ستروان ستیڤێنسۆن ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ گوڵان: داگیركارییەكەی پوتین بۆ ئۆكرانیا بووەتە هۆی بەهێزكردنی ناتۆ
ستروان ستیڤێنسۆن سەرۆكی كۆمەڵەی ئەوروپییە بۆ ئازادیی عێراق و پێشتر ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و نوێنەری سكوتلەندا بووە لە ساڵانی ( 1999-2014) و سەرۆكی شاندنی پەرلەمانی ئەوروپا بووە بۆ پەیوەندییەكان لەگەڵ عێراقدا لە ساڵانی (2009-2014). گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدارەوە.
* چۆن لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەڕوانیت و، ئایا پێت وایە ئەم شەڕە چ گۆڕانكارییەكی بە دوای خۆیدا هێناوە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و لە سیستمی نێودەوڵەتیدا؟ ئایا دەكرێت بڵێین ئەمە شەڕێكی بە وەكالەتە لە نێوان دوو جەمسەر، یان هێزی جیهانیدا و، ئەمە گەڕانەوەیەكی هاوشێوەیە بۆ سەروەخت و سەردەمی شەڕ سارد؟
- لە ڕاستیدا پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا ڕۆژئاوا چی پێ دەكرێت لە بەرامبەر تاكڕەوێكی سەرەڕۆدا، كە هەوڵی داگیركردنی دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری دەدات و، بۆردومانی گەورەترین دامەزراوەی ناوكیی ڕۆژئاوا دەكات و، سەرقاڵی وێرانكردن و كاولكردنی شارەكانە و، خەریكی مووشەكبارانكردنی نەخۆشخانە و قوتابخانەكانە و، ئافرەتانی دووگیان ناچار دەكات لە وێستگەكاندا منداڵیان ببێت و، هەزاران پیاو و ئافرەت و منداڵی كوشتووە و كەمئەندام كردووە، پتر لە سێ ملیۆن كەسی ناچار بە دەربەدەری و ئاوارەیی كردووە و بانگەشەی ئەوە دەكات كە شەڕ لەگەڵ حكومەتێكی نازیدا دەكات، ئەمە سەرباری ئەوەی كە سەرۆكی ئەم وڵاتە- زیلینیسكی- خۆی كەسێكی جوولەكەیە. لە ڕاستیدا دەتوانین لەم ڕووەوە ئەوە بڵێین كە ئەمە دووبارەبوونەوەی ئەو ڕووداو و كارەساتانەن كە لە ساڵی 1939دا ڕوویان دا، كە بوونە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگی دووەمی جیهانی و، ئێستا لە دەروازەی ئەوروپادا ڕوو دەدەن. لە هەمان كاتدا دەكرێت بگوترێت كە تەنگژە و قەیرانی ئۆكرانیا بووەتە هۆی یەكخستنی ڕای جیهانی لە دژی سەرۆك ڤلادمیر پوتین و ڕووسیا، بە چەشنێك كە پێشتر وێنەی نەبووە.
لەگەڵ داگیركردنی ئۆسیتیای باشوور و ئەبخازیا لە جۆرجیا لە ساڵی 2008، سەرۆك ڤلادمیر پوتین دەیوست بزانێت كە كاردانەوە و پەرچەكرداری ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چین لە بەرامبەر پەنابردن بۆ بەركارهێنانی توندوتیژی و زەبروزەنگ، ڕووسیا بۆی دەركەوت كە خواستێكی كەم هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ورچە ڕووسییەكە، كەواتە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێت بگوترێت كە شكستی ڕۆژئاوا بۆ گرتنەبەری كاردانەوە لە بەرامبەر كارەسات و تراژیدیای جۆرجیا گلۆپی سەوزی بۆ ڤلادمیر پوتین هەڵكرد، بۆ برەودان بە بانگەشەكانی لە ئاستی ئۆكرانیادا. لە مانگی ئازاری ساڵی 2014دا ئەو ئامانجەكەی خۆی بەدەست هێنا، ئەوە بوو هەرێمی كریمیا و شاری سێڤاستۆپۆڵی كردە بەشێك لە وڵاتەكەی.
* ئێوە باسی ئەوەتان كرد كە شكستی ڕۆژئاوا لە بەرپەرچدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی هەوڵ و هەنگاوەكانی پێشتری ڕووسیا بووە هۆی ئەوەی ڕووسیا بوێری بكات پەنا بۆ كردار و هەنگاوێكی لەم چەشنە بەرێت و هێرش و داگیركاریی سەربازی بكاتە سەر دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری، ئایا پێت وایە ئەمە تەنیا پاڵنەری سەرەكیی ڕووسیا بوو بۆ پەلاماردانی وڵاتی ئۆكرانیا، یان هۆكار و پاڵنەری دیكەش هەبوون؟
- كاتێك لە مانگی شوباتی ساڵی 2009دا لە مۆسكۆ ڤلادمیر پوتینم بینی، ئەو كاتە من جێگری سەرۆكی پارتی گەلی ئەوروپی بووم. من لەگەڵ شاندێكی پایەبەرزی پەرلەمانی ئەوروپی بووم و، تەنیا نوێنەری بەریتانیا بووم لەم شاندە بچووكەدا، ئێمە داوای كۆبوونەوەمان كرد بۆ تاوتوێكردنی پرسی قەیران و تەنگژەی وزە، كە لەو كاتەدا و لە وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی ئەوروپای ڕۆژهەڵات ببووەوە، چونكە لەو وەختەدا دەستەبەركردنی غاز لە ڕووسیاوە ڕاوەستابوو لە میانەی هەلومەرجێكی سەخت و سەرما و سۆڵەدا، كە بووە هۆی ئەوەی كەسانێكی زۆر گیان لەدەست بدەن لە پۆڵەندا و ڕۆمانیا و وڵاتانی دیكەی ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات، پوتین بە تووڕەییەوە كاردانەوەی پیشان دا لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی گوایە گازپرۆم دەستەبەركردنی غازی بۆ یەكێتیی ئەوروپا ڕاگرتووە، ئەو گوتی كە بۆریی غاز بۆ یەكێتیی ئەوروپا بە وڵاتی ئۆكرانیادا تێدەپەڕێت و، ئۆباڵەكەی خستە ئەستۆی ئۆكرانییەكان بۆ شكاندنی بۆرییەكە و دزینی غازی دەستەبەركراو بۆ یەكێتی ئەوروپا، واتە لەو كاتەشدا دژ بە ئۆكرانییەكان بوو.
ئێمە لە ڤلادمیر پوتینمان پرسی بۆچی ئەوروپای ڕۆژهەڵات سەرجەم نیشان و ئاماژەكانی یەكێتیی سۆڤییەتی پێشوویان لابردووە و كەچی هێشتا لە مۆسكۆدا نیشانە و ئاماژەكانی چەكوش و داس و ئەستێرە سوورەكان لە ئارادان و، لە نزیكەی سەرجەم باڵەخانە گشتییەكاندا بەدی دەكرێن؟ پوتین بە نیگا پۆڵایینەكەی لە ئێمەی ڕوانی و هەرگیز چاوە شین و گورگ ئاساكانی نەدەلەرزین كاتێك ڕوونی كردەوە: بۆ جەماوەرێكی گەورەی گەلەكەمان كە لەو سەروەخت و سەردەمەدا ژیان، ئەوا یەكێتیی سۆڤییەتی زۆر گرنگ بوو لە تێڕوانین و دیدی ئەواندا، كەواتە ئێمە نامانەوێت ئەو ڕەمزانە تێكبشكێنین و پێیان بڵێین كە ژیانیان بە هەدەر و بە فیڕۆ چووە.
وەڵامەكەی پوتین ئەوەی بۆ ئێمە ڕوون كردەوە كە دڵسۆزی و هاوسۆزیی ئەو بە چ ئاقار و ئاراستەیەكدایە و، تەنانەت لەو كاتەدا پلانی داگیركردنی ئۆكرانیا و گێڕانەوەی خاكی پێشووی یەكێتیی سۆڤییەتی لەلا گەڵاڵە ببوو. كەواتە لەم ڕووەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە ساڵانێك بوو سەرۆكی ڕووسیا هەوڵی گێڕانەوە و بەدەستهێنانەوەی مێژووی ئیمپریالیستی وڵاتەكەی دەدا لە ڕێی گرتنەبەری ستراتیژیەتێكەوە كە لە سەردەمی ئیڤانی ترسناكەوە داڕێژدراوە و پیادە كراوە، كە دواتر فەرمانڕەواكانی دوای خۆی پەیڕەوییان لێ كردووە. پوتین خۆی بە قەیسەرێكی نوێ دەزانێت و بڕیارەكەشی بۆ پەنابردنەبەر داگیركردنێكی بەربڵاوی وڵاتی ئۆكرانیا، كاریگەری و دەرئەنجامی كارەساتباری لێ دەكەوێتەوە لەسەر ئاستی جیهان، وەك كارمەندێكی پێشووی دەزگای هەواڵگریی یەكێتیی سۆڤییەت- كەی جی بی- لە ئەڵمانیای ژێر كۆنتڕۆڵی یەكێتیی سۆڤییەتدا، ئەوا هەمیشە پوتین پەیماننامەی وارشۆی بە پەرەسەندنێكی باڵا و ڕووخانی یەكێتیی سۆڤییەتی – 1991- بە شكست و نشوستێكی كاتی لێك دەدایەوە. لە ئێستادا و دوای ئەوەی توانی سەركەوتووانە بەشێكی گەورەی جۆرجیا و تەواوی هەرێمی كریمیا داببڕێت و بیكاتە بەشێك لە وڵاتەكەی خۆی، بە بێ ئەوەی ڕووبەڕووی كاردانەوەیەكی بەرچاوی ڕۆژئاوا ببێتەوە، ئەوا درێژە بە ڕەوتە دەستدرێژكارییەكەی دەدات و برەوی پێ دەدات. هەروەها ڤلادمیر پوتین لە بارێكی ئاسوودەییدا بوو كاتێك ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە چەشنێكی پڕ لە پشێوی هێزەكانی لە وڵاتی ئەفغانستان كشاندەوە و سەركەوتنی بۆ تاڵیبان مسۆگەر كرد، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو دوچاری سەرسوڕمان و بگرە ناڕەحەتی و نیگەرانی بووەوە كاتێك ڕۆژئاوا كاردانەوەیەكی بەربڵاو و یەكگرتووانەی گرتەبەر لە ئاستی داگیركارییەكەی بۆ ئۆكرانیا، كە بوونە هۆی ئەوەی گورز لە ئابووریی ڕووسیا بدرێت، هەروەها ئەو ناڕەحەت بووە بە بێ توانایی سوپای ڕووسیا و شكستە یەك لە دوای یەكەكانی لەسەر دەستی ئۆكرانییەكان.
پوتین بیروبۆچوون و دیدگای خۆی نەشاردووەتەوە لە ئاست ئۆكرانیادا و، لە وتارێكدا كە لە تەمووزی ساڵی 2021دا بڵاوی كردەوە، نووسیویەتی: «من باوەڕم وایە كە سەروەریی ڕاستەقینەی ئۆكرانیا تەنیا بە هاوبەشی لەگەڵ ڕووسیادا بەدی دێت». پوتین ڕایگەیاند كە ئەو نیگەران بووە كە ئۆكرانیا لە لیستی ئەو وڵاتانەدا بوو كە ئومێد و خواستی ئەوەیان هەبوو بچنە نێو ڕێكخراوی ناتۆوە، ئەو ئەم پەرەسەندنەی بە هەڕەشە بۆ سەر ڕووسیا لێك دایەوە و، داوای زەمانەتی لە ڕۆژئاوا كرد كە نابێت ڕێگە بدەن هەرگیز ئەمە ڕوو بدات. لە ڕاستیدا داگیركارییەكەی پوتین بۆ ئۆكرانیا كاردانەوەی زۆر پێچەوانەی لێ كەوتووەتەوە، تەنانەت ئەو وڵاتانەی پێشتر وڵاتی بێلایەن بوون وەك سوید و فنلەندا لە ئێستادا هەوڵ دەدەن و دەیانەوێت ببنە ئەندامی ناتۆ، داگیركارییە نایاساییەكەی پوتین بۆ ئۆكرانیا بووەتە هۆی بەهێزكردن و پتەوكردنی ڕێكخراوی ناتۆ.
* باشە، دوای ئەو هەموو پەرەسەندن و كاردانەوانە پێت وایە لە ئێستادا ڕەوتی شەڕەكە بە چ ئاقار و ئاراستەیەكدا دەڕوات، بە واتایەكی دیكە ئایا پێت وایە بەرەو هەڵكشانی زیاتر و بەرفراوانبوون و بەربڵاوبوونی پتر دەڕوات، یان دەرفەتی ئەوە هەیە لە ڕێی گفتوگۆوە چارەسەر و ڕێككەوتنێك بێتەئاراوە كە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پێی ڕازی بن و پێوەی پابەند بن؟
- لە ڕاستیدا خودی سەرۆك ڤلادمیر پوتین ددانی بەوەدا ناوە كە لە میانەی 100 ڕۆژی شەڕەكەیدا لەگەڵ ئۆكرانیا، 30 هەزار سەربازی ڕووسیا گیانیان لەدەست داوە، كە ڕەنگە ژمارەكە لەوە زیاتریش بێت، ئەمە هاوشان بە تێكشكانی ژمارەیەكی زۆری ئامێری سەربازی و تانك و فڕۆكە و هیلیكۆپتەر و تەنانەت كەشتیگەلی دەریای ڕەش-مۆسكڤا-. لەم ڕووەوە بەڵگەیەكی زیاتر بەدی دەكرێت لە نێو نائارامی و ناڕەحەتی لە نێو ڕیزەكانی سوپای ڕووسیادا، هەموو ئەمانە لەپاڵ ڕێكار و هەنگاوەكانی سزادان لەلایەن ڕۆژئاواوە دژ بە چینی ئۆلیگارشی ڕووسیا، من پێشبینیی ئەوە دەكەم كە لە ئێستادا پلانێك لە ئارادا بێت بۆ ئەوەی ڤلادمیر پوتین لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە و، كەسێك لە جێی ئەو دەسەڵات بگرێتەدەست، كە ببێتە سەرۆكێكی میانڕەوتر و شەڕەكە كۆتایی پێ بهێنێت و لەگەڵ ڕۆژئاوادا هەوڵی ئاشتەوایی بدات.