پێكەوەژیان: فاكتەری بەردەوامبوونی ژیان لە نێوان پێكهاتەكانی كوردستان

پێكەوەژیان: فاكتەری بەردەوامبوونی ژیان لە نێوان پێكهاتەكانی كوردستان

 

فرەئایینی و فرەنەتەوەیی و یەكترقبووڵكردن و مرۆڤدۆستی كولتووری ڕەسەنی خەڵكی كوردستانە و، بووەتە بەشێك لە مێژووی دێرینی گەلەكەمان، ڕەگ و ڕیشەی لە ناخ و باوەڕ و قەناعەتی باب و باپیرانماندا هەبووە و، شتێكی تازە نییە، نە بە فشاری دەرەكییە، نە بۆ ڕازیكردنی ئەم و ئەوە، بەڵكو بەرهەمی تێگەیشتنی كوردانەیە لە حەقیقەتی ئیسلام و ئیرادەی خوای گەورە، بەمەش زیاتر كوردستان جوانتر بووە.

 سەرەڕای جوانیی شاخ و چیا و دۆڵەكان، بوونی پێكهاتە جیاوازەكانی ئایینی و نەتەوەیی جوانییەكی دیكەی بەخشیوەتە كوردستان، كولتووری بەیەكەوەژیان بووەتە فاكتەری بەهێز لەسەر ئاستی دەرەوە بۆ پیشاندانی سیمای مرۆڤدۆستانەی خەڵكی كوردستان، هۆكاری بەردەوامیی ژیانە لە نێوان پێكهاتەكانی كوردستاندا، لەگەڵ ئەوەی كوردستان بە چەندین قۆناغی سەخت و دژواردا گوزەری كرد، بەڵام هەمیشە شوێنی پێكەوەژیانی هەموو ئایین و نەتەوە و مەزهەبێك بووە، بە جیاوازیی ئایین و زمان و بیروبۆچوونەوە لە ژێر چەترە گەورەكەی كوردستاندا كۆبوونەوە و، بە یكەوە بەرپەچی زوڵم و ستەمەكانیان داوەتەوە، كە ئەمەش شانازییەكی گەورەیە بۆ خەڵكی كوردستان و سەروەرییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ تێگەیشتنی گەلی كوردستان لە حەقیقەتی ئیسلام، وەك ئایینێكی لێبوردە و میهرەبان، هەروەها ڕێبەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی كوردستان، فاكتەرێكی دیكەی گرنگ بووە بۆ چەسپاندن و بڵاوكردنەوەی بنەماكانی پێكەوەژیان و داكۆكیكردن لە مافی پێكهاتەكان .

مێژوو پێمان دەڵێت (100) ساڵ بەر لە ئێستا شێخ (عەبدولسەلام بارزانی) بۆ ئاوەدانكردنی كۆمەڵگەیەكی مرۆڤدۆستانە، كە تێیدا كەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بێت، گیانی لێبوردەیی، یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە ناو خەڵكی دەڤەری بارزاندا جێگیر كرد، بۆیەش ئەگەر تەنیا گوندی (بارزان) بە نموونە وەربگرین، ئەم ڕاستییەمان بۆ بە دیار دەكەوێت كە جگە لە وەی (بارزان) لانكەی شۆڕش و كوردایەتی بووە، لە هەمان كاتیشدا باوەڕدارانی چەندین ئایین بە بێ جیاوازی لە ئەرك و مافدا یەكسان بوون و هەستیان بە هیچ جیاوازییەك نەكردووە و شوێنی خوداپەرستیی باوەڕدارانی هەر سێ ئایین (موسڵمان -مەسیحی -جوو) لەتەك یەك بوون، بۆیەش كاتێك قەشەی بەناوبانگ (وێكگرام) دێتە دەڤەری بارزان، دەبینێ شێخ عەبدولسەلام بارزانی زیاتر لەوان لە خەمی باوەڕدارانی هەموو ئایینەكاندایە بێ جیاوازی، خۆشحاڵ و سەرسام دەبێت، بە شێخ دەڵێت: ئەوەی تۆ دەكەیت بۆ پێكەوەبوون، بە ئێمە ناكرێت، بۆیە دەگەڕێتەوە.

 دوای ئەوەی (شێخ عەبدولسەلام بارزانی) لە لایەن عوسمانییەكانەوە بە بیانووی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لە سێدارە درا، (شێخ ئەحمەد) بارزانی ئەم بنەما هزرییانەی بە شێوەیەك كردە كردەوە، تا بووە بەشێكی گرنگ لە فەرهەنگ و كولتووری خەڵكی بارزان، وە نەبێت پاراستنی ئەم فەرهەنگە جوانە تەنیا لە قۆناغێكی دیاریكراودا بووبێت، بەڵكو بە درێژایی مێژوو هەمیشە هەوڵی پاراستن و قووڵكردنەوەی ئەم كولتوورە دراوە.

 لە سەردەمی زێڕینی شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا بارزانی-ی نەمر بە بێ جیاوازی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەكانی لە ژێر سەركردایەتیی شۆڕش، بۆ یەك ئامانج و مەبەست كۆكردنەوە و بەرپەچی زوڵم و ستەمیان دایەوە، تەنانەت بە پێداگریی بارزانی-ی نەمر حكومەتی ئەو كاتی عێراق ددانی بە مافی هەموو نەتەوە و ئایینەكاندا نا، دوای ڕێككەوتنامەی (11)ی ئادار، لەگەڵ ئەوەی بەپێی یاسای ئەو كاتی عێراق ڕێگەپێنەدراو بوو جگە لە موسڵمان هیچ باوەردارێكی دیكە ببێتە قایمقام، بەڵام پێداگری و سووربوونی بارزانی-ی نەمر وای كرد ڕەحمەتی (فرەنسۆ هەریری )كە بە ئایین ئاشووری بوو، بكرێتە قایمقامی قەزای چۆمان.

 سەرۆك مسعود بارزانی ڕۆڵێكی گەورەی بینیوە لە دەستەبەركردنی مافی پێكهاتەكانی كوردستان، بە جۆرێك هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە كردووە، كە پێویستە سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەكان ئازادانە مومارەسەی ئەركی ئایینی و نەتەوەیی خۆیان بكەن و مافەكانیان جێگیر بكرێت، چونكە هەر هەموویان بەشێكی گرنگی گەلی كوردستانن و مافی هەمووانیش پارێزراوە و نابێت هیچ جیاوازییەك هەبێت، تەنانەت هەر بە هەوڵەكانی سەرۆك مسعود بارزانی مافی پێكهاتەكان لە كاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا دەستەبەر كران، وێڕای ئەوەی بەردەوام باوەشی كوردستان كراوە بووە بۆ سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی بە هۆی هێرشی تیرۆریستانی داعشەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتوە و ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و، تەواوی مافەكانیان لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابین كراوە و، سەروماڵیان پارێزراو بووە، پەرلەمانی كوردستانیش وەك باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان، ڕۆڵێكی گرنگی هەبووە لە بەرجەستەكردنی بیرۆكەی پێكەوەژیانی ئاشتییانە، لەو یاسا و بڕیارانەی كە پەسەندی كردوون و پەیوەست بوون بە فەراهەمكردن و پارێزگاریكردن لە مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، كە گرنگترینیان یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، كە لە ڕێی سیستمی كۆتاوە مافی پێكهاتەكانی لە نێو پەرلەمانی كوردستاندا مسۆگەر كردووە، هەروەها یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی 2015 كە مافی پێكهاتەكانی لە دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن و سەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان مسۆگەر كردووە.

كابینەی نۆیەم گرنگیی زۆری بە مافی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان داوە، تەنانەت یەكێك لە بنەماكانی كاركردنی ئەم كابینەیە پاراستن و بەهێزكردنی پێكەوەژیان بووە لە هەرێمی كوردستان، كە بۆ یەكەم جارە لە مێژووی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان، دۆسێی پێكهاتەكان جیا كرایەوە، كە یەكێك بوو لە خواستە سەرەكییەكانی پێكهاتەكان، بە جۆرێك لەم كابینەیەدا وەزیرێكی هەرێم تایبەت بە پێكهاتەكان هەیە، بێگومان هەموو ئەمانە فاكتەری سەرەكی بوون، تا‌ دیارترین كەسایەتی ئایینی (پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان) لە مانگی ئاداری ڕابردوو سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و، جیاواز لە شوێنەكانی دیكەی عێراق گەورەترین ڕێوڕەسمی ئایینی لەگەڵ دە هەزار كەس لە هەولێری پایتەخت ساز بكات، ئەمەش ڕووداوێكی مێژوویی و دەستكەوتێكی گەورە بوو و كاریگەرییەكی گرنگی دەبێت لەسەر ناو و پێگەی هەرێمی كوردستان و، پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، چونكە ڤاتیكان ئەگەرچی وەك دەوڵەت بچووكە، بەڵام مەڵبەندێكی گەورەی ئایینییە كە سەرپەرشتیی یەك ملیار و سێسەد ملیۆن مەسیحی دەكات و خاوەن ئاڵا و نوێنەرە لە نەتەوەیەكگرتووەكان.

 لە ئێستاشدا كە لە هەرێمی كوردستان ئامادەكاری دەكرێت بۆ نووسینەوەی دەستوور، دڵنیایی دراوە كە دەستووری هەرێمی كوردستان ڕەنگدانەوەی كۆمەڵگەی كوردستانی دەبێت و، ویست و خواستی زۆرینەی كوردستانییان لەخۆ دەگرێت، گەلی كوردستان شانازی بە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینەكان لە كوردستان دەكات و، بە سەدان ساڵە بە یەكەوە دەژین، تا دێت توندوتۆڵتریش دەبێت، بۆیەش پێویستە دەستووری كوردستان ڕەنگدانەوەی ئەو تایبەتمەندییە بێت، گرنگە هەموو لایەكمان پارێزگاری لە كولتووری بەیەكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن بكەین، تا هەمیشە كوردستان هەر بە شوێنی فرەئایینی و فرەنەتەوەیی بمێنێتەوە.

 

Top