەوەی وانە و خوێندنەكان بووە.

 سەركردەكانی كورد لە مێژوودا هەموویان بڕوایان بە ناسنامەی كوردی هەبووە، نەك عێراقی و ئێرانی و توركی و سووری، تەنانەت بەیانی ساڵی 1944 گەلێك گەورەتر بوو لە بەیاننامەی ئەیلوولی ساڵی 1970 كە هەنگاوی یەكەم بوو بەرەو بەدەستهێنانی ئامانجە گەورەكەی سەربەخۆیی، مەلا مستەفا بارزانی سەربەخۆیی و ناسنامەی كوردایەتی لە مێشكی كوردانی باشوور چاند و بەردەوامیی بە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەرین و ئازادیی ناوچە كوردستانییەكان دا، تا كورد بەئەمڕۆ گەیشت، ئەو ڕۆژەی كە سەرۆك مەسعود بارزانی لە پێناو گەلەكەیدا كاری بۆ یەكڕیزی و تەبایی كرد و، ڕۆڵی هەبوو لە كوژاندنەوەی فیتنە و ئاشووب و لە شەڕی داعشدا گەورەترین داستانی تۆمار كرد و گەلی كوردستانی لە كۆمەڵكوژییەكی گەورە و داگیركارییەكی مەترسیدار ڕزگار كرد.

سەرۆك مەسعود بارزانی وەكو كوڕی مەلا مستەفا بارزانی و وەكو پێشمەرگە هەر لە ساڵی 1962 لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەرین و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد ژیاوە و خەباتی كردووە و، هزری بیری نەتەوایەتیی باوكی خۆی تێدا بەرجەستە بووە و، لەگەڵ بیرۆكەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردیدا ژیاوە و خەباتی بۆ كردووە، سەرۆك بارزانی قبووڵی نییە كورد ببێتە پاشكۆی هیچ میللەت و نەتەوە و دەوڵەتێك، ئیتر چۆن قبووڵ دەكات مافەكانی پێشێل بكرێت و زوڵمی بەرامبەر بكرێت.

 بیرۆكەی نەتەوەیی مەسعود بارزانی لە ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلوولی ساڵی 2017 گەیشتە لووتكە و لەسەر هەمان هزری بیری نەتەوایەتیی مەلا مستەفا بارزانی باوكی بووە و، ئەو نامەیەی لە باوكی خۆی وەرگرتووە، بەوەی لە ئاست خواست و ویستی گەلەكەیدا بێت و لە هزری نەتەوەیی لانەدات و بەرگری لە ئیرادەی گەلی كورد بكات، لەكات و هەلێكی لەباری مێژوویی و گونجاودا گەلەكەی بەرەو دەنگدان بۆ سەربەخۆیی برد و مێژوویەكی گەورەی بۆ كورد و هەموو خەڵكی كوردستان تۆمار كرد و، بە هەموو دونیای سەلماند كورد گەلێكی زیندووە و كۆیلایەتی و ژێردەستەیی قبووڵ ناكات و سەربەخۆیی و دەوڵەتی خۆی دەوێت.

كوردایەتی و سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان لە مێشكی مەسعود بارزانیدایە و من دڵنیام سەرۆك بارزانی كوردی خستە سەر ڕێچكەی هەنگاوی یەكەمی مێژوویی بەدیهێنانی ئەو خەونە گەورەیە، گرنگیی ڕیفراندۆم لەوەدا بوو كە سەرۆك مەسعود بارزانی هەموو لایەنە كوردستانییەكان و پەرلەمان و حزبە سیاسییەكان و تەنانەت پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی لەسەر یەك مێز بۆ یەك دەنگ كۆكردەوە و، بۆ یەكەمین جار بوو گەلی كورد و كوردستانییان لەسەر یەك ئامانج و مەبەست هاودەنگ بن و بگرە هەموو مافێكی نەتەوەیی و ئایینی پێكهاتەكانیشی زامن كرد و، لە كۆبوونەوە و دانوستانەكانیدا لەگەڵ نوێنەری هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان بەڵێنی پێدان كە زامنی داواكاری و مافەكانیان دەبێت، تەنانەت كاتێك پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان بە كۆمەڵێك داواكاریی پێشوەخت چوونە حزووری بارزانی، لە زاری خۆیانەوە مەسعود بارزانی دەستكاریی یەك داواكاری و خواستی نەكردن و بەڵێنی جێبەجێكردنی هەمووی پێدان و پێی ڕاگەیاندن كە ئەو پارێزەری ماف و دەستكەوتەكانیانە، كۆدەنگی و یەكدەنگی و یەكڕیزی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە هیچ شێوەیەك سەركێشی نەبوو، بەڵكو هەڵوێستێكی جەماعی و ئیرادەی گەل بوو كە لە ڕیفراندۆمەكەدا دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆیی، ئیتر كێ بە دڵی نییە و كێ چاوی بەم دەستكەوتە هەڵنایەت و كێ دوای بەرژەوەندیی تایبەتی و شۆڤێنی و مەزهەبی و دەستكەوت و پارەی دەرەكی كەوتووە، ئەمە بابەتێكی دیكەیە. بەتەئكید وڵاتانی ئیقلیمی چاویان بەم دەستكەوتە هەڵنایەت، چونكە ڕیفراندۆم هیوایەك بوو بۆ كوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باكووریش، لە ڕیفراندۆمدا سەرۆك بارزانی وەكو مەلا مستەفا بارزانی جارێكی دیكە سەلماندییەوە كە كورد میللەتێكی زیندووە و بەردەوام لە بزاڤدایە و نامرێت، نەیاران مەترسیی ئەوەیان هەبوو ئەگەر كورد لە باشووری كوردستان ببێتە خاوەن كیانی سەربەخۆی خۆی و دەوڵەت ڕابگەیەنێت، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمووی بێتە گۆڕین، تەنانەت بنەمای ڕیفراندۆمەكەش دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بووە.

ڕیفراندۆم لە دەوڵەتی عێراقدا قۆناغی دووەم بوو بەرەو سەربەخۆیی، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی 1970دا قۆناغی یەكەمی بڕیبوو، لەمەش گرنگتر ریفراندۆم كوردستانییەتی كەركووك و تەواوی ناوچەكانی مادەی 140ی سەلماند و سنووری سیاسی و نەتەوەیی و جوگرافیای دەوڵەتی داهاتووی بە دیار خست لە كەركووك و شنگالەوە تاوەكو خانەقین و بەدرە و مەندەلی، لەگەڵ ئەمەشدا دوژمنەكانی كورد لە جاران زیاتر دژایەتیی بارزانی و بیری نەتەوایەتیی گەلی كورد دەكەن، چونكە ترسێكی زۆریان لێ نیشتووە، دەبێت كورد هێزی سەربازی و چەكی خۆی بپارێزێت، چونكە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەم سەردەمەدا تەنیا هێز و چەكە فریای نەتەوە مەزڵوومەكان دەكەوێت و مافەكانیان دەپارێزێت.

«بارزانی و كوردایەتی و پێشمەرگە» سێ بابەتی جیانەكراوەیە لە هزری نەتەوایەتیی كوردستانی باشووردا، كە لەگەڵ پشتیوانیی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەمریكا زۆر گرنگە بۆ جێبەجێكردنی ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە كە سەربەخۆییە. لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی كورد بووەتە بەشێك لە ئەجندای بەرژەوەندییەكانی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئەمریكا، دەبێت لەمەدا كورد گەمەكارێكی بوێر و شارەزا بێت و ڕووداوەكان و بارودۆخە پێشبینیكراوەكان بە قازانجی خۆی وەرچەرخێنێت و، پارێزگاری لە مافە دەستووری و یاساییەكان و بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی خۆی بكات، بەتایبەتی لە دۆسێی نەوت و گازدا، لەگەڵ ئاڵۆزبوونی دۆخی عێراق و بارگرژییەكانی ئەم دواییە و دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت و تەنانەت هەڵكشانی مەزهەبگەرایی، دەبێت كوردیش كارتی خۆی هەبێت، بۆ ئەوەی لە ناو ئەم هەموو بەرژەوەندیخوازەدا مافەكانی نەخورێت، باشترین كارتیش بۆ ڕێگرتن لە زەوتكردنی مافەكانی گەلی كورد و كوردستان لەناو عێراقێكی مەزهەبگەرا و پڕ لە ئاشووب و كێشەدا، سەربەخۆییە.

 

Top