"تەوتین" وەکو ئامرازێکی سیاسی بۆ گوشار خستنەسەر کوردستان

ئەو هەموو چەواشەکاری و موزایەدە لەسەر "ته‌وتین" دروست کرا و کرایە پڕۆگرامی هەندێک حزب و بووە پەیامی بانگەشەی ئەو حزب و کەسانەی دژە حکوومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان بوون. لە ئەنجامدا دەرکەوت جگه‌ له‌ چه‌واشه‌کردنی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان و هەوڵی شێواندنی وێنەی ئەزموونی ئەم هەرێمە هیچی تر نه‌بوو.
وەک دەمان بیست و بەو شێوەیە بانگەشەیان بۆ "ته‌وتین" دەکرد و مووچه‌خۆریش وا تێگه‌یه‌ندرابوو، بە ڕەتکردنەوەی پرۆژه‌ی "هه‌ژماری من" و لە بەرانبەردا پێداگریکردن لەسەر "ته‌وتین"، کێشەی مووچە و مووچەخۆران لە بنەڕەتەوە چارەسەر دەبێت و بەغدا بەبێ کێشە هەموو سی ڕۆژ جارێک مووچه‌ی تاک بە تاکی فەرمانبەر ده‌خاته‌ سەر گیرفانیانەوە.
باشە پێم خۆشە وەڵامی ئەم پرسیارە گریمانییە وەرگرم:- ئەگەر ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێم و بەغدا گرفتێکی سیاسی یان تەکنیکی بۆ هاتەپێش؛ ئایا بەغدا بە هەمان شێوە هەر بەردەوام مووچە دەنێرێت بۆ فەرمانبەرانی هەرێم لە ڕێگەی "تەوتین"ـەوە؟ هەڵبەت دووبارە دەبێ گفتوگۆ بکرێت و ناوەند مووچە نانێرێت، تا کێشە سیاسی و تەکنیکییەکان چارەسەر دەکرێ؛ ئینجا مووچە دەنێرێت.
کەواتە مووچە ئامرازێک (بەڵکوو کارتێکی سیاسییە) بەدەست ناوەندەوە بۆ گوشار خستنەسەر هەرێمی کوردستان و ناوەندیش نایەوێت ئامرازی مووچە دوور بخاتەوە لە گەمە سیاسییەکانی کە لەگەڵ هەرێم هەیەتی لە پێناو لاوازکردن و شکاندنی ئیرادەی هەرێمی کوردستان.
دڵنیابن هیچ کات حکوومه‌تی عێراق ئاماده ‌نییە له‌ ده‌ره‌وه‌ی پشکی هه‌رێم له‌ یاسای بودجه‌ی عێراقیدا تەنانەت یەک دیناریش وەکوو مووچه تەرخان بکات، نە ڕێگای "تەوتین" نە بۆ خاتری هەوادارانی خۆی لە حزبە کوردستانییەکان، ئەوانەی بە شمشاڵی هەوان سەما دەکەن.
بۆیە بەسە با چیدی ئەو حزبە کاڵفامانە بە چەقەنەی شۆڤینییەکان و ئەجندای دەرەکی هەڵنەپەڕن و مووچەی مووچەخۆرە بەڕێزەکانی کوردستان نەکەنە سووتەمەنی خواست و مەرامەکانی خۆیان و (ئاغاکانیان) و وا چاکە هاوکار و پشتیوانی حکوومەتی هەرێم بن بۆ زامنکردنی گشت ماف و شایستە داراییەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستان بەگشتی بە مووچەخۆرانیشەوە.
ئیتر ئەوەی ئەم بایەقوش ڕەنگانە دەخوێنن بەسەر ئەم هەرێمەدا و چاویان بە خۆری ئاسۆی گەشی کوردستان هەڵنایەت؛ تەنیا فش و فاڵە و هەرچی دەیڵێن وەک کوردەواری گوتەنی" خشەی بن دەوەنەکەیە". هیوادارم خەڵکی کوردستان بە بالووری حزبە کاڵفامەکان فریو نەخۆن و هەڵنەخەڵەتێن.
شایانی باسە ڕۆژی سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، دادگای باڵای فیدراڵی، ئەو داوایەی ڕەتکردەوە کە لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لەسەر محەممەد شیاع ئەلسوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی تۆماری کردبوو، تیایدا داوای کردبوو حکوومەتی فیدڕاڵ پابەند بێت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لە بڕیارەکەی دادگادا هاتووە، "بڕیاری جێبەجێکردنی پڕۆسەی تۆمارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان (واتا پرۆسەی هەژماری من) بەپێی ڕێنماییەکانە کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دەرچووە، بە مەرجێک ئەمە بە هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی و وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، (واتا بەغدا هیچکاتێک ناتوانێت بەبێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ مووچە بۆ شارێکی کوردستان بنێرێت)، هەروەها بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ڕێگە بە فەرمانبەران دەدرێت بە ئازادی ئەو بانکەی کە پێیان باشە (لەنێو پڕۆسەی هەژماری من)دا هەڵیبژێرن".

Top