به‌رپرسیاریه‌تى قۆناغی دوازده‌ى ئاماده‌یی

به‌رپرسیاریه‌تى قۆناغی دوازده‌ى ئاماده‌یی



بیرمه‌ندی سعودی و مامۆستاى زانكۆ سه‌لمانى عوده‌ ده‌لێ" كرۆكی سه‌ركه‌وتن چوارن: پلاندانان، كاركردن، ئارام گرتن، پشت به‌ستن به‌ خوداى گه‌وره‌".
له‌ ئێستادا كه‌ خوێندنى (2021-2022) به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕوات و تاقیكردنه‌وه‌كانى خولى یه‌كه‌مى سه‌رجه‌م قۆناغه‌كان جگه‌ له‌ قۆناغی دوازده‌ ئه‌وانى تر ته‌واو بوون و ئه‌نجامه‌كانیش وه‌رگیراونه‌وه‌، ئێستا ئێمه‌ به‌رامبه‌ر گرنگترین وێستگه‌ی ئه‌و ساڵى خوێندن وه‌ستاوین و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین ئه‌ویش تاقیكردنه‌وه‌كانی وه‌زارین بۆ قۆناغی دوازده‌ى ئاماده‌یی به‌هه‌موو به‌شه‌كانیه‌وه‌ كه‌ ڕۆژانى داهاتوو ته‌واو جیاوازن بۆ قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كانمان، له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌ قۆناغێكى كاریگه‌ر و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ داده‌نرێت له‌ ته‌واوى ژیان و پاشه‌ڕۆژی قوتابیان كه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌ر قوتابیه‌كانمان هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه‌ و تواناكانیان كۆبكه‌نه‌وه‌ و گرد بكه‌نه‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قۆناغه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی، بێگومان گرنگه‌ قوتابیانمان بزانن قۆناغی دوازده‌ى ئاماده‌یی قۆناغی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ و چاره‌نووسازه‌ بۆ دیارى كردن و ده‌ستنیشان كردنى پاشه‌ڕۆژیان، قوتابیان ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانن ئه‌وان یه‌كه‌م كه‌س نین كه‌وا به‌و قۆناغه‌دا ده‌ڕۆن هه‌موو ده‌رچووانى ئاماده‌یی له‌ مێژینه‌ و ئێستاش به‌و قۆناغه‌ وه‌زارییه‌ دا ڕۆیشتوون و سه‌ربه‌رزانه‌ لێی ده‌رچوون، واته‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ترس و دڵه‌ ڕاوكێ ناوێت ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ قوتابی پێویسته‌ پلانی هه‌بێت و بخوێنێ و په‌له‌نه‌كات و ئارام بێت و پشت به‌خواى گه‌وره‌ ببه‌ستێ و بڕوا و متمانه‌ى به‌ خوداى گه‌وره‌ و به‌خودی خۆى هه‌بێت كه‌ ده‌توانی سه‌ركه‌وتوانه‌ ئه‌و قۆناغه‌ تێ په‌رێنێ و نمره‌ى باش به‌ده‌ست بهێنێ و له‌و كۆلێژ و زانكۆیه‌ وه‌ربگیرێ كه‌ خواست و مه‌به‌ست و ئاره‌زوویه‌تى، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێ ئه‌وه‌ له‌ بیر بكات كه‌ هه‌رده‌م دایك و باوك و خانه‌واده‌ى قوتابی چاوه‌ڕێی ئه‌نجامى باش له‌ منداڵه‌كانیان ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌ درێژایی دوازده‌ ساڵ به‌ به‌رده‌وامى خزمه‌ت و پاڵپشت و فه‌راهه‌م كردنى سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانى منداڵه‌كانیان، كاتى ئه‌وه‌یه‌ دڵیان خۆش بێت به‌ ڕه‌نج و ماندوو بوون و شه‌ونخوونی منداڵه‌كانیان كه‌ هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ یه‌ك دڵخۆشى كۆیان ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ویش ده‌رچوون و تێ په‌ڕاندنی قۆناغی دوازده‌ى ئاماده‌ییه‌، هه‌روه‌ها مامۆستایان و ده‌سته‌ى كارگێڕى قوتابخانه‌كان چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامى باش له‌ قوتابییه‌كانیان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ناوى قوتابخانه‌كه‌یان به‌رز ڕابگرن و كێبڕكێ قوتابخانه‌كانى تری پێ بكه‌ن، واته‌ ئه‌وانیش به‌ تاسه‌وه‌ چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامی باشى قوتابییه‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌هه‌مان شێوه‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ قوتابخانه‌ و پڕۆگرام و پێداویستییه‌كانى قوتابخانه‌ و مووچه‌ى مامۆستایان دابین ده‌كات له‌ پێناو ئه‌وه‌ى قوتابییه‌ خۆشه‌ویسته‌كان بتوانن به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و قۆناغه‌ ببڕن و ببنه‌ ئه‌ندامێكی كارا و سوودبه‌خش بۆ كۆمه‌ڵگه‌، كه‌واته‌ لێره‌دا قوتابییه‌ ئازیزه‌كانمان به‌ خوێندن و پێداچوونه‌وه‌ و سووربوونیان له‌ سه‌ر ده‌رچوون و بڕینى قۆناغی دوازده‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی وه‌ڵام و گێڕانه‌وه‌ و هێنانه‌وه‌ى ئه‌رێنى و دڵخۆشى و شادومانی بۆ خانه‌واده‌ و خێزان و مامۆستایان و ده‌سته‌ى كارگێڕى قوتابخانه‌كه‌ له‌و كاته‌ دا به‌رده‌وام قوتابی هه‌ست به‌ ئاسوده‌یی و سه‌ربه‌رزی و شكۆمه‌ندی ده‌كات.
ئه‌لێره‌دا پێویسته‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانى په‌روه‌رده‌ و به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌رده‌وام هه‌ڵمه‌تێكی چڕ ئه‌نجام بده‌ن بۆ وشیاركردنه‌وه‌ى ڕاگه‌یاندن له‌ رێگاى سه‌رجه‌م هۆیه‌كانى گه‌یاندن و وشیاركردنه‌وه‌ بۆ دڵنیایی كردنه‌وه‌ى قوتابییه‌ ئازیزه‌كانمان و ئاگاداركردنه‌وه‌ى خانه‌واده‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ گرنگى ئه‌و قۆناغه‌ و چۆنیه‌تى هه‌ڵسوكه‌وت كردن و ڕه‌فتاركردن له‌گه‌ڵیان له‌ پێناو خزمه‌ت كردنى منداڵه‌كانمان، هه‌روه‌ها ڕه‌واندنه‌وه‌ى هه‌ر جۆره‌ ترس و دوو دڵی یه‌ك و دروست كردنی دڵنیایی ومتمانه‌ بۆ قوتابییان و خانه‌واده‌كانیان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ خانه‌واده‌كانیان چاودێری و ڕه‌چاوی ئه‌و ماوه‌یه‌ بكه‌ن، هه‌وڵ بده‌ن هیچ جۆره‌ ئاسته‌نگ و كێشه‌یه‌ك دروست نه‌كه‌ن و ژینگه‌ و كه‌شێكى له‌ بارو گونجاو و دڵخۆشكه‌ر بۆ منداڵه‌كانیان بڕه‌خسێنن و هانیان بده‌ن و دڵنیایان بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و قۆناغه‌ تێ ده‌په‌ڕێنن.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

 

Top