خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان شیكردنەوە و هەڵسەنگاندن
سەرنجدان لە خوێندنی زانستی لە سێ دەیەی ڕابردوو، واتا دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991، ئاماژە بەوە دەكات كە پێشڤەچوونێكی چەندایەتی و چۆنایەتی بەخۆیەوە بینیوە، چۆنایەتی تا ڕاددەیەك و چەندایەتیش تا ڕاددەیەكی زۆر، بابەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرەتا چەند یاسایەك ڕێكی دەخات، وەك یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ژمارە(10)ی ساڵی 2008 و یاسای خزمەتی زانكۆیی ژمارە (24)ی ساڵی 2010، ئەم دوو یاسایە زۆر گرنگن، جگە لەمانەش یاسای زانكۆ تایبەتەكانی ساڵی 2012، ئەم یاسایانە كاروباری خوێندنی باڵایان ڕێكخستووە، كە سەیری بیبلۆگرافیای خوێندنی باڵا دەكەین، زۆربەی بابەتەكانیان تێدا ڕێكخراوە، بەڵام پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە، لەبەر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانكارییانە، هەروەها كۆمەڵێك ڕێنمایی هەن لە بابەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی كە پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە، بۆ زۆر تەوەری خوێندنی باڵا كە لە دواتر ئاماژەیان پێ دەكەم.
سەرەتا یاسا و ڕێنماییەكانی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە. دیارە تەوەرەكانی خوێندنی باڵا بریتین لە: قوتابی، مامۆستا، زانكۆ، دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، مەسەلەی قوتابی چۆن لە زانكۆ وەردەگیرێت، بە شێوەی وەرگرتنی ناوەندی (قبول مركزی)، یان لە زانكۆ ئەهلییەكان، یان بە شێوازی پارالێل لە زانكۆ حكوومییەكان دەخوێنێت، ئەم سێ شێوازە بنكەی وەرگرتنی قوتابی لە زانكۆكان زۆر فراوان كرد، دەرفەتی وەرگرتنیان بۆ قوتابی ڕەخساند، بەڵام لە هەمان كاتدا ڕێژە و ژمارەی وەرگیراوان بێ پلانە و لەگەڵ بازاڕی كاردا ناگونجێت، لە هەندێ پسپۆڕدا زۆرن و لە هەندێكی دیكەش دەگمەنن، ئەگەر بێینە سەر خوێندنی باڵا لە دیپلۆم و ماستەر و دكتۆرا لە ناو هەرێم و لە نێردراوان و خوێندن لەسەر ئەركی تایبەت لە دەرەوە دەگرێتەوە، ئەمەش پێویستی بە ڕێكخستنەوەی ڕێنماییەكانە، تاكو ماف و ئەركی ئەوانەی وەردەگیرێن دابین بكرێت، هەروەها تا چەند دامەزراوەكان پێویستیان پێیەتی، بابەتێكی دیكە كردنەوەی كۆلێج و بەشە زانستییەكان لە زانكۆكان دەبێ بە پێوەری زانستی بێت و پێویستیی بازاڕی كار بۆ ئەم بەشانە بێت، دووبارەش نەبێتەوە لە نێوان زانكۆكان و هەر زانكۆیەكیش سیاسەتی خۆی هەبێت. سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی تا ڕاددەیەك زۆرن لە خوێندنی باڵا، بەڵام ئەم سەنتەرانە لاوازی و بێهێزییان پێوە دیارە و چالاكییان بەو شێوەیە نییە كە بەپێی پێوەرەكان ئاستیان بگاتە سەنتەرە نێودەوڵەتییەكان، هەندێ دامەزراوەی گرنگی دیكە هەن لە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، تایبەتن. بۆ نموونە دەزگای پشكنین و دڵنیایی جۆری، دەستەی كوردستانی بۆ ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی، بۆردی پزیشكیی كوردستانی، ئەم دەزگایانە زۆر گرنگن و پێویستیان بە پاڵپشتی هەیە و ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە و دەبینن.
مەسەلەی هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، واتا وەزارەتی خوێندنی باڵا پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە و بەپێی دەستووریش دەبێ هەماهەنگی هەبێت لە بواری خوێندنی باڵا و پەروەردە لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەسەلەی بەشە ناوخۆییەكان زۆر گرنگە و بارێكی قورسی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، خۆپیشاندانەكانی ساڵی ڕابردووشمان لە بیرە، بۆیە دەبێ ئەم مەسەلەیە لە ڕووی پێوەری زانستی و كارگێڕی و داراییەوە دیراسە بكرێت، تا چەند كەرتی تایبەت سوود لەمە وەردەگرێت.
بەپێی یاسا دەبێت وەزارەتی خوێندنی باڵا سندوقێكی دارایی هەبێت و بە دامەزراوەیی بكرێت و میكانیزمەكانی كارگێڕی و دارایی و خەرجییەكان حیسابی تایبەتی بۆ بكرێت. گۆڤارە ئەكادیمییەكان لە زانكۆكان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكانە، ئاستیان تا ڕاددەیەك باشە و ژمارەشیان زۆرە، بەرزكردنەوەی پلەی زانستیی مامۆستایان بەپێی یاساو ڕێنمایی ڕێكخراوە، ئەمە لە زانكۆكانی كوردستان بەرچاوە، بەتایبەتی پلەی پڕۆفیسۆر و پرۆفیسۆری یاریدەدەر.
بە ڕای ئێمە دەبێ لەمەودوا كار بكرێت بۆ زانكۆی جۆریی پسپۆری، ئێمە ئەزموونێكمان هەیە لە زانكۆی پزیشكی، بەڵام لە هەمان كاتدا زانكۆی ئەندازەیی و كشتوكاڵی و كارگێڕی و دارایی، تا ڕاددەیەكیش زانكۆی دیراساتی یاساییش دەبێت هەبێت، دەبێت بیر لەمە بكرێتەوە چ لەسەر ئاستی زانكۆ حكوومییەكان، یان زانكۆ تایبەتەكان، پڕۆگرامەكانی خوێندنیش لە زانكۆكان پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە، لە ساڵانی ڕابردوودا كار بۆ ئەم بابەتە كرا، بۆ نموونە لە خوێندنی یاسا و پزیشكی و ئەندازەیی و زانستە سیاسییەكان و بەرهەمی بەرچاویان هەبوو، هەروەها سیستەمی خوێندن بە شێوازی ساڵانە، كۆڕسات، ئێستا سیستەمێكی تازەی نێودەوڵەتی (بۆڵۆنا) هەیە كە ئێستا لە زانكۆكان پەیڕەو دەكرێت و پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.
پەیوەندیی ئەكادیمی زۆر گرنگە لە نێوان دامەزراوەكانی خوێندنی باڵای خۆمان لەگەڵ دامەزراوەكانی دەرەوە، سیستەمی كۆنگرە و وۆرك شۆپی زانستی و بازنەی زانستی چالاكییەكی بەرچاوە و دەبێت ئەكتیڤ بكرێتەوە، لە ڕاستیدا لە هەرێمی كوردستاندا هەندێ زانكۆمان هەیە كە تایبەتمەندیی خۆیان هەیە لە ڕووی یاسایی و دارایی و ئەكادیمییەوە، بۆ نموونە زانكۆی كوردستان و زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك و زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی، ئەم زانكۆیانە پێویستیان بە سیستەمێك هەیە لە ڕووی سیاسییەوە بەو جۆرەی كە چاودێرییەكیان بۆ هەبێت.
ئەزموونی ڕانكیكی زانكۆكان لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان پەیڕەو كرا و، تا ڕاددەیەك ململانێی نێوان زانكۆكان هاتە كایەوە و، هیوادارم بەردەوام بێت، دەبێت كاربكەین بۆ زانكۆكانی سوودبەخشی قازانج نەویست، ئەمەش ئەزموونێكی سەركەوتووە لە زۆر دەوڵەت، هەروەها بابەتی كۆلێجی زانكۆیی كە لە ئاستی زانكۆ دەبێت، دیسان زانكۆی توێژینەوەی زانستی، ئەمەش دەتوانین كاری لەسەر بكەین. هاوكات دەبێت پاڵپشتیی سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی غەیرە حكوومییش بكرێت، تا ڕاددەیەكیش كاربكرێت بۆ كردنەوەی لقی زانكۆ بیانییەكان لە هەرێمی كوردستان بەپێی پێوەری ئەكادیمی، شەراكەتی ئەكادیمی و ئابووری و كۆمەڵایەتی لە نێوان زانكۆكان لەگەڵ دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت مەسەلەیەكی گرنگە، هاوكات هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان زۆر گرنگە، لە ڕووی ئابوورییەكانی زانیاری كە ئەزموونێكی سەركەوتووە لە زۆر دەوڵەت، بۆ نموونە لە كۆریای باشوور و مالیزیا و ئیمارات، دەبێت ئێمەش لە زانكۆكان ئەم مەسەلەیە بە جددی وەربگرین.
دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە ئێستادا تووشی قەیران بوون، بۆ نموونە قەیرانی دارایی و خۆپیشاندانی قوتابیان و تا ڕاددەیەكیش مانگرتن، دەبێت پلانێك بۆ ئەم بوارە هەبێت. هاوكات دەبێت دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لەگەڵ سوشیال میدیا و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هاوكار بن، جەختیش بكرێتەوە لەسەر خولەكانی مەشق پێ كردن و دوو ئەزموونی سەركەوتوو هەن، كاركردن بۆ دەزگایەكی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی زانستی و دەزگایەكی نیشتمانیی ئەكادیمی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە مەسەلەیەكی زۆر گرنگن. ئەمانە هەموویان دەكەونە خانەی كاركردن بۆ بوونی ستراتیژیەتێك بۆ خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، چونكە بە داخەوە لەم سی ساڵەی ڕابردوودا ستراتیژییەت نەبووە، دامەزراوەكان بەپێی پلانی ساڵانە كاریان كردووە.
خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كەرتێكی هەستیارە لە كەرتەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیش، لەسەر ئەم بنەمایانە دەبێت كاربكرێت بۆ ئەكتیڤكردنی ئەم دامەزراوانە، لە هەمان كاتدا كاری لەسەر بكرێت لە بواری یاسایی و كارگێڕی و ڕێنمایی و دارایی و زۆر بواری دیكە كە ئێستا كۆمەڵگە كاری پێیانە، لەم دواییانە پڕۆژەی دەستەی متمانەی جۆری لە ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو، یاساشی بۆ دەرچوو، لە پەرلەمانی كوردستانیش تاوتوێ كرا، ئەمە پرۆسەیەكی گرنگە، بەڵام دەبێ زیاتر ئەكتیڤ بكرێت. هەندێ پێشنیاری دیكە، ئەوەی تێبینی دەكرێت، زانكۆ تایبەتەكان مەرجەعییەتێكی كارگێڕی و یاساییان نییە، بۆیە پێویستە مەرجەعییەتێكی كارگێڕی و یاساییان بۆ دابنرێت، چونكە ژمارەیان بەر چاوە لە هەرێمی كوردستان.
نابێت پرۆسەی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوور بێت لە بنەماكانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ، لەسەر ئەم بنەمایە ئەزموونی نوێنەرایەتیی مامۆستایان و نوێنەرایەتیی قوتابیان لە ئەنجومەنی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا زۆر گرنگە و دەبێت كاری لەسەر بكرێت، هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی پەروەدە و تەندروستی و پلاندانان، تەنانەت وەزارەتەكانی دیكەش، چونكە دەرچووانی زانكۆكان دەرهاویشتەن بۆ ئەم وەزارەتانە و مەیدانی كارن، جگە لە كەرتی تایبەت كە ئاماژەم پێ كرد، ئەوەی تێبینی دەكرێت لەسەر خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، نەبوونی بنكەی زانیارییە دەربارەی ئاماری مامۆستایان و قوتابیان و چالاكییەكانیان و پێویستە ئەكتیڤ بكرێت.
شتێكی دیكە بریتییە لە سوودوەرگرتن لە تواناكان و ئەزموونی بیانییەكان، هەروەها مامۆستایانی دەرەوە هان بدرێن بگەڕێنەوە بۆ دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و كاربكەن، ئەمانە هەموویان بابەتی بیبلۆگرافیای خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستین، پێویستییان بە پێداچوونەوە و شیكردنەوە و تەنانەت هەڵسەنگاندن هەیە، هەروەها پێشنیاریش بۆ داهاتوو لە پێناو بوونی ستراتیژییەتێك بۆ خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان، ئەم كەرتە گرنگ و هەستیارە، بۆیە بوونی وەزارەتێك بە ناوی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی زۆر گرنگە، دەبێت دامەزراوەكانی ئەم وەزارەتە لە داڕشتنی بڕیار نزیك ببنەوە، چونكە ئەم وەزارەتە بنكەیەكی مرۆیی دابین دەكات بۆ دامەزراوەكانی حكوومی و پەرلەمان و دادوەری و ڕاگەیاندن و كۆمەڵگەی مەدەنی و زۆر لە دامەزراوەكانی دیكە.
ئاوڕدانەوە لە باری بژێوی ژیان مەسەلەیەكی گرنگە، بۆ مامۆستایانی خوێندنی باڵا پرسەكە تەنیا مووچە نییە، دەبێت پاڵپشتیی چالاكیی ئەكادیمی بكرێن، وەك بەشداریكردن لە كۆنگرەكان و چالاكیی پەیوەست بە توێژینەوەی ئەكادیمی، تاوتوێكردنی نامەكانی دكتۆرا و ماستەر و سەرپەرشتیكردنی قوتابیانی خوێندنی باڵا، دەبێت كاركردن لە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تیم بێت، بۆ نموونە تیمەكانی وەزارەت و حكومەت و زانكۆكان، دەبێت تیمی تایبەت هەبێت لەم مەسەلەیەدا، چونكە بابەتەكە گەلێك فراوانە و پێویستی بە خوێندنەوەی دیكە هەیە، هەماهەنگیی نێوان زانكۆ حكوومی و تایبەتەكان مەسەلەیەكی گرنگە، دەبێت شەراكەتی ئەكادیمی هەبێت، پرۆسەیەكی سەركەوتوو كاتی خۆی ئەنجام درا، ئەویش لە بواری خوێندنی باڵای دكتۆرا و ماستەر و دیپلۆمی باڵا كە كاری سەركەوتووی لەسەر كرا بە نیسبەت زانكۆ تایبەتەكان، دەبێت بە وردی چاودێری ڕێژەی دەرچوون و دەرنەچوون و دڵنیایی جۆری سەبارەت بە ئەزموونی مامۆستایان بكرێت، بەوەی كە تا چەند هەڵگرانی ماستەر و دكتۆرا ببنە مامۆستای زانكۆكان، یان ببتە توێژەر، ئەوە تا ڕاددەیەك سەركەوتوو دەبێت، بۆیە لەبەر ڕۆشنایی پێشكەوتنی بەرچاوی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە ڕووی چۆنایەتی، پێویست بەوە دەكات پێداچوونەوەیەكی گرنكی بۆ بكرێت، لەبەر ڕۆشنایی ستراتیژیەتێك بۆ دامەزراوەكان، كە ماوەكەیان كورتخایەن بۆ سێ ساڵ، مامناوەند بۆ پێنج ساڵ، درێژخایەنیش بۆ دە ساڵ بێت.