فەتحی محەمەد ڕاوێژكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: دەستپێكردنی پرۆسەی پێدانی پارەی گەنم دەستكەوتێكی گەورەی حكومەتە بۆ جووتیاران
ئاسایشی خۆراك بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەگەری كەمیی خۆراك بە یەكێك لە پرسە گرنگەكانی ئەم سەردەمە دادەنرێت، تاوتوێكردنی ئەم پرسە لە چوارچێوەی زامنكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێم لە یاسای ئاسایشی خۆراك و پشكی هەرێمی كوردستان لە بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان و كڕینەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیاران، تەوەرەی سەرەكیی دیداری گۆڤاری گوڵان بوو لەگەڵ فەتحی محەمەد ڕاوێژكاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
* دابینكردنی خۆراك و پاراستنی ئاسایشی خۆراكی بە پرسێكی گرنگ و خواستێكی سەرەكیی هاووڵاتیان دادەنرێت، ئێوە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی چۆن دەڕواننە ئەم پرسە و تا چەند توانراوە ڕێگا لە دروستبوونی قەیرانی خۆراك بگرن؟
- دابینكردنی خۆراك و ئاسایشی خۆراكی بە یەكێك لە پرسە گرنگەكانی ئەم سەردەمە دادەنرێت، بەتایبەتی لەگەڵ قەیرانی كۆرۆنا و شوێنەوارەكانی لەسەر ئابووریی جیهان و ئیفلیجبوونی كەرتی گواستنەوە و كەمبوونەوەی بەرهەم، ئەم پرسە گرنگییەكی تایبەتیمان پێ دا و ڕێگامان لە ئەگەری دروستبوونی قەیرانی خۆراكی لە هەرێمی كوردستان گرت، لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیاشدا دووبارە ئەم پرسە بە گەرمی لە ناوەندە جیهانییەكان و وڵاتان سەری هەڵداوەتەوە. لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وەكو بەشێك لە زامنكردنی ئەركی دابینكردنی خۆراك داناوە، بە خۆشحاڵییەوە زۆرترین سایلۆ و كۆگامان بۆ ئەمباركردنی گەنم دابین كردووە و لە ئێستادا توانای یەك ملیۆن تۆن ئەمباركردنی دانەوێڵەمان هەیە و ئاسانكاریی باشمان بۆ جووتیارەكان كردووە، تاوەكو بتوانن خۆراك دابین بكەن بۆ هاووڵاتیانی كوردستان و بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونیان بكڕینەوە، ئەمە وێڕای ئاسانكاری و پاڵپشتیكردنی بازرگانەكان و كۆمپانیاكان و بۆ هێنانی خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان، لە ئێستادا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە ڕێگەی تیمەكانیەوە زۆر بە وردی و چڕی چاودێری بارودۆخی بازاڕەكان دەكات و ڕێگا نادات گەمە بە خۆراك و كاڵا سەرەكییەكان بكرێت، یان كەرەستە و پێداویستیی خۆراكی ماوەبەسەرچوو لە بازاڕەكاندا ساغ بكرێتەوە. كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕ و دابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكان بۆ هەرێمێك كە نەگەیشتووەتە قۆناغی خۆبژێوی، كارێكی قورسە،چونكە نرخی شمەك و خۆراكەكان لە سەرچاوەی شوێنی بەرهەمهێنانیەوە گران بووە.
* دوای تێپەڕاندنی یاسای ئاسایشی خۆراكی لە پەرلەمانی عێراق، ئایا دەتوانرێت عێراق و هەرێمی كوردستان لە تەنگژەی خۆراك ڕزگار بكرێن؟ ئایا لەم ماوەیەدا كۆبوونەوەتان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق هەبووە؟ ئایا پرسی ئاسایشی خۆراك لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسییەكی گەورەی ئەوتۆدایە كە دەیان ترلیۆن دیناری بۆ تەرخان بكرێت؟
- هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش پێویستیان بە بەشە خۆراك و دابینكردنی خۆراك و پێداویستیی سەرەكیی ڕۆژانەیان هەیە، داشكانی بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی هەڵاوسانێكی توندی لێ كەوتووەتەوە، بۆیە بە تەئكید پێویستیمان بە هاوردەكردنی خۆراك هەیە و دابینكردنی ئەم خۆراكەش بڕ و پارەیەكی زۆری پێویستە، من ناڵێم پرسی ئاسایشی خۆراك لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەردەم مەترسییەكی گەورەدایە، بەڵام پێویستی بە تەرخانكردنی بڕە پارەیەكی زۆر هەیە، بەتایبەتی بۆ دابینكردنی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان كە لە ساڵی ڕابردوودا نەتوانرا هەموو مانگێك بەشە ئارد و بەشە خۆراكی هاووڵاتیان دابین بكرێت. دەربازبوون لەم مەترسی و ئەگەری قەیرانە، تەنیا لە ڕێگەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی كشتوكاڵییەوە دەبێت، واتا تا هەرێمی كوردستان لە بواری كشتوكاڵدا نەگاتە قۆناغی خۆبژێوی، هەر هیچ نەبێت لە بواری پێداویستییە سەرەكییەكانی هاووڵاتیان وەكو گەنم و دانەوێڵەكان، زەحمەتە ڕێگا لە گرانبوون و هەڵكشانی نرخەكان بگیرێت. سەبارەت بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا هەنگاوی باشمان بڕیوە و پەیوەندییەكانمان لە ئاستێكی باشدان، بەڵام زۆربەی یاساكانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق پێویستە هەموار بكرێنەوە، وەكو یاسای قەدەغەكردنی قۆرخكاریی و چەندین بواری دیكە، ئەمەش وەكو خۆئامادەكردنە بۆ ئەوەی عێراق كە هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەعێراق ببێتە ئەندامی كارای ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانی. بۆ وەڵامدانەوەی تەوەرەی دووەمی پرسیارەكەش كە تایبەتە بە یاسای ئاسایشی خۆراكی هەرێمی كوردستانیش بەشی لەو بڕە پارەیە هەیە كە تەرخان دەكرێت بۆ ئەو یاسایە، ئێمەش ساڵانە پشكمان لە بەشە خۆراكی ناو پسوولەی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان هەیە.
* چاوەڕێی ئەوە دەكرێت لە یاسای ئاسایشی خۆراك، قەرزی جووتیارانی كوردستان هی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 بدرێتەوە، پرسیار ئەوەیە میكانیزمی دانەوەی پارەی قەرزی جووتیارانی كوردستان چۆن دەبێت؟
- لە ماوەیەكی كەمدا دەست كرا بە پرۆسەی پێدانی نرخی گەنمی جووتیاران، ئەمەش دەستكەوتێكی گەورە و خزمەتێكی باشە بۆ برا جووتیارەكانمان، بەداخەوە لەساڵانی ڕابردوودا ئەو گرفت و كێشەیە زۆر بوو، بەوەی قەرزی جووتیارانی كوردستان بەتایبەتی هی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 نەدراوەتەوە. بۆیە یەكێك لە بڕگە سەرەكییەكانی گفتوگۆ و دیالۆگەكانی ئێمە لەسەر ئەم بابەتە بووە، ئەمساڵ هەر دوو كۆمپانیای خۆشناو و قەیوان ڕاستەوخۆ بەرهەمی جووتیاران دەكڕنەوە و لە سایلۆكانی عێراقیشدا بە هەمان شێوە گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت. لە 25ی مانگی ڕابردووەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕەزامەندی دراوە بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و ئەوە بوو لە 28 ی مانگ بە فەرمی وەرگرتنی گەنم دەستی پێ كرد و ئەمساڵ گەنمی پلە یەك و پلە دوو و پلە سێ هەڵگیراوە و هەموو جۆرە گەنمێك تەنی بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، بە هەندێك ڕسومات و مەرجەوە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لە 820 هەزار دینار كەمتر وەرناگیرێت. گەنمەكە لە سایلۆكان ئەمبار دەكرێن و دواتر بۆ ئاشەكانی دەنێرن و دەكرێتە ئارد و لە ڕێگەی بریكارەكانی خۆراكەوە بەسەر هاووڵاتیان دابەش دەكرێت، هەموو ئەم پرۆسەیەش لەسەر بودجەی سیادیی عێراقە.
* كەرتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان هەموو كات تەواوكاری كەرتی بازرگانیی عێراق بووە لەسەر ئاستی ئاڵووێری بازرگانیی ناوخۆ و دەرەوە، لەسەر ئاستی ئاڵووێری بازرگانیی ناوخۆش كە بەتایبەتی ئەم وەرزە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومی كشتوكاڵە لە كوردستان و گرنگە میكانیزمێك هەبێت بۆ ناردنی ئەم بەروبوومە بۆ بەشەكانی دیكەی عێراق، ئایا ئەمساڵیش وەك ساڵانی دیكە ڕێگری لە بەروبوومی كوردستان ناكرێت كە بۆ بەشەكانی دیكەی عێراق بنێردرێت؟
- پەیوەندیی باشی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەندی لە بەرژەوەندیی سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستاندایە، هەموو چین و توێژەكان و جووتیار و بازرگانەكان لە تەواوكاریی ئابووری و ئاڵووێری بازرگانیی نێوان هەردوو لا سودمەند دەبن، بگرە ئابووری و بازرگانیی عێراق و هەرێمی كوردستان دەبووژێتەوە. ڕۆژانە بە سەدان تۆن خۆراك لە هەرێمی كوردستان و بەپێچەوانەوە لە عێراقەوە ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكات. بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا كە بەرهەم و بەروبوومی جووتیاران پێ دەگات و پێویستیمان بە بازاڕە بۆ ساغكردنەوەی باشترین بازاڕ و نزیكترین بازاڕیش ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقە، ئەم ڕێگایە بێ كێشە و گرفت نییە، ئەجیندەی سیاسی و مەرام و بەرژەوەندیی تایبەتی زۆربەی جار ئاستەنگ و گرفتیش دروست دەكات، زۆر جار ئەم ئاستەنگ و گرفتانە بە مەبەستی گەندەڵی و بۆ بەدەستهێنانی بەرتیل و پارەیە.
* دیارە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی حكومەتی عێراق، بڕیاری داوە كە هەموو گەنمی جووتیارانی كوردستان بە 850 هەزار دینار بۆ هەر تەنێك و بە نەقد بكرێتەوە، ئەم پرۆسەیە چەند پرسیارێك هەڵدەگرێت، دەكرێت وردەكاریی زیاترمان لەسەر ئەم پرۆسەیە پێ بڵێیت؟
- كڕینەوەی گەنمی جووتیاران لەسەر بودجەی سیادیی عێراقە و تەنانەت ئاشەكان و دابەشكردنی بەسەر بریكارەكاندا لەسەر بودجەی سیادیی عێراقە. جووتیارێكی زۆر گەنم بۆ سایلۆكانمان دەهێنن، بەتایبەتی دوای ئەوەی حكومەتی عێراق چەكی پارەی خستووەتە سەر حیسابی بانكیمان و دوو ملیار دینار خراوەتە سەر حیسابمان، یەك ملیاری بۆ سلێمانی و یەك ملیاری بۆ هەولێر و دهۆك و قۆناغی یەكەمی پرۆسەكەش دەستی پێ كردووە، لە ئەمساڵدا ڕەچاوی ئەوە ناكرێت جووتیار چەند زەوی هەیە و بەپێی ڕووبەری زەوییەكەی ڕێژەی ئەو گەنمەی بۆ دیاری دەكرا كە لێی وەردەگیرا، هەروەها گەنمی پلە یەك و دوو هەڵگیراوە و پارەكەی ڕاستەوخۆ دەدرێتێ و ڕەچاوی cd جووتیارەكەش ناكرێت كە پێشتر بە پێی ڕووبەری زەوییەكەی ئەو بڕە گەنمەی بۆ دیاری دەكرا كە لێی وەردەگیرا. واتە هیچ كێشەیەك نییە كە ببێتە هۆی ڕاوەستانی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و ئەو فشارەی لەسەر سایلۆكانە چارەسەر دەكرێت و لە هەرێمی كوردستان توانای وەرگرتنی 600 هەزار تۆن گەنم هەیە و 150 هەزار تەنی دیكەش لە ڕێگەی تەنكەرەكانەوە دەتوانین وەربگرین، ئەگەر لە ساڵێكدا 10 وەجبەی بەشە خۆراك ئارد دابەش بكەین، پێویستیمان بە 750 هەزار تەن گەنم هەیە، خۆ ئەگەر 12 وەجبە دابەش بكەین ئەوا پێویستیمان بە 950 هەزار تەن گەنم دەبێت. كەواتە هەرێمی كوردستان پێویستی بە هێنانی گەنم و ئارد هەیە، ئەو بەرهەمەی گەنم كە ساڵانە بەرهەم دەهێندرێت بەپێی پێداویستییەكانی ناوخۆ نییە، عێراقیش بە هەمان شێوە لە دەرەوە گەنم دەهێنێت، كە ساڵانە پێویستی بە 5 ملیۆن تەن گەنم هەیە كە لە ناوخۆدا تەنیا 2 بۆ 3 ملیۆن تەن وەردەگیرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت لە دەرەوە بیهێنێت. لە ئێستادا وەزارەتی بازرگانی ڕەزامەندی وەرگرتووە بۆ كڕینی 3 ملیۆن تەن گەنم لە دەرەوەی وڵات و لەم بڕە گەنمەش بەشی هەرێمی كوردستانی تێدایە.