بەنێودەوڵەتیكردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا قۆناغێكی نوێی پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە

بەنێودەوڵەتیكردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا     قۆناغێكی نوێی پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستانە

 

بارودۆخی ناوچەكە و چەقبەستوویی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، وا دەخوازێت كورد بە یەكگرتوویی ڕووبەڕووی تەحەددییەكان ببێتەوە؛ لاوازیی حكومەتی عێراق و دەستتێوەردانە دەرەكییەكان و هەڵكشانی هێزی شۆڤێنی و مەزهەبی لەم وڵاتەدا هەردەم دۆخێكی وای خوڵقاندووە گرفت و كێشەكانی نێوماڵی شیعە و عێراق بە گشتی بۆ دەرەوەی بگوازنەوە و گۆڕەپانی عێراقی، سەرقاڵی دژایەتیكردنی كورد و ئەزموونەكەی بكەن. من هیچ پێم سەیر نییە هێرشكردنە سەر كورد بە ڕۆكێت و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و بە فشار و پاڵەپەستۆی وڵاتانی دراوسێ، ئەمە واقیعێكە لەگەڵ دروستبوونی بەزۆرەملێی دەوڵەتی عێراقەوە دژی ئەم گەلە مەزڵوومە بەردەوامی هەیە، هیچ ئومێدێكیش لەو دیوی تونێلەكەوە دیار نییە و تا دێت بارودۆخی عێراق ئاڵۆزتر دەبێت. ڕاستە دواجار هەموو ئەم هێزانە دەبێت پێكەوە دانوستاندن و گفتوگۆ بكەن و بگەنە دەرئەنجام، بەڵام درێژبوونەوەی چەقبەستوویی بارودۆخی عێراق هەڕەشەیەكی مەترسییە ڕووبەڕووی هەمووان و هەرێمی كوردستانیش دەبێتەوە، ئەوەتا داعش لە خوارەوە و پەكەكە لە ناوخۆدا و لێكترازانی ناوماڵی كورد لەم لاوە هێز و دەسەڵاتی كورد لە عێراق و ناوچەكەدا لاواز دەكات، كورد لەم قۆناغەدا ڕووبەڕووی كۆمەڵێك قەیران و تەحەددای جۆراوجۆر بووەتەوە، ئەوەتا دادگای فیدڕاڵ دژی نەوت و گازی سرووشتیی كوردستان بڕیار دەردات و وەزارەتی نەوتی عێراقیش بەردەوام لێدوان بە شێوەیەك دەدات، وەكو ئەوە وابێت هەرێمی كوردستان پارێزگایەكی سەر بە حكومەتی عێراق بێت، پەكەكە لە كون و قوژبنی ئەم وڵاتەدا دۆخەكەی قۆزتووەتەوە و بە دەستی دەرەكی گەڕای لە دژی بیری نەتەوەیی و سەقامگیری كوردستان دادەنێت. شەڕی داعش چووەتە قۆناغێكی نوێ و پێنتاگۆن-یش مەترسییەكانی نەشاردووەتەوە بەوەی داعش بە هۆی ناكۆكی نێوخۆ و چەقبەستوویی دۆخەكە نەك تەنیا لە بۆشایی ئەمنیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، بەڵكو لە ناوچەی فراوانی ئەنبار و فەلوجە و دیالە و تەواوی ناوچەی سوننەنشین كردەوە چەكدارییەكانی زیاتر كردووە.

 لەم دواییەدا هەر دوو هەوڵی دەستپێشخەریی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ نزیككردنەوەی پارتی و یەكێتی و سەردانیكردنی لایەنە سیاسییەكان و كۆبوونەوەكەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و بەرپرسی ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین لەم چوارچێوەیەدا هات و هەوڵێكی چارەنووسسازە لە كات و ساتێكدا كە لە چەندین لاوە مەترسی بوونی هەیە و بە تەئكید چارەسەری بەشێك لە كێشەكان دەكات. جووڵانەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ڕوونكردنەوەی بارودۆخەكە و ئەسڵی كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق هەمووی هەوڵدانێكی ئیجابییە بەوەی بتوانین لەم قۆناغە هەستیار و قورسەدا تێپەڕ بین.

ئەم یەكگرتوویی و ستراتیژیەتە بۆ كورد لە عێراقدا زۆر پێویستە، چونكە لەم وڵاتەدا هیچ بنەمایەكی دیموكراتی و دامەزراوەیی و قەزائی دانەنراوە بۆ ئەوەی بتوانێت وڵاتێكی وا ئاڵۆز و فرە پێكهاتە و ئەو هەموو لایەنە سیاسی و ئایدیۆلۆژیا و نەتەوە و ئایین و ئایینزا و مەزهەبە ببات بەڕێوە، سوپای عێراقیش جگە لەوەی سوپایەكە كورد تێیدا بوونی نییە، هاوكات بەرەو سوپایەكی مەزهەبی دەچێت و لە دەرەوەی ئەم سوپایەش بە دەیان هێزی چەكداری مەزهەبی و نامۆ بوونیان هەیە، تەنانەت تەحەكوم بە سوپای عێراقیش دەكەن و بەردەوام هەڕەشەن لە بەردەم سەقامگیری و ئارامیی عێراقدا، هەر كاتێك باڵە سیاسییەكەیان كەوتە مەترسییەوە، ڕاستەوخۆ بە چەكەوە دەڕژێنە سەر شەقامەكان و مانۆڕی چەكداری ئەنجام دەدەن. بوونی ئەمانە لەناو دەسەڵاتدا واتا بوونی ژیانی سیاسی و سەربازیی ئەوان، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین لە دەسەڵات جودا ببنەوە، تەنانەت پێیان خۆش نییە هەرێمی كوردستان سەقامگیر و بەهێز و گەشاوە بێت، بەردەوام بۆیان بلوێت بە ڕۆكێت و كاتیوشا و بڕینی بودجە ڕووبەڕووی خەڵكی كوردستان دەبنەوە، ڕاستە ئەوان لە ڕووكەشیدا زۆر دژی ئەو هێز و حزبانەن كە لە ڕیفراندۆمدا كاریان بۆ سەربەخۆیی كردووە و بە هێزی پارێزەری گەلی كوردستان دادەنرێن، بەڵام ئەوان لە بنەڕەتدا دژی كوردن وەكو نەتەوە، هەموومان بینیمان چۆن قووت و بژێوی خەڵكی كوردستانیان بڕی و بینیمان كوردانی ئێزدی چۆن پەلامار دران و كۆمەڵكوژ كران.

 هێزە چەكدارەكانی شیعە بە پاڵپشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران نەك كار بۆ لێكترازان و بێهێزبوونی ڕۆڵی كورد دەكەن لە عێراقدا، بەڵكو ئەوان كار بۆ لاوازكردنی سوننە بە گشتی دەكەن، ڕاستە ئەوان ئێستا لە نێوماڵی شیعە ناكۆكییان هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا لەسەر لاوازكردنی سوننە و كورد یەكن و هەموویان لایەنگرییان بۆ ئێران هەیە، بەڵام بە ئاست و ڕێژەی جیاواز.

 كورد لە قۆناغی داهاتوو دەبێت نێوماڵی خۆی یەك بخاتەوە و چاوەڕوانی تێكچوونی زیاتری دۆخی چەقبەستووی سیاسیی عێراق بێت و چیتر خەڵكی عێراق توانای چاوەڕوانی گۆڕانكاریی بارودۆخەكە و باشبوونی بژێوی ژیان و خزمەتگوزارییەكانی نەماوە. ڕاستە ئەوان بە گوللە و فیشەك و توندوتیژی ڕووبەڕووی خۆپیشاندانەكان بوونەوە و بە دەیان گەنجیان لێ شەهید كردن، بەڵام لە نێوخۆی شەقامی عێراقدا مادام ئەو داواكارییانەی خۆپیشاندانەكانی لێ كەوتەوە بوونیان ماوە و بگرە ئاڵۆزتر بووە، كەواتە ناڕەزایەتییەكان هەر بوونیان ماوە، لێرەدا داعش ناڕەزایەتی سوننەكان و ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراق دەقۆزێتەوە و كردەوە چەكدارییەكانی زیاتر دەكات و، دوور نییە گورزی توندیش لە هێزی پێشمەرگە بدات لە ناوچەكانی پێشەوەی بەردەم بۆشایی ئەمنیی نێوان ئێمە و هێزە عێراقییەكان.

لە كۆتاجاردا هەر قەیرانێكی سیاسی و سەربازی و ئەمنی لە عێراق ڕوو بدات، بە ناراستەوخۆ و ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت. باسكردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لەناو هۆڵی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لەسەر زمانی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان شتێكی زۆر ئیجابی و باش بوو بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمە دەبێت ببێتە هاندەرێك بۆ هێزە سیاسییەكانی كوردستان تاوەكو بە یەكگرتوویی ڕوو لە بەغدا بكەن و بە هیچ شێوەیەك سازش لەسەر مافە دەستووری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان نەكەن. ڕاستە ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی وڵاتان كز و لاوازە و درێژخایەنە، زۆر جار لە چوارچێوەی ئامۆژگاری و داواكاریدایە، بەڵام زەمانەتێكی نێودەوڵەتی دەدات بە مەسەلەی كورد و هیچ نەبێت ڕێگا نادات دەستتێوەردان و فشارەكان قورستر بكرێن، تاوەكو كێشە ڕاستەقینەكە چارەسەر نەبێت، ئەویش كێشەی خاك و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و فیدڕاڵیەتی ڕاستەقینەیە لە عێراقدا، دواتر بابەتی نەوت و گاز و ئەرك و مافە داراییەكانی دیكەی پێشمەرگە و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی ئەنفال و چەندین بواری دیكە دێت، بەڵام دواجار عێراقی بە زۆر لێكنراو بە یەكەوە، جێگای كورد و كوردستانییانی تێدا نابێتەوە، چونكە گرفتە گەورەكە دەستتێوەردانی دەرەكی و بوونی هێز و فكری توندوتیژییە دژ بە كورد.

 

Top