بەشار كیكی ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: لە عێراقدا لە بنەڕەتەوە دەستوور جێبەجێ نەكراوە، كەچی باسی هەمواركردنەوەی دەستوور دەكرێت

بەشار كیكی  ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:     لە عێراقدا لە بنەڕەتەوە دەستوور جێبەجێ نەكراوە، كەچی باسی هەمواركردنەوەی دەستوور دەكرێت

 

 

ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەكانی ئێستای عێراق و كۆنتڕۆڵكردنی پەرلەمان و ناوچەی سەدر لەلایەن خەڵك و لایەنگرانی تەیاری سەدرەوە، بارودۆخێكی دروست كردووە، دەرگای بە ڕووی هەموو ئەگەرەكاندا كردووەتەوە و، لەگەڵ ئەوەی هەموو لایەك هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی بە دیالۆگ و گفتوگۆ ڕێگەچارەیەك بۆ ئەو كێشانە بدۆزنەوە، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ داواكارییەكانی موقتەدا سەدر ڕوویان لە هەڵكشانە و، ئێستا داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و گۆڕینی نیزام و دەستوور و هەڵبژاردنەوەی پێشوەختە دەكات، بۆ تاوتوێكردنی ئەم پرسە ئاڵۆزە، چەند پرسیارێكمان لە بەشار كیكی ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

 

* پێش ئەوەی باسی بارودۆخی عێراق بكەین، دەمانەوێت بزانین بارودۆخی شنگال چۆنە؟ ئایا پەكەكە بۆ واز لە شنگال ناهێنێت، تا خوشك و برا ئێزدییەكان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؟

- هەموو ئەو پێداویستییانەی كە بۆ ئاساییكردنەوەی شنگاڵ پێویستن لە ڕووی ئەمنی و سیاسی و ئیداری و مرۆڤایەتییەوە، لە ناو ڕێككەوتننامەی شنگاڵدا بەرجەستە كراون، بەڵام بەداخەوە ڕێككەوتنی شنگاڵ جێبەجێ نەكرا، كە ئەمساڵیش نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەشتەمین ساڵیادی ژینۆسایدی خوشك و برا ئێزدییەكان ئاماژەی پێ كرد و داوای كرد كە پێویستە بە زووترین كات ئەو ڕێككەوتننامەیە جێبەجێ بكرێت، پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە كە حكومەتی عێراقی لایەنی سەرەكیی ڕێككەوتنەكەیە، بۆچی ناتوانێت ڕێككەوتنی شنگاڵ جێبەجێ بكات؟ دیارە حكومەتی عێراق هەوڵیدا بۆ ئەوەی ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكات، بەڵام ئاكامی نەبوو، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو چەكدارانەی لە دەرەوەی یاسان، هەتا ئێستاش لە شنگالن و ئاستەنگن بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە، بۆ ئەوەی خەڵكەكەی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و شارەكە نۆژەن بكەنەوە، ئەو چەكدارانەش كە لە دەرەوەی یاسان ژمارەیان بە هەزاران دەبێت، هەمووشیان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە مووچەیان بۆ دابین دەكرێت و، هەتا ئێستا بوار نەدراوە كە قائیمقامی شەرعیی شنگال لە شارەكەدا دەوامی ئاسایی خۆی بكات، بۆیە جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنە ئەركی حكومەتی عێراقە و پێویستە جێبەجێ بكرێت، هەتا ئەو ڕێككەوتنەش جێبەجێ نەكرێت، بارودۆخی شنگال خراپتر دەبێت، باشتر نابێت.

* وەك پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق و كەسێكی یاسایی، پێشتر هەموو باسیان لەوە دەكرد كە دەبێت پەرلەمان مەرجەع بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئێستا پەرلەمان لە مەجلیسی نیابییەوە گۆڕدراوە بۆ مەجلیسی شەعب، بۆچوونتان بۆ ئەم بارودۆخەی كە ئێستا پەرلەمانی عێراقی تێدایە، چییە؟

- پێویستە ئێمە بە شێوەیەكی سیستماتێك باس لەو ئاریشانە بكەین كە ئێستا لە عێراق هەیە، كە وایان كرد بگاتە ئەو ئاستە مەترسیدارەی ئێستا، بەڵام پرسیاری هەرە گەورە و گرنگ ئەوەیە بۆچی دەستووری عێراق جێبەجێ نەكراوە، كە چەندین ماددە و بڕگەی ئەساسی لە ناو دەستوورەكەدا هەیە و جێبەجێ نەكراون؟ ئەگەرچی باسی ئەوە دەكەن هەمواری دەستوور بكرێت و سستمی سیاسی بگۆڕدرێت، بەڵام هەموو كەسێك دەتوانێت وەڵامی ئەوەیان بداتەوە كە ئایا دەستوور لە بنەڕەتدا جێبەجێ كراوە، تاوەكو بڵێن كەموكورتییەكە لە دەستوورەكەدایە، لەلایەكی دیكەوە لە ساڵی 2019 تشرینییەكان هاتنە سەر شەقام و داوایان كرد هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، وەك بینیمان ساڵی پار هەڵبژاردنەكەش كرا، بەڵام ئێستا بارودۆخە لەو كاتە خراپترە، ئەمەش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەقڵییەتی حوكمڕانی لە عێراقدا ئەقڵییەتێكی خراپ و ئاستەنگ دروستكەرە، وەك بینیمان دوای هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی پار، هەر سێ لایەنی براوەی كورد و شیعە و سونە (پارتی و تەیار و سیادە) هاوپەیمانییەكیان دروست كرد بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام لایەنە دۆڕاوەكانی شیعە پەنایان بۆ دادگای (بەناو فیدراڵی) برد و بە دەركردنی چەند بڕیارێكی سیاسی لە بەرگی یاسادا و لەگەڵ دەستتێوەردانی دەرەكی پرۆسەكەیان پەكخست، ئێستاش بارودۆخەكە گەیشتووەتە ئەوەی كە بە فەرمانی موقتەدا سەدر خۆپیشاندەردان پەرلەمانیان كۆنتڕۆڵ كردووە و پرۆسە سیاسییەكەش گەیشتووەتە قۆناغی چەقبەستن، لەگەڵ ئەوەی دەكرا ئەمە ڕوو نەدات، بەڵام ئەو پەرلەمانەی عێراق كە ئێستا هەیە نەیتوانی سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت و نەیتوانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەستنیشان بكات، حكومەتێك كە نەیتوانی دەستوور و یاسا جێبەجێ بكات، بە نەبوو دادەنرێت، بۆ ڕزگاربوون لەم چەقبەستووییە سیاسییە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ڕێگە ڕاستەكەیە و ئەم بارودۆخە بە كودەتا چارەسەر ناكرێت.

* ئێستا هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە (ئیتار و تەیار) پێكەوە كۆببنەوە و بە ئاشتییانە ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن، ئەمە لە كاتێكدایە كە لە ڕووی یاساییەوە ئەم كێشەیە بە سیلمی چارەسەر ناكرێت، لەبەر ئەوەی نوێنەرەكانی سەدر لە پەرلەمان دەستیان لە كاركێشاوەتەوە و كۆتایی پێ هاتووە، ئایا مەبەست لە حەلی سیلمی بۆ ئەم پرسە چییە؟

- چارەسەری ئاشتییانە ئەوەییە كە نابێت شەڕی شیعە و شیعە ڕوو بدات، من دڵنیام كە لە ناوماڵی شیعەدا شەڕی شیعە و شیعە ڕوو نادات، ئەمە هێڵی سوورە و هەردوو لایەنی شیعە جەختیان لەوە كردووەتەوە، بەڵام ئەگەر نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە، دەتوانن گفتوگۆ لە نێوان هەردوو لایەنی تەیار و ئیتار دروست بكەن و، دەتوانرێت بگەنە ئەوەش كە ئەنجومەنی نوێنەران دانیشتێك ئەنجام بدات و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەگەرچی وەك دەزانین بە پێی ماددەی 64ی دەستوور دوو ڕێگە هەیە كە پەرلەمان خۆی هەڵوەشێنێتەوە، ڕێگەی یەكەم: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران داواكاری پێشكەش بكات و سەرۆك كۆماریش ڕەزامەندیی لەسەر بدات. دووەم: پەرلەمان بە زۆرینەی دەنگ خۆی هەڵوەشێنێتەوە، بۆ ئەمەش ماوە و كات هەیە كە پەرلەمان كۆ ببێتەوە و ئەو بڕیارە بدات، دەبێت ئەوەش لەبەر چاو بگرین كە بارودۆخی عێراق ناگەڕێتەوە بۆ پێش ئەو خۆپیشاندانانەی كە ئێستا لە بەغدا دەكرێت .

* بەڵام تەیاری سەدر باسی هەمواركردنەوەی دەستوور و گۆڕینی نیزامە سیاسییەكە دەكات، ئایا مەبەست لە هەمواركردنەوەی دەستوور و گۆڕینی نیزامە سیاسیەكە چییە؟

- ئەم داواكارییانە، یان ئەو دروشمانە نوێ نین و خەڵكی دیكەش پێش ئەوان ئەو داواكاری و دروشمانەیان بەرز كردووەتەوە، هەندێ شت قابیلی ئەوەیە كە چارەسەر بكرێت، یان كاری لەسەر بكرێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا بابەتی دەستوور ڕێكاری توندی تێدایە بۆ ئەوەی هەموار بكرێتەوە، یان ڕاست بكرێتەوە، ئەمەش دەمێنێتەوە بۆ دوای پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتێكی دیكە، دوای دووبارەكردنەوەی ئەو هەڵبژاردنەی ئێستا خۆپیشاندەران داوای دەكەن.

* لە ناو ئەم گێژاوەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای كردووە كە لایەنەكانی (ئیتار و تەیار) بێنە هەولێر و كێشەكانیان بە ئاشتییانە چارەسەر بكەن، ئایا تا چەند پێشوازی لەم پێشنیارەی نێچیرڤان بارزانی دەكرێت و تاچەند ئەم پێشنیارە دەرگایەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكاتەوە؟

-  ئەگەر بە بیری خۆمان بێنینەوە، ئەو كاتەی لە سەروبەندی پێكهێنانی حكومەت بووین و هەردوو لایەن (تەیار و ئیتار) گەیشتبوونە بنبەست، بەڕێز سەرۆك بارزانی شاندێكی باڵای نارد بۆ بەغدا بە سەرۆكایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و حەلبووسی و خەنجەر بۆ لای موقتەدا سەدر، دەستپێشخەرییەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی درێژكراوەی دەستپێشخەرییەكەی جەنابی سەرۆك بارزانییە كە پێشبینیی ئەوەی كردبوو كە بابەتەكە چارەسەر ناكرێت، كاتێك هەر لایەك لە ئیتار و تەیار هەوڵ دەدەن ئەوەی دیكەیان نەهێڵن، هەر بۆیە دەستپێشخەرییەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسێجێكی زۆر گرنگ بوو بۆ ئەوەی كە كورد پابەندە بە سەقامگیریی عێراق و، ئەو دەستپێشخەرییە مانای ئەوەیە كە كورد پابەندە بە پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییە باڵاكانی عێراق، نەك وەك تەماشاكارێك بێت، ئەو مەسێجە بەوانی ڕاگەیاند كە هەولێر پایتەختی دووەمیانە، دەتوانن بێن لێرە گفتوگۆ بكەن و بە دیالۆگ كێشەكانیان چارەسەر بكەن، ئەم دەستپێشخەرییەش جێگەی خۆشحاڵیی هەردوو لایەنی تەیار و ئیتار بوو و، بە گەرمی پێشوازییان لێ كرد، هاوكاتیشە لەگەڵ هەموو ئەو هەوڵانەی كە دەیانەوێت دیالۆگ و گفتوگۆ بكرێت لەسەر ئایندەی عێراق و، دەستپێشخەرییەكە هەر بەردەوامە و ڕۆڵی خۆی دەبینێت.

* بە بۆچوونی ئێوە هەرێمی كوردستان دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە ئاڵۆزە بكات، بەتایبەتی كە هەردوو بەرەی (ئیتار و تەیار) دەیانەوێت حكومەت دروست بكەن؟

- بێگومان ئەو بارودۆخەی كە لە عێراق هەیە، نیشانەی ئەوەیە كە ئەو 20 ساڵەی ڕابردوو و حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، كە لە هەموویاندا شیعە باڵادەست و دەسەڵاتدار بووە، نەیانتوانیوە خودی شیعەكان و خەڵكیش ڕازی بكەن و ئێستا گەیشتوونەتە ئەو ڕاددەیەی كە یەكتر تۆمەتبار دەكەن كە كامیان هۆكاری ئەو كێشە و ئاڵۆزییانەن، بەڵام خەڵكیش لایەنێكی دیكەی هاوكێشەكەن و لە بیرمان نەچێت لە خۆپیشاندانی تشرینییەكان خەڵكێك بوونە قوربانی و تا ئێستاش بەشی زۆری داواكارییەكانیان جێبەجێ نەكراون، من پێموایە موقتەدا سەدر ڕەنگە پێشبینی ئەوەی هەبێت كە بارودۆخی عێراق بەو شێوەی ئێستا جێگای قبووڵكردن نییە و، پێشبینی گۆڕانكاریی گەورە دەكرێت، بە تایبەتی دوای شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، چەندین هاوكێشەی دیكە هاتوونەتە پێش و لەوانەیە عێراقیش لە ناو ئەو گۆڕانكارییە تازانەدا بێت، ئەگەر زوو بە فریای خۆی نەكەوێت و لایەنە سیاسییەكانی شیعە نەگەنە ئاكامێكی باش بە ڕێگەی دانوستاندن و دیالۆگ، ئەوا بارودۆخەكە لە هەڵدێر نزیك دەبێتەوە.

Top