حه‌سه‌ن شه‌ریف، له‌باره‌ی بڕگه‌ی هونه‌ری له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان تێبینی هەیە

حه‌سه‌ن شه‌ریف، له‌باره‌ی بڕگه‌ی هونه‌ری له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان تێبینی هەیە

هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن شه‌ریف، له‌باره‌ی بڕگه‌ی هونه‌ری له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان له‌ دهۆك: بۆ ده‌بێ هونه‌ری بێگانه‌مان له‌هی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌لاوه‌ به‌ قیمه‌تتر بێت .

ئاماده‌كردن: عیسا بۆتانی

هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی كورد (حه‌سه‌ن شه‌ریف) كه‌ مێژوویه‌كی له‌مێژینه‌ی هه‌یه‌ له‌ خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی و هونه‌ری شۆڕشگێڕی و ساڵه‌هایه‌ بۆ كوردستان و ئازادی گۆرانی ده‌چڕێت، ئه‌و ناوێكی دیاره‌ له‌هونه‌ری كوردیی و به‌ گۆرانیبێژی پێشمه‌رگه‌ ناسراوه‌، بۆ بێبه‌شكردن و پشتگوێخستنی هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ بڕگه‌ی هونه‌ری ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی سێیه‌می قوتابیانی زانكۆی ئه‌مریكی كوردستان له‌ دهۆك و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی تورك به‌ناوی (مسته‌فا جه‌جه‌لی) له‌سه‌ر حیسابی هونه‌رمه‌ندانی كورد، نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی: (بوونی زانكۆیه‌كی پێشكه‌وتووی وه‌كو زانكۆی ئه‌مریكی له‌ وڵاته‌كه‌مان و له‌ شاره‌كه‌مان و، كچ و كوڕه‌كانمان له‌ مه‌ڵبه‌ندێكی زانستی ئاستبه‌رز پێبگه‌ن بۆ ئێمه‌ خه‌ونێك بوو، پیرۆزبایه‌كی گه‌وره‌ له‌ ده‌رچووان و ماڵباته‌كانیان و هه‌موو كوردستانییان ده‌كه‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئاهه‌نگه‌كه‌ ئازاریدام ئه‌وه‌بوو كه‌ رێكخه‌رانی ئاهه‌نگه‌كه‌ هونه‌رمه‌ندانی كوردیان په‌راوێزخست؛ ئه‌وه‌یان زۆر جێی ره‌خنه‌یه‌).

‌ئه‌و زیاتر به‌رپرسیارییه‌تی خسته‌ سه‌ر رێكخه‌رانی ئاهه‌نگه‌كه‌ له‌وه‌ی هونه‌ری كوردیی له‌و رێوڕه‌سمه‌دا وه‌كو پێویست بوونی نه‌بووه‌، له‌مڕووه‌شه‌وه‌ شه‌ریف ده‌ڵێت: (بۆچی ده‌بێت ئه‌وه‌نده‌ بێگانه‌ په‌رست بین، ده‌بوو ئه‌وانه‌ی ئه‌ركی رێكخستن و به‌ڕێوه‌بردنی لایه‌نی هونه‌ری و بانگهێشتكردنی هونه‌رمه‌ندان و دانانی بڕگه‌ و به‌رنامه‌كانیان له‌ ئه‌ستۆ بوو، كوردانه‌تر ئه‌و كاره‌یان بكردبوایه‌). هاوكات هونه‌رمه‌ندی ناوداری كورد حه‌سه‌ن شه‌ریف داكۆكی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌دژی هونه‌ری هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نیه‌، به‌ڵام هونه‌ری كورد نابێت به‌كه‌م سه‌یر بكرێ... ئه‌و درێژه‌ی به‌ قسه‌كانی دا و گوتی: (ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌دژی مۆزیك و هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی هیچ میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بین، به‌ڵام ته‌نانه‌ت كاتێك هونه‌رمه‌ندێكی تورك به‌ناوی مسته‌فا جه‌جه‌لی كه‌ پێشتر له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌ له‌ته‌ك كچه‌ هونه‌رمه‌ندێك گۆرانییه‌كی بۆ دهۆك گوتووه‌... له‌ زۆرێك له‌ كه‌ناڵ و میدیاكانمان زۆرترین بایه‌خ و فۆكسی ده‌خرێته‌ سه‌ر و زۆربه‌ی كاته‌كان په‌خش ده‌كرێت... ئه‌مه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی بێڕیزی به‌ هونه‌ری كورد بكرێ و قاچ بخر‌ێته‌ سه‌ر شڤان په‌روه‌ر و هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی كورد. هیوادارم وه‌ها لێكدانه‌وه‌ی بۆ نه‌كرێ كه‌ ئێمه‌ مرۆڤێكی نه‌ژادپه‌رست و له‌دژی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ بین... به‌ڵام په‌راوێزخستن و پشتگوێ خستنی هونه‌ری كورد جێی سه‌رنج و ره‌خنه‌ی ئێمه‌یه‌).

شه‌ریف خۆزگه‌ی خواست كه‌ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ درێژایی مێژوو كوردستانیان داگیركردووه‌ به‌وه‌ رازی بن له‌ژێر ئاڵای كوردستان گۆرانی بخوێنن و ژیان و هونه‌ر به‌ كورد ره‌وا ببینن، له‌مباره‌شه‌وه‌ گوتی: (خۆزگه‌ ئاهه‌نگ و فێستیڤاڵی گه‌وره‌ له‌هه‌موو شاره‌كانی هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی رێكبخرێن و هونه‌رمه‌ندانی ناوداری ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی ساڵه‌هایه‌ زمانمان لێ قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن و ده‌مانچه‌وسێننه‌وه‌ بێن و له‌بن سێبه‌ری ئاڵای كوردستان گۆرانی بچڕن و قه‌بوڵی ئه‌مه‌ بكه‌ن... قه‌یناكا، به‌ڵام كاتێك هونه‌رمه‌ندانی كورد پشتگوێ ده‌خرێن و له‌سه‌ری حیسابی ئه‌وان ده‌بێت، به‌مه‌ قه‌ڵس و ناڕه‌حه‌ت ده‌بین). (بۆ ئێمه‌ جێی دڵخۆشییه‌ كاتێك سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌تی كوردستان له‌ رێوڕه‌سمی ده‌رچوونی كوڕ و كچانی وه‌ڵاته‌كه‌مان له‌ زانكۆی ئه‌مریكی ئاماده‌ ده‌بن و پیرۆزباییان لێ ده‌كه‌ن.... ئه‌مه‌ زۆر دڵخۆشی كردم وله‌ خۆشیادا خه‌ریكبوو باڵ بگرم، به‌ڵام كه‌ دواتر بینینم له‌سه‌ر حیسابی هونه‌رمه‌ندانی كورد هونه‌رمه‌ندێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌هێندرێته‌ پێشه‌وه‌، ئه‌مه‌ زۆر كارێكی ناشایسته‌ و نابه‌جێ بوو بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ی بڕگه‌ی هونه‌ری له‌ ئاهه‌نگه‌كه رێكخستبوو. ده‌بوو مافی هونه‌رمه‌ندانی كورد بپارێزرێ؛ نه‌وه‌ك هونه‌ری میلله‌تانی دیكه‌مان به‌لاوه‌ به‌رز و به‌قیمه‌تتر ‌بێت... نه‌ده‌بوو رێكخه‌رانی ئاهه‌نگه‌كه‌ كارێكی وه‌ها بكه‌ن)، دواجار هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن شه‌ریف له‌به‌رامبه‌ر كه‌مبایه‌خ سه‌یركردنی هونه‌ری كوردیی وه‌ها هه‌ستی خۆی هێنایه‌زمان.

Top