ئایدن مەعرووف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: كاریزمای سەرۆك وەزیران كاریگەریی باشی لەسەر ئەدای حكـــومــەت دروســــت كردووە

ئایدن مەعرووف   وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:     كاریزمای سەرۆك وەزیران كاریگەریی باشی لەسەر ئەدای حكـــومــەت دروســــت كردووە

 

 

ئاشكرایە كە سەرەڕای سەختی و دژوارییەكان، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم هەنگاوی جددی و بەرچاوی هەڵگرتووە بۆ چاكسازیكردن و برەودان بە ئەدای حوكمڕانی، لە هەمان كاتدا پرسی پێكەوە ژیان و دەستەبەركردنی مافی پێكهاتەكانیشی كردووەتەوە یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكانی كارنامەی حكومەتەكە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتێكی تایبەت بۆ كاروباری پێكهاتەكان تەرخان كراوە، بۆ ئەم مەبەستە گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ئایدن مەعرووف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئەنجام دا.

 

* یەكێك لە دیاردە جوانەكانی كابینەی نۆیەم ئەوەیە كە وەك یەك تیم هەموو پێكەوە كاردەكەن و هەست ناكرێت كام وەزیری سەر بە كام لایەنی سیاسی، یان كام پێكهاتەیە. ئایا ئەم هاریكارییە گەورەیەی لەناو ئەم تیمە هەیە تاچەند هۆكارێكی گرنگە بۆ سەركەوتنی كابینەی نۆیەم؟

- نكۆڵی لەوە ناكرێت كە لە ماوەی سێ ساڵی تەمەنی كابینەی نۆیەمدا كار و كۆششی باش كراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كاری پێكەوەیی و كاركردن بە شێوەی یەك تیم، هاوكات لەو كابینەیەدا وەزارەتێكی نوێی پێك هێنراوە، ئەویش وەزارەتی كاروباری پێكهاتەكانە، ئەمەش بڕیارێكی گرنگ بوو لە ڕووی مرۆڤایەتی و سیاسییەوە و مایەی خزمەتگەیاندنی زیاتر بوو بە پێكهاتەكان. ئەم بڕیارە بوێرانەش دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە ڕاستیدا بەڕێزیان ڕۆڵێكی گرنگ و باڵایان هەیە لە پشتیوانیكردنی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستاندا. ئەم گرنگیدانەش ڕەنگدانەوەیەكی بەرچاوی هەبووە لە ناو حكومەتی هەرێم كە بایەخ دراوە بە سەرجەم پێكهاتە نەتەوەییەكانی وەك توركمان و سریان و كلدان و ئاشووری و ئایین و ئاینزاكانی دیكەش. لەلایەكی دیكەشەوە لەم كابینەیدا و لە زۆر حاڵەتدا، بەتایبەت لە حاڵەتە سەختەكاندا، جەنابی ڕێزدار مسرور بارزانی خۆی یارمەتی و هاوكاری وەزارەتەكان دەكات، ئەمەش دەرئەنجامی زۆر گرنگی هەبووە، كاریزمای بەڕێزیان كاریگەری باشی دروست كردووە لەسەر ئەدای حكومەت و وەزارەتەكان و لەو ماوەی ئەو كابینەیەدا وەزیرە بەڕێزەكانیش بە یەك تیم كاریان كردووە كە ئەمەش زۆر گرنگە بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە تێكڕا.  

* ماوەی سێ ساڵ بەسەر كابینەی نۆیەمدا تێدەپەڕێت و وێڕای هەموو ئاستەنگ و تەحەددییەكان كە لە ماوەی ئەم سێ ساڵە ڕووبەڕووی ئەم كابینەیە بووەتەوە، بەڵام حكومەت توانیویەتی لە جێبەجێكردنی بەرنامەكەی خۆی بەردەوام بێت و چاكسازییەكی گەورەشی لە هەموو سێكتەرەكان ئەنجام داوە، ئایا چۆن ئەدای كابینەی نۆیەم لە ماوەی ئەو سێ ساڵدا هەڵدەسەنگێنیت؟

- لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، كابینەی نۆیەم ڕووبەڕووی چەندین دژواری و سەختی بووەتەوە، وەك بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، كە كاریگەریی زۆر خراپی لێ كەوتەوە. هەروەها بە مەبەست و پاڵنەری سیاسی كێشە و گرفتی ئەمنی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كرا، وەك مووشەكبارانكردنی ئەم هەرێمە، بەتایبەت شاری هەولێر. ئەمە سەرەڕای خراپیی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، كە بەداخەوە حكومەتی بەغدا بودجە و مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕیوە، یان ماوە ماوە بڕە پارەیەكی كەم دەنێرێت، هەموو ئەم كێشە و گرفتانە، ئاستەنگ و دژواری بوون لە بەردەمی كابینەی نۆیەمدا، بەڵام سەرەڕای ئەم دژوارییانەش حكومەتی هەرێم كاری باشی ئەنجام داوە و ئەو بەرنامەی ڕاگەیاندرابوو وەك خۆی جێبەجێ كراوە، حكومەت چاكسازی كارگێڕی و دارایی ئەنجام داوە، كار و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی گرنگ و ستراتیژی جێبەجێ كردووە، بەبێ جیاوازی لە هەموو هەرێمی كوردستاندا پڕۆژە و كاری گرنگ و بەرچاوی لە هەموو سێكتەرەكان ئەنجام داوە. لەلایەكی دیكەوە چەندین پڕۆژە جێبەجێ كراون بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراك. هەروەها كاری لەپێشینەی ئەم حكومەتە پاراستنی ئاسایشی شار و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بووە.

* لەگەڵ ئەوەی حكومەتی بەغدا زۆر كەم پابەند بووە بە ناردنی ئەو بەشە پارەیەی كە دەبێت لە كاتی خۆیدا بۆ مووچەی فەرمانبەران بینێرێت، بەڵام ئەم كابینەیە توانیویەتی لە پێدانی مووچە بەردەوام بێت و لە سەرەتای ساڵی 2022 مووچەی بە تەواوەتی داوە، ئایا ئەمە ڕەنگدانەوەی ئەو چاكسازییانەیە كە سەرچاوەی داهات و فرەچەشنكردنی داهات مسۆگەر بووە؟

- ئەو بارودۆخە باشەی لە هەرێمی كوردستان هاتووەتەدی، بەتایبەت لەوەی كە مووچە بە بەردەوامی و بەبێ لێبڕین و بە بێ دواكەوتن مانگانە دابەش دەكرێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو چاكسازییەی كە لە كابینەی نۆیەم دەستی پێ كردووە، و ڕەنگدانەوەی ئەو یەك تیمیەی وەزارەت و كابینەكەیە كە لە جێبەجێكردن و ڕاپەڕاندنی كارەكاندا ئەنجامی دەدەن و، بەرئەنجامی جددییەتی ڕێزدار سەرۆكی حكومەتە كە لە كاروبارەكاندا پێداگری لەسەر دەكات. هەموو ئەو ئاماژانەی خستمانەڕوو كاریگەریی باش و گرنگیان دروست كردووە، بەتایبەتی لەوەی كە مووچەی خەڵك بە بێ دواكەوتن دابەش بكرێت. لەلایەكی دیكەوە ئێمە وەك حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەداین كە هەموو كات دانوستاندن و دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی عێراق هەبێت، بەڵام بە بێ سازشكردن لەسەر مافەكانمان، چونكە لە عێراقدا دەستوورێك هەیە كە هەموو خەڵكی ئەم وڵاتە دەنگیان پێ داوە، لەبەر ئەوە دەبێت حكومەتی بەغدا لەژێر ڕۆشنایی ئەو یاسا دەستوورییەدا هەموو ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بنێرێت.

* خاڵێكی زۆر گرنگ لەكاری ئەم كابینەیە هەوڵەكانیەتی بۆ پیادەكردنی سەروەریی یاسا و ڕێگرتن لە دیاردەی چەكداری و ڕێزگرتن لە دادگاكان، ئایا دەتوانین بڵێین ئەم كابینەیە كاری جددی كردووە بۆ ئەوەی یاسا لە كوردستان سەروەر بێت؟

- لە هەرێمی كوردستاندا وەك پێویست كار بۆ بەدیهێنانی سەروەریی یاسا كراوە و تا ئاستێكی بەرچاو ڕێز لە یاسا گیراوە و یاسا و دادگاكان بە شێوەیەكی سەربەخۆ كار دەكەن. هەروەها لەلایەن كابینەی نۆیەمەوە جەخت لەوە كراوەتەوە هیچ كەسێك دەستێوەردان لە كاری دادگا و جێبەجێكردنی یاسادا نەكات، هەر ئەمەشە وای كردووە كە هەرێمی كوردستان ئاسایش و سەقامگیری تێدا بەرقەرار بێت. لەلایەكی دیكەوە و لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمدا چەندین بڕیار و ڕێنمایی لەسەر قەدەغەكردنی دیاردەی چەكداری دەركراوە، لەم دواییانەشدا لەلایەن ڕێزدار سەرۆكی حكومەتەوە بڕیار درا بە داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی چەك دەفرۆشن، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت. بۆ ئەو مەبەستەش دەمودەست وەزارەتی ناوخۆ بە جددی و بە پراكتیكی دەستی بە كار و ڕێكارەكان كرد، كە ئەم بڕیارەش زۆر گرنگ و پێویست بوو بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان هێمنی و ئاسایشی زیاتری تێدا بەرقەرار بێت، هەموو ئەو كار و بڕیارانەش بۆ سەروەریی یاسا و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانە.

* مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر بە حەماسەوە جەخت لەسەر نەهێشتنی گەندەڵی دەكاتەوە و بۆ ئەمەش یاسای چاكسازی هەنگاوی باشی بڕیوە، ئایا تاچەند یاسای چاكسازی سنووری بۆ دیاردەی گەندەڵی داناوە؟

- پێشەكی پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی زۆر زەحمەت و سەخت بوو، بەڵام لەو كابینەیەدا (كابینەی نۆیەم) بە جددی و پراكتیكی كار لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی كرا، لەم ڕووەوە هەنگاوی باش هەڵگیراوە و كاری باش ئەنجام دراوە و چاكسازییەكەش بەردەوام دەبێت. هەروەها لە هەموو كۆبوونەوە و كۆنفڕانس و بۆنەكاندا ڕێزدار مسرور بارزانی جەخت لەسەر جێبەجێكردن و بەردەوامبوونی چاكسازیی كارگێڕی و دارایی و سیاسی دەكاتەوە. لەلایەكی دیكەوە دەبێت ئەوەش ڕوون بێت كە پرۆسەی چاكسازی كارێكی بەردەوامەوە و بەرهەمەكەشی -هەرچەندە لە هەنگاوی یەكەمەوە هەستی پێ دەكرێت- بەڵام بە تێپەڕبوونی كات زیاتر دەرئەنجامی ئەرێنی لەسەر باشبوون و زیاتربوونی داهات و خۆشگوزەرانیی خەڵك دەردەكەوێت.

* لەو هاوپەیمانییەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی كابینەی نۆیەم دروست كراوە، دەبینین نەتەوەی توركمان و پێكهاتەكانی دیكە چەندین پۆستی گرنگیان وەرگرتووە و بۆ یەكەمجارە سكرتێری پەرلەمانی كوردستان كوردستان و هەروەها وەزیرێكیشتان هەیە بۆ كاروباری پێكهاتەكان، ئایا تاچەند كابینەی نۆیەم توانیویەتی بە چاوێكی یەكسان مامەڵە لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی كوردستان بكات؟

- نەتەوەی توركمان لە هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە و بەپێی دەستووری عێراق توركمان لەسەر ئاستی عێراق سێیەم نەتەوەیە و لە هەرێمی كوردستان دووەم نەتەوەیە. هەروەها هەموو كات توركمان لەگەڵ دیالۆگ و گفتوگۆ و پێكەوە ژیانە. لە ئێستاشدا توركمانەكان بەشدارن لە پرۆسە و بڕیاری سیاسی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەماندا، هەموو ئەمانەش هەنگاو و كاری ئەرێنین و لەم كابینەیەشدا زۆر كاری باش كراوە لەم ڕووەوە، كە كاریگەریی باشیان لێ دەكەوێتەوە لەسەر پێكەوە ژیان و ئاشتی و بەرقەراركردنی یاسا، حكومەتی هەرێمیش زیاتر پشتیوانی لەم پێكەوە ژیانە دەكات، بە تایبەتی هەروەك ئاماژەم پێ كرد، دروستكردنی وەزارەتێك بۆ پێكهاتەكان خۆی لەخۆیدا كاركردن و پاڵپشتیكردنە لە پێكەوە ژیان و ئاشتی لە هەرێمی كوردستان و لە ئێستاشدا پێكەوە ژیانێكی زۆر جوان و بەرفراوان هەیە، پێكەوە ژیانی نەتەوە و ئایین و ئاینزاكانیش لە هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بوونی كەلتووری قبووڵكردنی، كە ئەمەش بووەتە بنەمایەكی پتەو و گرنگییەكی زۆری هەیە، حكومەتی هەرێمیش پشتیوانییەكی زۆر جددی لە مافەی پێكهاتەكان دەكات، ئەمەش لەم ڕوانگەیەوەیە كە حكومەت و پێكهاتەكان تەواوكاری یەكترن بۆ پێكەوە ژیان و ئاشتی و لێبوردەیی لە كوردستاندا.

Top