گومان کردن لە بەغدا

گومان کردن لە بەغدا

ئەوەی لە سەت ساڵی رابردوو بەغدا بەرامبەر گەلی کوردستانی کردووە، یەک ئامانجی لە پشت بووە، ئەویش سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانی خەڵکی کوردستانە، بە هەموو پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانیەوە، لە پاشایەتیەوە بۆ کۆماری، لە سوننەوە بۆ شیعە، هەموویان درێژکراوەی عەقلیەتێکی شۆڤینی توندن کە تەنها بە گەیشتن بەو ئامانجەیان واز لە کوردستان و گەلەکەی دەهێنن.
ئەوە مێژووە تاریکە وای کردووە خەڵکی کوردستان بەرامبەر هەموو گوفتار و کردارێکی بەغدا بە گومان بێت، بۆیەشە بە درێژایی ئەو مێژووە خەڵکی کوردستان بەغدای وەک وولاتى خۆی تەماشا نەکردووە و هەرگیز ئامادەنەبووە گەردەنی خۆی بخاتە بەر تیخی ئەوان ، تا ئەو چەند ساڵەی دوایی کە بەداخەوە بە پاڵپشتێکی هێز و رەوتێکی سیاسی گۆشکراوی دەستی دەرەکی، ئەو گوتاری کاڵکردنەوەی ترس لە بەغدا دەستی پێکردووە، بەڵام هەموو جارێک لەوەشدا شکستیان هێناوە.
لە ساڵی 2012 نوری مالیکیان هاندا بەهێز بیرە نەوتەکانی کوردستان داگیر بکات، بەڵام نەیتوانی دواتر ئەو هێزە کوردیەی بیرە نەوتەکانی کەرکوکی بە خاک و خەڵکەکەیەوە رادەست کردن.
لە ساڵی 2014 پێشنیاریان بۆ بەغدا کرد کە بودجە و موچەی خەڵکی کوردستان ببڕن و لە رێگای برسیکردنەوە خەڵک ناچار بکەن بەغدایان قبوڵ بێتەوە، دیسان شکستیان هێنا، ئەوجارەیان بەغدا و بە هاوکاری ئیقلیمی رووی داعشی کردە کوردستان و لە رێگای داعشەوە ویستی کوردستان کاولبکات و قەوارە دەستوریەکەی لەناو ببات، ئەوجارەشیان سەریان دای لە بەرد، ئێستا بەغدا بە هاوکاری هەمان هێزی وابەستە بە داگیرکەر و دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان لە رێگای بەناو دادگای فیدڕالی دەیانەوێ هەوڵ بۆ ئەو ئامانجەیان بدەن، بە دڵنیایەوە ئەوجارەیان شکستەکەیان لەوانەی پێشو گەورەتر دەبێت، بەغدا شکستێکی دیکەی دەچێتە سەر تۆماری شکستەکانی، هێزە کوردیە وابەستەکەی بەغداش شەرمەزاریەکی دیکە دەبێتە مایەی کارە خۆفرۆشیەکانی.

Top