گلێن دیزێن پڕۆفیسۆری سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی باشووری ڕۆژهەڵاتی نەرویج بۆ گوڵان: سزاكان ڕووسیا ناچار بە گۆڕینی سیاسەتەكانی ناكەن
گلێن دیزێن زانایەكی سیاسی نەرویجییە و پڕۆفیسۆری سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی باشووری ڕۆژهەڵاتی نەرویج، و تایبەتمەندی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیایە، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و پەرەسەندن و دەرئەنجامەكانی ئەم شەڕە لەسەر سیستمی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ئەوروپا و چەند پرس و بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* مشتومڕێكی زۆر كراوە لە بارەی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، بە تایبەتی هۆكار و پاڵنەرە بنەڕەتییەكانی ڕووسیا بۆ ئەوەی بڕیارێكی لەم چەشنە بدات، ئایا لە ڕوانگەی ئێوەوە ئەم بڕیارەی ڕووسیا بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا چۆن دەخوێننەوە و ئایا هەلومەرجەكە بە چەشنێك بوو كە ڕوودانی شەڕەكە شتێكی حەتمی بێت، یان دەكرا دۆخەكە بە ئاقار و ئاراستەیەكی دیكەدا ببردرێت؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بە هەلومەرج، یان با بڵێین هۆكار و پاڵنەرەكانی ڕووسیا بۆ پەلاماردان و داگیركردنی وڵاتی ئۆكرانیا، ئەوا دەكرێت بڵێین پاڵنەری بنەڕەتی بریتی بوو لە خواستی وڵاتی ڕووسیا بۆ بەرپێگرتن و كۆتاییهێنان بە بەرفراوانبوونی ناتۆ. هەروەها دەبێت لەم ڕووەوە ئاماژە بەوە بكرێت كە لە ڕووی مێژووییەوە ناتۆ بەدگومان بوو بەرامبەر بە ڕێكخراوی ناتۆ، هەر چۆنێك بێت، دواتر هەلومەرجی دیكە هاتەئاراوە، ئەوە بوو لە ساڵی 2014دا وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ پاڵپشتی و پشتیوانییان لە ئەنجامدانی كودەتا كرد لە نێو ئۆكرانیادا، لە دەرئەنجامدا حكومەتێكی تەواو دژ بە ڕووسیا جڵەوی دەسەڵاتی گرتەدەست. چونكە ئەم حكومەتە دەستی دایە پاكتاوكردنی پارتە سیاسیە بەرهەڵستكارەكان و سەركوتكردنی دەزگاكانی ڕاگەیاندنی لایەنەكانی موعارەزە كە مەیلی دۆستایەتیان لەگەڵ ڕووسیا هەبوو. هەروەها دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە لە شوباتی ساڵی 2015دا ڕێككەوتنێكی ئاشتی ئەنجام درا و واژۆ كرا، بە ناوی ڕێككەوتنی مینسك-2، كە تێیدا ئۆكرانیا ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچەی دۆنباس قبووڵ كرد، تا ئەو ڕاددەیەی كە تەنانەت بتوانێت بەر بە بەرفراوانبوونی ناتۆش بگرێت. كەواتە ئەگەر لەم ڕووەوە بگەڕێینەوە بۆ وەڵامی پرسیارەكە، ئەوا ئامانجەكانی ڕووسیا لەم داگیركارییە بریتییە لە دابڕینی دۆنباس لە ئۆكرانیا، هەروەها چەكداماڵین لە سوپای ئۆكرانیا و لە هەمان كاتدا ئامانجی ڕووسیا بەرجەستە دەبێت لە سنورداركردنی دەسترۆیشتوویی هێزە ناسیۆنالیستییە ئۆكرانییەكان كە لە ساڵی 2014وە لەو وڵاتەدا هێزی زاڵ و باڵادەست بوون، دوا ئامانجیش هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد، بریتییە لە ڕێگریكردن لە بەرفراوانبوونی ناتۆ بۆ نێو ئۆكرانیا.
* پێشتریش و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، زۆر باس لەوە دەكرێت كە یەكێك لە هەڕەشە جیهانییەكان هەڵكشانی ڕكابەری و ململانێی نێوان هێزە مەزنە جیهانییەكانە، ئایا شەڕی ڕووسیا لەم ڕووەوە چیمان پێ دەڵێت و ئایا دەكرێت بڵێین لە ئێستادا ڕۆژگارێكی دیكەی هاوشێوەی سەروەختی شەڕی سارد هاتووەتەئاراوە؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە هەڵگیرسان و بەرپابوونی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەرهاویشتە و دەرئەنجامێكی ڕاستەوخۆی شكستهێنانە لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە، لە گەیشتن بە ڕێككەوتنێك كە مایەی پەسەندكردن و قبووڵكردنی هەموو لایەك بێت، ئەوەتا لە ئێستادا لەسەر خاكی ئۆكرانیا، شەڕی بە وەكالەتی نێوان ناتۆ و ڕووسیای لێ دروست بووە. چونكە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی سارد، هەموو لایەك ڕازی بوون لەسەر دامەزراندنی سیستمێكی ئەمنیی نوێ و گشتگیر لە ئەوروپادا لەسەر بنەمای ئەوەی پرسی پەیوەست بە بواری ئەمنییەوە قابیلی دابەشكردن نییە، واتە ڕێككەوتنەكە لەسەر ئەوە بوو كە نابێت هیچ لایەك پەرە بە ئاسایشی خۆی بدات لەسەر حیسابی ئاسایشی لایەنێكی دیكە. هەرچۆنێك بێت، ڕووسیا لە بار و پێگە و دۆخێكی لاوازدا بوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش ستراتیژیەتێكی ئەمنی گرتەبەر كە لەسەر هەژمونگەرایی جیهانی بنیات نرابوو. ئەوە بوو لە كۆتاییدا پابەندبوونەكان جێبەجێ نەكران و سەرجەم ڕێككەوتنە ئەمنییەكانی ئەوروپا پێشێل كران و دەستیان لێ هەڵگیرا لە پێناو بەرفراوانكردنی ناتۆدا. ئەمەش بەو واتایە هات كە ئەم بەرفراوانبوونە زیاتر و زیاتر لە سنوورەكانی ڕووسیا نزیك دەبووەوە. چونكە ناتۆ لە میانەی 25 ساڵی ڕابردوودا، لەسەر حیسابی لاوازكردن و بنكۆڵكردنی ئاسایشی ڕووسیا هەنگاو بە هەنگاو پەرەی بە ئاسایش و ئەمنییەتی خۆی داوە. كەواتە ئەم شەڕەی ئێستا لە ئەوروپا ململانێیە لەسەر ئەوەی ئەم بەرفراوانكردنە تا كوێ بڕوات و لە كوێدا ڕابوەستێت. لە سەروەختی شەڕی سارددا ئەم شەڕانە لە بەشی باشووری جیهانی ڕوویان دەدا، بەڵام ئەم شەڕەی ئێستا لە نێو جەرگەی ئەوروپادا بەڕێوە دەچێت.
* لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە ئومێدێك، یان هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی ئەوەی پێی دەوترێت «سیستمی بنیاتنراو لەسەر ڕێساكان» وڵاتانی دیكەش بگرێتەوە و تەنانەت ڕووسیا و چینیش ئاوێتەی ئەم سیستمە بكرێن، بەڵام ڕەنگە بتوانرێت بوترێت كە ئەم شەڕە هەموو ئەم هەوڵ و ئومێدانەی لەبار برد، ئایا پێتان وایە ئەم شەڕە بزمارێكی دیكەیە لە تابوتی ئەم سیستمی جیهانییە؟
- لە ڕاستیدا ئەوەی پێی دەوترێت سیستمی نێودەوڵەتیی بنیاتنراو لەسەر ڕێساكان تێكەڵێكە لە یاسای نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی. بناغە و بنچینەی ئەم سیستمەش ئەوەیە كە بەها لیبڕاڵییەكان حاڵەتێكی بەدەر لە یاسا نێودەوڵەتییەكان دەخوڵقێنن و دروست دەكەن، بەڵام كێشەكە ئەوە بوو كە تەنیا ڕۆژئاوا دەتوانێت مومارەسەی ئەم حاڵەتە بەدەر لە یاسا نێودەوڵەتییەكە بكات. لە دەرئەنجامی هەموو ئەو پەرسەندنانەوە سیستمێكی هەژمونگەرا هاتەئاراوە كە تێیدا سەروەرییەكی نایەكسان دروست بوو، كە تێیدا وڵاتانی ڕۆژئاوا دەتوانن دەستێوەردان بكەن لە كاروبارە ناوخۆییەكانی وڵاتانی دیكە و حكومەتی وڵاتانی دیكە بڕووخێنن و دەست بە داگیركاری بكەن لە ژێر پەردە و پاساوی بەرگریكردن و پاراستنی لیبڕاڵ دیموكراسی. ئەگەر بمانەوێت بە گوزارشتێكی دیكە ئەم بیرۆكەیە دەرببڕین، ئەوا دروشمی ڕۆژئاوا ئەوە بوو، سەروەری بۆ ئێمە و دەبێت وڵاتانی دیكەی لێ بێبەش بكرێت. كەواتە ڕاستە ئەم شەڕەی ئێستا بەرجەستەبوونی ڕەتكردنەوەی تەواوی ڕووسیایە بۆ سیستمی نێودەوڵەتی بنیاتنراو لەسەر ڕێساكان.
* ئێستا كە شەڕەكە بەردەوام و درێژەی كێشاوە- دوای ئەوەی ڕووسیا پێشبینی ئەوەی دەكرد كە سەركەوتنێكی خێرا تۆمار بكات-، ئایا پێت وایە پەرەسەندنەكانی ئەم شەڕە بە چ ئاراستە و ئاقارێكدا دەڕۆن؟ ئایا پێشبینی هەڵكشانی زیاتری شەڕەكە دەكەن، یان ئەگەر و دەرفەتێك هەیە بۆ ئەوەی لە ڕێی گفتوگۆوە كۆتایی بەم شەڕە بهێنرێت، یان بەلای كەمەوە جۆرێك لە ئاگربەست ڕابگەیەنێت؟
- گومان هەڵناگرێت كە لە ئێستادا بارودۆخی شەڕەكە بە چەشنێك هەڵكشاوە كە ڕەنگە زەحمەت بێت دەرفەت و ئەگەرێك مابێتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێی پرۆسەی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن. ئەوەی پەیوەست بێت بە ڕووسیاوە، ئەوا دۆخەكە مایەی هەڕەشەیەكی وجوودییە و ناتوانێت بوونی سیستمی چەكی ناتۆ و خودی ولایەتە یەكگرتووەكان لەسەر سنوورەكانی قبووڵ بكات. بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ناتۆوە هەبێت، كە تەواوی ناوبانگی خۆی لەم شەڕەی ڕووسیادا خستووەتە مەترسییەوە، لە هەمان كاتدا لەبەردەم ئەو مەترسییەشدایە كە دووچاری نادڵنیایی و دابەشبوونی ناوخۆیی ببێتەوە، ئەگەر بێت و ئەم شەڕی بە وەكالەتە بدۆڕێنێت. هەر لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر ئەو گوڕوتینەی ڕووسیا لە شەڕەكەدا بەدەستی هێناوە، بەردەوام بێت و بتوانێت خاكی زیاتر كۆنتڕۆڵ بكات، لەو كاتەدا پاڵنەر و هۆكارێك بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دروست دەبێت، بۆ ئەوەی كار لەسەر دەستكردن بە گفتوگۆ بكات بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن، بەڵام ئەگەر لە ئەنجامی دەستەبەركردنی چەكی زیاترەوە شەڕەكە بگاتە بە بنبەستگەیشتن، ئەو كاتە ئەمریكا خواستی ئەوەی بۆ دروست دەبێت، بۆ ئەوەی درێژە بە شەڕەكە بدات، بۆ ئەوەی ڕووسیا دووچاری خوێنەربوونی سەربازی و ئابووری بكاتەوە.
* ئێوە ئاماژەتان بە پرسی دەستەبەركردنی چەك كرد بۆ ئۆكرانیا لەلایەن ڕۆژئاوا، بە تایبەتی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە، بەڵام ئاشكرایە كە ڕۆژئاوا لە پاڵ چەك و هاوكارییە سەربازییەكاندا، سزا و ڕێكاری ئابووری و دارایی توندی لە دژی ڕووسیا گرتووەتەبەر، ئێوە چۆن لە كارایی ئەم سزا و ڕێككارانە دەڕوانن و تا چەند پێتان وایە زیانیان بە ئابووریی ڕووسیا گەیاندووە، بە چەشنێك كە لە كۆتاییدا ناچار بە سازشكردن بێت، یان دەست لە شەڕەكە هەڵبگرێت؟
- ئەوەی تا ئێستا بەدی كراوە لە پەیوەندی بەم سزایانەی ڕۆژئاوا، ئەو دەرئەنجامە خوازراوەیان لێ نەكەوتووەتەوە كە چاوەڕوان و پێشبینییان دەكرد. چونكە ڕۆژئاوا چاوەڕانی ئەوەی دەكرد كە ئەم سزایانە بە خێرایی ببنە هۆی تێكشكاندنی ئابووریی ڕووسیا و سیستمی دارایی و دراوی ئەو وڵاتە، بەڵام ئاشكرایە كە ئەمە ڕووی نەدا، بەڵكو ئەوەی لە ئارادایە ئەوەیە كە ئابووریی ڕووسیا لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە و سیستمی دارایی ئەو وڵاتە سەقامگیرە و تەنانەت دراوی ئەم وڵاتە بەهێزترە و بە بەهاترە بەراورد بە حەوت ساڵ پێش ئێستا. كەواتە بە پێچەوانەوە، ئابووریی وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی داكشانی پیشەسازی و دووچاری قەیرانی وزە بوونەتەوە، هەڵئاوسانیش لە دۆخێكدا نییە كە بتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێت. هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ڕۆژئاوا هێزی ئابووریی ڕووسیای بە كەم گرتبوو، هەروەها لەبەر ئەوەی كە لە ئێستادا لە جیهانێكی فرەجەمسەریدا دەژین و، ژمارەیەكی كەمی وڵاتانی دەرەوەی ناتۆ ئامادەن هەمان هەنگاو هەڵبگرن و ئەوانیش سزا لە دژی ڕووسیا بسەپێنن. هەرچۆنێك بێت، نابێت ڕووسیا زۆر خۆشحاڵ بێت، چونكە ئەم سزایانە لە مەودای دووردا كێشە و گرفتی زیاتر بۆ ڕووسیا دروست دەكەن. هەر لەم ڕوانگەیەوە من پێم وایە ئەم سزایانە لە دوای ئەم هاوینەوە كێشەی زیاتر دروست دەكەن، كاتێك گرفتەكان پتر كەڵەكە دەبن. هەرچەندە كارایی سزاكان لەو ڕووەوە دەپێورێت كە تا چەند توانای ئەوەیان هەیە كاریگەر بن بە سەر سیاسەتەكانی وڵاتە ڕكابەر و دوژمنەكەوە. هەروەك پێشتر باسم كرد، ڕووسیا ئەم شەڕە بە هەڕەشەیەكی وجوودی لێكدەداتەوە و لەم ڕوانگەیەوە مۆسكۆ بەرگەی دژوارییە ئابوورییەكان دەگرێت و بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتەكانی بە چاوپۆشین لەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراون.
* هەر لە پەیوەندی بە وڵاتانی ئەوروپا، ئایا پێت وایە تا چەند ئەم شەڕە حیساباتی ئەم وڵاتانەی گۆڕیوە لە پەیوەندی بە ئاسایشی سەربازی و ئاسایشی وزەوە -هەروەك دەبینین ئەڵمانیا بودجەی سەربازی زیاتر دەكات و دەیەوێت كەمتر پشت بە هاوردەكردنی وزە لە ڕووسیا ببەستێت-، ئایا ئەم گۆڕانكارییانە چ كاریگەری و دەرئەنجامێكی لەسەر ئایندەی ئەم كیشوەرە دەبێت؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بوترێت كە ڕۆژئاوا ستراتیژیەتێكی ئەمنی گرتووەتەبەر كە لەسەر بنەمای هەژمونگەرایی دەستەجەمعی لە پانتایی كیشوەری ئەوروپا بنیات نراوە، ئەویش لە سۆنگەی باوەڕبوونیانە بەوەی دەتوانن بەردەوام بن لەسەر بەرفراوانكردنی ناتۆ، هەروەها پێیان وابوو كە ڕووسیا ناچار دەبێت لە كۆتاییدا ئەم واقیعە لەبەر چاو بگرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بكات و قبووڵی بكات، لە ئێستاشدا ئەوروپییەكان دووچاری تەنگژەیەك بوونەتەوە، كە یان دەبێت بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی ڕووسیا لەبەرچاو بگرن لە نێو سیستمی ئەمنیی ئەوروپیدا، یان ئەوەتا پێداگری بكەن لەسەر برەودان بە بەرژەوەندییە هەژمونخووازییەكان، كە پێدەچێت ئەوروپا بژارەی دووەمیانی گرتبێتەبەر. بە تێڕوانینی من ئەوروپا هەڵەیەكی گەورەی كرد، بەڵام لە ئێستادا لە دۆخێكدایە كە ناتوانێت هەلومەرجەكە پێچەوانە بكاتەوە. ئەوەتا كاردانەوەی ڕووسیا لەبەرامبەر سزاكاندا ئەوەیە كە بە یەكجاری خۆی داببڕێت لە ئابووریی ئەوروپا، ئەمەش بەو واتایە دێت كە وزە و كاڵا و كانزا و بازاڕی ڕووسیا بە ئاقاری ڕۆژهەڵاتدا وەردەچەرخێت. پیشەسازییەكانی ئەوروپا چیتر ڕكابەرییان پێ ناكرێت لە بازاڕە جیهانییەكاندا، لەبەر ئەوەی چیتر وزە و كانزای هەرزانبەهای ڕووسیایان دەست ناكەوێت، كە لە ئێستادا بە نرخێكی داشكێنراو بە وڵاتانی ئاسیا دەفرۆشرێت كە پیشەسازیی ئەم وڵاتانە توانایەكی باشتری ڕكابەرییان هەیە لە دەرئەنجامدا. هەروەها لە دەرئەنجامی بە سەربازیبوونی زیاتری ئەوروپا ئەم كێشوەرە زیاتر و زیاتر لاواز دەبێت، چونكە یەكێتیی ئەوروپا بە ڕاددەیەكی گەورە پشت بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەبەستێت، لە كاتێكدا ڕووسیاش زیاتر و زیاتر پشت بە وڵاتی چین دەبەستێت.