ماجید شنگالی ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: ڕێككەوتنی شنگال ماوە و گرنگییەكەشی لە جێبەجێكردنیدایە

ماجید شنگالی  ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:     ڕێككەوتنی شنگال ماوە و گرنگییەكەشی لە جێبەجێكردنیدایە

 

 

ئاشكرایە كە پەكەكە سەرەڕای ئەوەی نەیتوانیوە دەستكەوت و سەركەوتنێكی بەرچاو بەدەست بهێنێت لەو ئامانجانەی كە خۆیان بانگەشەی بۆ دەكەن، كەچی لەگەڵ ئەوەشدا بوونەتە سەرچاوەی ئاڵۆزی و كێشەنانەوە و خراپكردنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان، كە دەبوو هەموو هەوڵ و كۆششێكی بدایە بۆ ئەوەی پارێزگاری لەم هەرێمە بكرێت، كە پتر گەشەی پێ بدرێت. هۆكارەكانی ئەم جۆرە هەڵسوكەوت و هەنگاوانەی پەكەكە بە تایبەتی لە شوێنێكی وەك شنگال بوونە تەوەری دیداری گۆڤاری گوڵان لەگەڵ ماجید شنگالی ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 

* بوونی چەكدارانی پەكەكە لە شنگال بووەتە هۆكاری ئەوەی كە نەتوانرێت شنگال ئاوەدان بكرێتەوە و ئاوارەكان بگەڕێنەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەوەی تیرۆریستانی داعش نەیانتوانی بیكەن، پەكەكە بۆیان تەواو دەكات، پرسیار ئەوەیە چەكدارانی پەكەكە بۆ واز لە شنگال ناهێنن؟

- لە ڕاستیدا ئەوەی جیێ داخە لەم ڕووەوە ئەوەیە كە پەكەكە هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەوان كوردن و خەریكی كوردپەروەرین، بەڵام واقیعەكە ئەوەیە كە ئەوان هەموو مەرام و كار و كۆششەكانیان دژی كوردایەتین، بەتایبەت دژی پارتی دیموكراتی كوردستانن، ئەوەی پەكەكە لە شنگال دەیكات، هەوڵ و هەڵسوكەوتێكی یەكجار خراپە و و ئەوان هۆكار و فاكتەری ئەوەن كە 80%ی خەڵكی شنگال نەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و موڵكی خۆیان، چونكە بوونی پەكەكە بووەتە كۆسپ و تەگەرە كە بە هۆیەوە حكومەتی مەحەلی شنگال ناتوانێت بۆ شنگال بگەڕێتەوە و كارەكانی خۆی ڕایی بكات و خزمەت بە خەڵكەكە بكات. واتە بوونی پەكەكە بووەتە هۆی ئەوەی بارودۆخەكە ئارام و سەقامگیر نەبێت. پەكەكە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبی و ئەجیندای هەیە و ناهێڵن شنگال و ناوچەكە بكەوێتەوە ژێر ئیدارە و حوكمڕانیی حكومەتی كوردستان بە تایبەت پارتی، هەر بۆیە داخوازیی خەڵكی شنگال و ئێمە وەك ئەندام پەرلەمانی عێراق كە نوێنەری خەڵكەكەین لە پەكەكە ئەوەیە كە لە شنگال و ناوچەكە دەربچن، ئەو داوایەمان لە حكومەتی عێراقیش كردووە، بۆ ئەوەی شنگال ئارام و سەقامگیر بێت و ئاوارەكانیش بتوانن بگەڕێنەوە.

* بە شێوەیەكی گشتی بارودۆخی ئیستای شنگال چۆنە، بە تایبەتی كە هێزەكانی سوپای عێراق لەگەڵ «یەبەشە» كێشە و گرفتیان بۆ دروست بوو، كە ڕاستەوخۆ بەشێكن لە پەكەكە و بوونەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی هەموو كات بارودۆخی شنگال ناسەقامگیر بێت؟

- بارودۆخی شنگاڵ زۆر خراپە، بەتایبەت بەو دواییەی كە كێشە و گرفت لە نێوان سوپای عێراق و پەكەكە دروست بوو، بەم هۆیەوە چەند هەزار كەسی دیكە لە خەڵكی شنگاڵ ئاوارە و دەربەدەر بوونەوە و بەرەو هەرێمی كوردستان هاتوون و هەڵاتوون، ڕۆڵی پەكەكە زۆر خراپە لە خزمەتی ئەجنداتی سیاسیی حەشدی شەعبی و هێزی هەرێمایەتی. هەروەها مەترسیی ئەوە هەیە ئەو خەڵكەی كە گەڕاونەتەوە شنگالیش دووبارە بە هۆی ئەو بارودۆخە خراپەی كە پەكەكە دروستی كردووە، ئاوارە ببنەوە و حكومەت و ئیدارەی ناوخۆی شنگال نەگەڕێتەوە، بە هۆی كار و ڕەفتارە خراپەكانی پەكەكە. هەر بۆیە ناتوانرێت پڕۆژە و كاری خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە بۆ شنگاڵ جێبەجێ بكرێت. و دواتر ڕوونە كە ئامانجی پەكەكە كێشەنانەوەیە بۆ حكومەتی هەرێم لە ناوچەكەدا، ئێمە بینیمان كە چەند كەسێكی گێرەشێوێنی نێو پەكەكە گیران، كە هەڵدەستان بە هەڵخەڵەتاندنی گەنجانی ئێزدی و چەكداركردنیان لە دژی هەرێمی كوردستان، بۆیە ڕۆڵ و ڕەفتاری پەكەكە مایەی ناسەقامگیری و ئاژاوە و كێشەنانەوەیە.

* دوای تەنگژەی ئەم دواییەی نێوان سوپای عێراق و پەكەكە «یەبەشە»، ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیانی شنگال بە تایبەتی خوشك و برایانی ئێزدی ئاوارە بوونەوە بۆ سنووری پارێزگای هەولێر، ئایا ژمارەی ئاوارەكانی ئەم جارە چەندن و تا چەند ڕێوشێنیان بۆ دابین كردوون؟

- ئاوارەكانی ئەم دواییە چەندین هەزار كەسن و حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە لە ئاست بەرپرسیارێتیی خۆیدایە و هەرچی لە توانایدا هەبێت درێخی نەكردووە، لەم ڕووەوە ڕێوشوێنی پێویستی بۆیان گرتووەتەبەر، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان و عێراقیش بۆ وەرگرتنی قوتابیانی ئاوارەكانی شنگال درێخییان نەكردووە و قوتابیانمان لە پرۆسەی خوێندن وەرگیران و بەردەوامی و درێژەیان داوە بە خوێندنیان و هاوكاریی تەواوی ئاوارەكانی شنگال كرا لەلایەن حكومەتی كوردستان و چەندین ڕێكخراوی ناوخۆیی و دەرەكی بە تایبەتی ڕێكخراوی خێرخوازیی بارزانی.

* ڕای ئێوە لەسەر ئەم جووڵەی سوپای عێراق لە شنگال چۆنە؟ ئایا ئەم جووڵەیە كێشەكە چارەسەر دەكات، یان مەترسیی زیاتر لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی شنگال دروست دەكات؟

- ئەوەی لە نێوان سوپای عیراق و «یەبەشە» كە سەر بە پەكەكەن ڕووی دا، زۆری نەخایاند، بەڵام ئەوەی كێشەی گەورە و سەرەكییە ئەوەیە كە یەبەشە سەر بە حەشدی شەعبین و مووچە و چەك لەوان وەردەگرن و ئەجیندا و داواكاریی حەشدی شەعبی جێبەجێ دەكەن، و جووڵەی سوپای عیراقی سیاسییە دەرهەق بە ناوچەكە و هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی هەندێ مەرامی هەرێمایەتی و لەو كاتەی سوپای عێراق بەرەو شنگال جووڵەی كرد، هەواڵ بۆ ئێمە هات كە چەند كاتژمێری بە سەر تێپەڕی بوو، ئەگەرچی پەكەكە لە شوێنی خۆیان نەجووڵا بوون، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە مەبەستی هەموو لایەكیان تێكدانی بارودۆخی شنگال و ناوچەكەیە و دەیانەوێت شنگال بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و لە هەرێمی كوردستانی دابڕێنن.

* وەك باست كرد، هێزەكانی یەبەشە لە لایەك بەشێكن لە پەكەكە و لەلایەكی دیكەش مووچە و پارە و چەك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی وەردەگرن، پرسیار ئەوەیە چۆن دەبێت لەلایەك پەكەكە بن و لەلایەكەی دیكە حەشدی شەعبی بن؟

- ئەمە كاری ئێران و لایەنی سیاسیی نزیك حەشدی شەعبییە كە پەكەكە وەك هێز و كارتێكی گوشار لەسەر توركیا و هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنن، بە بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستانیشدا لە دژی پارتی بە كاری دەهێنن و زۆر زەحمەتە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت بە حكومەتی تازەی عێراقیش ئەگەر بێت و پەكەكە لە سنوور و ناوچەی شنگال بمێنن، بەڵكو دەبێت حكومەتی عێراق لەگەڵ حكومەتی كوردستان بە یەكەوە كار بكەن بۆ ئاساییكردنەوەی شنگال، بەتایبەتی بەوەی كە پەكەكە لەو سنوورە دەربچێت و لەو ناوچەیەدا نەمێنن.

* ئەوەی لە شنگال دەبینین ئەوەیە بانگەشە بۆ «خۆسەری» دەكرێت، ئەمەش واتا «كانتۆن» پرسیار ئەوەیە ئەم شێوازە لە دەستووری عێراقدا نییە، چۆن دەبێت لە شنگال بانگەشە بۆ ئەمە بكرێت و هەموو لایەكیش بێدەنگە؟

- حكومەتی عێراقی باش دەزانێت ئەمەی پەكەكە دەیكات، كارێكی گونجاو نییە و دژ و پێچەوانەی دەستوورە، بەڵام بێدەنگیی هەموو هێز و لایەنەكانی عێراقی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەیانەوێت و خواستی ئەوەیان هەیە كە ئەو سنوورە سەقامگیر نەبێت و هەر بە نائارامی بمێنێتەوە، لەلایەكی دیكە مەبەست ئەوەیە كە شنگال لە هەرێمی كوردستان دابڕێنن و ئەجیندای خۆیان بە تایبەتی لایەنە سیاسییەكانی نزیك لە حەشدی شەعبی تێدا جێبەجێ بكەن.

* ئەگەر باس لە ڕێككەوتنی شنگال بكەین لە نێوان «حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغدا» بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان كە هەموو لایەك دەڵێن، ڕێككەوتنێكی باشە بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان، ئەم ڕێككەوتنە چی بە سەر هات؟

- ئەم ڕێككەوتنە ماوە و زۆر گرنگە و گرنگییەكەشی لە جێبەجێكردنەكەیدایە، بەڵام تا ئێستا مەرامی لایەنی عێراقی ئەوە نەبووە كە ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرێت، چونكە بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە، پاراستنی شنگال دەكەوێتە دەستی پۆلیسی ناوخۆ كە ئەو هێزەش لە گەنج و كەسانی شنگال پێك دێت، بەوەش شنگال ئارامی و سەقامگیری بۆ دەگەڕێتەوە. خاڵێكی زۆر گرنگی ڕێككەوتنەكە بریتییە لەوەی دەبێت پەكەكە لە شنگاڵ و ناوچەكە نەمێنێت، كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی شنگال لە ئەجیندای سیاسی و حەشدی شەعبی و هەرێمایەتی دوور بكەوێتەوە و ئیدارەی ناوخۆی دەست بە كارەكانی خۆی بكاتەوە. دووبارە ئەمە دوورە لە مەرام و مەبەستی لایەنە عێراقییەكان بە تایبەتی لایەنە سیاسییەكانی نزیك لە حەشدی شەعبی، هەر بۆیەش تا ئێستا قائیمقام و ئیدارەی مەحەلی نەگەڕاونەتەوە شنگال و لە ناحیەی فائیدە دەوام دەكەن، هەموو ئەوانە وادەكەن ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ نەكرێت بۆ لایەنی عێراقی و وەك ڕووكەش بێت، بەڵام لە واقیعدا یەبەشە و پەكەكەن ناهێڵن ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرێت.

 

 

 

Top