رۆژنامەگەریی پیـشەیی لە زەمەنی سۆشیال میدیادا سەرەقەڵەمێك دەربارەی ڕۆژنامەگەریی پیشەیی لە وڵاتی نەرویج

رۆژنامەگەریی پیـشەیی  لە زەمەنی سۆشیال میدیادا  سەرەقەڵەمێك دەربارەی ڕۆژنامەگەریی پیشەیی لە وڵاتی نەرویج

 

بەشی یەكەم

 

 

 پێناسەیەك بۆ ڕۆژنامەنووسی پیشەیی

بە گشتی ڕۆژنامەنووس پێناسەیەكی تایبەت و ڕێكخراوەیی نییە لە نەرویج، بەو پێیەی كە هەر كەسێك ئێتیكی ئەخلاقی ڕۆژنامەنووسی پەیڕەو بكات و توانا و لێهاتوویی هەبێت، دەتوانێت ببێت بە ڕۆژنامەنووس، بەڵام ئەوانەی لەسەر كاری ڕۆژنامەنووسی بژێوی ژیانیان دابین دەكەن، پێیان دەگوترێت ڕۆژنامەنووسی پیشەیی، لە وڵاتی نەرویج پیشە بۆ ڕۆژنامەوانی سنووردار نییە، واتا ئەو كەسەی بە فــەرمی ڕۆژنامەنووس نەبێت، ناتوانێت ئەم كارە بكات، یا ناتوانرێت پێی بگوترێت ڕۆژنامەنووس، هەر كەســێك، یان هەمــوو ئەوانەی كە ئەرك، یان ئــامانج و ئارەزوویان بۆ كاری ڕۆژنامەوانی هەبێت، هـاوكات توانا و لێهاتووییان هەبێت، دەتوانن ببنە ڕۆژنامەوان، هەرچەندە بڕوانــامــەی ڕۆژنامەنووسییشیان نەبێت، ئەوانیش دەبێت لەســـەر ئەو بنەمایە بن و پشــت ببەسـتن بە یاســای میدیایی كە لە ساڵی ٢٠٢٠دا پەسەند كراوە و دەڵێت: «هەمــوو ئەو دەزگا میدیاییانەی كە بە شێوەیەكی ئەكادیمی وەبەرهێنان بكەن بۆ بڵاوكردنەوەی نووچە، هەواڵ، دیبەیت، ڕووداوی ڕۆژانە، بەرنامە و هەر بابەتێكی گشتی، دەتوانرێت لە چوارچێوەی پێناسەی ڕۆژنامەوان خۆیان ببیننەوە»، بەڵام بۆ ئەوەی لـە دەزگا حكوومی و فەرمییەكاندا كاری ڕۆژنامەوانی بكەیت، مەرجە خاوەنی بڕوانامەی زانكۆ، یان پەیمانگە بیت، تا بتوانی بە شێوەیەكی ئەكادیمی كاری ڕۆژنامەوانیت پێ بدرێت و، لە نێوان ماوەی خــوێندندا ڕاهێنان بكات و ئامادە بكرێت بۆ كاتی دەرچوون.

پیشەی ڕۆژنامەوانی ئــەركێكی گرنگی كـۆمەڵاتییە. بەرپرسیاریەتی و كــۆكردنەوەی زیاترین زانیاریی ڕووداوەكانە بە دروستترین شێوە و، گەیاندنیەتی بە بیسەران، بینەران و خوێنەرانی، هەروەها هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و سازكردنی ڕای گشتی و ڕێزگرتنە لە بەها كۆمەڵایەتییەكان. لە وڵاتی نەرویج ڕۆژنامەوانی بە دەسەڵاتی چوارەم دادەنرێت، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە ئەم دەسەڵاتە دوور بێت لە گەندەڵكاری و خراپ بەكارهێنان، مەبەستی سەرەكی لەوەش بوونی متمانەیە لە نێوان دەسەڵات و كۆمەڵگەدا.

  مـەرجــــە سەرەكییەكانی پیشەی ڕۆژنامەوانی لە وڵاتی نەرویج

ڕۆژنامەوان پێویســتە شارەزایی تەوای هەبێت لە بوارەكانی تەكنۆلۆژیا و هەموو كات زانیارییەكانی نوێ (ئەپدەیت) بكاتەوە، پـێـــوەرەكـــانی ئێتیك (ئەخلاقی پیشەیی Vær varsom-plakat ) تێدا بێت، وەك: هەستی بـەرپــرســیاریەتی، ســەربەخۆیی و بێلایەنی، بوێری و چاونەترسیی تێدا بێت، نەكەوێتە ژێر كاریگەریی هیچ لایەنێك، وردبیـــن، ڕاستگــۆ و دەســتپاك بێت و، ڕێزگـرتنی بەرامبەری هەبێت لە هەمـوو كات و شوێنێكدا و، پــــرەنسیپەكان ڕەچاو بكــات.

 بنــەماو پـرەنسیپەكانی ڕۆژنامەنووسی پیشەیی

وڵاتی نــەرویـج یەكێكە لە وڵاتە هـەرە ئــازاد و دیموكراس و پێشكەوتووەكانی دونیا، كە تیایدا ئــازادیی ڕادەربڕین بە تەواوی مانا پەیڕەو و بەرجەستە دەكرێت.

 Vær Varsom-plakaten

 ڕێسای ئـاگــاداربـە/ وریــــابە! كە تیایدا:

1. پیادەكردنی بنەما و پرەنسیپەكانی دیموكراسی بە تەواوی وردەكارییەوە گرنگیی پێ دراوە.

2. هەر هاووڵاتییەك مافی ئـەوەی هەیە كە زانیاریی ورد و تەواو و دروستی پێ بدرێت، كە پشتڕاستكراوە و سەرچاوە دیــار بێت، كەموكــورتی لەم پرەنسیپەدا لەكەداركردنی دیموكراسی و كەمتەرخەمییە بەرامبەر هەر تاكێكی وڵاتەكە و كۆمەڵگە بەگشتی.

3. دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئەركیانە كە ڕووداو بە شێوەیەكی بابەتیانە و بە شەفافییەت بگوازنەوە.

4. میدیا دەبێت دوور لە هەموو ئایدیۆلـۆژیایەك كـاری میدیایی خۆی بكات و، لە بــەلاڕێدابردنی بابەتەكان دوور بێت.

5. «نووســین بە ڕووناكی»، دەستەواژەیەكە بەكاردێت بـۆ میــدیای وێنەیی (فۆتــۆگـرافی) كـە گــوزارشتێكی فرەڕەهەندە، پـێویستە كاتێك وێــنە لە ڕۆژنامەوانیدا بڵاو دەكرێتەوە، دەبێت بتوانرێت وەك ئامرازێكی گـەیاندن مامـەڵــەی لەگەڵدا بكرێت، چونكە زۆر جار وێــنەیەك زۆر زیــاتر لە نووسین و ڕاپۆرتێك بۆ وەرگرەكان كاریگەریی دەبێت.

6. دەزگاكـانی ڕاگــەیاندن هەر بڵاوكــراوەیەك، یان بەگشتی هەر كارێك بكەن، دەبێت دوور بێت لە بەرژەوەندی، ڕوون و ئاشكرایە كە وەرگـرانی ئەمڕۆ هۆشیارن و زۆر سەرچاوەی جیاجیای بەدەستهێنانی زانیارییان لە بەردەستە، بۆیە زۆر گرنگە دەزگاكانی میــدیایی و ڕاگــەیاندن جێگەی متمانە و، سوودبەخش بن لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری لە چوارچێوەی یاسادا.

7. لە ڕۆژنامەگەریی پیشەییدا لە نەرویج، بنەمای پشتڕاستكردنەوە و بەدواداچوون بە شێوەیەكی ئاشكرا پەیڕەو كراوە و كاری پێ دەكرێت، بۆ ئەم مەبەستە لە هەموو میدیا پیشەییەكاندا بەشێكی تایبەت هەیە لە دامەزراوەكانیاندا كە پێی دەگوترێت (بەشی دۆزینەوە  و بەدواداچوونی سەرچاوە و ڕاستییەكان- Kilder) ئەركی ئەم بەشەش دڵـنــیاكردن و پشــتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییانەیە كە میــدیاكار لە بابەتەكەیدا بەكاری هێــناوە، گرنگیی ئەو بەدواداچوونەش پێوەری سەركەوتن و متمانەی نێوان و هاووڵاتی و میدیا مسۆگـەر دەكات.

8. دەبێت هەموو ڕۆژنامەوانێك ئاییننامەی ئەخلاقی ڕۆژنامەوانی لەبەرچاو بگرێت لە بڵاوكــردنەوەی بابەتەكانیدا، لە ئاییننامەی ئەخلاقیی ڕۆژنامەواندا هاتووە كە «ڕۆژنامەوان دەبێت پارێزگاری لە تاكە كەسەكان و گرووپەكان بكەن لە خراپ بەكارهێنان بۆ مەبەستی خۆیان، ئەویش بە سەرنج نەدانی كاربەدەستان، فەرمانگە حكوومییەكان، دامەزراوە تایبەتییەكان، ئەوان نابێت لە مژارێك بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان كەڵك وەربگرن و، نابێت لە ژێر پەستانی لایەنی سێیەمدا ڕاستیی بابەتەكان بگۆڕن».

9. ئێتیك: لە سیستمی ڕاگــەیاندندا ئێتیك ڕۆڵێكی گرنگ و سەرەكی دەبینێت و، هاوسەنگی دروست دەكات لە نێوان بەرپرسیارێتی و مافی ڕۆژنامەوانان، هەر سەرپێچیكردنێك دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئێتیكی پیشەیی و ناهۆشیاریی ڕۆژنامەوانان، هەر ئەوەشە كە ئێتیك لە وڵاتی نەرویجدا لە هەموو جۆرەكانی زانكۆ بە گوێرەی جۆری زانكۆ و بەشەكەی و داهاتووی پیشەكەی، دەخوێندرێت و پڕاكتیزە دەكرێت.

ئــایـا لــە وڵاتی نەرویج ڕۆژنـامەنووسی سۆشیال میدیا وەك ڕۆژنامەنووسی پیشەیی هەژمار دەكرێت؟

بەڵێ، ڕۆژنامەنووسی سۆشیال میدیا ئەگەر گرێبەستی كاری هەبێت لەگەل یەكێك لە دەزگاكان و، لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا بەردەوام و بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بابەتەكان لە سۆشیال میدیا بڵاوبكاتەوە، ئەوا وەك ڕۆژنامەنووسی پیشەیی حیساب دەكرێت و هەمان مافی هەیە.

جیاوازی لە نێوان ڕۆژنامەنووسی پیشەیی و ڕۆژنامەنووسی سۆشیال میدیا چییە و، ئایا بە پێناسەكردنی میدیا و ڕۆژنامەنووسی پیشەیی ئاستەنگەكانی نێوان پیشەیی و سۆشیال میدیا چارەسەر دەبێت؟

 بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەش دەبێ بڵێین: «ڕۆژنامەنووسی پیشەیی بەو كەسانە دەگوترێت كە بە كاری ڕۆژنامەنووسی بژێویی ژیانیان دابین دەكـەن»، ڕۆژنامەنووسی ســۆشیال میــدیا ئەو كەسانەن كە بەرامبەر كاری ڕۆژنامەوانی هیچ مووچەیەكیان نییە، دەبێت سەرچاوەی داهــاتی ژیانیان لە لایەكی دیكەوە مسۆگـەر بكەن، بەڵام ئارەزوومەندانە سەرگەرمی كاری ڕۆژنامەوانی دەبن.

ڕۆژنامەنووسی سۆشیال میدیایی بەربەستی كەمترە، لە كاتێكدا بە هۆی ئەو بەرژەوەندی و یـاسا و ڕێسایانەی كە خۆیان دیاری دەكەن، هیچ گرێبەستێكیان لەگەڵ هیچ دەزگایەكدا نییە، وەك چۆن زۆر جار ڕێگە نادەن ڕۆژنامەنووس هەموو جۆرە هەواڵێك بڵاو بكاتەوە، بەڵام لە سۆشیال میدیادا بێ بەربەست بڵاوی دەكاتەوە، هــەروەها ئەو كەسانەی وەك ڕۆژنامەوان بە فەرمی كاریان دەست نەكەوتووە و دانەمەزراون، لە دەزگا ڕاگەیاندنەكاندا دەرفــەتیان هەیە لەسەر سۆشیال میدیا كاری خۆیان بكەن و ناوبانگێك بۆ خۆیان پەیدا بكەن، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ٣٠ ساڵ لەمەوبەر، دەبینین سۆشیال میدیا نەبوو، زۆركەس ئەو توانایەی نەبوو كە بتوانێت بیر و بۆچوونەكانی خۆی بخاتە بەر دیدی بیروڕای گشتی، كە وەك ڕەخنەگرتن لە سیستەمی لـیبڕاڵی لە قەڵەم دەدرا، لەم وڵاتەدا هەرچەندە ئازادیی ڕادەربڕین هەیە، بەڵام ئیمكانیات و كەرەستەی ڕاگــەیاندن تەنیا لە دەستی چینێكی تایبەتدایە و، هەموو كەسێك ئەو دەرفەتەی نییە دەنگی خۆی بگەیەنێتە ڕای گشتی، لێرەدا سۆشیال میدیا ئەو پرسەی چارەسەر كرد و، بووە هۆی ئەوەی هەر كەســێك بتوانێت بیروڕای خۆی بە ئازادی دەرببڕێت و بۆشاییەكان پڕ بكاتەوە، زۆر كەس و ڕاگــەیاندنەكان كەڵك لە سۆشیال میدیا وەردەگرن بۆ بڵاوكــردنەوەی بابەتەكانیان، كە دابەش دەبن بە سەر چەند بڕگـەیەكدا وەك:

ناوەندی هەواڵ، ڕۆژنامەوانی، ڕۆژنامەوانیی ئــازاد، چــالاكانی بواری هەمەجۆر و، ئەوانەی كاری ڕۆژنامەنووســین بۆ ئارەزوو و سەرگەرمیی خۆیان دەكەن، بە پێی بەرجەستەكردنی ڕۆژنامەوانی، سۆشیال میدیا لە چەندین ساڵی ڕابردوودا ئاستەنگێكی وای نەخستووەتە بەردەم ڕۆژنامەوانانی پیشەیی، لە كاتێكدا ڕۆژنامەوانانی پیشەیی كار و شوێنان دیارە و مافەكانیان مسۆگەرە، نەك هەر ئاستەنگ بگرە هەندێ كات پیشەییەكان و دەزگـا ڕاگــەیاندنەكانیش سوود لە سۆشیال میدیا وەردەرگرن، چونكە بڵاوكــردنەوە لە سۆشیال میدیا بە خێراترین شێوەیە، بەڵام دروست نییە میــدیاكار هەردەم وەك سەرچــاوەیەكی هەمیشەیی پشت بە سۆشیال میــدیا ببەستێت، لێرەدا دەزگــاكــانی ڕاگــەیاندن بۆ نموونە ڕۆژنامەیەك، دەتوانێت سۆشیال میدیا وەك كەناڵێك بەكار بهێنێت كە بتوانێت هاوكات ڕاوبۆچوونی خوێنەرەرەكانی خۆی وەربگرێت.

Top