لاوان بۆ بەرگری لە گەل و نیشتمان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەڵێن دووپات دەكەنەوە
لە ئەنجامی دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدان ئەمڕۆ گەلی كورد خاوەن ئەزموونێكی پڕ شانازی و سەروەریی و خاوەن حكومەت و پەرلەمانە، كەچی تەنیا نەتەوەیە كە لە ناوچەكە لە هەموو لایەكەوە گوشاری لە سەرە و لەلایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە هەوڵی بچووككردنەوەی و سڕینەوەی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستان دەدرێت، هەر جارە و بە پاساوێك پەلاماری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەدن، مووشەكباران و هێرشكردن بە فڕۆكەی درۆن و بەكارهێنانی دادگا بۆ ڕەواییدان بە پیلانگێڕییەكانیان، لە بەرامبەردا لاوان بۆ بەرگری لە گەل و نیشتمان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و سەروەریی خاكەكەیان بەڵێن دووپات دەكەنەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
كاروان كەلاری ڕۆژنامەنووسە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە: «قەوارەی هەرێمی كوردستان بە خوێنی سەدان هەزار ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە دروست بووە و سەدان ساڵە تێكۆشانی بۆ دەكرێت. ئەم قەوارەیە كەس بە خێر نەیبەخشیوە بە كورد، قەوارەیەكی دەستوورییە و بەپێی دەستووریش مافی خۆیەتی سوود لە سامانە سرووشتییەكانی خۆی وەربگرێت.» هاوكات دەڵێت: «لە سەروبەندی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا ئەگەر پارێزگاكانی ئەو كاتی ئەم هەرێمە فیدڕاڵییە كە سێ پارێزگا بوو، ڕەشنووسی ئەو دەستوورەیان ڕەت كردایەتەوە، نەدەبوو بە دەستوور و عێراقی وێرانەی دوای ڕووخانی بەعس بنیات نەدەنرایەوە و ئەوانەشی كە ئێستا حوكمڕانیی عێراق دەكەن و خەڵكی كوردستان سزادەدەن، دەبوایە هەر لە ئاوارەییدا بمێننەوە. كورد كۆڵەكەیەكی ئەساسیی بنیاتنانی عێراقە و ئەم وڵاتە بە بێ كورد نە سەقامگیر دەبێت، نە بەرەو پێشەوە دەچێت، نە بەڕێوە دەبرێت، ئەو دادگای فیدڕاڵییەش كە بڕیاری دوژمنكارانە دژی خەڵكی كوردستان دەدات، دادگایەكی دەستووری نییە و ماوەكەی بەسەرچووە، بۆیە دامەزراندنی دادگایەكی فیدڕاڵی بۆ عێراق كە ڕەنگدانەوەی پێكهاتەكانی عێراق بێت، یەكێكە لە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێكهاتەكانی دیكە لەگەڵ حوكمڕانانی بەغدا».
دهۆك بەڕۆژی قوتابیی زانكۆیە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە «گرنگە قەوارەی هەرێم بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە، چونكە قەوارەی هەرێمی كوردستان بە ئاسانی دروست نەكراوە، تا بە ئاسانی بڕووخێندرێت، بەڵكو كۆمەڵیك سەركردە و تێكۆشەری مەزنی كورد هەوڵیان بۆ دا، تا بە ئەم قەوارەیە گەیشت. كورد دەڵێت قەدری زێڕ لای زێڕنگەرە، بۆیە كەمترین كەمتەرخەمی بەرامبەر بە لە دەستدانی قەوارەی هەرێم گەورەترین بەرپرسیارێتی مێژوویی دەخاتە ئەستۆی ئەنجامدەرانیەوە.» گوتیشی: «پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان ئامانجێكی زۆر گرنگە، پێویستە هەموو لایەنەكان كۆك بن كە هیچ بارودۆخێك وا لە لایەنەكان نەكات، قەوارەكەمان پارێزراو نەبێت و بكەوێتە خەتەرەوە، چونكە ئەوە پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی كوردستان و دانیشتووانەكەی، گرنگە قەوارەكە پارێزراو بێت، ئەگەر قەوارەكە پارێزراو نەبێت، كەوایە ئەوەی ساڵەهای ساڵە خەباتی بۆ دەكەین لە دەست دەردەچێت. پێویستە زیاتر بایەخ بە بە دامەزراوەییكردنی دامودەزگا حكوومی و نیشتمانییەكان بدرێت، تا حزب بە سەریاندا زاڵ نەبێت، دەبێت شتێكمان هەبێت، ناوی دەستوور بێت و ماف و كاری هەموو لایەكی دیاری كردبێت و هەمووان لە بەرانبەریدا بەرپرسیار بن، دەزگاكان نیشتمانی بن و پەرلەمان كاری خۆی بكات و دەزگایەكی چاودێری بێت و حكومەت حكومەتی هاووڵاتیی بێت و دەزگای ئاسایش و پۆلیس نیشتمانی بن و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت».
دهۆك بەڕۆژی هێما بۆ وتەیەكی»جینین هێنیس پلاسخارت» نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات، كە لە كۆنفڕانسی زانكۆی كوردستان لە هەولێر گوتی: «ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە كە ئەم قەوارە ئۆتۆنۆمییەی ئێستا قوربانییەكی زۆری ویستووە، وەك هەر شوێنێكی دیكەی ئەم دنیایەش ماف و ئازادییەكان هەروا بە ئاسانی بەدی نەهاتوون.»
ڕۆژنامەنووس مەریوان حەكیم جەباری، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «قەوارەی هەرێمی كوردستان دەستكەوت و ڕەنجی خەباتی دوور و درێژی گەلی كوردستانی باشوورە و لەخۆوە دروست نەبووە، لەم پێناوەدا ڕووبارێك خوێنی بۆ ڕژاوە و هەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە لەم پێناوەدا گیانی بەخت كردووە، بە سەدان ڕۆڵەی گەردن بەرزی ئەم میللەتە بۆی چوونەتە بەردەم پەتی سێدارە و سەدان ئافرەتی وەك شەهید لەیلا قاسم خۆیان بۆ فیدا كردووە، بۆیە دوژمنانی گەلی كورد بۆ ئەوەی كورد خاوەنی كیانی سەربەخۆی خۆی نەبێت و قەوارەیەكی ئازادی نەبێت، هەرچی ڕێگەیە و هەرچی چەكی قەدەغەكراوە لەسەرئەم گەلە تاقییان كردووەتەوە و بۆ كپكردنی دەنگی ئازادی ئەنفال و كیماباران كراین». گوتیشی: «وەك گەنجێك نابێت و ناكرێت بێدەنگ بین لە ئاست ئەو مەترسییانەی بۆ سەر قەوارەی هەرێم دروست دەبێت، یان لەگەڵ ئەوەدا بین، دوژمنانی گەل و خاكمان بێن و هەرچی دەستكەوتمانە بیسڕنەوە و خاكمان داگیر بكەنەوە و، وەك ڕژێمی بەعس تەنانەت سەرچاوەی كانیاوی ئاوی گوندەكان كوێر بكەنەوە و بمانگەڕێننەوە بۆ نیو سەدە لەمەو پێش، ئەوە ئێمەی گەنج و لاوین بە هەردوو ڕەگەزەوە كە بەرامبەر ئایندەی گەل و خاك و هەرێمی خۆمان بەرپرسیارین و ئەركی ئێمەیە هاوشێوەی نەوەكانی پێش خۆمان بەرگری لە خاك و ئاو و سامانەكەی بكەین، چونكە ئێمەی گەنج بەرپرسیارێتیی پاراستنی نەوەكانی دوای خوشمان لەئەستۆیە، بۆیە پێویستە مێژوویەكی جوان بۆ خۆمان و نەوەكانمان دیاری بكەین، نەك بكەوینە بەر نەفرەتی مێژوو، بە دەستی خۆمان ئایندەی ئەم گەلە تاریك و نادیار بكەین. من وەك گەنجێك چۆن لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش قەڵەمەكەم دانا و خۆبەخشانە چوومە بەرەی جەنگ و بەرگریم كرد لە خاك، ئاواش لە هەر شوێن و جێگایەك خاكی وڵاتم لە مەترسیدا بێت، ئامادەم بەرگری لێ بكەم، چونكە لێم ڕوونە پێش من ئەو خاكە بە خوێنی ڕۆڵەكانی كورد ئازاد كراوە».
لافاو عوسمان چالاكی مەدەنییە و وەك هەزاران هاوپیشەی خۆی پێداگریی لەسەر ئەوە دەكات كە «قەوارەی هەرێمی كوردستان بە خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیدانێكی زۆری گەلی كورد لەدایك بووە. بۆیە هەر دژایەتییەكی ئەم قەوارەیە لەلایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بێت، پێش هەموو شتێك دژایەتیكردنی خوێنی شەهیدان و ئەو قوربانییە زۆرەی گەلی كوردستانە كە لە ڕابردوودا لە پێناوی ئەو هەرێمە داویەتی. لای هەموومان ڕوونە، هیچ حوكمڕانییەك لە دونیادا بێ كەموكووڕی نەهاتووەتە كایەوە، بەڵام كەسمان نەبینی بە هۆی خراپیی بەڕێوەبردن، یان هەر هۆكارێكی دیكە بێت، دژی قوربانیدانی گەلەكەی، یان وڵاتەكەی بوەستێتەوە».