‎ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەھای ڕوبڵی ڕووسی دوای سزاکان

‎ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەھای ڕوبڵی ڕووسی دوای سزاکان



سەرەڕای سەپاندنی سزا ئابوورییە بێ وێنەکان بەسەر ڕووسیادا، بەڵام روبڵی ڕووسیا بووەتە باشترین دراوی جیهان. 30% بەرزبۆتەوە لە ساڵی 2022 تا 26ی ئایار. و بە بەراورد لە گەل سالەکانی تری پێش ئەو قەیرانەش بەرزبوونەوەی بەرچاوی ھەبووە. ‎ وەک دەزانین دوای گەمارۆی سەرەتایی و بلۆک کردنی یەدەگی دراوی بیانی روسیا، روبڵی رووسی بە رێژەی 25% دابەزی. بەڵام، لەو کاتەوە ڕوبڵ گەڕانەوەیەکی بەرچاوی ئەنجامداوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی هاوردەکردنی ڕووسیا و کۆنترۆڵکردنی قەرز کە وایکردووە ڕووسەکان نەتوانن دراوی بیانی بکڕن. ڕوبڵ بووەتە باشترین دراوی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٢دا و ھۆکارەکەشی بەم پێنج خالەی خوارەوە روون دەکەمەوە: 1. داڕمان لە هاوردەکردندا. سزا بازرگانییەکان توانای روسیای بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە دەرەوە سنووردار کردووە. دابەزینی هاوردەکردن بەو مانایەیە کە خواستێکی کەمتر لەسەر فرۆشتنی ڕوبڵ هەیە بۆ کڕینی دراوی بیانی و پارەدان بۆ هاوردەکردن. بۆیە لەگەڵ دابەزینی خستنەرووی روبل لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی، بەهاکەی زیادی کردووە. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە چۆن بەهای دراوێک مەرج نییە ڕەنگدانەوەی هێزی ئابووری ئەو ولاتە بێت. کەمبوونەوەی هاوردەکردن، ڕوبڵی بەهێزتر کردووە، بەڵام ڕوبڵی بەهێزتر سوودێکی زۆری نییە ئەگەر نەتوانیت هاوردەکردنی کەل و پەلی گرنگ و پێویستی پێ بکڕیت. ئەم دابەزینە لە هاوردەکردن دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ژیان و ھەروەھا لاوازی لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و تانک و ئامێری سەربازی و کەل و پەلی تری تەکنەلۆجیا و بۆ ڕووسیا قورس دەبێت کە پشت بە هاوردەکردنی ماددە و پێکهاتە گرنگەکان لە دەرەوە ببەستێت. "هاوردەکردنی کاڵای پیشەسازی لە ڕووسیا بۆ مانگی ئازار بە ڕێژەی 50% دابەزیوە بەراورد بە تێکڕای ئەیلوولی 2021 لە گەل شوباتی 2022" توانای ئەو ولاتە بۆ هاوردەکردن بە تایبەت لە ئەمریکا و ئەوروپاوە دابەزیوە، تەنانەت لە چینیش تا رادەیەک ھاوردە کردن کەم بۆتەوە و کۆمپانیا چینییەکان نایانەوێت گیرۆدەی سزاکانی ئەمریکا بن. بە پێی ئاژانسی ڕۆیتەرز هاوردەکردنی ڕووسیا بە ڕێژەی ٧٠% دابەزیوە. 2. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غاز. دەرئەنجامێکی نەخوازراوی سزا ئابوورییەکان ئەوەیە کە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی غاز و نەوت ڕوویداوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە هەناردەی غاز و نەوتی ڕووسیا لە بەهادا زیادی کردووە و داهاتی هەناردەکردنی ڕووسیا بە بەهێزی ماوەتەوە. 3. فرۆشی بەهێز. هەرچەندە سزای بچوك لەسەر غاز و نەوتی روسیا كراوە، بەڵام هێشتا قەبارەی فرۆشتنەكان زۆرە، ئەوروپاش بەزەحمەت خواستی خۆی لەسەر غازی سروشتی كەمبكاتەوە. ئەوروپا هیواخوازە هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا قەدەغە بکات، بەڵام وڵاتانی دیکەی وەک چین و هیندستان هێشتا ئامادەن نەوت لە ڕووسیا بکڕن و بەرزی نرخی نەوت بەو مانایەیە کە داهاتەکان بە بەهێزی دەمێننەوە و دابەزینی کەمێکی نرخ کاریگەری ئەوتۆی نابێت. بە پێی ڕاپۆرتەکان ئیتالیا هاوردەکردنی نەوتی لە ڕووسیا زیاد کردووە، چونکە لوکئۆیل پاڵاوگەی نەوتی ڕووسیا بەهۆی سزاکانەوە بەزەحمەت دەستی دەگات بە قەرزەکانی، و ئیتالیا سەدا سەدی نەوتی خاوەکەی لەو کۆمپانیایەوە دابین دەکات کە پێشتر تەنھا رێژەی سی لە سەدای لەوێ دابین دەکرد. 4. كۆنتڕۆڵكردنی قەرز. لەوەتەی سزا ئابوورییەکان لە مانگی ئازاری ٢٠٢٢دا ڕووبەڕووی ڕوبڵ بوونەتەوە، بانکی ناوەندی ڕووسیا کۆنترۆڵی قەرزی بەسەر کۆمپانیا ڕووسیەکاندا سەپاندووە. ئەمەش واتە دەبێت 80%ی داهاتی بیانی بگۆڕدرێت بۆ ڕوبڵ. ئەمەش توانای بازرگان و وەبەرھێنەرەکانی ڕووسیا بۆ فرۆشتنی ڕوبڵەکانیان و پاشەکەوتکردن بە دراوی بیانی سنووردار دەکات. کاتێک قەیران لە نرخی ئاڵوگۆڕدا ڕوودەدات، دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵاتنی سەرمایە و دابەزینی بەهای ڕوبل. لە ڕاستیدا کۆنترۆڵی قەرزەکان ئەوەندە سەرکەوتوو بووە، بانکی ناوەندی ڕووسیا پلانی هەیە سنوورەکە لە ٨٠٪ەوە بۆ ٥٠٪ کەم بکاتەوە. 5. رێژەی سوودی بەرز. لە دوای سزاکانەوە، بانکی ناوەندی ڕووسیا ڕێژەی سوودی بۆ ٢٠% بەرزکردەوە بۆ پشتگیریکردنی دراوەکە. ڕێژەی سوودی 20% وا دەکات کە پاشەکەوتکردن لە بانکەکانی ڕووسیا سەرنجڕاکێشتر بێت. هەروەها ڕێژەی بەرزی سوود یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی چاوەڕوانییەکانی هەڵاوسان. لە ڕاستیدا بانکی ناوەندی ڕووسیا توانیویەتی ڕێژەی سوود لە ٢٠% بۆ ١١% لە ٢٦ی ئایاردا کەم بکاتەوە. لە کۆتاییدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە سیاسەتەکانی ئابوری روسیا سەرکەوتوو بوون و بەرزبوونەوەی نرخی روبڵ لە دوای سزا ئابوورییەکانەوە دەریدەخات کە کۆنترۆڵکردنی قەرز و بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەی خاو دەتوانێت بەهای دراوێک بە بەرزی بهێڵێتەوە. ھەروەھا نەبوونی هاوردەکردن بە شێوەی بەرچاو یەکێکە لە هۆکارەکانی بەهێزکردنی ڕوبڵ. بەهێزترین سزاکانی سەر ئابووری ڕووسیا قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کەرەستە و ماددە سەرەکییەکانە لە لایەن ڕووسیاوە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا. کاریگەری ئەمانە بە تێپەڕبوونی کات زیاتر هەستی پێدەکرێت لەگەڵ خاوبوونەوەی پرۆسەکانی بەرهەمهێنان بەهۆی نەبوونی پێکهاتەی سەرەکی.

 

Top