ســەرۆک بــارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەکات
ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە سەلاحەدین ، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە مارک برایسن ڕیچاردسن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە دەیڤد ھانت ، کۆنسوڵی گشتیی بریتانیا لە ھەولێر ئامادەیی بوو ، دواین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی سیاسی عێراق و کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی عێراق و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکومەتی ئاییندەی عێراق تاووتوێ کران.
ھەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی جەختی لە پێویستیی پابەندبوونی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە پڕەنسیپەکانی شەراکەت و ھاوسەنگی و سازان کردەوە.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت حکومەتی عێراق ڕێز لە مافی خەڵکی کوردستان و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێت و هەموو لایەک ڕێز لە دەستوور و قەوارەی ھەرێمی کوردستان بگرن.