پارتی پارێزەری شكۆ وئیرادەی کوردستان

پارتی پارێزەری شكۆ وئیرادەی کوردستان

 


".16ـی ئاب تەنیا رۆژی دامەزراندنی حزبێكی شۆڕشگێڕ نییە و بەس، هێندەی بە سیستماتیككردن و نووسینەوەی ئەدەبیاتی شۆڕشگێرانەی نەتەوەیەك بوو كە هەر لە شۆڕشەكانی بارزانەوە تا هەموو ئەو دەنگانەی كە بە گژ داگیركاریدا دەچوونەوە لە ژێر بەیداخی پارتێكی پێشڕەودا كۆ كرانەوە و رێبازی پیرۆزیبارزانی وەك بنەما و دەستوورێكی كارا كاری پێ دەكرا. یەكڕیزی و خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیەك، پەروەردەی كوردانە، برەودان بە هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و بەرزكردنەوەی متمانەبەخۆبوونی تاكی كورد، لە پرەنسیپە بنچینەییەكانی پارتین.دامەزراندنی پارتی زەروورەتێكی مێژوویی بوو، وەهاش مانەوە و بەهێزبوونی پارتی بۆ گەلی كورد و گشت پێكهاتەكان پێویستە. لە كاتێكدا یادی دامەزراندنی پارتیمان دەكەینەوە، كوردستان و ناوچەكە بە قۆناخێكی هەستیار دەرباز دەبێت، حیكمەتی پارتی لەوەدایە دوای هەر پیلانێكی دوژمنانی گەلەكەمان بەرامبەر بە پارتی، پارتیی دیموكراتی كوردستان جارێكی تر زیاتر بەهێز دەبێت بۆ بەردەوامبوونی خەباتی نەتەوەیی، پارتی لە دوای رێككەوتنی شوومی جەزائیر توانی بە شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنحواز وەڵامی نەیارانی بداتەوە.

بۆیە ئەگەر سەیری ڕابردووی ئەو مێژووە بكەینەوە دەبیین زۆر ئەستەم بووە كە پارتی درێژە بەخەبات بدات بەڵام دامەزرێنەرەكەی جەنەرال مستەفا بارزانی وەك كەسایەتیەكی بەهێزی ناوچەكە و رۆڵی حەكیمیانە ئەم سەركردە مەزنە گڕو تینێكی بێ وێنەی داوەتە قۆناغی دروست بوونی پارتی و خەبات و بەرخودانەكانی.پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕێبازێكی پڕاوپڕ لە ڕاستی و دروستی و ئامانج و خەبات كردنی لە پێناو نەتەوەیەك و ڕزگار كردنی گەلێك دەستی بە خەباتی چەكداری و سیاسی كرد.وەك پارتێكی پێشڕەو بەرەو ئومێدی خەڵكی كوردستان بەدیار كەوت ڕۆژ لەداوی ڕۆژ دەبووە جێگای ئومێدی خەڵكی ستەملێكراوی خەڵكی كوردستان.لە مەیدانی تێكۆشاندا سەرقافڵەی پێشەنگی كوردایەتی و مەردایەتی سەیردەكرا زیاتر جێگای خۆی لە ناو دڵی جەماوەر دەكردەوە.


گەلی كورد سەد ساڵە خەبات دەكات لە پێناو كوردایەتی و دۆزی نەتەوەییدا و هەمیشەیش كێشەی كورد لەگەڵ عێراقدا، لەسەر پرسە نەتەوەییەكان بووە، بۆیە هەر شەهیدێكی كوردستانیش خوێنی بەخشیبێت، لە پێناو كوردایەتی و پاراستنی دەستكەوتەكاندا بووە، ئەوەی كە تاوەكو ئێستا پارێزگاری لە دەستكەوتەكان كردووە و خەباتی بۆ نەتەوە كردووە، هەر پارتی بووە، چونكە شەهیدان خوێنیان بۆ دەستكەوتە نەتەوەییەكان بەخشیوە و پارتی پارێزگاری لێ دەكات و مافە دەستووری و نەتەوەییەكانیش لە بەغدا بەدەست دێنێت.
ئەگەر سەیری مێژوو بكەین هەموو هەوڵ و قوربانیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكان بووە و چەندین دەستكەوتی خۆی لە پێناو كوردایەتیدا لە دەست داوە، كە ئەویش وەكوو هەندێك حیزب دەیتوانی چەندین دەستكەوتی حیزبی بە دەست بێنێت و واز لە دەستكەوتە نەتەوەییەكان بێنێت.پارتی هەمیشە شانازی بە دەستكەوتە نەتەوەییەكانییەوە دەكات كە گرینگترینیان ریفراندۆمی سەربەخۆیی و کوردستانئ بەهێزە ، بۆیە بەرنامەی ئەم جارەی پارتییش بۆ بەغدا هەموو جەختكردنەوەیە لەسەر مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان.

لە ماوەی ئەو 76 ساڵەدا شۆڕشی گەلی كورد تووشی گەلێك شكست بووە، بەڵام لەناو نەچووە و هەموو جارێ دوای ساڵێك یان پاش چەند ساڵ دیسان ژیاوەتەوە؛ دامەزراندنی پارتییش بناغەیێكی توكمەی دروست كرد بە ‌شێوەیەكی زنجیرەیی. ئەگەر سەیری بكەین لە كۆماری كوردستانەوە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و سەرهەرڵدانی 1991 و هێرشی تیروریستان بۆ سەر كوردستان ئەمانە هەمووی بوو بە ئەڵقەیەك لە مێژووی كوردستانداپارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پارتەیە كە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە یەكەمین ئاڵاهەڵگری دیموكراسی هەژمار دەكرێت كە لە ماوەی 76 ساڵ تێكۆشانی و رزگاریخوازی توانیوێـتی گشت پرەنسیبەكانی دیموكراتی و مافی مرۆڤ و پێكەوە ژیان بڵاو بكاتەوە و متمانە بە خۆبوون وهەستی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری لە نێو هەر تاكێكی كورد دورست بكات و تا بە ئەمڕۆ لە هەوڵ وخەبات دا بووە بۆ بەدیهێنانی مافەرٍەواكانی گەلی كورد نەك لە باشووری كوردستان بە بەڵكو لە پارچەكانی دیكەی كوردستان و لەو پێناوشدا رووبەرووی گەورەترین مەترسیی لە لایەن ناحەزانی كورد وكوردستان بۆتەوە و قوربانی بەخشییووەو دەبەخشێت لە پێناو بەدەستهێنانی مافەرەواكان و لە نێویاندا دەوڵەتی كوردی.
پارتی دیموكراتی بە هەڵوێستی نەگۆرٍیی بەرانبەر پرسە نیشتیمانیی و نەتەوەییەكان هەمیشە خەمخۆرە و كوردستان ڕووناك دەكاتەوە و ژیان بە هاوڵاتیانی كورد دەبەخشێت، هەر كاتێك ئەو خۆرە دیار نەبێ، گەلی كورد ئەنفال و كیمیاباران و لە بن پۆستاڵی دوژمناندان و، لە نەبوونی پارتییشدا حیزبەكانی دیكەیش ناتوانن بەردەوام دەبن، چونكە بە هۆی بوونی پارتییەوە، ئەوانیش هەن و درێژە بە خەبات دەدەن، پارتی هیچ كات سازشی لەسەر مافە نەتەوەییەكانی كورد نەكردووە و هەمیشە پارتی و پێشمەرگەكانی سەرۆك بارزانی، ئەو نیشتیمانەیان پاراستووە و رزگاریان كردووە و خۆیان كردووەتە قوربانی خاك و نەتەوە.

 

Top