په‌ره‌پێدانى كارامه‌ییه‌كان بۆ به‌رێوه‌به‌ر و مامۆستایان

په‌ره‌پێدانى كارامه‌ییه‌كان بۆ به‌رێوه‌به‌ر و مامۆستایان




نووسه‌ری ئه‌مریكی به‌ به‌نچه‌ كه‌نه‌دی (برایان تریسی) ده‌لێ" تواناییت له‌ سه‌ر دیارى كردنى ئامانجه‌كان و دانانى پلان بۆ جێ به‌جێ كردنیان بریتییه‌ له‌ كارامه‌یی سه‌ره‌كى سه‌ركه‌وتن".
گومانى تێدا نییه‌ گرینگترین هۆكاره‌كانى كاریگه‌ر له‌ سه‌ركه‌وتنى قوتابی و پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ توانایی مامۆستا و كوالێتى خوێندن و ڕۆڵى به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌، توێژینه‌وه‌كان ده‌ریان خستووه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تى په‌روه‌رده‌یی هه‌میشه‌ ڕۆڵى گرنگ و كاریگه‌ر و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى هه‌یه‌ بۆ چاكتر كردن و باشتركردنی ڕ ۆڵى ڕاپه‌راندنی قوتابخانه‌ و قوتابییه‌كان، بۆیه‌ گرینگه‌ به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ هه‌میشه‌ به‌ كردار پراكتیزه‌ى كارامه‌ییه‌كانى ژیان بكات و سه‌رجه‌م جۆره‌كانى كارامه‌ییه‌كان له‌ ڕه‌فتار و گوفتار و كرداری به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ ڕه‌نگ بداته‌وه‌ له‌و جۆره‌ به‌رێوه‌به‌رانه‌ بێت كه‌ خاوه‌ن توانا و لێهاتوویه‌كى به‌رزی په‌روه‌رده‌یی بێت، چ له‌ وه‌رگرتنى بڕیارى دروست له‌ كاتى پێویست، توانایی هه‌بێت له‌ سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى گیروگرفت و ته‌نگ و چه‌له‌مه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنى تێڕوانینى هه‌موو لایه‌ك، چونكه‌ هه‌رده‌م به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان خاوه‌نى كارامه‌یی پێویستن بۆ گه‌یشتن به‌ هه‌موو چاره‌سه‌رییه‌كى دادپه‌روه‌ر ویه‌كسان و به‌ویژدان، چونكه‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانن هه‌ر بڕیارێكى ئه‌وان كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت له‌ سه‌ر ژیان و پاشه‌ڕۆژى ئه‌وانى تر.
جودا له‌مه‌ش پێویسته‌ به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ هه‌میشه‌ كه‌شێكى له‌ بارو گونجاو و ڕه‌خساو دروست بكات له‌ قوتابخانه‌ كه‌ هه‌موویان هه‌ست به‌ خاوه‌نداریه‌تى پرۆسه‌كه‌ و به‌رپرسیاریه‌تى ئه‌ركه‌كه‌ى بكه‌ن و به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندی و به‌رده‌وامى په‌یوه‌ندییه‌كانى په‌روه‌رده‌یدا بێت له‌گه‌ڵ مامۆستا و كارمه‌ندانى قوتابخانه‌ په‌ره‌ى به‌رده‌وام به‌ كارامه‌ییه‌كانى ژیان بدات، مامۆستاكانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌رپرسیاریه‌تى په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدانى توانا و پسپۆرییه‌كانى خۆیان بگرنه‌ ئه‌ستۆ و به‌رده‌وام به‌شدارى بكه‌ن له‌ خول و ڕاهێنانى گه‌شه‌پێدانى تواناكانیان و په‌ره‌پێدانى كارامه‌ییه‌كانى ژیان و به‌ هێزكردنیان، بۆیه‌ گرینگه‌ مامۆستا له‌ ناو پۆل و له‌ قوتابخانه‌ هه‌میشه‌ پاڵنه‌ر و هۆكار له‌ ناخی قوتابی دروست بكات بۆ فێربوون و متمانه‌ به‌خۆبوون و به‌هێزبوونى كه‌سایه‌تى قوتابی و چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كان، چونكه‌ كارامه‌ییه‌كان به‌شێكى دانه‌بڕاون له‌ رێگاكانى وانه‌ ووتنه‌وه‌ و له‌ كاره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى مامۆستا له‌ قوتابخانه‌ تا بتوانرێ له‌ داهاتوو نه‌وه‌یه‌كى وشیار و زیندوو و كاریگه‌ر دروست بكه‌ین و بنیات بنێن بۆ كۆمه‌ڵگه‌.
مامۆستا ئه‌و كاته‌ مامۆستایه‌كى سه‌ركه‌وتوو و كاریگه‌ر و خۆشه‌ویست ده‌بێ كه‌ فێری كارامه‌ییه‌كانى ژیان بوو بێت و وه‌ری گرتبێت و بتوانێ له‌ ئه‌دای ڕۆژانه‌ى پراكتیزه‌ بكات. بۆیه‌ پێویسته‌ مامۆستایان هه‌موو ساڵ پێش ده‌ست پێكردنى ده‌وام، یانیش له‌ ناو ده‌وام به‌شدارى خولى فێربوونى كارامه‌ییه‌كانى ژیان بكه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كان بكرێته‌وه‌ بۆ مامۆستاكان كه‌ له‌ ئه‌ركی ڕۆژانه‌یان بتوانن چۆن ئه‌دای كارامه‌ییه‌كان بكه‌ن له‌ پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ په‌ره‌ى پێ بده‌ن.
پێویسته‌ سه‌رجه‌م مامۆستایان بێ هه‌ڵاوێژكردن و جیاوازی كردن له‌ هه‌ر پسپۆرییه‌ك بن په‌ره‌ به‌ كارامه‌ییه‌كانى ژیان بده‌ن و به‌شدارى خولى كارامه‌ییه‌كان بكه‌ن، قوتابیانیش به‌ بایه‌خه‌وه‌ گرینگی به‌ كارامه‌ییه‌كانى ژیان بده‌ن، له‌ كۆتاییدا گرینگه‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان فێربوونى كارامه‌ییه‌كانى ژیان بۆ سه‌رجه‌م به‌رێوه‌به‌رى باخچه‌ و قوتابخانه‌كان و مامۆستاكان به‌ گشتیی بكه‌نه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كى بۆیان و خولى به‌رده‌وام و جۆراوجۆر بكرێته‌وه‌.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top