جێفری ڤاندێن بێرگ بەڕێوەبەری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی دروری بۆ گوڵان:   ڕووسیا توانایەكی كەمتری هەیە بۆ برەودان بە دەستڕۆیشتوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

جێفری ڤاندێن بێرگ  بەڕێوەبەری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی دروری بۆ گوڵان:     ڕووسیا توانایەكی كەمتری هەیە  بۆ برەودان بە دەستڕۆیشتوویی  لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

 

جێفری ڤاندێن بێرگ سەرۆكی بەشی زانستی سیاسییە لە زانكۆی دروری و بەڕێوەبەری دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هەمان زانكۆ، وانەبێژی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی دەرەكی و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. گوڵان بۆ تاوتوێكردنی پرس و پەرەسەندنەكانی تایبەت بە پێشهاتەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا ئەم دیمانەیەی لەگەڵ ساز دا.

 

* هەروەك ئاشكرایە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لە ماوەیەكی كورتدا یەكلا نەبووەوە و لە ئێستاشدا هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ ئەوەی بەم نزیكانە یەكلا ببێتەوە و كۆتایی پێ بهێندرێت، بەڵام درێژەكێشانی كاریگەری گەورەی جیهانی لێكەوتووەتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا نەدەتوانرا بە بێ پەنابردنەبەر شەڕ كێشە و ناكۆكییەكانی یەكلا بكرێنەوە؟

- لە ڕاستیدا لە ڕوانگەی ڕووسیاوە هەڵگیرسانی ئەم شەڕە كاردانەوە و بەرگری لەخۆكردنە لە بەرامبەر نزیكبوونەوەی ناتۆ لەسەر سنوورەكانی، هەرچەندە من هیچ قەناعەتێكم بە ڕەوایەتیی ئەم جۆرە پاساوهێنانەوە و لێكدانەوەی ڕووسیا نییە. چونكە ڕاستە ڕووسیا تا ڕاددەیەك هەستی كرد كە ئەمە هەڕەشە دەبێت بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەكەی، یان بۆ سەر بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی، ئەمە هیچ گومان هەڵناگرێت كە هەستێكی لەم چەشنە هەبوو لای ڕووسیا. بەڵام لە هەمان كاتدا ناكرێت ئەو ڕاستییە ڕەچاو نەكەین كە لە سەروبەندی داگیركارییەكە، واتە لە پێش ئەوەی ڕووسیا دەست بە داگیركارییەكە بكات، خودی وڵاتی ئۆكرانیا و لە هەمان كاتدا وڵاتانی ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش پێشنیاری گرتنەبەری ڕێگاچارەی دیپلۆماتی و گفتوگۆیان كرد بۆ چارەسەركردنی نیگەرانییەكانی ڕووسیا و بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكە و كۆتاییهێنان بە تەنگژە و ناكۆكییەكە، تەنانەت باس لە ئەگەری دواخستنی داواكاری ئۆكرانیا بۆ بوونە ئەندام بۆ ماوەیەكی نادیار خرایە ڕوو و پێشنیار كرا. ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەمەوە ئەوا دەڵێم ئەگەر پاساوی ڕووسیا ئەوە بێت كە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی هەبووبێت و ئەگەر پرسی بە ئەندامبوونی ئۆكرانیای لە ناتۆدا كردبێتە بناغەی ڕەوایەتیپێدانەكەی بۆ داگیركردنی ئەو وڵاتە، ئەوا ئەم بانگەشە و پاساوانە مایەی قەناعەتپێهێنان و باوەڕپێكردن نین، لەبەرچی؟ لەبەر ئەوەی خودی سەرۆك پۆتین و ڕووسیا دەرفەتی ئەوەیان لە بەردەمدا بوو كە بە بێ پەنابردنە بەر شەڕ و داگیركاری ئەم ئامانجانە بەدی بهێنن و نیگەرانییەكانیان بڕەوێننەوە.

* ئەگەر پێت وایە پاساو بانگەشەكانی ڕووسیا بۆ پەنابردنە بەر ئەم شەڕە و بۆ ڕەوایەتیپێدان لەجێی خۆیدا نین، ئایا باوەڕات وایە پاڵنەر و هۆكاری سەرەكیی پشت بڕیارەكەی ڕووسیا چی بوو؟

-  لە ڕاستیدا ئەگەر بتوانرێت بسەلمێندرێت ئەم پاساوەی ڕووسیا لە جێی خۆیدا نییە- كە هەروەك لە وەڵامی پێشوودا خستمانەڕوو-، ئەوا دەبێت لێكدانەوە و شرۆڤەیەكی دیكە بۆ پاڵنەر و هۆكاری شەڕەكە بكەین و لێرەدا دەكرێت ئاماژە بە مەیلی شەڕخوازی و دەستدرێژكاریی ڕووسیا بكەین، بە چەشنێكی دیكە دەكرێت زۆرێك لەم پرسە گرێ بدەینەوە بە خودی كەسایەتیی پۆتینەوە، چونكە پۆتین پتر خولیا و خەونی ئەوەی لە خەیاڵدا بوو كە دەبێت بوون و ئامادەیی ڕۆژئاوا لە ئۆكرانیادا پێچەوانەوە بكرێتەوە و كۆتایی پێ بهێندرێت و نابێت ئەم ئامادەییە لەسەر سنوورەكانی ڕووسیادا هەبێت، تەنانەت ئەگەرچی زەمانەتی ئەمنی هەبوو بۆ ڕووسیا، بەڵام ئەوە بوو كە سەرۆك ڤلادمیر پۆتین پێی وابوو ئەو زەمانەتانە بەس نین، واتە پۆتین بە هیچ شێوەیەكی قبووڵی نەدەكرد كە ئۆكرانیا بە هەر شێوەیەك لە شێوەكان نزیك بێت، یان گرێ بدرێتەوە بە ئەوروپاوە. لە ڕوانگەی ئەوانەی خرانەڕوو دەتوانرێت بە ڕاشكاوی بوترێت ئەم كارەی ڕووسیا دەستدرێژیكارییە و پێشێلكاریكردنی یاسای نێودەوڵەتییە.

* ئەی چۆن لە پرسی كاردانەوە و پەرچەكرداری نێودەوڵەتی دەڕوانیت لە ئاست ئەم شەڕە و ئایا پێت وایە ئەمە چ پەیامێك بە ڕووسیا دەدات؟

-  من پێم وایە دەكرێت كاردانەوەی جیهان بۆ هاوكاریی ئۆكرانیا و بۆ سزادانی ڕووسیا بە بەڵگەیەكی دیكە لێك بدەینەوە لەسەر ئەوەی كە ئەم كاری دەستدریژیكردنەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا چەند ناشەرعی و ناڕەوایە.

* هەندێ لە شرۆڤەكاران و تایبەتمەندانی بواری زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان پێیان وایە ئەم شەڕە بزمارێكی دیكە لە تابووتی ئەوە دەدات كە پێی دەوترێت «سیستمی لیبڕاڵیی جیهانی»، چونكە خواستەكە ئەوە بوو ئەم سیستمە باڵ بكێشێت بە سەر زۆربەی جیهاندا بە ڕووسیاشەوە، لێكدانەوە و شرۆڤەی ئێوە لەم ڕوووە چییە؟

- ئەوەی پەیوەندی هەبێت بەوەی پێی دەوترێت سیستمی لیبڕاڵیی جیهانی یان ئەو سیستمەی لەسەر بنەمای ڕێساكان بنیات نراوە و پێك هێنراوە، ئەوا ڕەنگە بڵێین دەرئەنجامی ئەم شەڕە كاریگەرییەكەی یەكلا دەكاتەوە لەسەر ئەم سیستمە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، جیهانی ڕۆژئاوا ئەم كارەی ڕووسیای بە هەڕەشە و مەترسی لێكدایەوە لەسەر سیستمی لیبڕاڵیی جیهانی و زۆر بە خێرایی ڕێكاریان گرتەبەر بۆ بەرگریكردن و بەرهەڵستیكردن، یان بەرپەرچدانەوەی ئەم هەڕەشە و مەترسییە. ئەگەر لە ڕوانگە و ڕەهەندێكی دیكەوە لێی بڕوانین، ئەوا ئەم كارەی ڕووسیا دەرئەنجامی پێچەوانەی لێكەوتووەتەوە، چونكە ئامانجی بنەڕەتیی سەرۆك پۆتین ئەوە بوو كە درز و كەلێن بخاتە نێو هاوپەیمانێتیی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە هەر شێوەیەك كە بكرێت سیستمی لیبڕاڵی لاواز بكات، یان كار بكات بۆ بنكۆڵكردنی سیستمە ڕۆژئاواییەكە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە ئاكامی ئەم داگیركارییە بووە هۆی بەهێزكردنی ئەو هاوپەیمانێتییانە و پتەوكردنی ئەم سیستمە. چونكە ئەوەتا ئێستا وڵاتانی وەك فنلەندا و سوید هەوڵی بەدەستهێنانی ئەندامێتی ناتۆ دەدەن، ئەمە لە كاتێكدا كە بۆ ڕۆژگارێكی درێژخایەن سوید بێلایەن بووە.

* وەك تایبەتمەند و پسپۆری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چۆن لە كاریگەری و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕە دەڕوانیت لە سەر ناوچەی ڕۆژهەڵات، بە تایبەتی لەسەر دەستڕۆیشتوویی ڕووسیا لەم ناوچەیەدا، چونكە هەروەك ئاشكرایە لە دوای ئەوەی ڕووسیا دەستێوەردانی سەربازی كرد لە سووریادا و كاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر ڕزگاركردنی دەسەڵاتی ئەسەد، ئەوا توانیوتی برەو بە دەستڕۆیشتوویی خۆی بدات؟

- لە ڕاستیدا من لەم ڕووەوە دڵنیا نیم، واتە بیرم لێ كردووەتەوە، بەڵام ڕەنگە زەحمەت بێت بۆ من بۆ ئەوەی پێشبینییەكی دیاریكراو بكەم لەم ڕووەوە. بەڵام ئەوەی دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژەی پێ بكرێت ئەوەیە كە ئاشكرایە ڕووسیا لە ڕووی سەربازییەوە زۆر سەرقاڵە و بگرە لە ڕووی دیپلۆماسییشەوە سەرقاڵە لە ئێستادا لە ئۆكرانیادا- بە تایبەتی دوای ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو بەرگری و بەرهەڵستییە زۆر بووەوە كە بووەتە هۆی ئەوەی هەوڵ و كۆششە سەربازییەكانی چڕتر بكاتەوە، كەواتە ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە لێی بڕوانین، ئەوا توانا و دەرفەتی ڕووسیا بۆ برەودان بە هێز و كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی خۆی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە چەشنێكی بەرچاو كەم بووەتەوە و لاواز بووە، هەر چەندە هێشتا كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی لە سووریا و لەسەر دەسەڵاتەكەی بەشار ئەل ئەسەد هەر ماوە. هەر چۆنێك بێت، دەكرێت لێرەدا ئاماژە بەوە بكرێت كە ئەو وڵاتە دەرەكییەی بارێكی لەباری بۆ ڕەخساوە لەم ناوچەیەدا بریتییە لە وڵاتی چین، كە ئاشكرایە پێشتریش چین وەبەرهێنانی زۆری كردبوو لەم ناوچەیەدا، واتە لە ڕووی دروستكردن و درێژەدان و برەودان بە پەیوەندییە بازرگانییەكان و ئەنجامدانی پرۆژەكانەوە، چینیش زۆر پەرۆشە بۆ ئەوەی برەو بە دەستڕۆیشتوویی و پێگەی خۆی بدات لەم ناوچەیەدا، لێرەدا مەبەستم ئەوەیە بڵێم سەرقاڵبوونی ڕووسیا بە شەڕەكەی لەگەڵ ئۆكرانیادا هێندەی دیكەی دەرفەت و بوار دەڕەخسێنێت لە بەردەم چیندا بۆ ئەوەی كاری لەسەر كارنامەكەی خۆی بكات.

* ئەی پێت وایە هیچ كاریگەرییەكی هەبێت لەسەر گفتوگۆكانی پەیوەست بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، مەبەستمان ئەوەیە ڕووسیا لایەنێكی كاریگەری ئەم گفتوگۆیانە بوو و ئایا پێتان وانییە سەرقاڵبوونی ڕووسیا بە شەڕەكەوە كاریگەری دەبێت لەم ڕوەوەوە؟

- ئەوە ڕاستە كە یەكێك لە دەرئەنجامەكانی دیكەی داگیركاریی ڕووسیا بۆ ئۆكرانیا و كاردانەوەی باقی جیهان لە ئاست ئەم شەڕەدا، ئەوە بووە كە دەرهاویشتە و ئاكامی خۆی هەبووە و هەیە لەسەر ئاڵۆزكردنی پرسەكانی پەیوەست بە گفتوگۆكانی تایبەت بە پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، چونكە نابێت ئەوە نادیدە بگرین كە ڕۆڵی ڕووسیا، یان با بڵێین هاوكاریی ڕووسیا لەم ڕووەوە گرنگی و كاریگەرییەكی گەورەی هەبوو، هەر ئەمەش هۆكارێك بوو لەوەی گفتوگۆكانی پەیوەست بە گەیشتن بە ڕێككەوتنێك لە بارەی پڕۆگرامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە دووچاری سستی ببێتەوە.

 

Top