هاوڕێی ڕاستەقینە سروشتی ژیان كردن جوانتر دەكات

(دوغ لارسۆن ) ڕۆژنامەنوسی ئەمریكی دەڵێ "هاوڕێی ڕاستەقینە ئەو كەسەیە گوێ بە شكستەكانت نادا و دڵخۆشە بە سەركەوتنەكانت ".
بێ شك هاوڕێیەتی ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەیە لە نێوان دوو كەس یان زیاتر كە لە سەر بنەما و بنچینەی ڕێزگرتن و خۆشەویستی و متمانە و ڕاستگۆیی و دڵسۆزی ... دروست دەبێت. هاوڕێیەتی ڕاستەقینە دوور لە هەموو بەرژەوەندییەكی لا بەلا و كاتی دروست دەبێت، تاكە ئامانج و مەبەست لێك تێگەیشتن و ئاگا لێبوون دڵخۆشبوون بە یەكترە. دەتوانم بڵێم هاوڕێی ڕاستەقینە ئەو گیانەیە كە نامرێ لای ئەوی تر هەر چەندە دووری مەودایان لە یەكتر، بەڵكو هەست و بیركردنەوە و دڵەكان لە یەكتر نزیكن. لەوانەیە هەر یەك لە ئێمە لە وێستگە جیاوازەكانی ژیان چەندان كەس هاتوونەتە ژیانمان و دەرچوون لە قۆناغێك بۆ قۆناغێكی تر یان كە مەبەست و ئامانج و بەرژەوەندییان تەواو بووە تارمایی و شوێنەواریان نەماوە، بەڵام ڕاستەقینەكان گەر دووریش بن و دووربكەونەوە بە هەر هۆكارێك شوێنەواری جوانیان لە ناو دڵ جێهێشتووە. بۆیە هاوڕێیەتی باش و ڕاستەقینە دوور لە هەموو بەرژەوەندی لابەلا سروشتی ژیان كردن جوانتر دەكات و هەمیشە بە بوونی كەسە ئەرێنیەكان هەست بە دڵخۆشی و ئارامی و بەختەوەری و دڵنیایی و پارێزراوی دەكەین و وامان لێ دێت گەشبین و بەهێز و پڕ لە ووزەی كۆشش و بەخشش و پڕ بەرهەم بین و بەردەوام حەز دەكەین پەرە بە توانا و كارامەیی و هزر و بیرمان بدەین و بەردەوام ئاسودەیی و تەندروست و بەختەوەر دەردەكەوین، چونكە هەست بە كەسانی ڕاستگۆو دڵسۆز و خۆشەویست دەكەین لە دەوروبەرمان كە هەردەم وەك نیشتمان وان لێمان دووربن هەست بە نامۆیی و غوربەت دەكەین. بۆیە هاوڕێ باش و ڕاستەقینە هەمیشە پاڵپشت و هاوبەش و بەشدارە لە سەركەوتنەكان بە گشتی و بە پێچەوانەشەوە هاوڕێ خراپ و دووڕوو و بەرژەوەندخواز ترسنۆكانە بە نهێنی و هۆكاری سەرەكییە بۆ هەموو ناوزڕاندن و ئیرەیی پێ بردنێك... مامۆستایەك دەگێڕێتەوە دەڵێت جارێك لە گاڵتەپێكردنێكی زۆر ناخۆشدا قوتابییەك كاغەزێكی بە كراسی هاوڕێیەكی نوساندبوو لە پشتەوە لە سەری نوسرابوو (من گەمژەم) داوای كردبوو كەس ئاگاداری نەكاتەوە هەموویان پێی پێ دەكەنین و ببووە گاڵتەجاری ئەوان. دوای چەند خولەكێك وانەی بیركاری دەستی پێ كرد مامۆستاكە دەڵێ لە سەر تەختە هاوكێشەیەكی قورسم نووسی داوام كرد كێ دەتوانی شیكاری بكات، كەس دەستی هەڵنەبڕی بۆ وەڵامدانەوە، تەنها ئەو قوتابیەی كە كاغەزەكەی لەسەر كراسەكەی نوسرابوو دەستی بەرز كردەوە بۆ شیكار كردنی هاوكێشەكە. قوتابیەكە هاتە لای تەختە ڕەش بۆ شیكاركردنی هاوكێشەكە و هەر قوتابیە و لای خۆیەوە دەستیان كرد بە پێكەنین و ئەویش ئاگاداری هیچ نییە و نازانێ قوتابیەكان بە چی پێدەكەنن. قوتابیەكە دەستی كرد بە شیكاركردنی هاوكێشەكە و مامۆستاكە دەڵێ لەو كاتەدا بینیم كاغەزێك بە كراسی قوتابیەكە نوساوە لە پشتەوە لێ نوسراوە (من گەمژەم) كاغەزەكەم لادا و داوامان لە قوتابیەكان كرد چەپڵەیەكی بەهێزی بۆ لێبدەن بە قوتابییەكەم گوت ئافەرین، بەڵام دیارە ئاگادار نییت ئەو كاغەزە بە كراسەكەت نوساوە لە پشتەوە وەچی لە سەر نوسراوە. مامۆستاكە دەڵێ لەو كاتەدا ڕووم كردە قوتابیەكان و پێم گوتن پێش ئەوەی سزای بكەر بدەم ئەو كەسەی ئەو كارە ناشیرینەی ئەنجامداوە با دوو شتتان پێ بڵێم، بە درێژایی ژیانتان خەڵكانێك هەن كاغەزتان لە پشتەوە بۆ دادەنێن و بۆتان دەنووسن بوختان و قسەی نەشیاوتان بۆ هەڵدەبەستن بۆ ئەوەی ئاوڕ لە پشتەوە بدەنەوە و خەریك و سەرقاڵتان بكەن و ڕاتان بگرن، هەركات بتانەوێ هەنگاو بهاوێژن بچنە پێش. هاوڕێیەكەتان گەر بیزانیبا ئەو كاغەزە چی نوسراوە لە پشتی نوساوە نەدەهاتە پێش بۆ شیكاركردنی هاوكێشەكە، بۆیە ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەن ئەوەیە هەموو ئەوانە پێویستە فەرامۆش بكرێن و گوێیان پێ نەدرێت و بچنە پێشەوە بۆ وەڵامدانەوە هەركات لە ژیان ئەوەتان بۆ ڕەخسا، هی دووەم پێتان بڵێم ئاشكرایە ئەو قوتابییە زیرەكە هیچ هاوڕێیەكی باش و دڵسۆزی لە ناو ئێوە نەبوو ئاگاداری بكاتەوە لە سەر كاغەزەكە و لە كراسەكەی بكاتەوە. بۆیە زۆری هاوڕێ گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە كەسێك هەبێت بتوانێ متمانەی پێ بكەی و ئەو كاغەزە لا ببات و كە تۆ دەستت پێ ناگات. هەمیشە هاوڕێی باش و ڕاستەقینە وەك شاخ لە پشت هاوڕێیەكەیەتی لە هەر بارودۆخێكدا، هەر ئەوەشە فەیلەسوفی یۆنانی(ئەرستۆ) دەڵێ" هاوڕێ ڕاستەقینەکان یەك گیانن لە دوو جەستەدا".
ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی