ئیدریس ڕەمەزان مامۆستای كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری لە زانكۆی سەلاحەدین بۆ گوڵان: گۆڕانكاری و بووژانەوەی ئابووری لە گرنگترین دەستكەوتەكانی حكومەتن

ئیدریس ڕەمەزان  مامۆستای كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری لە زانكۆی سەلاحەدین بۆ گوڵان:  گۆڕانكاری و بووژانەوەی ئابووری لە گرنگترین دەستكەوتەكانی حكومەتن

 

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرەڕای تەحەددییەكان لە چەند ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی كۆمەڵێك چاكسازی و گۆڕانكاری لە پەیكەری ئابووری بكات، كە گرنگترینیان ئاراستەكردنی وەبەرهێنان بوو بەرەو كەرتەكانی پیشەسازی، ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات، بۆ قسەكردن لەسەر گرنگیی ئەم گۆڕانكارییانە بۆ سەر هەردوو بواری دارایی و ئابووری، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئیدریس ڕەمەزان پسپۆر و شارەزا لە بواری دارایی و مامۆستا لە كۆلێژی كارگێڕی و ئابووریی زانكۆی سەلاحەدین سازدا.

 

* وەكو كەسێكی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری دارایی، ئایا هەڵسەنگاندنتان بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات و ئەدای ئابووریی بە گشتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە چییە؟

- شەڕی داعش و كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و گەمارۆ و دژایەتیكردنی خەڵكی كوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە؛ كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر دۆخی ئابووری بە گشتی كرد، ئەوە بوو لە دەستپێكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا زۆربەی ئەم هۆكارانە تەحەددییاتی گەورەی بەردەم كابینەكە بوون. بوونی عەقڵییەتی شۆڤێنی و مەرامی جۆراوجۆر لە دەرەوەی سنوورەكان بەردەوام لە دژی ئەو سەقامگیرییە سیاسی و ئابوورییە ڕاوەستاوەتەوە كە كوردستانی جیاواز كردووە لەگەڵ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق. لەگەڵ ئەمەشدا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر دەستپێكی كارەكانی كابینەكەدا بە هەموو پێوەرە دارایی و ئابوورییەكان دەتوانین بڵێین حكومەت سەركەوتوو بووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی زۆر لە كۆسپ و ئاستەنگەكاندا، لە سەرەتای كابینەكەدا سەرۆكی حكومەت وتی: «دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران لە ڕیزبەندی پێشەوەی كارەكانمانە»، هەرواش دەرچوو، خۆی لەخۆیدا پێدانی مووچەكان لە كاتی خۆیدا و كەمكردنەوەی خەرجیی ناپێویست و زیادكردنی داهات و دانەوەی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار قەرز، دەستكەوتێكی گرنگن، ئەوەتا هاتنی بە لێشاوی ئاوارە و پەناهەندە كە بۆ دوو مەبەستی سەرەكیی سەقامگیری و دۆزینەوەی هەلی كار ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، خۆی لەخۆیدا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن كە بارودۆخی ئەمنی و سەقامگیری و ئابووری زۆر باشترە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق و دەوروبەرمان، لەمەشدا بەخت یاوەرمان بوو، بەوەی نرخی بەرمیلێك نەوت كە لە دەستپێكی كابینەكەدا و لە زەمەنی كۆرۆنادا بۆ ئاستێكی زۆر مەترسیدار دابەزی و لە ئێستادا زۆر زیادی كردووە.

* بڕیارەكەی دادگای بەناو فیدڕاڵیی عێراق دژی یاسای نەوت و گازی هەرێم و ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم و تەنانەت لێدوان و هەڵسوكەوتەكانی خودی وەزیری نەوتی عێراق تا چەند كارێكی نادەستووری و نایاسایی بووە؟ ئایا ئەم هەڵوێستە دوژمنكارییانە تاچەند كاریگەریی لەسەر ئابووریی هەرێم دەبێت؟

- هەست و حەزی دوژمنكارانەی عەقڵیەتی شۆڤێنی بەرامبەر كورد لە بەغدا درێژەی هەیە، وێرانكردنی گوند و ئەنفالكردنی مرۆڤی كورد و سڕینەوەی ناسنامە، ئەمڕۆ بە شێوەی بڕینی بودجە و تەرحیل و تەعریب و جێبەجێ نەكردنی ماددەی 140ی دەستووری و بڕیاری دادگا و فەرمانەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق بەردەوامیی هەیە، ئەوان بڕوایان بە فیدڕاڵییەت نییە و دەیانەوێت هەرێم وەكو پارێزگایەكی عێراق مامەڵەی لەگەڵ بكەن، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی حەكیمانە مامەڵەیەكی ڕاست و دروست و دیپلۆماسییانە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا بكات و خۆی لە هەموو گرژی و ئاڵۆزییەك بە دوور كردووە، ئەمەش هاندەرێكی باش بوو بۆ كپكردنی دەنگی نەیارانی كورد لە بەغدا و بەهێزبوونی پەیوەندییەكان و لەم ڕووەوەش توانرا بەشێك لە بەشە بودجەی هەرێم و شایستە داراییەكانی جووتیاران زامن بكرێت و بازاڕەكانی عێراق واڵا بكرێت لە بەردەم ساخكردنەوەی كاڵای جووتیارانی كورد و پیشەسازیكاراندا. سەبارەت بەوەی تاچەند بڕیاری دادگای فیدڕاڵی یاسایی و دەستوورییە، وابزانم بۆ دۆست و دوژمن دەركەوتووە كە دادگای فیدڕاڵی لە ژێر فشار و ئەجیندەی دەرەكییە و بڕیارەكانی یاسایی و دەستووری نییە و تەنانەت كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەرمان نابێت.

* پرۆسەی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی سیاسەتی ئابووری و دانانی سیاسەت و ستراتیژێكی تازە بۆ پشتبەستن بە تواناكانی خۆمان و فرەچەشنكردنی ئابووری كارێكی ئاسان نییە، لەم لایەنەوە لە ڕووی داراییەوە بیروبۆچوونت سەبارەت بەم چاكسازی و گۆڕانكارییە چییە؟

- بە شێوەیەكی گشتی ڕێژەی سەركەوتنی كابینەكە لە چارەسەركردنی كەموكورتییەكان بەرزە، بۆ هەموو كێشەیەك سەرۆكی حكومەت ڕاستەوخۆ كۆبوونەوە دەكات و بڕیار دەردەكات، بۆ نموونە هەموومان لە زستاندا لە گەورەیی مەترسییەكانی كەم ئاوی و وشكەساڵی زانیاریمان هەبوو، هەرگیز پێشبینی ئەوە نەدەكرا ساڵێك بەڕێ بكەین بە كەمترین كێشە لە كاتێكدا لە وڵاتانی پێشكەوتوو دەرهاویشتە و گرفتەكانی وشكەساڵی دەركەوتووە. خاڵێكی گرنگی پلانەكانی كابینەكە دەستپێكردنەوە و فراوانبوونی كاری وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت بوو، كە وای كردووە سەرجەم سێكتەرەكانی خانووبەرە و كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و بازرگانی و پەروەردە و تەندروستی و وزە ڕوو لەگەشەكردن بكات، كە لەگەڵ خۆیدا بە هەزارەها هەلی كار بۆ گەنجەكان دابین بكات، واتە بە كردەیی ڕوومان لە فرەچەشنكردنی ئابووری كردووە.

* ئاماژەت بە ئاستەنگەكان كرد لە بەردەم چاكسازیدا، ئاشكرایە یەكێك لە ڕێگرییەكانی بەردەم گەشەی ئابووری و دارایی مەسەلەی گەندەڵییە؛ ئایا تاچەند توانراوە گەندەڵی ڕابگیرێت و یاسا سەروەر بێت و چیتر ئەوەندە میللەتەكەمان نەبێتە قوربانیی ئەم دیاردە مەترسیدارە؟

- زۆرجار گەندەڵی تێكەڵ بە كایەی سیاسی بووە، وەكو ئەوەی لە فەرهودكردنی بانكەكانی سلێمانی و دەستتێوەردانی خاڵە سنوورییەكانی پارێزگای سلێمانی ڕوویان دا، زۆربەی حزبە سیاسییەكان كاتێك سەرۆكی حكومەت دروشمی چاكسازی و بنبڕكردنی گەندەڵی بەرز كردەوە، وایان دەزانی ئەمە دەستكەوتێكە تەنیا بۆ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتە، بۆیە دژایەتییان كرد لە بری ئەوەی خۆیان بكەنە خاوەنی چاكسازی و بنبڕكردنی گەندەڵی، هەروەها نەبوونی هەماهەنگیی لایەنە سیاسییەكان و دەستتێوەردانی حزبی كۆسپ و تەگەرەی لە بەردەم چاكسازی و بنبڕكردنی گەندەڵی داناوە، لەم كابینەیەدا توانرا بنەماكانی دژە گەندەڵی زیاد بكرێت، ئەویش لە ڕێگەی كەمكردنەوەی خەرجی زیادە و بەهەدەرنەدانی داهات و كەمكردنەوەی خەرجی كەمالیات لە بەرامبەردا دەزگاكانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاكی و دادگاكان ئازاد كران لە هەڵدانەوەی تەنانەت ئەو دۆسێیانەی گەندەڵی كە لە كابینەكانی دیكەدا هەبووە، بەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی گەندەڵی بەو شێوە فراوان و گەورەیە ڕابگرێت و كاری جددی لەسەر دژە گەندەڵی بكرێت، واتا ئەو هۆكارانەی گەندەڵی تێدا دەكرێت و بە درز و كەلێنەكانی یاسایی و دارایی دادەنرێت، دایخست، كەمكردنەوەی ئەمجۆرە خەرجییانە هەر تەنیا ڕێگر نەبوون لە بنبڕكردنی گەندەڵی، بەڵكو بووە هۆی زیادبوونی داهاتی هەرێمی كوردستان. 

* چاكسازی لە بواری نەوتدا بە یەكێك لە دەستكەوتەكانی دیكەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، هەوڵەكانی بەرزكردنەوەی داهاتی نەوتی چۆن دەبینیت؟

- هەر چەندە سێكتەری نەوت و گاز بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە، بەڵام پشتبەستنی لە ڕاددەبەدەری لایەنی دارایی و ئابووری بەم سێكتەرە كارێكی مەترسیدارە، لە دەستپێكی كارەكانی كابینەكەدا سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆری بە پیادەكردنی سیاسەتی فرەچەشنكردنی داهات و جۆراوجۆركردنی ئابووری داوە، وێڕای كۆسپ و ئاستەنگەكانی وشكەساڵی و نەبوونی سیولەی پێویستی دارایی و ڕێگرییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان و وێرانبوونی ژێرخانی گوندەكان و ناوچە كشتوكاڵییەكان و نەبوونی حەزی وەبەرهێنەران بۆ چوون بەرەو كەرتی پیشەسازی، بەڵام كابینەكە سەركەوتوو بوو بەوەی كەرتی كشتوكاڵ لە زۆر بواردا ببووژێنێتەوە و وەبەرهێنانی كەرتی پیشەسازی لە ڕیزبەندی پێشەوەی وەبەرهێنانەكان بكات، ئامار و داتاو زانیارییەكان دەری دەخەن كە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان نەك هەر دەستی پێ كردەوە، بەڵكو قەبارەكەی ڕووی لە زیادبوون كردووە، كەرتی نەوت و گازیش لەناو سێكتەرەكاندا بە هەمان شێوەیە، ڕێژەی داهاتی ڕووی لە زیادبوون كردووە و كاریگەریی باشی لەسەر پێدانی مووچەكان هەبووە، ئێستا حكومەت دەتوانێت هەنگاو بەرەو كەرتی پیشەسازیی پترۆكیمیاوی و پیشەسازیی نەوتی و بەرهەمهێنانی بەنزین و نەوت و گازوایل بنێت و گاز لەپێناو بەرهەمهێنانی كارەبا بەكاربهێنێت و بەنزینی كوالێتی باش دابین بكات، تەنانەت بە داهاتی نەوت كەرتەكانی كشتوكاڵ و ڕێگاوبان و بەنداو و كارەبا و ئاو و دروستكردنی شارە پیشەسازییەكان زیاتر ببووژێنێتەوە، كە لە ئێستادا سەرەتاكەی دەركەوتووە.

* لە ڕووی زانستی داراییەوە زۆر لەو سێكتەرە خزمەتگوزارییە پێویستییانەی هاووڵاتیان كە بە سێكتەری «حەیاتی» دادەنرێن، وەكو دابینكردنی ئاو و كارەبا و نەوت و بەنزین و خۆراك، یان هەردوو كەرتی پەروەردە و تەندروستی كە حكومەت پاڵپشتییەكی زۆری دەكات تا چەند حكومەت ڕێكی خستووەتەوە؟

- حكومەتی خەڵك و دابینكردنی مووچە لە ڕیزبەندی كارەكانی كابینەی نۆیەم دادەنرێت و هەنگاوی باش نراوە و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا زۆر زیاد بووە و پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لێرە و لەوێ جێبەجێ دەكرێت و بەنزین لەگەڵ ئەوەی نرخەكەی لە ئاستی جیهان بەرز بووەتەوە، بە نرخی پاڵپشتیكراو دابین دەكرێت، بەڵام نرخی پاڵپشتیكراوی كارەبا و ئاو بەو واتایە نایەت تۆ بەهەدەری بدەی و زیاد لە پێداویستیی خۆت بەكاری بهێنیت، كەمكردنەوەی سەرپێچییەكان و چاودێری و بەدواداچوونەكان كارێكی باشە، لەمەش گرنگتر حكومەت نامەركەزی پیادە كردووە و چەند ئیدارەیەكی سەربەخۆ و دەسەڵاتێكی زۆری بۆ قەزا و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و فەرمانگەكانی دابەزاندووە، لە ئێستادا چەند هەوڵێكی باش هەیە بۆ بەرهەمهێنانی 75 مێگاوات كارەبا بە وزەی خۆر و بەشێكی دیكەش بە وزەی پاك. خۆ ئەگەر ئاستی ئەم پاڵپشتییانە كەم نەكرێتەوە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و هەڵكشانی خواست و بوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەناهەندە و كرێكاری بیانی پاڵەپەستۆكە زۆر زیاتر دەبێت. 

سەبارەت بە فرەچەشنكردنی ئابووری زۆر سێكتەر دەكرێتەوە، تەنانەت كەرتی تەندروستی و پەروەردە و خوێندنی باڵا و گەشتیاری بە هەموو جۆرەكانی ئایینی و شوێنەوار و سرووشتی و هاوینە و زستانەش لەخۆ دەگرێت، دامەزراندنی ناوچە پیشەسازییەكان و شارە پیشەسازییەكان و سێ سایلۆ و كڕینەوەی گەنمی جووتیاران لەمەش گرنگتر هەوڵەكانە بۆ دروستكردنی كارگە گەورەكانی پیشەسازیی خۆراكی كە لە ڕووی ئابووری و كەڵكی ئابوورییەوە زۆر لەبارە و لە هەرێمی كوردستان دامەزرێت و لە ڕووی باج و ڕسومات و دابینكردنی هەلی كار و كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی چوونە دەرەوەی دراوی گرانبەها و تەنانەت ناردنە دەرەوەی بۆ بازاڕەكانی مووسڵ و ناوەڕاست و خوارووی عێراق زۆر گرنگن و داهاتی نەوت گرنگە بۆ دابینكردنی سیولە و بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری و دابینكردنی مووچەكان و هاندانی بووژانەوەی كەرتی پیشەسازی، لەم كابینەیەدا چەندین بەرهەمی وەكو چیمەنتۆ و ئاسن و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان و پەلەوەر و بەردی مەڕمەڕ و چەندین كانزای دیكە دەچێتە بازاڕەكانی خوارووی عێراق كە زۆر گرنگن. بەمشێوەیە چاكسازیی دارایی و گۆڕانكاری لە پەیكەری ئابووری و ئاراستەكردنی وەبەرهێنان بەرەو كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری گرنگترین دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوون.

 

Top