ماف و ئازادییە ئەكادیمییەكان
گرنگیی ئەم بابەتە خۆی لە گرنگیی كۆمەڵگەی ئەكادیمیدا دەبینێتەوە، كۆمەڵگەی ئەكادیمی تایبەتمەندیی خۆی هەیە، كە كۆمەڵێك یاسا و ڕێسا ڕێكی دەخەن، ئەوانەی لەم كۆمەڵگەیەدان دەستەبژێری ئەكادیمین، لە ئەنجامی كاری لێكۆڵینەوە و بڕوانامەی باڵا لە دامەزراوە ئەكادیمییەكان وەك زانكۆكان و سەنتەرەكانی توێژینەوەی ئەكادیمی كار دەكەن، گرنگیی ئەم كۆمەڵگەیەش زیاتر لەوەدایە كە دەرهاویشتەی زۆر بۆ كۆمەڵگە دابین دەكات، وەك دەرچووانی زانكۆكان بۆ دامەزراوەكانی تەشریعی و جێبەجێكردن و دادوەری، هەروەها بۆ دەزگاكانی پەیوەست بە میدیا و كۆمەڵگەی مەدەنی و زۆر بواری دیكە، كۆمەڵگەی ئەكادیمی مەعریفییە و بازنەی ئامادەكردن و داڕشتنی بڕیاری سیاسییە، بایەخدان بە ماف و ئازادییە ئەكادیمییەكان دەگەڕێتەوە بۆ پتر لە سەدەیەك، گۆڕانكارییەكانی جیهانیش كاریگەرییان هەبووە لەسەر ئەم داواكارییە، ماف و ئازادییە دیموكراسییەكان خۆیان لە زۆر خاڵی گرنگدا دەبیننەوە، بۆ نموونە مەسەلەی هەرە گرنگ لەمانە سەربەخۆیی دامەزراوە ئەكادیمییەكانە، كە لە یاسای ئەم دامەزراوانەدا ڕەنگ دەداتەوە، كە دەبێت بەرپرسان كاربكەن و بەرپرس و سەرۆكی ئەم دامەزراوانەش بە شێوازی هەڵبژاردن و دیموكراسییانە ئەركی سەرشانی خۆیان ڕاپەڕێنن، هەروەها بودجەی سەربەخۆیان هەبێت، نابێت بە هیچ شێوەیەكی ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەخۆ پەیوەندییان بە دەسەڵاتدارانەوە هەبێت.
مەسەلەیەكی دیكەی ماف و ئازادییەكانی ئەكادیمی پەیوەستە بە ئازادیی فیكری لەناو ئەم دامەزراوانەدا، كە خۆی لە ئازادیی ڕەخنەگرتن و فێربوون و فێركردن و گوزارشتكردن لە دەرئەنجامەكانی توێژینەوەی زانستی و بڵاوكردنەوە دەبینێتەوە، هەروەها ئازادیی ڕاوبۆچوون و ئایدیۆلۆژی بە مەرجێك كە دەست نەبرێت بۆ پێگەی یاسایی ئەم دامەزراوانە، جگە لە بوونی یەكسانی لە هەموو چالاكی و توێژینەوەكانی ئەو كەسانەی لەم دامەزراوانەدا كاردەكەن، یەكێكی دیكە لە ماف و ئازادییە ئەكادیمییەكان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە مافی كاركردن لەم دامەزراوانە دەبێت شێوازی دامەزراندنیان لەسەر بنەمای لێهاتوویی و پاكی بێت، یەكسانییش هەبێت بۆ ئەوانەی لەم دامەزراوانە دەخوێنن، هەروەها بنەما و بنچینەكانی وەرگرتن بۆ ئەوانەی تێیدا دەخوێنن، ڕوون و دیار بن، هاوكات ئەو مافانەشیان هەبێت كاتێك لەم دامەزراوانە وەرناگیرێن، پەنا بۆ دامەزراوە یاساییەكان ببەن، ئەوەی زۆر گرنگە كە ئێمە پێی دەڵێین: «حەوكەمە» واتا لەم دامەزراوانە دەبێت شەفافییەت و لێپرسینەوە و دادپەروەری و دەرفەت هەبێت، هەڵبەتە زۆر ماف هەن كە پێویستە بۆ ئەكادیمییەكان دابین بكرێن، وەكو مافی بەشداریكردن لە داڕشتنی سیاسەت و پلانی دامەزراوەكان، هەروەها مافی خۆپیشاندان، مافی دامەزراندنی سەندیكا و ڕێكخراوەكان، تەنانەت ئەنجامدانی كاری سیاسی.
لەم ساڵانەی دواییدا مەسەلەی جێندەر لەم دامەزراوانەدا گرنگی پێ درا، لەسەر بنەمای یەكسانی لە نێوان ژن و پیاو لە ڕووی دامەزراندن و مافی بەشداریكردنی ئافرەتان لە دەركردنی بڕیار و سیاسەتەكانی ئەم دامەزراونە و یەكسانی لە پێشوەچوونی پیشەیی و كارگێڕی.
بە شێوەیەكی ڕوونتر باس لەم بابەتە بكەین، زۆر چالاكی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی ئەنجام دراون، گرنگترینیان ئەوە بوو كە لە ساڵی 2013 كۆنگرەیەكی ئەكادیمی بۆ ئازادییە ئەكادیمییەكان لە ئوردن ڕێكخرا، گرنگییەكی تایبەتی بەم بوارە درا، كە بڕیاردرا كە دداننان بە مافەكانی ئازادییە ئەكادیمییەكان هەبێت، كە بە بێ هیچ مەرجێك حكومەت و زانكۆكان لە دەستووری خۆیاندا ددان بنێن بە ئازادییە ئەكادیمییەكان، هەروەها دەبێت پرەنسیپی پاراستنی ئەكادیمی لە ڕوانگەی توێژینەوەی زانستی هەبێت، هاوكات هەندێ پێوەری ئەكادیمی و ئەخلاقی دابنرێن بۆ بەرزكردنەوەی پلەی زانستی و جۆرە دادپەروەرییەك هەبێت لە وەرگرتنی كەسانێك لە دامەزراوە ئەكادیمییەكاندا، جەختیش كراوەتەوە لەسەر بوونی حەوكەمەی ئەكادیمی كە بەرانبەر هەموو گەندەڵییەك ڕاوەستێت، هاوكات سەندیكا و ڕێكخراوی تایبەت بە خۆیان هەبێت لە ڕوانگەی دابینكردنی ئاسایشی فەرمانڕەوایی و بارودۆخیان چاك بكرێت و نابێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە هیچ شێوەیەك دەست وەرداتە پڕۆگرامەكانی خوێندن، یان پێشخستن، یان دامەزراندنی كەسەكان لە دامەزراوەكان، بەڵكو پێویستە كۆمیتەی نیشتمانی هەبن كە لەم دامەزراوانە هەڵبژێردرابن، ئەوان سەرپەرشتیی كاری وەرگرتن و بنەما و پێوەرەكان بكەن.
پێویستە ئەوانەی لە دامەزراوە ئەكادیمییەكاندا كار دەكەن، بەپێی یاسا پارێزراو بن لە هەموو جۆرە دەستتێوەردانێك لە كاروباریان، مەسەلەی جێندەریش جەختی لەسەر كرایەوە، هەروەها دەبێ جۆرە توندییەك هەبێت لە كاتی بەرزكردنەوەی پلەی زانستی، هاوكات ئەندامی دامەزراوەی ئەكادیمی جۆرە ئازادییەكی هەبێت لە وانەگوتنەوە و پێوەرەكانی ئەم بوارەدا، پاڵپشت بە پێشكەوتنی تەكنەلۆژی و زانستی، دیموكراسیی خوێندن لەم مەسەلەیەدا زۆر گرنگە، پێویستە مامۆستایان و قوتابیان ڕۆڵیان لەم بوارەدا هەبێت، دەبێت لەسەر پرەنسیپی بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی كار بكرێت بۆ بوونی هەموو جۆرە پەیوەندییەك لە نێوان پێكهاتەی ئەكادیمی و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی، هاوكات پێویستە دامەزراوە ئەكادیمییەكان سەرچاوەی داراییان هەمەجۆر بكەن، تاكو جۆرە سەربەخۆییەكیان هەبێت، دیسان پێویستە دامەزراوە ئەكادیمییە تایبەتییەكانیش یاسای تایبەت بە خۆیان هەبێت.
لە دەرئەنجامدا نابێت بە هیچ شێوازێك ویسایەتی سیاسی لەسەر كۆمەڵگە ئەكادیمییەكان هەبێت، دەبێت دەسەڵاتەكانیش ڕێز لە سەربەخۆیی كۆمەڵگەی ئەكادیمی بگرن لە پێكهاتەی مامۆستا و قوتابی و كارمەندانی دیكە، هەروەها نابێت دەستتێوەردانی سیاسی لە كارو چالاكییەكانیان هەبێت، دیارە ئەم دامەزراوانەش موڵكی گەلن، بۆیە دەبێت هەموو چالاكییەكانیان لە خزمەتی گەلدا بن، لەلایەكی دیكەوە لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە ئەو دامەزراوانە ئیلتیزاماتی زانستی و ئەخلاقییان هەبێت لە ڕووی مرۆییەوە كە پێوەیان پەیوەست بن، هاوكات توێژینەوەكانی ئەم دامەزراوانە لە خزمەتی كۆمەڵگەكاندا بن، جگە لەمە دەبێت دەسەڵاتیش پێداویستییەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و كەلتووری و ئەخلاقی و زۆر لە مەسەلەكانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ بۆ ئەم دامەزراوانە دابین بكات، ئەمە وێڕای فەراهەمكردنی پاڵپشتیی دارایی و شەراكەتی ئابووری.
لە ساڵی 2015 لە وڵاتی تونس كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی زانكۆكان لە قۆناغی گواستنەوە ئەنجام درا، كە چەندین دامەزراوە بەشدارییان تێدا كرد، وەك ڕێكخراوی ئازادیی ئەكادیمی و ڕێكخراوی سەرۆكایەتیی زانكۆكان و ڕێكخراوی سەنتەری عەممان بۆ مافی مرۆڤ، لەم كۆنگرەیەدا نزیكەی (15) توێژینەوەی ئەكادیمی لەسەر ئەم بابەتە پێشكەش كران، بەڕێز پرۆفیسۆر دكتۆر شێرزاد نەجاڕ توێژینەوەیەكی بە ناوی «دیاردەكانی سەربەخۆیی دامەزراوە ئەكادیمییەكان لە زانكۆكانی عێراقدا» پێشكەش كرد، هەروەها بەندەش توێژینەوەیەكم پێشكەش كرد دەربارەی چوارچێوەی یاسایی و سەربەخۆیی و ئەكادیمی و كارگێڕی و دارایی زانكۆكانی كوردستانی عێراق.
كاركردن لە بواری ئازادی و مافەكانی كۆمەڵگەی ئەكادیمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە چەند دەوڵەتێكدا ئاسان نییە، چونكە دیارە زۆربەی زۆری ئەم دەوڵەتانە كێشەیان هەیە لە بواری مافی مرۆڤ و دیموكراسی، بەڵام ئەو كۆمەڵگەیانە كە جۆرە گۆڕانكارییەكی دیموكراسی و ئازادییەكانیان تێدایە، بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2010 كە بە شۆڕشی بەهاری عەرەبی ناسێنرا، بۆیە ئەم بوارە بە تەواوی كاری لەسەر كراوە و پێداچوونەوە بە دامەزراوە ئەكادیمییەكانیش كرا، هەر چۆن بێت لە دەرئەنجامدا دەتوانین ئەوە بڵێین كە ماف و ئازادییە ئەكادیمییەكان كە خۆیان لەوەدا دەبیننەوە كە پێویستە لە چەمكی ئازادیی ئەكادیمی تێ بگەین، هاوكات دەبێت لەوەش تێ بگەین كە جۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەكی ئەمنی و سیاسی و دارایی لە كاروباری ئەم دامەزراوانەدا هەیە، بەڵام پێویستە پاراستنێكی دەستووری هەبێت بۆ دامەزراوە ئەكادیمییەكان لە ناو دەستوورەكانیشدا باسی ئازادیی فێربوون و مافی ئازادیی توێژینەوەی زانستی و داهێنان و بەدەستهێنانی زانیاری و ئاڵوگۆڕی ئەم زانیارییانە و ئازادیی بڵاوكردنەوە و چاپكردن و ڕادەربڕین بكرێت، دیارە ئەوەی ئەم ئازادییانەش دەپارێزێت، بە دڵنیاییەوە بریتییە لە دەسەڵاتی دادوەری، چونكە بە پێشێلكردنی مافەكانی ئەم دامەزراوانە پەنا بۆ ئەم دەسەڵاتە دادوەرییە دەبرێت، بەڵام مەسەلەكە هێشتا لە سەرەتادایە، بۆیە پێویستی زۆری بە خوێندنەوە و بەدواداچوون هەیە.