دكتۆر جووتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: هەوڵەكانمان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی داهاتی نانەوتی و دابینكردنی بیمە و چاودێریی تەندروستی
كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و میكانیزمی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و ئامادەكارییەكان بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی وشكەساڵی و چەند پرسێكی دیكە، تەوەری سەرەكیی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان بوون لەگەڵ دكتۆر جووتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لێرەدا پوختەی وتەكانی بڵاودەكەینەوە.
* ئەو كێشە گەورەیەی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هەبوو، دوای كۆبوونەوەی مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەر دوو پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و هەر دوو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و گەرمیان چارەسەر كرا و، ئەم مانگە ئەو كێشەیە نەما، ئایا چۆن ئەم كێشەیە چارەسەر كرا؟
- لە كۆبوونەوەی بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی بەڕێز جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێزان هەر دوو پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و هەر دوو سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، بە وردی تاوتوێی هەموو ئەو ڕێكارانە كرا كە ڕێگرە لە بەردەم دووبارەبوونەوەی ئەم كێشەیە و پاراستنی بەرژەوەندیی خەڵكی ئەم دەڤەرەن، هۆكاری سەرهەڵدانی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ئەم دەڤەرەش بۆ ئێستا ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ كێشەی كۆكردنەوەی داهاتەكان و جێبەجێنەكردنی بڕیارەكانی حكومەت لەم ناوچەیەدا دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە بەرپرسانی حكومەت لەم دەڤەرەدا زیاتر باپەندی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەت بن، تا ئەو داهاتە ناوخۆییەی كە لە ناوچەكەدا هەیە، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك كۆبكرێتەوە و بۆ خزمەتی خەڵكی ناوچەكە تەرخان بكرێت.
* ئایا لە هەوڵەكانی كۆكردنەوەی داهاتی نانەوتی تا چەند سەركەوتوو بوون؟
- پێش وەڵامدانەوەی پرسیارەكە بە پێویستی دەزانم باسی ئەو سێ داهاتە بكەم كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتی پێ دەبەستێت، ئەویش داهاتی نەوتی و داهاتی نانەوتی و 200 ملیار دینارەكەی پشكی هەرێمی كوردستانە كە حكومەتی عێراق دەینێرێت، لە ئێستادا داهاتی نەوتی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و شەفاف دیارە و بڵاو دەكرێتەوە، ئەوەی دەمێنێت داهاتی نانەوتییە، لەمەشدا هەوڵی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی ئەم داهاتە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك كۆبكرێتەوە، بە شێوەیەك لەگەڵ یاساكاندا بگونجێت، ئومێدمان زۆرە كە لە چوارچێوەی پرۆسەی گەیاندنی داهاتی نانەوتی بۆ گەنجینەی حكومەت سەركەوتوو بین و لە خزمەتی هاووڵاتیان بین و بۆ مووچەخۆران تەرخان بكرێت.
* یەكێك لەو مەترسییانەی مەزندەی بۆ كراوە كە لە یەك دوو مانگی داهاتوودا ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە، دیاردەی وشكەساڵی و مەترسیی كەمیی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان دەبێت، بە شێوەیەكی گشتی حكومەتی هەرێم پلانی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە چییە؟
- ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان وەزارەتەكانی ڕاسپاردووە تا بە زوویی ئامادەكاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرفتانە بكەن، كە لە دوو مانگی داهاتوودا دێتە بەردەمیان، بەتایبەتی لە بواری وشكەساڵی و ئەگەری كەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە و، هەموو ئەو مەترسی و گرفتانەی كە ئەگەری هەیە تووشی ببین و، چۆنێتیی چارەسەركردنی كە لە نزیكترین كاتدا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئامادەی بكەن و گفتوگۆی لەسەر بكرێت، ئەمە لە كاتێكدا ئامادەكاری كراوە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە و كارەبا، بەتایبەتی ئەوەی پێی دەگوترێت هوشیاركردنەوەی هاووڵاتیان و ئامادەكاریی ڕێكارەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی كشتوكاڵ و شارەوانی و كارەبا پلان و خۆئامادەكرنیان ڕاگەیاندووە بۆ ئەم مەترسییە، هەڵبەتە ئەم گرفتە لە چوارچێوەی گرفتێكی هەرێمیدا دێت و مەترسییەكی جددییە، بەڵام هەر وەكو چۆن حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی و هاوكاریی هاووڵاتیانی دڵسۆز توانی بە سەر قەیرانی پەتای كۆرۆنا و دابەزینی گەورەی بەهای نەوت و بڕینی بودجە و شەڕی داعشدا سەربكەوێت، بە هەمان شێوە هاووڵاتیان دڵنیا دەكەمەوە كە بە هاوكاریی و پاڵپشتی ئەوان ئەنجومەنی وەزیران شوێنەوارەكانی كەمئاوی كەم دەكاتەوە. یەكێك لە گرفتەكانی دیكە گرانبوونی نرخی خۆراك و پێداویستییە سەرەكییەكانە، كە بە هۆی شەڕی ڕووسیاو ئۆكرانیا و وشكەساڵییەوە سەری هەڵداوە، لەم پێناوەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری كردووە لەسەر ئەو كاڵا و شمەكانەی كە بە پێداویستیی سەرەكیی هاووڵاتیان دادەنرێت، تاوەكو نرخەكانی بەرز نەكرێتەوە و لە خزمەتی خانەوادەی كەمدەرامەتدا بێت، بۆ ئەم مەبەستە باجمان لەسەر ئەو پێداویستییانە كەم كردووەتەوە.
* هەولێر وەك پایتەختی هەرێم مەترسیی زیاتری كێشەی ئاوی خواردنەوەی دەبێت، ئایا بەرنامەتان بۆ پایتەخت چۆنە؟
- هەولێر گەشە و فراوانییەكی زۆر خێرا بە خۆیەوە دەبینێت و چڕیی دانیشتووانی زۆر بووە، لەم حاڵەتەشدا پێداویستییەكانی زۆر بووە، ئێمە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا لەسەر دوو ئاستی پلانی هەنووكەیی و كورتخایەن و پلانی درێژخایەن كار دەكەین، ئەوەی پەیوەندی بە پلانی هەنووكەییەوە هەیە، ئێمە لە ڕێگەی بیری ئاوی خواردنەوە و ڕاكێشانی تۆڕی ئاوی خواردنەوە و دابینكردنی تۆڕی كارەبا بۆ بیرەكانی ئاوی خواردنەوەی نوێ، هەنگاوە پراكتیكییەكانمان لە ئێستاوە دەست پێ كردووە، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مەبەستە بودجەی تەرخان كرد، وەزارەتەكانی شارەوانی و كارەبا و كشتوكاڵ و پارێزگای هەولێر تیمی هاوبەشی كاركردنیان ئامادە كردووە، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە پێویستمان بە هەڵمەتێكی فراوانی ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی ئاوی خواردنەوە هەیە، لە هەر شوێنێكی ئەم دونیایە و لە هەر وڵات و نەتەوەیەك بێت، ئەگەر بەڕێوەبردنێكی باشی ئاوی خواردنەوە نەكرێت، مومكین نییە بتوانرێت كۆنتڕۆڵی خراپ بەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە بكرێت، ئەمە بابەتێكی ئایینی و هوشیارییە، خۆ ئەگەر حكومەت لە ڕووی كۆكردنەوەی ڕسووماتی ئاوی خواردنەوەوە نەتوانێت كۆنتڕۆڵی زیادمەسرەفی و خراپ بەكارهێنانی ئاو بكات، هەرگیز ناتوانرێت ئاوی خواردنەوەی ماڵان بە شێوەیەكی باش و دادپەروەرانە دابین بكات. چارەسەركردنی كێشەی ئاوی خواردنەوە و كارەبا و زۆربەی خزمەتگوزارییەكانی دیكە پرۆسەیەكی گشتگیر و هەمەلایەنە، جێگەی داخیشە زۆربەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستاندا ڕۆڵێكی زۆر باش ناگێڕن لە بواری بڵاوكردنەوەی هوشیاریی بەكارهێنانی ئاو و كارەبا، بەڵام ئێمە چ لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری چ لە ڕێگەی ئەو ئامڕازانەی ڕاگەیاندن كە لە بەردەستماندایە، یان لە ڕێگەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە بێت، بە پێی یاسای ڕێكلامی بازرگانی و هوشیاری كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، بەرنامەی باشمان لەبەردەستدایە بۆ ڕێگرتن لە بەفیڕۆنەدانی ئاوی خواردنەوە و كارەبا و، بەم نزیكانە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.
* دیارە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرنامەیەكی ستراتیژی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی وشكەساڵی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمەش بەرنامەی هەیە چەندین بەنداوی گەورە دروست بكات، ئایا ئەم بەرنامەیە دەستی پێ كراوە و هەنگاوی پراكتیكی بۆ هەڵدەگیرێت؟
- ماوەیەكە حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر پڕۆژەی ستراتیژی ئیفراز 4 كردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی ژمارەیەك لە پڕۆژەی ستراتیژیی دیكەمان پەسەند كردووە، كە پەیوەستە بە دروستكردنی بەنداو و پلان و پڕۆژەی باش، ژمارەیەكیش لەو بەنداوانە بە پراكتیكی خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە ماوەی سێ ساڵی ئەم كابینەیەدا بونیاتنانی نزیكەی 13 بەنداو دەست بەكاربووە، كە ڕۆڵی گەورەیان لەسەر كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی كەمئاوی دەبێت.
* مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 5.5 ملیۆن دۆلاری بۆ چارەسەركردنی 100 نەخۆشی تالاسیما تەرخان كرد، ئایا هەنگاوەكانی حكومەت بۆ باشتركردنی كەرتی تەندروستی چۆن دەبێت؟
- تەرخانكردنی 5.5 ملیۆن دۆلار بۆ چارەسەركردنی 100 نەخۆشی تالاسیما لە لایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لەم چوارچێوەیەدا دێت، لە ئێستادا بە هەماهەنگی و هاوكاریی تیمێكی بیانی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی كار بۆ دابینكردنی بیمە و چاودێریی تەندروستیی هاووڵاتیان دەكەین، تا بە هاوشێوەی وڵاتە پێشكەوتووەكان ئاستی تەندروستی و خزمەتكردنی هاووڵاتیان بەرز بكەینەوە.
* لە ماوەی ڕابردوودا جارێكی دیكە تەنگژە لە نێوان هێزەكانی یەبەشە و سوپای عێراق لە شنگال دووبارە بووەوە، پرسیار ئەوەیە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق ڕێككەوتنی شنگالیان ئیمزا كردووە، بۆچی كێشەی شنگال كۆتایی نایەت ؟
- ئەگەر ئیرادەیەكی ڕاستەقینە هەبێت بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال لە لایەن حكومەتی عێراقەوە، ئەوا چارەسەری كێشەكە دەكرێت، ئەم بابەتە بە سیاسی كرا و دەستێوەردانی دەرەكیی تێدا كراوە، بەدەر لە ویستی خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكە درێژە بە ناسەقامگیری و بە چەكداركردنی ناوچەكە دەدرێت لە لایەن چەندین گرووپی چەكداری بیانی و نامۆ بە ناوچەكە، بۆ چارەسەری ئەم حاڵەتە لە لایەن نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق جەخت لەسەر جێبەجێكردنی ڕێككەوتنامەكە كراوە، تا ڕێككەوتنامەی شنگال جێبەجێ نەكرێت، دۆخی ئەو دەڤەرە ئاسایی نابێتەوە و ئازار و مەینەتیی برایانی كوردی ئێزدی درێژە دەكێشێت.
* كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی زۆرن، ئایا دانوستاندنەكانتان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی نێوانتان گەیشتووەتە كوێ ؟
- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێشخەر بووە بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی داهات و خەرجییەكانی حكومەت هەنگاوی باش نراوە و، هەموو داهاتەكان بە شەفافی خراونەتە ڕوو، ئێمە ڕامانگەیاندووە ئامادەین لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی دادپەروەرانە و بە پشتبەستن بە پرەنسیپەكانی دەستوور، چارەسەری سەرجەم كێشەكان بكەین، جێگەی داخە ئێستا وەزارەتی نەوت و دادگای فیدڕاڵیی عێراق ڕەفتارێكی وایان كردووە كە لە مەسەلەی پێكەوەژیان و شەراكەت و پابەندبوون بە پرەنسیپەكانی دەستوورەوە زۆر دوورە، بۆیە ئێمە بڕیارەكەی دادگا ڕەت دەكەینەوە و جێبەجێی ناكەین، پێویستە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوانمان بگەڕێینەوە بۆ دەستوور، نەك تەنیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت و غاز، بەڵكو بۆ چارەسەركردنی كێشەی خاك و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور .
* هەواڵێكی دڵخۆشكەر بۆ جووتیاران بڵاو بووەتەوە، بەوەی حكومەت گەنمەكانیان لێ دەكڕێتەوە و دەستبەجێ پارەكانیشیان پێ دەرێت، ئایا بەرنامەی حكومەت بۆ كڕینەوەی گەنمی جووتیاران چۆنە ؟
- لە تەمەنی ئەم كابینەیەدا سێ سایلۆ لە هەرێمی كوردستان دروست كران، كڕینەوەی گەنمی جووتیاران و پێدانی پارەكە بە ڕاستەوخۆ، هەنگاوێكی گەورەی جێبەجێكردنی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵێ ئەم سایلۆیانە و سایلۆكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كورستان لە توانایاندا هەیە بڕە گەنمێكی زۆر ئەمبار بكەن، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بەرەو خۆبژێوی لە بواری گەنمدا.