جۆن تیرمان بەڕێوەبەر و توێژەری باڵا لە سەنتەری دیراساتی نێودەوڵەتی لە ئەنستیتوتی تەقەنی ماساشوسێتس بۆ گوڵان: ئێران پێی وایە دەتوانێت بە هۆی شەڕەكەی ڕووسیاوە سازش بە ئەمریكا بكات

جۆن تیرمان  بەڕێوەبەر و توێژەری باڵا لە سەنتەری دیراساتی نێودەوڵەتی لە ئەنستیتوتی تەقەنی ماساشوسێتس بۆ گوڵان:     ئێران پێی وایە دەتوانێت  بە هۆی شەڕەكەی ڕووسیاوە سازش بە ئەمریكا بكات

 

 

جۆن تیرمان بەڕێوەبەر و توێژەری باڵایە لە سەنتەری دیراساتی نێودەوڵەتی لە ئەنستیتوتی تەقەنی ماساشوسێتس، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك چارەسەری ناكۆكییەكان، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی دەرەوە و تیرۆریزم. پرسی شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و لێكەوتە و دەرهاویشتەكانی لەسەر كێشە و بەرەوپێشچوونەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیە و، چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیمانەیەكی گوڵان لەگەڵیدا.

 

* لە باسكردنی كاریگەری و دەرهاویشتەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، ئایا پێت وایە ئەم شەڕە كاریگەرییەكی دیاریكراوی هەبێت لەسەر ئەم ناوچەیە، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە ڕەوت و ڕەوشی گفتوگۆكانی پەیوەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە و، بە تایبەتتر لەسەر هەڵوێستی ئێران و، ئایا ئەم شەڕە بووەتە هۆی ئەوەی ئێران لە پێگەیەكدا بێت كە ئامادە نەبێت هیچ سازشێك بكات؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی دەكرێت لێرەدا ئاماژەی پێ بكرێت، ئەوەیە كە یەكێك لەو هۆكارانەی كە ئێران وەڵامدانەوەی نییە بۆ داواكاری و گوشارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەوەیە كە هەست دەكات ئەمریكا لە پێگەیەكی لاوازدایە، هەروەها ئەوروپاش لە پێگەیەكی لاوازدایە، چونكە ئەمریكا و هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی نەیانتوانی ڕێگری بكەن لە ڕوودانی داگیركاری و هێرشكردنەسەر ئۆكرانیا، لە هەمان كاتدا دەستتێوەردانیان لە بەرژەوەندیی ئۆكرانیا نەكردووە، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە سەرۆكی ڕووسیا ڤلادمیر پوتین بڕیاری داگیركردنی ئۆكرانیای دا. ئەگەرچی ئێستا ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە ڤلادمێر پوتین دوچاری شكست بووەتەوە و ناتوانێت ئامانجەكانی لە شەڕەكەدا بەدی بهێنێت، ئەویش لەبەر ئەوەی سوپای ڕووسیا ئەدایەكی زۆر خراپ و لاوازی هەبوو، كەواتە ئێران لە دۆخەكە دەڕوانێت و پێی وایە دەتوانێت سازشی زیاتر بە ئەمریكا بكات و دەتوانێت پێداگری لەسەر مەرجەكانی بكات، كە ئەمەش بە ئەنجامێكی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێی شەڕی ئۆكرانیا لێك دەدرێتەوە لەم ڕووەوە.

* هەر لە پەیوەندی بە كاریگەرییەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، ئایا پێتان وایە ئەم شەڕە چەند كاریگەریی دەبێت لەسەر دەستڕۆیشتوویی ڕووسیا لەم ناوچەیەدا و بە تایبەتی لە سووریا و، ئایا ئەمە چ ڕەنگدانەوەیەكی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل، بە حوكمی ئەوەی ئیسرائیل هەمیشە هێرش دەكاتە سەر پێگە و بەرژەوەندییەكانی ئێران لە سووریادا و ڕووسیاش بوونێكی بەهێزی سەربازیی لەو وڵاتەدا هەیە؟

- ئیسرائیل خۆی لە دۆخێكی هەستیاردا دەبینێتەوە، چونكە لەلایەك ئیسرائیل خۆی بە بەشێك لە جیهانی ڕۆژئاوا دەزانێت و بەهێزترین هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە لە تەواوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە هەمان كاتدا پەیوەندیی باشی لەگەڵ ڕووسیادا هەیە، بە تایبەتی لە پەیوەندی بە هاوكاری و هەماهەنگییانەوە لە بارەی ڕەوش و دۆخی سووریا، كە وەك ئاشكرایە ڕووسیا پێگەیەكی سەربازیی بەهێزی لە سووریا هەیە، بە تایبەتی لە بەندەری لازقیە، چونكە هەروەك ئاشكرایە ئێران دەیەوێت بەرەی سێیەم لە دژی ئیسرائیل بكاتەوە- بەرەی یەكەمیان بریتییە لە حزبوڵا لە لوبنان، و بەرەی دووەم بریتییە لە حەماس و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە غەززە-، كە بە دڵنیاییەوە ئیسرائیلیش هەموو هەوڵ و كۆششێكی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ڕێگری بكات لە ڕوودانی ئەم بەرەوپێشچوونە و، بە بەردەوامی هێرش دەكاتەسەر هەر هەوڵێك بۆ دروستكردنی پێگە و بنكەی ئێران لە سەر سنووری نێوان سووریا و ئیسرائیل. كەواتە ئیسرائیل دەیەوێت ئەم هەماهەنگییە لەگەڵ ڕووسیادا بەردەوام بێت، لە هەمان كاتدا هەوڵیدا نزیكبوونەوەیەك درووست بكات لە نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا، و پاشان ڕەخنەی لە داگیركارییەكەی ڕووسیا و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی گرت، كە ئەنجام دراوە لەلایەن سوپای ڕووسیا لە نێو ئۆكرانیا.

* پێش شەڕەكەی ڕووسیا باس لەوە دەكرا كە ڕێكخراوی ناتۆ ڕۆژگاری بەسەر چووە و چیتر پاساوی مانەوەی نەماوە، بە تایبەتی كە سەرۆكی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە ئاشكرا باسی لە بەسەرچوونی ئەم ڕێكخراوە كرد، ئایا ئەم شەڕە چ كاریگەرییەكی لەسەر دووبارە چالاككردنەوەی ناتۆ هەبوو؟

- لە ڕاستیدا دەتوانرێت بگوترێت كە پێش هەڵگیرسانی شەڕەكە ناتۆ لاشەیەكی سارد و سڕ و مردوو بوو، ئێستا بەهۆی بەرپابوونی ئەم شەڕەوە بە ئاگاهاتووەتەوە و ڕاچڵەكییەوە و چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت كە سەرچاوەیەكی زۆر لە بواری دروستكردنی چەكدا بەكار بهێنێت، لە ئێستاشدا هەندێ لە وڵاتان چاوەڕێی ئەوە دەكەن داواكاریی بە ملیاران دۆلاریان پێ بگات بۆ دروستكردنی مووشەك و مووشەكی دژە تانك و ڕادار و سەرجەم كەرەستە و چەكەكانی دیكە، كە پێویستن بۆ هاوكاریكردنی ئۆكرانیا، بۆ ئەوە بتوانرێت بەرەنگاری هێرش و داگیركارییەكەی ڕووسیا ببێتەوە.

* هەروەك ئاشكرایە ماوەیەكە ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لە نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێكی عەرەبیی سوننەدا ئەنجام دراوە، ئەم ڕێككەوتنانەش هەماهەنگی و هاوكاریی هەمەلایەنە لەخۆ دەگرن، وەك بینیمان هەنگاوی كردارییان بۆ هەڵگرت، بە تایبەتی هەر دوو وڵاتی ئیسرائیل و ئیمارات، ئێوە چۆن لەم ڕێككەوتنانە دەڕوانن و ئایا پێتان وایە خزمەتیان بە سەقامگیریی ناوچەكە كردووە و ئایا ئەگەری ئەوە هەیە بەردەوام بن؟

- پێ دەچێت ئەمە یەكێك بێت لەو پرسانەی كە لە نێو كارنامەی سەرۆك بایدندا بن، مەبەستم باسكردن و تاوتوێكردنی ئەم ڕێككەوتنانەیە، دواتر پێم وایە ڕێككەوتننامەی ئیسرائیل لەگەڵ هەندێ لە وڵاتە عەرەبییەكانی ناوچەكە واژۆی لەسەر كردوون، تەنیا و تەنیا پەیوەست نین بە ئیحتیواكردنی ئێرانەوە، واتە ناكرێت هۆكارەكەی، یان پاڵنەری ئەم ڕێككەوتنانە بە تەنیا لە خواستی بەرەنگاربوونەوەی ئێراندا چڕ بكەینەوە، چونكە هەروەك ئێوەش ئاماژەتان پێ كردووە و وەك لەسەر ئەرزی واقیعیشدا بەرجەستە بووە و ڕەنگی داوەتەوە، ئەوا ئەم ڕێككەوتنانە هاوكاریی قووڵ و هەمەلایەنە لەخۆ دەگرن لەبارەی چەندین پرسی پەیوەست بە بواری ئابوورییەوە، بە تایبەتی لە بواری ئاو و كشتوكاڵ، لە ئێستادا پارەیەكی زۆری ئیمارات و بەحرەین لە ئیسرائیلدا وەبەرهێنانیان پێ دەكرێت، كەواتە ئەگەر گۆڕانكارییەكیش لە ئێراندا و لە حكومەت و دەسەڵاتی ئەو وڵاتەدا ڕوو بدات و، تەنانەت ئەگەر ئەو وڵاتە بە تەواوەتی دەستبەرداری پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی بێت، ئەوا ئەم ڕێككەوتنانە بەردەوام دەبن و بگرە بەهێزتر و تۆكمەتر دەبن، كەواتە تەوەری سەرەكیی ئەم ڕێككەوتنانە تەنیا ئاسایش نییە، بەڵكو بواری ئابووری و وەبەرهێنان و وزەش دەگرنەوە. هەر لەم ڕووەوە ئیسرائیل خوازیاری ئەوەیە كە عەرەبستانی سعودیە بە ئاشكرا و بە خێرایی ببێتە بەشێك لەم هاوپەیمانێتییە، و لەم ڕووەوە سعودیە دەیەوێت سازش بە ئەمریكا بكات بۆ هەڵگرتنی هەنگاوێكی لەم چەشنە و، پێم وایە ئەمە یەكێك دەبێت لەو پرسانەی كە گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت لە كاتی سەردانەكەی بایدن بۆ ئیسرائیل، كە بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا ئەنجامی بدات.

* ئەگەر لە پێگەیەكدا بیت و ڕاوێژكار و ڕاسپاردە بدەیت بە ئیدارەی سەرۆك جۆ بایدن لە بارەی گرتنەبەری سیاسەتێكی واقیعبینانە و بەرپرسیار و بەرهەمدارەوە، ئایا پێت وایە پێویستە ئەم ئیدارەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ناوچەیە و كێشەكانیدا بكات؟

- لە ڕاستیدا لەم ڕووەوە دەستەواژەیەك هەیە كە دەبێت لە یادمان بێت، ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر دەستبەرداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیت، ئەوا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەخەت دەگرێت و لێت ناگەڕێ و دەستبەردارت نابێت، كە لە ڕاستیدا ئەمە خواستی ئیدارەی باراك ئۆباما و دۆناڵد ترەمپ و تەنانەت جۆ بایدنیشە، چونكە چیتر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێویستی بە نەوت و غازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە و شەكەت بووە بە دەست شەڕ و توندوتیژی و بزووتنەوە تیرۆریستییەكانی ئەم ناوچەیەوە، وەك داعش و ئەلقاعیدە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەمریكا ناتوانێت ئەم ناوچەیە جێبهێڵێت، هەر لەبەر ئەمەشە كە پشتیوانی لە ڕێككەوتنەكانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبییەكان دەكات، چونكە ئیسرائیل دەتوانێت بە پشتیوانیی ئەمریكا جێی دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ و چڕی ئەمریكا بگرێتەوە لەم ناوچەیەدا.

 

Top