هەڕەشە و مەترسییەكان لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان

هەڕەشە و مەترسییەكان لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان

 

 

مەترسی و هەڕەشەكان لەسەر هەرێمی كوردستان كە خۆی دەگرێتەوە لە هەڕەشەی عێراق و گرووپە میلیشیاكان و ئەو مەترسییانەی كە وڵاتانی ناوچەیی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان دروستی دەكەن و بەتایبەت چۆنیەتیی حوكمڕانیكردنی ناوەند بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، قبووڵنەكردنی هەرێم وەك قەوارەیەكی سیاسی و یاسای ددانپێدانراوی دەستووری عێراق، كە دەبێـتە هۆی دروستكردنی كێشەی سیاسی و دەستووری و ئابووری بۆ هەرێمی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە هەڕەشە و مەترسییەكانی گرووپە تائیفی و دەرچوو لە یاساكان مەترسییەكی دیكەیە بەرامبەر بە هەرێم و ناسەقامگیركردنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان، تێكدانی ڕەوشی ئابووری و ئەمنی كە ئەمەش بەشێكە لە پێشێلكردنی سەروەریی قەوارەكە و دووركەوتنەوە لە پرەنسیپی شەریكبوون لە حوكمڕانیی عێراق و بێدەنگی لە بەزاندنی سنووری قەوارەی هەرێم.

وەك ئاشكرایە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوو و تا ئێستاش، هێرشە سیاسی و ئەمنی و سەربازییەكان بۆ سەر هەرێمی كورستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بووە و جۆراوجۆریی هێرشەكانیش زیاتر بوون، وەك (هێرشەكانی سەر فڕۆكەخانە، باڵیۆزخانە، كێڵگەی نەوت و غاز، دامەزراوە ئەمنییەكان)، هەروەها ئاماژەی زۆر هەن كە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی هێرش و شەڕێكی نەخوازراو ببێتەوە لەلایەن عێراق و گرووپەكانی میلیشیای ناوخۆی و پاڵپشتیكەرانی میلیشیا عێراقییەكانەوە، ئەم شەڕەش چەندین ڕووی هەیە، وەك سیاسی و ئابووری و سەربازی.

جۆرێكی دیكە لە شەڕ دژی هەرێمی كوردستان بەكارهێنانی چەكی یاساییە لە دژی هەرێم و خستنە ناو واقعێكی یاساییەوە، بۆ دووبارە دەستبەسەرداگرتن و كۆنتڕۆڵكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ملكەچكردنی بە جێبەجێكردنی تەواوی داخوازییەكانیان لە ڕێگای دادگای بەناو ئیتیحادی عێراق، كە ئەمەش لێكەوتەی سیاسی و ئابووریی لێ دەكەوێتەوە، بەتایبەت بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی كێڵگە نەوتییەكان، كە ئامانجە سەرەكییەكەش بریتییە لە لێدان لە ژێرخانە ئابوورییە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان و ئابوورییە سەربەخۆكەی، ئەنجامی ئەم سیاسەتەش تا ئێستا بە شێوەیەكی سەرسوڕهێنەر و لە ڕاددەبەدەر بووە، لە پێناو بەرژەوەندیی ناوەند و نەهێشتنی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەك، بۆیە ئەگەر دەسەڵاتی بەغدا بتوانێت بە جۆرێك لە جۆرەكان كەرتی نەوت و غازی هەرێم كۆنتڕۆڵ بكات، ئەوا لە ئەنجامدا هەرێم دەبێتە ژێردەستەی عێراق بۆ سامانە دارایی و ئابوورییەكانی، ئەوكات هەرێم لە پێشكەوتن و گەشەكردن بەرەو ئاقارێكی نادیار لە دواكەوتن دەڕوات، بۆیە لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەكان چەند خاڵێك دەخەینە ڕوو:.

1. یەكگرتوویی هێزە سیاسییەكان لە گوتار و كردارەكانیان بەرامبەر بە بەغدا.

2. دانوستانی بەردەوام لەگەڵ هێزە شیعەكانی عێراق و نزیكبوونەوەی زیاتری شیعە و كورد، تا دەگاتە ڕێككەوتننامەیەكی هاوبەش.

3. دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەكان.

4. یەكگرتنەوە و یەكگرتوویی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ ئەوەی بە یەكەوە بتوانن بەر لە هەر ڕووداو و پێشهاتێكی سەربازیی نەخوازراو بگرن، ئەگەر بێتە پێشەوە.

داواكردن لە ئەمریكا و یەكێتیی ئەوروپا بۆ وەرگرتنی گەرەنتیی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان.

 

Top