سەعید جردو مەتۆ سەرۆكی دەستەی باڵای ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی بنكەی لالش بۆ گوڵان: بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان، ئێزدییەكان شانازی بە فەلسەفەی مەلا مستەفا بارزانی-یەوە دەكەن

سەعید جردو مەتۆ  سەرۆكی دەستەی باڵای ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی بنكەی لالش بۆ گوڵان:    بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان،  ئێزدییەكان شانازی بە فەلسەفەی مەلا مستەفا بارزانی-یەوە دەكەن

 

 

كەلتووری پێكەوەژیان لای كوردانی ئێزدی و هزری ڕەتكردنەوەی توندوتیژی لە ناو ئێزدییان لە ئاستێكی بەرزدایە، لە شێخان و شنگال و دەشتی نەینەوا و تەواوی ناوچەكانیان، هەموو ئایین و ئایینزاكان بێ كێشە و گرفت پێكەوە دەژین، بۆ پاراستنی پێكەوە ژیانیش پێویستمان بە پاراستنی كەلتووری لێبووردەیی و پێكەوەژیان و تێگەیشتن لە ڕەسەنایەتیی بیروباوەڕی ئایینەكان هەیە. لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەرەیەكی دیكەی پەیوەندیدار بە دۆخی كوردانی ئێزدی، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی سەعید جردو مەتۆ سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

 

* سەرەتا پیرۆزبایی كۆنگرەی 14ی دەستەی بنكەی لالشتان لێ دەكەین و، دەخوازین گرنگترین ئامانج و ئەركەكانی بنكەی لالش بزانین، بەتایبەتی بۆ بڵاوكردنەوەی هزری پێكەوەژیان و گرنگیدان بە ڕۆشنبیریی پێكەوەژیان لای كوردانی ئێزدی؟

- بنكەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی لالش بنكەیەكی جڤاتیی كوردانی ئێزدییە، لە ساڵی 1993 بە پشتیوانیی مەرجەعی كورد سەرۆك بارزانی دامەزراوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پاڵپشتیی بنكەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی لالشی كردووە، بنكەكەمان كار دەكات لە پێناو ئەوەی ئایینی ئێزدی لە خزمەتی ڕۆشنبیران و لایەنی كۆمەڵایەتی و ناساندنی كەلتووری پێكەوەژیان، دوای تێپەڕبوونی 29 ساڵیش بەسەر دامەزراندنی بنكەكەماندا، لە كۆنگرەی 14ی بنكەكەماندا سەرۆك و جێگر و دەستەیەكی نوێ هەڵبژێردران و، درێژە بە كار و چالاكییەكانمان دەدەین و، كۆمەڵێك پلان و بەرنامەی نوێمان لە بەردەستدایە، لە خزمەتی كوردانی ئێزدی و ڕۆشنبیرانی ئێزدیدا دەبین.

* پێكەوەژیان و لێبووردەیی لای كوردانی ئێزدی لە ئاستێكی بەرزدایە و، ئێوە دژی توندوتیژین، وێڕای ئەوەی لە مێژوودا چەندین جار لە عێراقدا توندوتیژیتان بەرامبەر كراوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە چی وای لێ كردوون كەلتووری پێكەوەژیان لای كوردانی ئێزدی لە ئاستێكی بەرزدا بێت؟

- كوردبوون و ناوەڕۆكی ئایینەكەمان وای كردووە كە پابەندی پاراستنی كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی بین، ئێمە دژی هەموو توندوتیژی و دەمارگیرییەكی نەتەوەیی و ئایینین، هەرچەندە لە عێراقدا بە هۆی كوردبوون و ئایینەكەمانەوە چەندین جار كۆمەڵكوژ كراوین و خاك و ماڵ و موڵكمان داگیر كراوە، بەڵام توانیومانە پارێزگاری لەو كەلتوورە جوانەی كوردایەتی و ئایینەكەمان بكەین، لە دیدی ئێمەوە ئایین بۆ خزمەتی مرۆڤایەتییە و هەموو پێكەوە جوانین، ناكرێت بە هۆی هێنانی هزر و بۆچوونی مەزهەبی و ئایینی لە دەرەوەی سنوورەكان و بە دووركەوتنەوە لە بنەما پیرۆزەكانی ئایین، ئازاری یەكتر بدەین و، پاساو بۆ كوشتن و كۆمەڵكوژی و ڕفاندن و لەناوبردنی یەكتر بێنینەوە، بەداخەوە تا ئێستاش لە عێراقدا نەتوانراوە پارێزگاریمان لێ بكرێت، ئەوەتا زۆرینەی كوردانی ئێزدیی شنگال و دەشتی نەینەوا لە ئۆردوگاكانی پارێزگای دهۆكن و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

* لە كاتێكدا ئێوە 14یەمین كۆنگرەتان بەست، هاوكات یادی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی كرایەوە كە ئازار و مەینەتییەكی زۆرتان بینی بە هۆی كوردبوون و ئایینەكەتانەوە، جڤاتی ڕۆشنبیریی بنكەیەكی گرنگی وەك لالش چۆن دەڕوانێتە پاراستنی مافەكانی كوردانی ئێزدی لە عێراقدا؟

- لە عێراقی نوێ و عێراقی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسدا، حوكمڕانانی عێراق نەیانتوانی ماددە و بڕگە دەستوورییەكان جێبەجێ بكەن و پاشاكشەیان لە بنەماكانی پێكەوەژیان و هاوبەشی و پاراستنی مافە دەستووری و یاساییەكانی پێكهاتەكان كرد، بەتایبەتی پێكهاتەی كورد بە گشتی و كوردانی ئێزدی بەتایبەتی، ئەوەتا بە كوردانی ئێزیدی ڕەوا نابینن ڕێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكرێت و لەژێر خێوەتگا و لە ناو ئۆردوگاكاندا نەمێنین و بگەڕێینەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، ناوچەكانمان بە چەكداری بیانی و هێزی میلیشیات تەنراوە. ڕاستە سەرۆك بارزانی و خەڵكی كوردستان دەروازەكانیان واڵا كرد بۆ ئاوارەكانی شنگال و دەشتی نەینەوا و لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان منداڵەكانمان دەخوێنن و هەموو مەراسیمێكی ئایینیی خۆمان بە ئازادانە بەڕێوە دەبەین، بەڵام ئێمە ئاواتەخوازین بگەڕێینەوە بۆ ناوچەكانی خۆمان.

* لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول و ئێستاش مسعود بارزانی پارێزگاری لە كوردانی ئێزدی كردووە، ئایا ئەم پاڵپشتی و پارێزگارییە تا چەند كاریگەریی لە بەهێزبوونی پێكەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی كوردستان هەبووە و، لای كوردانی ئێزدی چ مانایەكی هەیە؟

- كوردی ئێزدی شانازی بە فەلسەفەی مەلا مستەفا بارزانی دەكات بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان و یەكترقبووڵكردنی نێوانیان، لە ئێستاشدا مەرجەعی كورد و كوردستان جەنابی سەرۆك مسعود بازرانی درێژەپێدەری ڕێبازی كوردایەتی و مەلا مستەفا بارزانی-یە و، هەردوو بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەسەر ئەو ڕێبازەی ئەوانن و پارێزگاری لە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان دەكەن، ئێمە دڵخۆشین بەو كەلتوورەی كوردایەتی كە ڕێز لە هەموو نەتەوە و ئایینەكان دەگرێت، هەمیشە سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردووەتەوە كە كوردی ئێزدی خاكی خۆی بەجێ نەهێڵێت و نەكەوێتە ژێر فشار و هەڕەشەی تیرۆریستانەوە، بەڕێزیان ئامادەیە لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەكانی بەرگریمان لێ بكات، سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەكانی بوون شنگال و چیای شنگالیان ئازاد كرد، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو لەسەر داوای مەرجەعی كورد ئافرەتە كوردەكانی ئێزدیی لە دەستی داعش ڕزگار كرد و، سەرۆكی حكومەتە پاڵپشتی هەموو جڤاتێكی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی كوردانی ئێزیدی دەكات و ئەندازیاری ئاوەدانكردنەوەی لالش و ناوچەكانمانن، جەنابی سەرۆك بارزانی هەمیشە داخوازیی دابینكردنی مافە ڕەواكانی ئێزدییە لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لە شنگال.

* زۆر باس لە گرنگیی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال دەكرێت بۆ كۆتاییهاتنی نەهامەتیی كوردانی شنگال و گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی باوك و باپیرانیان، ئێوەی كوردانی ئێزدی داواكاریتان چییە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شنگال؟

- ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و پێكهێنانی هێزی هاوبەش و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورە، دەرفەتێكی زۆر باش بوو بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەكە و ئاساییبوونەوەی ڕەوشی شنگال، بەداخەوە هەندێك گرووپی چەكداری میلیشیات و بیانی بە هاندانی وڵاتانی ئیقلیمی بوونەتە ڕێگر لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ئیدارەی شەرعی و ئاوارەكان، ئێزدییەكانیش بە بێ بوونی پێشمەرگە و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ شنگال هیچ متمانە و ئومێدێكیان نەماوە و، ئامادە نین لەژێر سێبەری بێ یاسایی و ڕفاندنی هاووڵاتیان و كوشتن و نائارامی و ناسەقامگیریدا ماڵ و منداڵیان بخەنە مەترسییەوە.

* ئێزدییەكان وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكیی كورد چۆن دەڕەواننە پاراستنی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی كوردانی ئێزدی، بەتایبەتی لە شنگال و دەشتی نەینەوا؟

- ئێزدییەكان پێكهاتەیەكی ڕەسەنی كوردن و داواكاریی ئاشتی و ئارامییان بۆ هەموو كورد هەیە لە چوارچێوەی كوردستانێكی ئازاد و ئارامدا، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان وەكو پێگەیەكی ئارام و سەقامگیر بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان بمێنێتەوە لە عێراق و ناوچەیەكدا، كە بەردەوام پێكهاتە و نەتەوە و ئایین و ئایینزا و كەمینەكان لە كۆچی بەردەوامدان، زۆر لە هێزە قین لە دڵ و دەمارگیر و مەزهەبییەكان ئەم مەرامەیان دەوێت، بۆیە ئێمە وەكو جڤاتی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی ئێزدی، داواكارین نەتەوە یەكگرتووەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان شنگال و دەوروبەری و دەشتی نەینەوا لە گرووپە چەكدارەكان پاك بكەنەوە و، هاوشێوەی ناوچەی دژە فڕینی كوردستان تەواوی ئەم ناوچانەش بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، جێگەی داخە نەتەوە یەكگرتووەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەنجومەنی ئاسایش لە گەڕانەوەی مافی كوردانی ئێزدی و ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال كەمتەرخەم بوون، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكەین ئاوڕێكی جددی لە كەمپەكان بداتەوە و، داخوازیی ئێمە و خەڵكی ناو كەمپەكان ئەوەیە خێوەتگاكان بگۆڕدرێن بە خانوو، یان كابینە و ئاو و ئاوەڕۆی بۆ بكرێت و شەقامەكانی قیرتاو بكرێن و، قوتابخانە و بنكە تەندروستییەكانی پێش بخەن و، وەكو شارۆچكەیەك مامەڵە لەگەڵ كەمپە گەورەكان بكەن، بوونی 200 هەزار كوردی ئێزدی لە ناو كەمپەكانی پارێزگای دهۆك، پێویستییان بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە، ئێمە وەكو بنكەیەكی ڕۆشنبیری و چڤاكی داواكارین گرنگیی زیاتر بە بنەماكانی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە ناو پڕۆگرامەكانی خوێندن بدرێت و لە گوتاری مامۆستایان و پیاوانی ئایینیدا ڕەنگ بداتەوە.

* داواكاریتان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی هەرێم چییە، چونكە جگە لەوەی بەشێكی گەورەی ناوچەكانتان لە ناو هەرێمی كوردستاندایە، ئەو بەشەی داگیریش كراوە لە شنگال و دەشتی نەینەوا زۆرینەی خەڵكەكەی لە كوردستان دەژین؟

- ئێمە بەشێكی دانەبڕاوین لە نەتەوەی كورد و كوردستان، وەكو سەرۆك بارزانی گوتی پێكەوە لەسەر ئەم خاكە دەژین و پارێزگاریمان لێ دەكات و خاكی خۆمان بەجێ ناهێڵین، خۆشبەختانە ئەو كەلتوورەی كورد و سەرۆك مەلا مستەفا بارزانی لە پێناویدا تێكۆشا و پارێزگاریی لە هەموو مافە نەتەوەیی و ئایینیەكانی دەكرد، لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە درێژەی هەیە، بۆیە داواكارین بە هەموو هێز و تواناوە بەرگری لە كەلتووری پێكەوەژیان بكرێت و لە ناو قوتابخانە و زانكۆكاندا بایەخی پێ بدرێت و، ناوەندەكانی ئایینی و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن نەوەی نوێ لەسەر هزر و فەلسەفەی پێكەوەژیان پەروەردە بكەن، ئەو پێكەوەژیانەی سیمای هەرێمی كوردستانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

Top