میرو بابەشێخی ڕەحمەتی و جڤاتی ڕۆحانی و بیرمەند و شێخانی ئێزدی بۆ ڕیفراندۆم پاڵپشتی سەرۆك بارزانی بوون

میرو بابەشێخی ڕەحمەتی و جڤاتی ڕۆحانی و بیرمەند و شێخانی ئێزدی بۆ ڕیفراندۆم پاڵپشتی سەرۆك بارزانی بوون

 

ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتیی مەرجەعی كورد مسعود بارزانی گەورەترین دەستكەوتی نەتەوەی كورد و كوردانی ئێزدی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی دیكەی كوردستان بوو، ڕیفراندۆم نیشاندەری ئەو ڕاستییە بوو كە بارزانی داكۆكیكاری سەرسەختی نەتەوەیی كوردە، گەلی كورد و كوردستانیانی هەمووان پێكەوە بەرەو ڕیفراندۆم بردو دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، تەنانەت وێڕای فشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان، سەرۆك بارزانی ئامادە نەبوو سازش لەسەر ئەم داواكارییەی خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە و گەلەكەی بكات و بە هەموو گەلانی جیهانی وت: گەلی كورد لە باشووری كوردستان مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت و ئەو خەونە مەزنەی لە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستاندا بێتەدی، چونكە كورد گەلێكی زیندووە و بە كۆمەڵكوژی و پەراوێزخستنی مافەكانی چۆك دانادات.

 ئەو دەمە لە لێژنەی باڵای ئامادەكردنی ڕیفراندۆم هەندێك ئێزدی بەشدار بوون، منیش لە لێژنەیەیكی تایبەتی پێكهاتەكان بەشدار بووم بۆ چەسپاندنی مافی كوردانی ئێزدی لە دوای ڕیفراندۆم، بۆ مێژوو باسی دەكەم جەنابی سەرۆك ڕازی بوو لەسەر سەرجەم ماف و داواكارییەكانمان و تەنانەت یەك وشەی لە داواكارییەكانی كوردانی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكە لا نەبرد، بۆیە بەردەوام هەموو كوردێكی ئێزدی هەست بە هەڵوێستی جوامێرانەی سەرۆك بارزانی دەكات و بە داكۆكیكار و باوكی هەمووانی دەزانین.

 كاتێك گەلی كوردستان بە سەرۆكەكەیان گوت: «بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی» تا دنیا ماوە، ئەمە دەبێتە بەڵگەنامەیەكی فەرمی و ئەركێكیشە بە سەرشانی سیاسەتمەدارانی كوردستانەوە، كە ڕۆژێك هەر دەبێت بە دەنگ داواكاریی گەلەوە بێن و دەوڵەتی سەربەخۆ ڕابگەیەنن، چونكە «بەڵێ» لە ڕیفراندۆمدا بۆ سەربەخۆیی، ئیرادەی گەلە و دەبێت نەوەی داهاتوو و بگرە گەلانی ناوچەكە و جیهانیش ڕێزی لێ بگرن.

لە كۆبوونەوەیەكماندا لەگەڵ سەرۆك بارزانی كە بۆ پرسی ڕیفراندۆم ساز درابوو لەگەڵ كوردانی ئێزدی، سەرۆك بارزانی پێی ڕاگەیاندین: «هەموو مافە ئایینی و نەتەوەییەكانی پێكهاتەكان پارێزراو دەبێت و لە ناو دەوڵەتەكەدا جێگای دەكەینەوە».

 كورد و پێكهاتەكانی كوردستان، بەتایبەتی كوردانی ئێزدی لەبەر كوردبوون و ئایینەكەیان بە درێژایی مێژوو زوڵمیان بەرامبەر كراوە و چەندین جار كۆمەڵكوژ كراون، میللەتێك كۆمەڵكوژ كرابێت و بەرامبەرەكەی بە شێوازی جۆراوجۆری دیكە بەردەوام بێت لە سەر زەوتكردنی مافەكانی و ڕەتكردنەوەی هەموو مافێكی دەستووری و یاسایی، واتا هزری ئاشتی و یەكترقبووڵكردنیان تێدا نییە، ئێمەی شوێنكەوتووانی ئایینی ئێزدی ڕێز و خۆشەویستیمان بۆ هەموو ئایینەكانی دیكە هەیە، بە درێژایی مێژوو بە هۆی ئەم هزرەوە دەستدرێژیمان بۆ سەر هیچ ئایینێك نەكردووە، كاتێكیش ئێمە 73 جار لە مێژوودا قەتڵوعام كراوین لەبەر ئایین و نەتەوەكەمان، هەر لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی و تا سەدەكانی 19 و 20 و 21 كە دواجار لەسەر دەستی داعش قوربانی تەشەنەكردنی هزری ئەو توندوتیژییە بووین كە تا ئەمڕۆ لە عێراقدا درێژەی هەیە.

 هێرشی داعش دژی كوردانی ئێزدی لە شنگال قێزەوەنترین تاوانی كومەڵكوژی بووە لە سەدەی 21دا، ئەوە عەقڵییەتی تیرۆریستی و توندوتیژی و ڕەتكردنەوەی بەرامبەر بوو كە پیاو و گەنجەكانی كوشت و دایك و خوشكەكانمانی وەكو كەنیزەك ڕفاند و كڕین و فرۆشتنی پێوە كردن. ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆ كە عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت، سەلمێنەری بڕیاری ڕاست و دروستی سەرۆك بارزانییە كە دەیزانی هەر زوو سەركردەكانی عێراق لە بنەماكانی دروستبوونی دەوڵەتی نوێی عێراق لە شەراكەت و ڕێزگرتن لە مافی نەتەوەی كورد پاشگەز بوونەتەوە، بە پێچەوانەی كوردەوە كە هەڵگری كەلتووری پێكەوەژیان و لێبوردەیین.

 لە ڕیفراندۆمدا هەموو نەتەوە و ئایینزاكان و چین و توێژەكان و بە جیاوازیی ڕاوبۆچوونی سیاسی و ناوچەكانیانەوە، تەنانەت كوردی هەرچوار پارچەی كوردستان زوڵم و چەوسانەوە و زەوتكردنی مافەكان و كۆمەڵكوژییان ڕەت كردەوە، گەلی كورد تاكە گەلە لە جیهاندا بەو قەبارە و ژمارە زۆرەی كە 40 ملیۆن كەسە، بێ دەوڵەت و بێ مافە، لە دوای هەر دوو جەنگی یەكەم و دووەمی جیهانییەوە كوردبە موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی و ئایینزاكانی دیكەوە مافەكانیان زەوت كراوە، بەردەوام لەبەر نەبوونی دەوڵەت كۆمەڵكوژ و ئاوارە و دەربەدەر دەكرێین، ئێمەش دوو جار بووینەتە قوربانی، جارێك كە كورد بووین و جارێكیش كە ئایینەكەمان ئایینی ئێزدی بووە.

بە درێژایی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەكاندا میللەتی كورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تێكۆشاوە، بەڵام بە پێی قۆناغەكە و سەردەمەكە و بە ناوی جیاجیاوە كاری بۆ سەربەخۆیی كردووە، لە سەردەمی ڕەحمەتی مەلا مستەفا بارزانی لە شۆڕشی بارزان و ئەیلوول كە نموونەی سەركردە و هزری پێكەوەژیان بووە و هەموو كورد و كوردستانییان لە دەوری بوون، ئێمەی كوردانی ئێزدییش بە ژمارەیەكی زۆر لەگەڵ ئەو سەركردەیە بووین و پێشمەرگەی مستەفا بارزانی بووین و، بەشداریی ئەو شۆڕشەمان كرد و چەندین سەركردەی وەكو خوا لێخۆشبووان (حەسۆ میرخان و عیسا سوار)ی لەگەڵدا بوون، بارزانیی نەمر غەدر و زوڵمی ڕەت كردەوە و شۆڕشەكانی هەڵگیرساند و داوای مافە زەوتكراوەكانی كوردی بە بێ جیاوازی دەكرد. مەلا مستەفا بارزانی بارزانی نیشتمانپەروەر بوو، ڕێزی لە مافی گەلانی دیكەش دەگرت، بڕوای تەواویشی بە نیشتمان و مافی بوون بە خاوەن دەوڵەتی بۆ كورد هەبوو، ئێمەی كوردی ئێزدییش درێژەپێدەری ئەو هزرەی مەلا مستەفا بارزانی-ین و ئایین و نەتەوە پێمان دەڵێت ڕێزگرتن لە سرووشت و خاك و مرۆڤ لای ئێمە دەبێت پیرۆز بێت، لە ئێستاشدا مەرجەعی كورد مسعود بارزانی لەسەر ئەو بنەمایە بەشداریی لە بونیاتنانی عێراقی نوێدا كرد و، كوردیش وەكو نەتەوە سەرەكییەكانی دیكەی عێراق لە نووسینەوەی دەستوورێكی هەمیشەیی بۆ عێراق بەشدار بوو، تاوەكو لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەدا مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد بپارێزرێت، نەوەكو دوای ئەو هەموو قوربانی و تێكۆشانە دادگایەك بێت و بە دەستێوەردانی دەرەكی و سیاسییانە كار بۆ پێشێلكردنی مافەكانی نەتەوەیی و تایبەتمەندییەكانی كوردستان بكات و، هاوشێوەی گەمارۆی ئابووری و بڕینی بودجە و تێكدانی گوندەكان گورزی گەورە لە ئابووریی كوردستان و بژێویی ژیانی خەڵكەكەی بدات.

لە ئێستادا زۆر پێویستە هەنگاو بەرەو نووسینەوەی دەستوور و پەسەندكردنی لە لایەن گەلەوە بنێین، كات یاوەرمان نییە و دەبێت لە ناو ئەم پشێوی و بێسەروبەری و توندوتیژی و سڕینەوەی یەكترەدا لە عێراق، گەلی كوردستان هەست بە ئارامی بكات و متمانەی بە دواڕۆژ هەبێت، ناكرێت چەندین ساڵە كورد مافەكانی پێشێل بكرێت و ماددەیەكی وەكو 140ی دەستووری زیندەبەچاڵ بكرێت و بودجە و پشكی هەرێمی كوردستان ببڕدرێت و هەموو مافێك زەوت بكرێت، كەچی كەسانێك هەبن دژی ئەو مافە ڕەوایەی گەلی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بوەستنەوە، بەشداریی كوردی ئێزدیی شنگال و بەعشیقە و دەشتی نەینەوا لە ڕیفراندۆمدا هێندەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستووری گرنگ بوو.

هەر كوردێكی ڕەسەن لە كوردستان بێت، یان لە دەرەوەی وڵات، پاڵپشتی لە ڕیفراندۆم دەكات، چونكە مافێكی ڕەوای گەلی كوردستانە، دەوڵەت و سەربەخۆیی لەگەڵ ناوەرۆكی ئایین و یاسا و عورفی نێودەوڵەتی و ئەخلاقی مرۆڤایەتیدا یەك دەگرێتەوە، كورد دەمێكە قوربانیی جینۆساید و قەتڵوعامكردن بووە، ئێمە خاوەن خاك و میللەتی ڕەسەنی سەر ئەم خاكەین و زمان و كەلتووری تایبەت بە خۆمان هەیە، خودا و ویژان قبووڵ ناكات لە مافی دەوڵەتبوون پێبەش بكرێین، سەرۆك بارزانی لە ڕیفراندۆمدا ڕای گەلی وەرگرت و میرو بابەشێخی ڕەحمەتی و جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدی و بیرمەند و شێخانی ئێزدی هەموویان حازر بوون و بە ئاشكرا پاڵپشتییان لەم دەستكەوتە گەورەیەی ڕیفراندۆم كرد و، داوامان كرد خەونی گەورەی كوردان بێتە جێبەجێكردن.

 

(*) 

ڕاوێژكاری جڤاتی ڕۆحانیی ئێزدی

 

Top