كابینەی نۆیەم و خزمەتكردن و بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئایینی لە هەرێمی كوردستان

كابینەی نۆیەم و خزمەتكردن و بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئایینی  لە هەرێمی كوردستان

 

بەو پێیەی كوردستان هەمیشە لانكەی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بووە و زۆربەی خەڵكەكەی پەیڕەوی لە ڕێبازی ئیسلام دەكەن، بووەتە نموونەیەكی جوان بۆ دونیای دەرەوە لەو سۆنگەوە كە كورد خزمەتی ئایینی كردووە و، فەرهەنگێكی دەوڵەمەندی بۆ ماوەتەوە و بەو پەڕی هەستی مرۆڤدۆستی و نیشتمانپەروەری پەرەی بەو ڕێچكە و ڕێبازە داوە، لەلایەكی دیكەشەوە قەت نەبووە كورد ئایینی بۆ مەرامی تایبەتی و شكاندنی بەهاكان و چەوساندنەوە و ستەم بەكارهێنابێت، ئەمەشە وای كردووە دینداری لە ناو كۆمەڵگەی كوردی وەك هەنگاوێكی كاریگەر و زیندوو بمێنێتەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی خوێندنەوەیەكی واقیعی و بوونی ستراتیژیی هاوچەرخ بۆ پارێزگاری لە تایبەتمەندیی هاووڵاتیان و هەرێمی كوردستان، هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە لەو بوارەی ڕوانیوە و خزمەتی بەرەوپێشچوونی ئایینی گرتووەتە ئەستۆ، لەوەشدا هەنگاوی گەورەی ناوە و ئامانجیەتی هەمیشە ئەو نموونە جوانەی دینداری و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێو پێكهاتە ئایینیەكانی كوردستان لە گەشە و پێشكەوتندا بێت.

زانایانی ئایینی كە نموونەی چێنێكی كارا و كاریگەری نێو كۆمەڵگەن و هەمیشە پاڵپشتی هەنگاوە ئەرێنییەكانی نەتەوەیی و نیشتمانی بوون و بە هەستێكی كوردانە و ئایینپەروەرانە هەوڵی گەیاندنی پەیام و پەیڕەوێكی دروستی دینداری و میانڕەوی و بە گوتارێكی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی و ترساندن و شێواندن خزمەتیان كردووە و لە هەماهەنگیی باشدا بوون لەگەڵ دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم، بۆ ئەوەی بتوانن ئەمڕۆی كوردستان لە دوێنێ و بەیانی لە ئەمڕۆ باشتر و چاكتر بكەن، چونكە ئەوان تەفەهومی واقیعەكە دەكەن و دەزانن كوردستان لە بەردەم تەحەددیی گەورەدایە و پێویتسی بە تەبایی و یەكڕیزیی نێوماڵی كورد هەیە بۆ پاراستن و پارێزگاری لە كیان و نیشتمان.

لە ماوەی ڕابردوو دامەزراوەی فەرمی پەیوەست بە ڕەوشی ئایینی بە پاڵپشتیی حكومەتی هەرێم توانیویانە خزمەتێكی گەورە لە ڕووی دۆخی دیندرای لە هەرێمی كوردستان بێننە كایەوە، بە تایبەت هەردوو دامەزراوەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، هەوڵی بەردەوامیان داوە بۆ ئەوەی پرسی ئایینی و ئیدارەدانی ناوەند و شوێنە ئایینیەكان و هەموو ئەوانەی لە بواری ئایینی كار دەكەن، لە چوارچێوەی ستراتیژێكی هاوچەرخ و گرنگیی پێشكەوتن خۆیان ببیننەوە و هەنگاوی تازە بهاوێژن.

نكۆڵی لەوە ناكرێ كە زانایانی كورد و مزگەوت و حوجرە و مەدرەسە زانستی و ئایینیەكانی كوردستان، لەسەر ئاستی ئایینی و نەتەوەیی ڕۆڵێكی شەڕەفمەندانە و گرنگیان هەبووە لە خزمەتكردنی گەل و وڵات، كە وەك شانازییەكی گەورە لە مێژوو تۆمار كراوە، ئەمەش لە ناچاری و بە زۆر نەبووە، بەڵكو خەمخۆرییان بۆ كیان و كۆمەڵگە و هەستی نەتەوایەتی، زادەی تێگەیشتنی دروست و پەیامی میانڕەوی و قەناعەتی دینداری بووە، كە بووەتە وزەبەخش و پاڵپشتێكی گەورەی سەركەوتنەكان و پەروەردەكردنی تاكی كورد لەسەر نەهجێكی پاك و ئاوێتە بە هەردوو هەستی ئایینپەروەری و نیشتماندۆستی.

لەو سۆنگەوە یەكێتیی زانایان هەماهەنگیی تەواوی هەبووە لە گەڵ ناوەندە فەرمییەكان و پێشنیار و هەڵوێستی جوانیشی لە هەمبەر پرس و پێشهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان دەربڕیوە و حكومەتی هەرێمیش پاڵپشتی تەواوی هەنگاوەكانی كردووە بۆ خزمەتی زیاتری بواری ئایینی لە هەرێمی كوردستان.

لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2021 مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایان لە دیدارێكی تایبەت لەگەڵ ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، چەند پرسێكی گرنگی ئایینی و نیشتمانی و پەیوەست بە ژیان و گوزرەانی خەڵك و واقیعی ژیانی زانایانی ئایینی و ڕەوشی زانستی و ئەكادیمی تاوتوێ كرد و یەكێ لەوانە بابەتی كردنەوەی زانكۆیەكی ئیسلامی بوو، كە وەك پێشنیار خرایە بەر دەستی بەڕێزیان، بە خۆشحاڵییەوە ڕایگەیاند «هەرچییەك بۆ خزمەتی زانایان و ڕەوشی ئایینی پێویست بێت دیراسەی دەكەین و ئەوەی مومكین بێت، بڕیاری بۆ دەدەین».

خۆشبەختانە لە بەرواری 7ی12ی2021 لە نووسراوێكی فەرمیدا سەرۆكی حكومەتی هەرێم، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕاسپارد، كە كاری پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتیی زانایان و وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئەنجام بدات، بە مەبەستی دیراسەتكردنی ئەم بابەتە و دیاریكردنی ڕاسپاردە و میكانیزمی پێویست بۆ جێبەجێكردنی داواكاریی یەكێتیی زانایان، كە كردنەوەی زانكۆیەكی ئیسلامییە لە كوردستان.

ئەم هەنگاوە بۆ هەرێمی كورستان و كردنەوەی ئەم زانكۆیە وەك ناوەندێكی ئەكادیمی ئیسلامی، بە دید و تێڕوانینی زانایانی ئایینی لە هەرێم و پەیڕەوانی ئایینی لە كوردستان، ڕۆڵێكی گەوەری دەبێت لە بووژانەوەی كەلتوور و ڕۆشنبیریی ئیسلامی بە ئاست و تێگەیشتنێكی دروست و پێویستەوە، هەروەها ئیعتیبار و ڕوویێكی جوانتر لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی بۆ كورد وێنا دەكا و دەبێتە فاكتەری خێر لە ڕووی ئەكادیمی و پیشاندانی واقیعی كۆمەڵگە لە ڕووی پاراستن و پەیڕەوكردن و خزمەتكردنی ڕێبازی شەریعەت، هەروەها بەرەوپێشبردنی فەرهەنگ و توراسی ئیسلامی و تەوزیفكردنی چەمكە ئایینییەكان لەسەر ئەو ڕێڕەوەی گەورە زانایانی كورد چوارچێوەیان بۆ داڕشتووە، دواجار دەبێتە پردێكی بەهێز لە نێوان لە باڵاكردنی زانیاری و مەعریفەی ئیسلامی بەخشینەوەی لە خزمەتی كۆمەڵگەدا.

زانكۆیەكی ئیسلامی وەك دامەزراوەیەكی باڵای توێژینەوە و زانستە شەرعی و ئیسلامییەكان، مەودای دەرفەتی خوێندنی ئیسلامی فراوان و زەمینەی لە باوەشگرتنی سەرجەم لق و پۆی پەیمانگا و كۆلێژ و بەشە ئیسلامییەكانی نێو زانكۆكانی كوردستان خۆش دەكات، بە شێوەیەك كە بە كامڵبوون و هەڵكشانی ئەزموونی ئەكادیمی، قوتابیانی دەرەوەش بتوانن ڕووی تێ بكەن و وەك زانكۆكانی دیكەی جیهانی ئیسلامی جێگەی دیار بێت.

لەلایەكی دیكەوە لەم كابینەیە بڕیاری گەڕاندنەوەی قوتابخانە ئیسلامییەكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە پەسند كراوە، كە بێنەوە سەر میلاكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە مەبەستی بایەخدانی زیاتر و باشتر بۆ ڕێكخستنەوەی ڕەوشی ئیداری و زانستی و پێگەیاندنی نەوەیەكی تازە بە باكگراوەندی تێگەیشتنێكی كوردانە و میانڕەوانە بۆ ئەوەی لە ئایندە ببنە هەوێنی ئاشتەوایی و خزمەتكردنی ڕێبازی ئایینی لە كوردستان.

ئەمە وێڕای ڕێزگرتن لە بۆنە و یادە ئایینییەكان و بایەخدان بە زانایانی ئایینی و دروستكردنی مزگەوت و ڕێكخستنەوەی میلاكات و كردنەوەی خول و بەشداریی كۆنگرە و كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی و كاروباری حەج و یەكخستنەوەی گوتاری ئایینی و تەقدیركردنی ڕۆڵی زانایانی ئایینی، كە هەمیشە ڕۆڵێكی ئەرێنی و پڕ لە خزمەت و جوامێرانەیان هەبووە و ئامانجی ئەوان تەنیا خزمەت و بەرەوپێشبردنی ڕەوشی دینداری و خزمەتی كۆمەڵگە و جوان پیشاندانی كوردستان بووە.

بەشداریی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕێزدار مەسرور بارزانی لە یادی لەدایكبوونی پێشەوای مرۆڤایەتی حەزرەتی محەمەد دروودی خوای لەسەر بێت، یەكێك بوو لەو هەنگاوە پڕ بایەخانەی دڵی سەرجەم موسڵمانی كوردستانی خۆش كرد، چونكە ئەم بەشداریكردنە خۆی لە خۆیدا بایەخدانە بە تایبەتمەندی و هەستی دینداری و گرنگیدان بە بۆنە و یادە ئایینییەكانی موسڵمانان لە كوردستان.

لەپاڵ ئەمەشدا دەركردنی ڕێنمایی تایبەت بە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و ڕێزگرتن لە هەستی دینداران و دەستخۆشیكردن لە زانایانی ئایینی و پاڵپشتیكردنی هەنگاوەكانی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بۆ سەرخستن و بەرەوپێشبردنی ئامانجە ستراتیژی و نەتەوەیی و پیشەییەكانی بەشێكی دیكەی بایەخدانەكانی حكومەتی هەرێم بووە لە ماوەی ڕابردوودا.

بۆیە لە ئایندە و لە پێناو چاكتركردنی دۆخی ئایینی و بە جوان هێشتنەوەی پێكەوەژیانی ئایینی، چاوەڕێی زیاتر لەم كابینەیە دەكرێت، كە بە پشتیوانیی هەموو دڵسۆزان بتواندرێت وەك چۆن لە ڕابردوو بەشێكی شكۆمەندیی شۆڕش و بەرخۆدان و مەشخەڵی نیشتمانپەروەری لە منارە و مزگەوت و گوتاری زانایانی ئایینی سەریهەڵدا و زۆربەی سەركردە و شۆڕشگێڕەكانیش پیاوانی ئایینی و زانای ئایینی بوون، بە هەمان نەفەس و درێژەدان بە هەمان خەبات و خزمەت هەنگاوی جددیتر بهاوێژرێ و كوردستانی خۆشەویست بەرەو كەناری ئارامی و پێشكەوتن و پاراستنی لە پیلانی دوژمنان بەرین.

 

 

بەرپرسی راگەیاندنی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان

Top