پەیامی پیرۆزبایی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی(٢٢)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە

بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کادیر و کارمەندانی خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە
بەبۆنەی(22)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و نووسەران و خوێنەرانی بەرهەمەکانتان دەکەین و، هیوادارین بۆ ساڵی داهاتوو هەنگاوی زیاتر و بە پرۆژەی نوێتر کتێبخانەی کوردی ئاوەدانتر بکەنەوە.
خانەی موکریانی یەکێکە لەو دەستکەوتە گرنگانەی بواری رۆشنبیریی و کوولتووری پارتیمان بۆ هاندان و یارمەتیدانی دانهر و نووسەران و ئەدیبانی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی لە بیروبۆچوون و ئاراستەی سیاسییان.
لەو روانگەیەوە رۆڵ و کاریگەری ئەو ناوەندە رۆشنبیرییە هەمیشە بایەخدار و گرنگ بووە لە رێگای کار و بەرنامەی هەمەجۆر و لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە و بە لە چاپدانی سەدان بەرهەم و کتێبی جۆراوجۆری بواری مەعریفی و ئەدەبی و ئەکادیمی، بۆیە ئەو پرۆژە و بەرهەمانەتان مایەی دەستخۆشی و پێزانینە.
بەو بۆنەیەوە پشتیوانی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە دووپات دەکەینەوە و بە هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر لە کار و پلانەکانتان...
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٤ـی٧ـی٢٠٢٢