شۆڕشی گوڵان بڕیاری كاریزمایه‌ك له‌ناو ئاگری نسكۆ و لووتكه‌ی نائومێدیدا

شۆڕشی گوڵان  بڕیاری كاریزمایه‌ك   له‌ناو ئاگری نسكۆ و لووتكه‌ی نائومێدیدا

 

 

«ساته‌وه‌ختی بیركردنه‌وه‌ی مسعود بارزانی بۆ بڕیاردانی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان دوای نسكۆی ساڵی 1975، له‌ ساته‌وه‌ختی بیركردنه‌وه‌ی فرانكلین ڕۆزڤه‌ڵت ده‌چێت بۆ چوونه‌ ناو شه‌ڕی دووه‌می جیهانی دوای كاره‌ساتی پیرل هاربه‌ر له‌ ساڵی 1941»

 

« ساته‌وه‌ختی بیركردنه‌وه‌ی مسعود بارزانی بۆ بڕیاردان بۆ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شۆڕشی گوڵان، له‌ ساته‌وه‌ختی بیركردنه‌وه‌ی فرانكلین ڕۆزڤه‌ڵتی 26ـه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌چێت بۆ بڕیاردان له‌وه‌ی ئه‌مریكا ببێته‌ به‌شێك له‌ شه‌ڕی دووه‌می جیهانی.

 مسعود بارزانی له‌ناو ئاگری كاره‌ساتی نسكۆ و لووتكه‌ی نائومێدی گه‌له‌كه‌یدا، ده‌یزانی بێجگه‌ له‌ بڕیاردان بۆ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش (شۆڕشی گوڵان) ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌ی له‌ به‌رده‌مدا نییه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ش نه‌درێت،  ئه‌وا گه‌لی كوردستان هه‌موو شتێك له‌ ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره‌ش له‌و كاته‌دا له‌ ده‌ستی مسعود بارزانی-دا نه‌بوو، پێویستی به‌وه‌ بوو، پێش هه‌مووان گفتوگۆ له‌گه‌ڵ شه‌هید ئیدریس بارزانی بكات و بگه‌نه‌ قه‌ناعه‌تی هاوبه‌ش و، دوای ئه‌وه‌ش پێكه‌وه‌ بچنه‌ خزمه‌تی مسته‌فا بارزانی و مۆڵه‌تی لێ وه‌ربگرن. مسعود بارزانی سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌هید ئیدریس بارزانی بگه‌نه‌ قه‌ناعه‌تێكی هاوبه‌ش و موڵه‌ت له‌ مسته‌فا بارزانی وه‌ربگرن، به‌رپرسیاریه‌تی یه‌كه‌میش ڕووبه‌ڕووی مسعود بارزانی كرایه‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ فراكلین ڕۆزڤه‌ڵتیش له‌ دوای ئاگری كاره‌ساتی «پیرڵ هاربه‌ر» و لووتكه‌ی نائومێدی گه‌لی ئه‌مریكا، ده‌یزانی بێجگه‌ له‌ بڕیاردان بۆ چوونه‌ ناو  شه‌ڕی دووه‌می جیهانی، ڕێگه‌یه‌كی دیكه‌ بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی شكۆی ئه‌مریكا بوونی نییه‌، به‌ڵام ئه‌ویش له‌و كاته‌دا كه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكاش بوو، بڕیاردان له‌ ده‌ستی خۆیدا نه‌بوو، پێویستی به‌وه‌ بوو كۆنگرێس مۆڵه‌تی بدات، ڕۆزڤه‌ڵت نه‌یتوانی له‌گه‌ڵ كۆنگرێس بگاته‌ ڕایه‌كی هاوبه‌ش و مۆڵه‌ت وه‌ربگرێت، بۆیه‌ په‌نای بۆ «ڕادیۆ» برد، بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌لی ئه‌مریكا گفتوگۆ بكات و، له‌سه‌ر مه‌ترسییه‌كانی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی بیانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی بێجگه‌ له‌م ڕێگه‌یه‌ « چوونه‌ ناو شه‌ڕی دووه‌می جیهانی» ، ڕێگه‌یه‌كی دی بوونی نییه‌.

 ڕۆزڤه‌ڵت ئه‌م وتووێژه‌ی له‌ ڕێگه‌ی «ڕادیۆ» ه‌وه‌  له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌ی ناو لێنا «گفتوگۆكردن له‌ناو ئاگردا.. Inside Fire Chat »  و به‌م ڕێگه‌یه‌ توانی گه‌له‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته‌ قه‌ناعه‌تی هاوبه‌ش و ، بەر‌پرسیاریه‌تی ئه‌م بریاره‌یه‌ش خسته‌ ئه‌ستۆی رۆزڤه‌ڵت و ، به‌مه‌ش ئه‌مریكا هاوشانی « فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا» بووه‌ به‌شێك له‌ ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانان  له‌ شه‌ڕی دووه‌می جیهانی و، به‌م بڕیاره‌ش نه‌ك هه‌ر ته‌نیا هێزی هاوپه‌یمانان توانییان شه‌ڕه‌كه‌ له‌ دژی ده‌وڵه‌تانی میحوه‌ر «ئه‌ڵمانیا و ئیتالیا و ژاپۆن» ببه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌م بڕیاره‌ی فرانكلین ڕۆزڤه‌ڵت وای كرد، سه‌ده‌ی بیسته‌م ببێته‌‌ «سه‌ده‌ی ئه‌مریكا»و دوای ڕووخانی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشانیش، وه‌ك هنتنگتنن ئاماژه‌ی پێ كردووه‌، ئه‌مریكا بووه‌ « گه‌وره‌ترین سۆپه‌ر پاوه‌ر .. Major Super Powers» و، شكۆی ئه‌مریكییه‌كانی گه‌یانده‌وه‌ ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ی كه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ساڵی 1776 ده‌یانگووت : « باج ده‌ده‌ین به‌ ئاو، باج ناده‌ین‌ به‌ په‌رله‌مانێك كه‌ نوێنه‌رایه‌تیمان نه‌كات و، به‌مه‌ش شۆڕشی ئه‌مریكا ده‌ستی پێكرد و خۆیان له‌ ئیمپریالیزمی به‌ریتانیا  ڕزگار كرد.

 به‌ هه‌مان شێوه‌ بڕیاره‌كه‌ی مسعود بارزانی بۆ هه‌ڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان له‌ ئایاری 1976 ، نه‌ك هه‌ر ته‌نیا بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان جڵه‌وی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كوردستان بگرێته‌وه‌ ده‌ست، به‌ڵكو ئه‌م بڕیاره‌ بووه‌ هۆكاری یه‌كبوونی ئیراده‌ی سیاسیی هه‌موو هێزه‌كانی كوردستان كه‌ ڕێك دوای 10 ساڵ له‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش «له‌ كۆتایی 1986»، پرۆسه‌ی ئاشتبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی و به‌ ڕۆڵی به‌رچاوی شه‌هید ئیدریس بارزانی سه‌ری گرت و، ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ی بۆ دروستكردنی «به‌ره‌ی كوردستانی» ڕه‌خساند، ئه‌و به‌ره‌یه‌ی كه‌ مسعود بارزانی له‌ ناوخۆی وڵات سه‌ركردایه‌تی ده‌كرد و، توانی له‌ دوای پرۆسه‌كانی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و ته‌واوی كوردستان، بڕیاری مقاوه‌مه‌ت بدات و داستانی شه‌ڕی « خواكوڕك» تۆمار بكات و جارێكی دیكه‌ له‌ناو نا ئومێدیدا ، ئومێد بۆ گه‌لی كوردستان دروست بكاته‌وه‌، هه‌روه‌ها  ئه‌و به‌ره‌یه‌ توانی نه‌خشه‌ی ڕاپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان دابڕێژێت و بۆ یه‌كه‌مین جار ته‌واوی كوردستان به‌ « كه‌ركووكی دڵی كوردستان»یشه‌وه‌ ئازاد بكرێت، ئه‌و به‌ره‌یه‌ی كه‌ تیایدا مسعود بارزانی بڕیاری «ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی له‌ كوردستان بۆ یه‌كه‌مین جار»دا و، به‌رهه‌می ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ش دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو، ئه‌م ئه‌زموونه‌ش وێڕای ئه‌و هه‌موو ڕه‌خنه‌یانه‌ی خۆمان له‌سه‌ری هه‌مانه‌، له‌ ماوه‌ی 10ساڵ حوكمڕانی توانی به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی مسعود بارزانی ببێته‌ به‌شێك له‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ڕووخانی ڕژێمی به‌عس و، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تییش بۆ ئازادكردنی عێراق ، هه‌مان ڕۆژ ئێواره‌كه‌ی «20ی ئاداری 2003» مسعود بارزانی به‌ ده‌ستی خۆی  ئاگری نه‌ورۆزی له‌سه‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر كرده‌وه‌ و، ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌ی بڵێسه‌ی ئاگری نه‌ورۆزی پێ داگیرساند، په‌یامێك بوو به‌ هه‌موو جیهانی ڕاگه‌یاند: «له‌ دوای شه‌ڕی چاڵدێرانه‌وه‌ كه‌ ‌له‌ ساڵی 1514 كوردستانی تێدا دابه‌ش كرا و دوای نزیكه‌ی 500 ساڵ، سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، ته‌نیا سه‌ده‌یه‌ كه‌ تیایدا كوردستان وه‌ك كیانێك به‌شێكه‌ له‌ هاوپه‌یمانییه‌كی گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌نگاو بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانی خۆی هه‌ڵده‌گرێت به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسینیشه‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش «عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت» مه‌شخه‌ڵه‌كه‌ی ده‌ستی مسعود بارزانی بۆ هه‌ڵگیرسانی ئاگری نه‌ورۆز، زیندووكردنه‌وه‌ی ساته‌وه‌ختی گه‌ڕانه‌وه‌ی مسته‌فا بارزانی بوو له‌ 6ی ئۆكتۆبه‌ری 1958 بۆ عێراق و  بۆ پشتگیری له‌ شۆڕشی چوارده‌ی ته‌مووز و ده‌ستووره‌كه‌ی، ئه‌وجا   له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مسعود بارزانی پێش ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق ، پێشتر  له‌ میانه‌ی كۆنگره‌كانی «پیرمام و له‌نده‌ن و پاریس»ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقدا، جیا له‌وه‌ی به‌نده‌كانی ده‌ستووری 1958ی هه‌مووی زیندوو كردبوونه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت « عێراقی نوێ ، نیشتمانی هاوبه‌شی كورد و عه‌ره‌بێت» ، زیاد له‌وه‌ش سیستمی فیدڕاڵی بۆ عێراق چه‌سپاندبوو، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی فیدڕاڵی به‌شێك بێت له‌ عێراق .

له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خشه‌ رێگه‌یه‌،  له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادكردنی عێراق و ده‌ستكردن به‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری ساڵی 2005 بۆ ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵیی عێراق، به‌ پێداگریی گه‌وره‌ی سه‌رۆك مسعود بارزانی و هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی جه‌نابی مام جه‌لال، توانرا هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای مێژوو و جوگرافیا «به‌ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئێستای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان»یشه‌وه‌ بخرێنه‌ ناو ده‌ستووری ساڵی 2005 و سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێ بۆ گه‌لی كوردستان ده‌ست پێ بكات.

له‌ ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك مسعود بارزانی-دا وه‌ « سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان» ، كوردستان ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین كاره‌ساتی دیكه‌ی گه‌وره‌ بووه‌وه‌ و له‌ هه‌موویان دیارتر شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش بوو، له‌م شه‌ڕه‌شدا كه‌ مسعود بارزانی جارێكی دیكه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی «20ی ئایاری 1962 « كه‌ داوای مۆڵه‌توه‌رگرتنی له‌ شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی كرد و، بووه‌ پێشمه‌رگه‌ و بڕنه‌وه‌ وه‌سه‌ته‌كه‌ی كرده‌ شانی ، دووباره‌ به‌ هه‌مان ئیشق و ئیراده‌وه‌  گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ و كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی به‌جێهێشت.

ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ چۆن  دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 1962  له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی جه‌نابی مسته‌فا بارزانی سه‌ركه‌وت  و پێی گوت: «بارك الله» و پاشان شه‌ره‌فی «پێشمه‌رگه‌«بوونی پێ درا، له‌ دوای 52 ساڵ « ساڵی 2014»  به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌و «بارك الله»یه‌ی پاراست و، له شه‌ڕی‌ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی داعشدا، ناوی «پێشمه‌رگه‌»ی كرده‌ ‌ پێناسه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و «جه‌نگاوه‌رانه‌ كه‌ له‌ پێناوی پاراستنی كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان خۆیان به‌خت ده‌كه‌ن»، به‌مه‌ش ناوی پێشمه‌رگه‌ بووه‌ وشه‌یه‌كی جیهانی له‌ ناو فه‌رهه‌نگی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ ئازادیخوازه‌كانی جیهان و، بووه‌ نازناوی هه‌موو باوكانی دامه‌زرێنه‌ر له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا،  له‌پێش هه‌مووانه‌وه‌ كردیه‌ نازناوی خۆی و .. پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ ڕاشكاوانه‌ ڕایگه‌یاند «ناوی پێشمه‌رگه‌ بۆ من له‌ هه‌موو پۆستێك گه‌وره‌تره‌ و ته‌نیا شانازی به‌ ناوی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كه‌م»، له‌مه‌ش زیاتر هه‌ر ئه‌م « ئیراده‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ لای مسعود بارزانی» وای كرد له‌ناو كۆشكی سپی و به‌ ئاماده‌بوونی «سه‌رۆك ئۆباما و جۆزیف بایدنی سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مریكا» باس له‌ پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكات و، هه‌ر ئه‌م ئیراده‌یه‌ش بڕیاری ڕیفراندۆمی ئه‌یلوولی 2017ی دا و به‌ ڕێژه‌ی زیاتر له‌ 90% گه‌لی كوردستان به‌ «به‌ڵی» ده‌نگی بۆ سه‌ربه‌خۆیی دا»، ئه‌وجا وێڕای ئه‌وه‌ی پیلانی ناحه‌زان و داگیركه‌رانی كوردستان هه‌موو كات هاوپه‌یمان و ده‌ستله‌ملان بووه‌  بۆ ئه‌وه‌ی ئیراده‌ی «پێشمه‌رگانه‌»ی مسعود بارزانی تێك بشكێنن، كه‌ دوایینیان كاره‌ساتی «16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017» بوو، به‌ڵام وه‌ك ئێستا ده‌یبینین هه‌موو سه‌ركرده‌ عه‌ره‌به‌كانی عێراق «به‌ شیعه‌ و سوننه‌» و به‌وانه‌شی كه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر كوردستان، ده‌ڵێن: «مسعود بارزانی ڕابه‌رێكی مێژووییه‌، ڕاستگۆیه‌ له‌سه‌ر مافی گه‌له‌كه‌ی خۆی و سازشی له‌سه‌ر ناكات و، هه‌موو كات به‌شێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ر، نه‌ك له‌ شه‌ڕ». ئه‌م ڕاستییانه‌ له‌ ئێستای  چه‌قبه‌ستوویی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا وێردی سه‌ر زاری هه‌موو سه‌ركرده‌كانی «هاوپه‌یمانیی سیاده‌ و عه‌زم ، ته‌یار و ئیتاری ته‌نسیقی شیعه»یه‌، كه‌ هه‌موو بێ جیاوازی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن بگه‌نه‌ باره‌گای بارزانی و ئیراده‌ی پێشمه‌رگانه‌ی مسعود بارزانی به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئه‌و چه‌قبه‌ستووییه‌ بكاته‌وه‌ .

له‌ دوماهی ئه‌م وتاره‌دا، به‌ جێگه‌ی خۆی ده‌زانم، بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و په‌یڤه‌ كورت و گرنگه‌ی كه‌ ڕۆژی 20ی ئایاری 2022، سینه‌ماكار و فۆتۆگرافه‌ری گه‌وره‌ی فه‌ره‌نسی «فرانسۆ لۆڤا» له‌ مه‌راسیمی 60ـه‌مین ساڵیادی بوون به‌ «پێشمه‌رگه»ی سه‌رۆك بارزانی پێشكه‌شی ئاماده‌بووانی كرد و گوتی: «له‌ كانوونی دووه‌می ساڵی 1963 بۆ ئاماده‌كردنی دیكۆمێنتارییه‌كی 23 خوله‌كی له‌سه‌ر هێزی پێشمه‌رگه‌ هاتمه‌ كوردستان و مسته‌فا بارزانی-م ناسی و هه‌ر له‌و كاته‌شه‌وه‌ مسعود بارزانی ده‌ناسم و ئاگاداری شۆڕشی كوردستانم. ئه‌وكات من ماوه‌ی شه‌ش مانگ له‌ كوردستان مامه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی 23 خوله‌ك دیكۆمێنتاری تۆمار بكه‌م..  له‌مه‌ش زیاتر باسی كاره‌كانی خۆم ناكه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و وێنه‌یانه‌ی له‌م مه‌راسیمه‌ نمایش كراون، به‌ كامێرای من گیراون و وه‌ك ده‌شڵێن «وێنه‌یه‌ك له‌ بری هه‌زار وشه‌یه‌«، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردی ئێستای كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و كاته‌ بكه‌ین كه‌ من هاتم، جیاوازییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كات كوردستان له‌ چ قۆناغێك بوو، ئێستا له‌ چ قۆناغێكه‌، ئێوه‌ ئێستا شاری گه‌وره‌ و پێشكەو‌تووتان هه‌یه‌ كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی تیایه‌، ئێستا هه‌رێمه‌كه‌ی ئێوه‌ ئاشتی و سه‌قامگیریی تیایه‌، له‌ كاتێكدا له‌ ئه‌وروپا شه‌ڕه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ نه‌وه‌كانی ئێستا ئه‌رك و ماندووبوونی باوكانی خۆیان له‌بیر بێت و بزانن ئه‌مه‌ی ئێستا به‌ ده‌ست هاتووه‌ به‌ خوێن و ماندووبوونی ئه‌وان  به‌ ده‌ست هاتووه‌.»

ئه‌م په‌یڤانه‌ی «فرانسۆ لۆڤا» ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ست هاتووه‌ به‌رهه‌می «ئیراده‌ی پێشمه‌رگه‌»یه‌، هه‌روه‌ها مسعود بارزانی كه‌ هه‌م پێشمه‌رگه‌ و هه‌م ڕابه‌ری ئێستای گه‌لی كوردستانه‌،  ‌ ماوه‌ی ‌ 60 به‌شێك بووه‌ له‌و مێژووه‌ و ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ كه‌ به‌ ڕاستگۆیانه‌ دوو ئه‌مانه‌تی گه‌وره‌ی پاراستووه‌، یه‌كه‌میان ئه‌مانه‌تی «باراك الله»ی مسته‌فا بارزانی كه‌ له‌ ئایاری 1962‌ شه‌ره‌فی بوون به‌ « پێشمه‌رگه‌»ی پێ وه‌رگرت ، ئه‌مانه‌تی دووهه‌میشیان مۆڵه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا بارزانی بوو كه‌ شه‌ره‌فی بڕیاردانی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕش و به‌رپرسیاریه‌تیی یه‌كه‌می له‌ شۆڕشی گوڵان پێ  به‌خشی و، به‌رهه‌می  پاراستنی ئه‌م ئه‌مانه‌تانه‌ش به‌ ڕاستگۆیی، مێژوویی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كوردستانی كردووه‌ته‌ «زنجیره‌یه‌كی پێكه‌وه‌ گرێدراو» هه‌ر له‌ شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری -یه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ شێخ عه‌بدولسه‌لامی بارزانی و شێخ مه‌حموودی حه‌فید و پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و مسته‌فا بارزانی و تا ده‌گاته‌ ئێستا ، مسعود بارزانی  له‌سه‌ر لووتكه‌ی چیای به‌رزی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی كوردستان، نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو باوكانی دامه‌زرێنه‌ری بزاڤی ڕزگاریخوازیی كوردستان ده‌كات و ئه‌و ئامانجه‌ی هه‌موو ئه‌و  باوكه‌ دامه‌زرێنه‌رانه‌ گیانی خۆیان له‌ پێناودا كرده‌ قوربانی، ئێستا له‌بری هه‌موویان پێداگری له‌سه‌ر ده‌كات و هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ به‌دیهێنانی هه‌ڵده‌گرێت و هه‌نگاوه‌كانشی هه‌ر به‌رده‌وامن هه‌تا ئه‌و ئاواته‌ گه‌وره‌یه‌ دێته‌ دی.

 

Top