نێچیرڤان بارزانی ، دیپلۆماسی كارا و هێزی نەرم..
ئەوەی هەستی پێكراوە و دەبینرێت ئەو راستییەیە كە ، ناوچەكە و جیهان لە قۆناغی روورداو و پێشهات و گۆرانكاری گەورەدایە ، زۆرێك لە ڕووداوەكان نزیك یان دوور كاریگەریی لەسەر دۆخی سیاسیی و ئابووری، ئەمنیی كوردستان هەیە؛ لێكەوتەكانی بە جۆرێك كاریگەریی خستۆتە سەر لێكترازان و گرژیی و ناكۆكیی ناوخۆیی، نەبوونی ڕۆحیەتی لێكتێگەیشتن و ئیرادەی یەكخستنی تواناكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پێشهات و ئاستەنگی گەورەیە، هێندەی تر گرفتەكەی قوڵتر كردۆتەوە، ناسەقامگییریی سیاسیی و كۆمەڵایەتی وئابووری و ئەمنیی خوڵقاندووە.
هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسایی و دەستووری و دوای دەیان ساڵ خەباتی چەكداری و رزگاریخوازی ، ئەمڕۆ ئەگەرچی بەداخەوە بە هۆی چاچنۆكی و بەرژوەندی وڵاتانی زڵهێز وداگیركەرانەوە ڕێگرن لە بەدەستهێنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆ ، بەڵام سەركردایەتییە سیاسی و پشوودرێژەكە ، ساتێك لە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی سەڕەرای هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە بەردەم ئەو كاروانە پر شانازییە دروست دەكرێت ، بەڵام بەهێزی نەرمی سیاسی و دیپلۆماسییەوە توانیوێتی هەنگاویی گرنگ و سەركەوتوو بەرەو بەدیهێنانی ئامانجەڕەواكانی بهاوێژێت و شوناسی گەلی كورد و هەرێمی كوردستان وەك ئەستێرەیەكی گەش لە ناوچەكە و جیهان بدرەوشێنێتەوە .
ئەمڕۆ چەمكی هێزی نەرم ، لە سەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە و جیهانی وەك چەك و ئامراز و ستراتیژییەكی بەكاردەهێنرێت ، بە تایبەت بۆ ئێمەی گەلی كورد وەك ئەكتەرێكی نادەوڵەتی كە خاوەن چەكی گەورە و فرۆكەی پێشكەوتوو و مووشەكی باڵستیك نین ، هێزی نەرمی دیپلۆماسی ڕۆڵ ،گرنگی و كاریگەرییەكی بەرچاوی دەبێت لە هاوكێشە ئاسایشی ، نێودەوڵەتییەكان و بەتاببەت پەیوەندی هاوبەشەكانی نێوان وڵاتاندا ، بەتایبەت لە دوای ساڵی 2003وە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دانپێراو و دیار بە هەوڵ و هیمەتی سەركردایەتی سیاسی كوردستان رۆڵی كارای بینیووە لەو بارەیەوە بۆ بەهێزكردنی پێگەی كوردستان و ئینجا داكۆكیكردن لە مافەرەواكانی.
بەتایبەت كە كوردستان لە رووی پێگەی جیۆسیاسی و جیۆ ئێكۆنۆمییەكەی ، هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی دیار وبەرچاو لە نێو ناوچەیەكی پر كێشە و ئاڵۆزدا ، بەردەوام ڕووبەرووی كۆسپ و گەمارۆدان و ستەمكاری و پێشێڵكاری بەرامبەر سەروەرییەكانی دەبێتەوە ، بەتایبەت لە لایەن وڵاتانی داگیركەران و وڵاتانی هەرێمییەوە، هەمیشە شەڕی بەزاندنی سەروەرییەكان و مافەرەواكانی ئەم گەل و خاكە دەكەن و بە زۆر ڕووبەرووی دەكەنەوە.
لە ئێستاشدا ، كەهەرێمی كوردستان و خەبات ودەستكەوتەكانی و سەركردایەتییەكەی لەلایەن نەیارانی دەرەكی و نێوخۆیی ڕووبەرووی هەڵمەتێكی چڕوپرسی سەربازی ومیدیایی و تابووری پێنجەم بۆتەوە، وایكردووە كە ترس و دڵەڕاوكێ ونائاڕامی لە نێوخەڵكی كوردستان ، دەخوازێت و پێوستیی زیاترمان بە ئیرادەیەكی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی ڕووبەرووی هەموو ئەو گرژی و ئەوپەڵاماردانە ناڕەوایانە ببینەوە بە ئاڕاستەی پاراستنیی بەرژەوەندییەكانی كوردستان بدەن، نەیارانی كورد وەك هەمیشە بێ هیوا ومایەپووچ بكەین ، بەتایبەت گەر هەڵوەستە لە سەر ئەو هێزودیپلۆماسییەتە نەرمەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لە شێوازو مامەڵەكردنەكاندیدا ، بەتایبەت لە دۆخە هەستیار و چارەنووسسازەكاندا ، ئینجا جوڵە دیپلۆماسییە بەهێز و وردبینی لە شێوازی مامەڵەكردنی و ئینجا تێكشكاندنی بەستەڵەكە و گەمارۆ و قەیرانەكان ، خاوەن شارەزایی و لۆژیكی ئاشتیانە ، ئیرادەیەكی پۆڵایین هەمیشە كەشوهەوایەكی ئەرێنی بۆ ناچاركردنی بەرامبەر بۆ كردنەوەی گڕێكوێرەكان و دۆزینەوەی چارەسەر ، ئەوەش هێمای ئەو هێزە نەرمە كاریگەرەی بەرێزیانە لە كاتە سەخت وهەستیارەكاندا .
بۆیە، دەتوانین ددان بەو راستییە دا بنێین كە ، گشت كاروچاڵاكییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی ،درێژە پێدەری ئەو خەبات و نەخشەڕێگەیەن كە هێژا سەرۆك مسعود بارزانی و شەهیدی سەركردە ئیدریس بارزانی كە بە ئەندازیاری ئاشتی كوردستانی ناسراوە و كە ئەنجامی كارەكانیان بەرهەمی قەوارەی هەرێم و گشت دەستكەوتەكانی ئێستای كوردستانە كە توانی بە لۆژیكی ئاشتیانە ناكۆكیی و ڕق و كینە بگۆڕێت بۆ ئاشتی و پێكەوەیی، ئێستاش بەهەمان شێوە ئەو ڕێبازە بەردەوامە تا گەیشتن بەیەكدەنگی وتەبایی و كۆكردنەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان، لە ژێر چەتری سەرۆكایەتی هەرێم، بەهەمان ڕۆحیەتێكی دیبلۆماسیی، كە ببێتە كلیلی كردنەوەی كۆدی ناكۆكییەكان، شكاندنی بەستەڵەكەكان ، ببێتە ئامڕازی كردنەوەی گرێوگۆڵەكان.
بۆیە،كاتی ئەوە هاتووە ، كە هەموو هێزولایەنە سیاسییەكان بەرژوەندییە باڵاكانی كوردوكوردستان پێش هەموو بەرژوەندییەكی تر بخەن و پشتیوانی هەنگاوەكانی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بن و دووركەونەوە لە بەرژوەندی حیزبی و شەخسی و كاربۆ تەبایی وهێوركردنەوەی مڵمڵانێی ناتەندروستەكان بكەن ، خەمی گەل و خاك ، ستراتیژی سەڕەكییان بێت ، چونكە هەرە ئەوەیە دەبێتە هۆی چارەسەری وئاشتی ولێكتێگەیشتن وبەتایبەت لەبارەی پرسە چارەنووسساز و گرنگ و هەستیارەكان و دوارۆژی كوردوكوردستانی بەهێزتر .