لە نیویورک رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسی باڵای کاروباری سیاسی بۆ دۆسیەی عێراق لە UN تاوتۆیی بواری مرۆیی و ئەمنی لە شنگال دەکەن

لە نیویورک رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسی باڵای کاروباری سیاسی بۆ دۆسیەی عێراق لە UN تاوتۆیی بواری مرۆیی و ئەمنی لە شنگال دەکەن

 

لە بارەگای گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویوڕک دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێز ئەکسیل وینمان بەرپرسی باڵای کاروباری سیاسی، سەرۆکی تیمی عێراق لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئاسیا کۆبوونەوە و چەند پرسێکی تایبەت بە هەماهەنگی حکومەتی هەرێم و یونیتاد و رەوشی ئاوارەکان و رەوشی شنگالیان تاوتوێ کرد.

لەم بارەوە دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە پێشوازی کردنی هەرێمی کوردستان لە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کرد، سەرەڕای دۆخی نالەباری ئابووری، هەروەها رۆڵی هێزی پێشمەرگە و قوربانییەکانی لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی داعش، و دوای ئازادکردنەوەی ناوچەکان لە دەست داعش بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا. لەلایەکی دیکەوە دۆخی ئێستای هەرێم لە بواری مرۆیی تەوەرێکی دیدارەکەمان بوو.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها وتی: لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم خرانە روو بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە هەموو سێکتەرەکان، هەروەها پابەندبوونی حکومەت بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و لەم رووەوە ئاماژەمان بە پەسەند کردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ و بوونی سەدان رێکخراوی ناوخۆیی و بیانی، دەزگای میدیایی کرد کە لە هەرێم ئازادانە کارەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن لەژێر رۆشنایی یاسا و رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لە ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال کرد و وتی: رێککەوتننامەی شنگال کە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی بە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان واژوو کراو، چارەسەرێکی گونجاوی ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکەیە، بەڵام نەتوانراوە رێککەوتننامەکە جێبەجێ بکرێت لەبەر بوونی هێزی دەرەکی و میلیشیای چەکداری کە رێگرن لەبەردەم جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە و گەڕانەوەی هێزە شەرعییەکان و ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوەش کرد کە ئەم بارودۆخە بۆتە هۆی ئەوەی تیرۆریستان دۆخەکە بقۆزنەوە و کردەوەی تیرۆریستی بە درێژایی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠) ئەنجام بدەن کەبەدەیان قوربانیی لێکەوتۆتەوە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی و هاووڵاتیانی سڤیلی ئەو ناوچانە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دیندار زێباری تیشکی خستە سەر هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و وتی: حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدات کارەکانی یونیتاد بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێن بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بریتییە لە دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش، لەوانە پێشکەش کردنی پرۆژەیاسای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش کە دادگای باڵای ئیتحادی رەتی کردەوە.

لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان، زێباری وتی: بە گرنگییەوە تاوتوێی هەوڵەکانی ئەم دواییەی لایەنە سەرەکییەکان هەرێمی کوردستانمان کرد بۆ یەکخستنی هەڵوێستیان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی هەریم بەتایبەتی بابەتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێم و رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەو رووەوە.

لەلایەن خۆیەوە بەڕێز ئەکسیل وینمان ستایشی رۆڵی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان بە ئامادەبوونی جنین بلاسخارت سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی نزیک کردنەوەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان.

لە نیویورک رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسی باڵای کاروباری سیاسی بۆ دۆسیەی عێراق لە UN تاوتۆیی بواری مرۆیی و ئەمنی لە شنگال دەکەن
Top