مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاندراوێکى بڵاوكردهوه
راگەیاندراوێک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە
سەبارەت بەبارودۆخ و ئاڵۆزیە سیاسییەکانی ئەم دواییەی عێراق پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایی و ناڕحەتی خۆی لەھەمبەر بارودۆخ و تەنگژەی سیاسی ئێستای عێراق دەردەبڕێت. ڕوونە کەھەر لەسەرەتای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی عێراق کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدرا و ئەو دەرھاوێشتە و کێشە و ئاڵۆزی و پێشھاتانەی دوای ھەڵبژاردن بوونە تەگەرەیەک لەھەمبەر دامەزراندنی حکومەتی تازەی عێراق لەسەر بناغەیەکی دەستووریی باوەڕپێکرا و لەسەر بنەمای سیستەمی سیاسیی ئێستای عێراقدا لەئاکامدا وڵات گەیشتە لێواری باردۆخێکی سیاسیی داخراو.
لەڕوانگەی ھەستکردن بەوپەڕی بەرپرسیارەتی و لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتدا و بۆ پاراستنی عێراق لەو مەترسیانەی کەلەقۆناغی ئێستایدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە داوا لەسەرجەم سەرکردە ساسییەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق دەکەین کە لەئاست بەرپرسیارەتی قۆناغی ئێستادابن و داواش لەھەموو لایەنەکان دەکەین ھەنگاوی جدی و پێویست و بەپەلە بگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار و سەرکەوتوو لەسەر بناغەی پشت بەستن بەبنەماکانی دەستووری عێراق بۆ ڕزگارکردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستوویەی ئێستایدا. ھەربۆیەش لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕاستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عێراق دەتوانرێت ڕێککەوتنبکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەموو لایەنەکان ڕێکبکەون و بەڵێنی ئەوەش بدەن کە بەئەنجامی کۆتای ھەڵبژاردنەکان ڕازیدەبن وەک خۆی و ئەزموونی ھەڵبژاردنەکانی ڕابردووی عێراقیش دوبارە نەبێتەوە.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٣ـی ئابی ٢٠٢٢