دڵشاد میران چاودێری سیاسی بۆ گوڵان: لەم قۆناغە هەستیار و ئاڵۆزەی عێراقدا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلی كوردستان بپارێزێت
* سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و گفتوگۆكانی سەبارەت بە دۆسێی نەوت و گاز تا چەند لە خزمەتی هێوركردنەوەی ئەو كێشە و گرفتانە بوو كە بە هۆی بڕیارە نادەستووری و سیاسییەكەی دادگای فیدڕاڵییەوە دروست بوو؟
- سەردانی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و دیدار و چاوپێكەوتنەكانی لە كاتێكی هەستیاردا هات و، گرنگییەكی لە ڕاددەبەدەری هەبوو بۆ یەكلاكردنەوە و ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی كۆمەڵێك ڕووداو و وێستگەی گرنگ، كە گرنگترینیان دۆسێی نەوت و گازی هەرێمی كوردستانە. بڕیارە نادەستوورییەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق و شوێنەوارەكانی لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و هەموو ئەو قسە و باسانەی كە دەكران، بەم سەردانە ڕەوییەوە و ڕووناكییەك لەو دیوی تونێلەكەوە دەركەوت و ئومێدێكیشی دا بە چارەسەركردنی كێشەی نەوت و گاز تا ئەو كاتەی لە عێراق یاسای نەوت و گاز دەردەچێت، بەمەش تا پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و پەسەندكردنی یاسای نەوت و گاز، گرفتی نەوت و گاز لە نێوان هەرێم و عێراقدا هێور بووەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و هەرێمی كوردستاندایە، چونكە بە لایەنی كەم تا چەند ساڵێكی دیكە نە پرۆسەی سیاسیی عێراق و نە لە بارودۆخی عێراق ناتوانرێت ئەو یاسایە دەربچێت، ئەگەریش دەربچێت، حەتمەن دەبێت حكومەتی نوێی عێراق دابمەزرێت و بە گفتوگۆ و دانوستاندن و ڕێككەوتن ئەو پڕۆژە یاسای نەوت و گازە لە حكومەتی نوێی عێراق ئامادە دەكرێت، تەنانەت دەكرێت لە دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان كوتلە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بابەتی نەوت و گاز بكرێتە خاڵێكی گرنگ، هەموو ئەمانە ماوەیەكی باش دەداتە بەرپرسانی هەرێم بۆ ئەوەی هەنگاوەكانیان بۆ ئاراستەكردنی دۆسێی نەوت و گاز بەرەو پیشەسازیی پترۆكیمیاوی و پاڵاوتگە و بەرهەمهێنانی كارەبا و بەكارهێنانی گازی سرووشتی لە ناوخۆدا وەرچەرخێنن، یان هیچ نەبێت لەو ماوەیەدا هەوڵە دیپلۆماسییەكانی كوردی بەگەڕ بخرێت، بۆ ڕاگرتن، یان جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بە شێوەیەك لە خزمەتی پرۆسەی نەوت و گازی كوردستاندا بێت. سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕاشكاوانە بە بەغدای گوت، چارەسەركردنی دۆسێی نەوت و گاز بەپێی ماددە و بنەما دەستوورییەكان نەك تەنیا لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندایە، بەڵكو لە خزمەتی هەموو گەلانی عێراقیشدایە.
* شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیا و ڕووداوەكانی تۆپبارانكردنی ناوچەیەكی گەشتیاری لە زاخۆ تاچەند پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدای لە یەكتر نزیك كردەوە و بردنی ئەو دۆسێیە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ئایا كۆتایی بە شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا دەهێنێت؟
- دۆست و دوژمن ئەو ڕاستییە دەزانن كە شەڕی پەكەكە و سوپای توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندا نایاسایی و نادەستووری و دوور لە هەموو عورف و یاسایەكی نێودەوڵەتییە، خەڵكی ئەو ناوچە سنوورییانە قوربانی و باجێكی زۆری ئەو سەركێشییانەی پەكەكەیان داوە، بە لانیكەم وێڕای شەهید و بریندار و ماڵوێرانی، ناوچەكانیان لە ساڵی 1991ـەوە ئاوەدان نەكراوەتەوە، ڕووداوەكەی ناوچە گەشتیارییەكەی زاخۆ و گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری عەرەب كە لەلایەن هەندێك لایەنی سیاسییەوە ئیستغلال كراوە و كار دەكەن بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە زیان بكات. كشانەوەی سوپای توركیا و پەكەكە لە هەرێمی كوردستان كارێكی باش و یاسایی و دەستوورییە، بەڵام بۆ نییەت و مەبەستێكی دیكە دەجووڵێندرێت، وەكو ئەوەی داواكراوە سنوورەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان لەلایەن سوپای عێراقەوە كۆنتڕۆڵ بكرێت و پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا كەم بكرێتەوە، ئەمەش هەمووی لە چوارچێوەی ململانێ توندەكانی نێوان ئیتاری تەنسیقی و سەدرییەكان و جووڵاندنەوەی شەقام دێت و هەر یەكەو دەیەوێت ئەم ڕووداوە قێزەونەی كوشتنی گەشتیارەكان بۆ مەبەست و مەرامێكی دیكە ئیستغلال بكات، بەڵام لە كۆتاییدا هەر هەڵوێست و كردەوە و كارێكی سیاسی و سەربازی و ئابووری ئەنجام بدرێت، دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێت، یەكێك لە ئامانجەكانی سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ بەغدا بۆ قسەكردن بوو لەسەر ئەم پێشهاتە نوێیە، جووڵاندنی دۆسێی دەستێوەردانی سوپای توركیا و بوونی بارەگای سەربازی و سەربازێكی زۆری توركیا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكان جگە لە ورووژاندنێكی ئیعلامی دەرئەنجامێكی ئەوتۆی نابێت، چونكە تا چەكدارانی پەكەكە لەلایەن حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكانی عێراقەوە لە شنگال و ناوچەكانی دیكەی عێراق داڵدە بدرێن و چەكیان پێ بدرێت و هاوكاری بكرێن، توركیا بەردەوام پاساوی دەستتێوەردان و وەشاندنی گورزی سەربازی دەمێنێت، وابزانم ڕووداوەكانی چوونە ناو پەرلەمان لەلایەن لایەنگرانی سەدر و خۆپیشاندانەكانی ڕۆژی شەممە ئەوەندەی دیكەی ئەم دۆسێیە بۆ دواوە بردەوە و كاریگەرییەكانی لەناوخۆدا هەر زوو كەم بووەوە. لەم عێراقە ڕووداوەكان و كارەسات و شەڕ و ململانێكان ئەوەندە خێرا و توندوتیژن، بوار بۆ یەكڕیزی و چارەسەری عەقڵانی زۆر كەم دەهێڵێتەوە.
* لەناو وڵاتێكی وا پڕ لە كێشمەكێش و گرفتی ئاڵۆزی سیاسی و مەزهەبی و دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت، ئایا هەر وا ئاسان دەبێت كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بێت؟ ئایا لەم واقیعەی ئەمڕۆی تێكچوونی پەیوەندیی نێوان هێزە سیاسییەكان دەبێت چۆن لەگەڵ ناوەنددا مامەڵە بكرێت؟
- عێراق لە دروستبوونیەوە تاكو ئەمڕۆ، هەرگیز سەقامگیری و ئارامی بە خۆیەوە نەبینیوە و، بەردەوام دەستتێوەردانی دەرەكی لەسەر بووە و لایەنی دیكە بارودۆخەكەی جووڵاندووە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و نووسینەوەی دەستووریشەوە سیاسەت و خۆسەپاندن زاڵ بووە بە سەر لۆژیكی عەقڵ و مەنتیقدا و كێشەكان، یان وەكو خۆی، یان ئاڵۆزتر ماونەتەوە. هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستوورییە و هەرێمێكی فیدڕاڵییە كە پەرلەمان و دادگا و حكومەت و دامودەزگای تایبەتی خۆی هەیە، هەرێم سێ چوار پارێزگا نییە، ئەوان باوەڕیان بە فیدڕاڵییەت نەماوە، ئیتر چۆن چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت، تا حكومەتێك پێك نەهێنرێت كە هەمووان لەسەری ڕازی بن، زۆر زەحمەتە حكومەتی كاربەڕێكەر بتوانێت گفتوگۆ و دانوستانەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەست پێ بكات، تەنیا دەتوانن تا دەركردنی یاسای نوێی نەوت و گاز و پێكهێنانی حكومەتی نوێ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا و چارەسەری هەموو كێشەكان دوابخرێت. كوردیش دۆسێی گەورە و گرنگی بە دەستەوەیە و دەبێت لایەنی سێیەم كە نەتەوە یەكگرتووەكان یان ئەنجومەنی ئاسایش بێت، بەشداریی ئەو گفتوگۆیانە بكات و هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە كێشەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیشەوە وەكو یەك پاكێج مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، بە دیاركردنی پشك و بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم و قەرەبووكردنەوەی قوربانییەكان و دەیان گرفت و كێشەی دیكە.
* وەكو چاودێرێكی سیاسی پێشهات و بۆچوونەكانت سەبارەت بەم بارودۆخەی عێراق چۆنە؟ ئایا ئەگەر پشێوی و تێكچوونی بارودۆخەكە لەمە زیاتر ڕووبدات، نابێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش و گرووپە چەكدارەكان؟
- پەرتەوازییەكی زۆر كەوتووتە ناوماڵی شیعە. كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی پەرلەمانی ئەوەندەی دیكەی بارودۆخەكە ئاڵۆز كرد و لە پێكدادان و دروستبوونی پشێویی سیاسی و سەربازی نزیك بووەتەوە، لەناو ئیتاری تەنسیقییش تا ڕاددەیەكی زۆر ناتەبایی و ململانێ لەسەر دەسەڵات و بەرژەوەندییەكان هەیە. ڕاستە دەبێت سەرەتا سەرۆك كۆمار دەستنیشان بكرێت و ئەو كات سەرۆك وەزیران هەڵبژێردرێت، بەڵام ئەمە تەنیا پاساوێكە بۆ شەقام و لە ڕاستیدا ناتەبایی و ناكۆكیی نێوماڵی شیعەیە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارێكی كوردی دواخستووە. شیعەكان لەسەر پارتی و یەكێتی ڕانەوەستاون كێ بەربژێریانە، بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەكەی مالیكی تەنیا بەشێكی كەمی ئەو ناكۆكی و ناتەباییەی نێوان لایەنە شیعەكانە كە جگە لە دەستتێوەردانی دەرەكی و ململانێیەكی مێژوویی قوڵیشیان هەیە و لەسەر بەرژەوەندییە ماددییەكانیان یەك ناگرنەوە. كێشەی گەورەی عێراق لەوەدایە هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی ڕۆڵ و پێگەیان هەیە، هێزی چەكداری گەورەی سەربازییان لە پشتە و خاوەنی چەكدار و چەكی تایبەت بە خۆیانن و لەناو هەموو دامەزراوە ئەمنی و سەربازی و مەدەنییەكاندا ڕۆڵ و پێگەیان هەیە و، كەس ئامادە نییە لە پێناو كەسدا دەستبەرداری بێت. لە بیریشمان نەچێت لە كاتی ململانێ و كێشمەكێشە سیاسییەكان پێگەی ئەمنیی عێراق لاواز دەبێت و داعش و گرووپە چەكدارە تیرۆریستییەكانی دیكە سەرهەڵدەدەنەوە، وەكو جاران لە ڕێگەی دەوڵەتی خەلافەتەوە نا، بەڵكو لە ڕێگەی گرووپی بچووكی چەكداری و لێدانی گورزی سەربازی، وەكو ئەوەی لەم ماوەیەدا ڕووی دا و چەندین پۆلیس و سەربازی عێراقی بوونە قوربانی .
* پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا كورد چی بكات بۆ ئەوەی پریشكی ئاگری ئاڵۆزی و پێكدادانەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراقی بەرنەكەوێت؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە، چونكە زۆر جار لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش پەلكێشی ئەو ململانێ و كێشە و گرفتانە دەكرێن، هەروەكو چۆن بینیمان هەندێك جار لەسەر بەربژێرێك بۆ سەرۆك كۆمار ناكۆكی لەنێوان پارتی و یەكێتی هەیە، ئێمە لە هەرێمی كوردستان لایەنە سیاسییەكان بە تایبەتی پارتی و یەكێتی و گۆڕان حكومەتێكی خزمەتگوزار و حكومەتێكی خەڵكی پێكەوەمان دەبەستێتەوە، من ناڵێم لەم سێ ساڵەدا گرفت و كێشە و كەموكورتی نەبووە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بكەین بەم هەموو كێشەی كۆرۆنا و دابەزینی ئەو كاتی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی و فشارەكانی بەغدا و هێرشە یەك لە دوای یەكە مووشەكییەكان، ئەو كات ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەكەوێت، كە بە هەموو پێوەرەكان كورد خاوەنی حكومەتێكی بەهێزە لە سەردەم و قۆناغێكی سەختی جیهانی و ئیقلیمی و نێوخۆیی عێراق. پڕۆگرامە چاكسازییەكە بە تایبەتی لە سێكتەری نەوت و گاز و كەمكردنەوەی خەرجی زیادە و بەرزكردنەوەی داهاتی ناوخۆ پڕۆگرامێكی سەركەوتوو بوو، كە نەك تەنیا زامنی مووچەكانی كرد، بەڵكو بە قەبارەی زیاتر لە یەك ملیار دۆلار قەرزیش درایەوە و قەرزی نوێش نەكرا.جموجووڵی بازرگانی و ئاوەدانكردنەوە و كاروكاسبیش بە هەموو سەرنج و تێبینییەكانەوە زۆر خێراترە لە ناوچەكانی دەوروبەرمان، خۆ ئەگەر پارتە سیاسییەكانی كوردستان هاوكار و پاڵپشت بن، ئەوا دەكرێت كاری زۆر زیاتر لە پێناو خەڵك و ئابووری بكرێت، لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا و دەوروبەر و جیهان بەهێزتر بكەین و لەسەر بنەمای خۆپاراستن لە خۆقورتاندن لە تێوەگلانی تەنگژەكان بە تایبەتی كە هەموو ئاماژە و نیشانەكان ئەوە دەردەخەن كە گۆڕانكاری و ڕووداوی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن و كاردانەی لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت، ئومێدەوارم هەردوو هێزی سەرەكیی كوردستان تێگەیشتنی نێوانیان زیاتر بێت لەسەر داهاتووی هەرێمی كوردستان و دەستنیشانكردنی سەرۆك كۆمار و پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی نێوانیان.
* بوونی سەركردەیەكی كاریزما و مەرجەعییەتێك بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كورد و یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان تاچەند گرنگە؟
- هەموو نەتەوە و گەلانی جیهان لە ڕۆژە سەخت و ناخۆشەكاندا لەلایەن سەركردەكانەوە ئاراستە دەكرێن، لە شەڕی داعش و ڕۆژە سەختەكانی گەمارۆ و دژایەتیكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی بوو وەكو سەرۆك و مەرجەعی كورد كە خەڵكی لە كوشتن و كۆمەڵكوژی پاراست و قەوارەی هەرێمی كوردستانی هێشتەوە. سەرۆك بارزانی وەكو كاراكتەر و سەركردە و كاریزما مەرجەعی بڕیارە لە هەرێمی كوردستان، دۆست و دوژمنی گەلی كوردستان هەمووان ئەو ڕاستییە دەزانن، زلهێزەكانی جیهان و بڕیاربەدەستدانی نێودەوڵەتی حیسابێكی ورد بۆ وتە و بڕیارەكانی سەرۆك بارزانی دەكەن، وڵاتانی ئیقلیمی و هێزە سیاسییەكانی عێراق بە ئیتاری تەنسیقیشەوە چاوەڕێی بڕیاری سەرۆك بارزانی دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق، سەرۆك لە پێگەیەكی جەماوەری و نەتەوەیی و كوردستانی و سەربازی و ئابووریی وا گەورەدایە، ناكرێت بێ ئەم خەمخۆرەی نەتەوەی كورد هیچ هێزێكی سیاسی لە ناوخۆی عێراقدا هەنگاو بنێت. سەرۆك بارزانی تەحریمی شەڕی ناوخۆی كرد و پێگە و ڕۆڵی هەرێمی لە مەحافیلە نێودەوڵەتییەكان پاراستووە، لەم قۆناغە هەستیار و پڕ مەترسییەی دۆخی عێراقیشدا هەر سەرۆك بارزانی كورد دەپارێزێت.