د.ڤالا فەرید: لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەم،وەڵامی ٧٨٣ پرسیاری پەرلەمانمان داوەتەوە

د.ڤالا فەرید: لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەم،وەڵامی ٧٨٣ پرسیاری پەرلەمانمان داوەتەوە


بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان لە گوتەیەکدا ئاماژەی بە گرنگترین کاروچالاکییەکانی دا، کە ئەمەش دەقی گوتارەکەیەتی:

وەکو وەزارەتی هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ئەرکمان بریتییە لە پارێزگاری کردن لە هاوسەنگی و هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان پەرلەمان و لە نێوان حکومەت.

بەشداری کردنی حکومەت لە ئەرکی پەرلەمان لە هەردوو پرۆسەی یاسادانان و چاودێری کردن بەردوام بووە. لە پرۆسەی یاسادان ٢٥ پرۆژە یاسامان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردووە لەماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم کە پرۆژەکان گرنگییەکی زۆریان هەیە لەسەر ئاستی رێکخستنی کاری وەزارەتەکان. جۆری دووەمی پرۆژەکان کە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستانمانن پەیوەستە بە خزمەتکردنی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ، گرنگترین ئەو پرۆژە یاسایانە پڕۆژەیاساى پەروەردە بووە کە پەیوەستە بە پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان و پرۆژە یاسای چەک بووە کە پەیوەست بووە بە نەهێشتنی هەڵگرتنی چەک بەبێ مۆڵەت و دانانی توندترین سزا بۆ ئەو کەسانەی کە بەبێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو تاوانانەی کە روودەدەن و یەکێک لەو یاسایانەی کە گرنگی خۆی هەیە لە سەر ئاستی تەندروستی، بریتییە لە یاسای نەهێشتنى مادەى هۆشبەر و پرۆژە یاسای چاکسازى و لە بواری دارایی کە بەشی زۆری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ كراوە بەخۆشحاڵییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر سێ مانگ جارێک راپۆرتی خۆی لەسەر پرۆژە یاسای چاکسازی ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کردووە و تیایدا دیاری کردووە کە چ کارێکی ئەنجام داوە لەسەر بواری چاکسازی و چەند خاڵ و مادەی کە لەناو یاساکەدا هاتوون جێبەجێ کراون.

سێیەم جۆری یاساکە کە پێشکەشمان کردووە بریتییە لە ماف و ئەرکى هاونیشتمان بۆ نمونە پڕۆژەیاساى کار و کە پەیوەستە بە ماف و ئەرکی کرێکاران و تێیدا دیاری کراوە کە ماف و ئەرکەکانیان پارێزراو دەبێت وە هەروەها پرۆژە یاسای ماف و ئیمتیازاتى کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان کردووە بەخۆشحاڵییەوە پەرلەمانی کوردستان ئەو پرۆژە یاسایەشی دەرچوواندووە. وە هەروەها ڕێکخستنەوە کۆمپانیا ئەمنییەکان کە پەیوەندیدارە بە رێکخستی کاری ئەمنی کە گرنگیی راستەوخۆی هەیە بە ژیانی هاووڵاتییانەوە ئەویشیان بەخۆشحاڵییەوە چووەتە بواری جێبەجێ كردن. وە یاساى دەستەى متمانەبەخشین بە دامەزراوە و پڕۆگرامەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا ئەویشیان یەکێکە لە پرۆژە یاسا هەرە گرنگەکان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستانی کرد.

ئەرکی دووەمی پەرلەمان کە بریتییە لە چاودێری کردن و بەشداری کردنی حکومەت لە چاودێری کردندا بەشێوەیەکی زۆر کارا چالاک بووە و لە سێ ساڵى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، پەرلەمانتارە بەڕێزەکان کە مافى چاودێریکردنى حکومتیان هەیە، نزیکەى هەزار و ٢٠١ پرسیاریان ئاراستەى حکومەت کردووە و ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە هەموومان پرسیارەکانمان ئاراستەی وەزیری بەڕێزەکان کردووە و بۆمان دیاری کردوون کە بەپێ پەیڕەوی ناوخۆ پەرلەمانی کوردستان پێویستە لە ماوەیەکی دیاری کراودا وەڵامی پرسیارەکان بدرێنەوە و بەخۆشحاڵییەوە تائێستا ٧٨٣ پرسیارمان وەڵام دراوەتەوە و وەڵامەکانمان ناردووەتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان و لە ئێستا سەرقاڵى ناردنەوەی وەڵامەکانى کە لەلایەن وەزیرە بەڕێزەکانەوە وەڵام دەدرێتەوە.

حکومەت بەردەوام لە ڕێگەى وەزیرە بەڕێزەکانەوە بەشدارى لە دانیشتنە تایبەتەکانى پەرلەمانى کوردستان کردووە کە تەرخان کرابوون بۆ گفتوگۆى کراوە لەسەر بابەتە دیاریکراوەکان لە لایەن پەرلەمانەوە.

ئێمە وەک وەزارەتى هەرێم بۆ کاروبارى پەرلەمان جگە لەو ٢٥ پڕۆژە یاسایەى کە ئاراستەى پەرلەمانى کوردستانمان کردووە، ئێستا نزیکەى ١٠ پڕۆژە یاساى دیکەشمان ئاراستەى سکرتاریەتى ئەنجومەنى وەزیران کردووە بە مەبەستى پەسەندکردنى لە نزیکترین کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران و ناردنى بۆ پەرلەمانى کوردستان کە لە بەرژەوەندى هاونیشتمانیانى خۆشەویستدان.

هەر لەم سێ ساڵەى ڕابردوو و وەک وەزیرى هەرێم بۆ کاروبارى پەرلەمان، زیاتر لە ٤٧ جار ڕاستەوخۆ بەشدارى دانیشتنە فەرمییەکانى پەرلەمان و لیژنە تایبەتمەندەکانى پەرلەمانمان کردووە کە پەیوەست بووە بە هەردوو پڕۆسەى یاسادانان و چاودێریکردن.

Top