نەبوونی شەفافییەت بۆ پەردەپۆشكردنی ڕاستییەكان

نەبوونی شەفافییەت  بۆ پەردەپۆشكردنی ڕاستییەكان

 

لەو كاتەوەی كە قەیرانەكانی قۆناخی لووتكەی گەندەڵی لە هەر دوو پارێزگای «سلێمانی و هەڵەبجە» سەریان هەڵداوە، بەرپرسانی حزبی نەك «حكوومی» سەر بە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە میدیاكانەوە چەند چەواشەكارییەك بڵاو دەكەنەوە كە خودی تیمی «یەكێتی نیشتمانی كوردستان» لە حكومەتدا خۆی لێ ناكات بە خاوەن و هەڵوێست لەسەر ئەو چەواشەكارییانە وەرناگرێت، كێشەی سەرەكییش ئەوەیە لە هەموو ئەو بوارانەی كە داهاتی نانەوتی تێدا كۆدەكرێتەوە، وەك داهاتی « گومرگەكان، باج، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری خانووبەرە، وەزارەتی كارەبا» كە ئەمانە سەرچاوەی داهاتە نانەوتییەكانن، لە هەموویاندا دیارنەمانی پارەیەكی زۆر هەیە، ئەم ڕێژەیەش كە لەگەڵ هەردوو پارێزگای «هەولێر و دهۆك» و ڕێژەی ژمارەی دانیشتووان بەراوردی دەكەین، دەبینین ئەو ژمارانەی هەر دوو پارێزگای «سلێمانی و هەڵەبجە» ئاشكرای دەكەن، جێگەی گومان و تێڕامانێكی گەورەیە و لێرەدا ئاماژەیان پێ دەكەین:

 

 1. كۆكردنەوەی داهاتی باج

بۆ بابەتی كەمیی كۆكردنەوەی داهاتی باج لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەم بوارە بۆیە داهات كەمە، لەبەر ئەوەی كۆمپانیا گەورەكانی ئەو دوو پارێزگایە لە هەولێر باج دەدەن، یان بە چەكی بانكی پارە دەدەن، بۆیە سیولە لە بانكەكانی ئەواندا نییە.

سەبارەت بەم چەواشەكارییە ئەم ڕاپۆرتە بەدواچوونی كردووە لەسەر ئەم بابەتە و گەیشتووەتە ئەم زانیارییانە:

  بۆ ئەو كۆمپانییانەی كە باجی گەورە دەدەن،‌ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بە هاوشێوەی دەوڵەتی عێراق، یەك فەرمانگە هەیە و لە هەردوو پارێزگای «سلێمانی و دهۆك» ئۆفیسی خۆیان بۆ ڕاپەراندنی كارەكانی خۆیان هەیە.

  تەواوی ئەو كۆمپانییانەی لە پارێزگای سلێمانی تۆماركراون و چالاكیی بازرگانییان هەیە، هەر لە ئۆفیسی سلێمانی باج دەدەن و بە هیچ شێوەیەك باجی «گەورە باجدەران» و كۆمپانیاكانی دیكەی ئەو دەڤەرە نایەنەوە بۆ هەولێر.

  هەندێك لەو كۆمپانییانەی كاری وەبەرهێنان دەكەن و مۆڵەتی دەستەی وەبەرهێنانیان هەیە وەك «فاملی مۆڵ و ماجیدی مۆڵ»، بەپێی یاسای وەبەرهێنان بۆ ماوەی 10ساڵ لە باجدان بەخشراون، بەڵام هەموو دووكانەكان و ئەو ڕیستۆرانتانەی لەو مۆڵانە كاردەكەن، ڕاستەوخۆ باج دەدەنە ئۆفیسی سلێمانی.

  بە هیچ جۆرێك داهاتی باج بە چەكی بانكی لە كوردستاندا وەرناگیردرێت، ئەوجا ئەو باجە لە سلێمانی بێت یان لە دهۆك.

  بە پێی یاسا كارپێكراوەكان لێخۆشبوونی باج و ڕەسمی گومرگ لە هەموو كوردستان وەك یەك جێبەجێ دەكرێن و تەنیا پەیوەندی بە سلێمانییەوە نییە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم خاڵانەی ئاماژەمان پێ كردن، ئەگەر سەیری چۆنیەتی كۆكردنەوەی داهات لە هەر دوو پارێزگای «هەولێر و دهۆك « و «سلێمانی و هەڵەبجە» بكەین، دەبینین جیاوازییەكە بەم جۆرەیە:

ا- تێكڕای یەك مانگی كۆكردنەوەی باج لە «هەولێر و دهۆك» 35 ملیار دینار بووە كە دەكاتە 25 ملیۆن دۆلار.

ب- تێكڕای یەك مانگی كۆكردنەوەی باج لە «سلێمانی و هەڵەبجە» تەنیا 7.4 ملیار دینار بووە كە دەكاتە تەنیا 5.16 ملیۆن دۆلار.

ج- ئەم بەراوردە بە ڕێژەی سەدی دەكاتە ئەوەی كە 82%ی داهاتی كۆكردنەوەی باج هی هەر دوو پارێزگای «هەولێر و دهۆكە» و تەنیا 18%ی هی پارێزگای «سلێمانی و هەڵەبجەیە».

ئەوجا ئەگەر ئاماژەیەك بۆ ژمارەی ئەو كۆمپانیا گەورانە بكەین كە لە كوردستاندا كاردەكەن، دەبینین بەشی هەرە زۆری كۆمپانیا گەورەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانین و هەر لەوێش باجی خۆیان دەدەن، هەروەها بە هەمان شێوەی هەر دوو پارێزگای «هەولێر و دهۆك» ئەو شوێنە بارزگانییانە بوونیان هەیە كە هەموویان باج دەدەن بە ئۆفیسی سلێمانی، ئەوەش ڕاسیتیەكی حاشاهەڵنەگرە كە باجەكان كۆدەكرێنەوە، بەڵام بۆ ناگەڕێنەوە بۆ حكومەت، ئەوە مەسەلەیەكی دیكەیە و دەبێت هاووڵاتیان لە ڕاستییەكان ئاگادار بن.

 

 2. سەرچاوەی داهاتی خاڵە سنوورییەكان

بۆ ڕێكخستن و زیادكردنی داهاتی خاڵە سنوورییەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا كە هێزێكی هاوبەش لە هەردوو وەزارەتی «ناوخۆ و پێشمەرگە» دروست بكرێت، بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی ئەو خاڵە سنوورییانە بكرێت و كۆتایی بە تەخشان و پەخشان و قاچاخچێتی بهێنرێت، بەڵام ئەم بڕیارە بە گوشاری سیاسیی یەكێتی نیشتمانی جێبەجێ نەكرا، سەرۆكی ئێستای یەكێتیش ماوەیەك پێش ئێستا ڕاشكاوانە بە میدیاكانی ڕاگەیاند و گوتی: «جیاوازیی نێوان هەولێر و دهۆك لەگەڵ سلێمانی ئەوەیە، لەو دوو پارێزگایە مافیا نییە و لە پارێزگای سلێمانی مافیا هەیە، بوونی مافیاش ئەم جیاوازییە گەورەیەی دروست كردووە:

ا- تێكڕای داهاتی یەك مانگی خاڵە سنوورییەكانی هەولێر و دهۆك 99 ملیار دینار بووە كە دەكاتە 68 ملیۆن دۆلار.

ب- تێكڕای داهاتی یەك مانگی خاڵە سنوورییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە تەنیا 45 ملیار دینار بووە كە دەكاتە 31 ملیۆن دۆلار.

ج- بە ڕێژەی سەدی دەكاتە ئەوەی كە 69%ی داهاتی هەولێر و دهۆك بووە و تەنیا 31% داهاتی خاڵە سنوورییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە بووە.

 

 3- داهاتەكانی وەزارەتی ناوخۆ

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو وەزارەتانەی كە داهاتێكی زۆر باشی هەیە و بە تایبەتی داهاتە هەمە جۆرەكانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ و تۆماركردنی ئۆتۆمبێل و.. هتد.

لە ناو داهاتی وەزارەتی ناوخۆ نابێت جیاوازییەكی گەورە لە نێوان داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ داهاتی هەولێر و دهۆك هەبێت، لەبەر ئەوەی هەردوولا بە یەك یاسا كاردەكەن و ئاستی داهاتەكانیش لێك نزیكە، بەڵام با سەیر بكەین بزانین ڕێژەكان چۆنن:

ا: داهاتی یەك مانگی وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر 21.128 ملیار دینار بووە كە دەكاتە 69%.

ب: داهاتی یەك مانگی وەزارەتی ناوخۆ لە دهۆك 3.771 ملیار دینار بووە كە دەكاتە 12%.

ج: كۆی داهاتی یەك مانگی وەزارەتی ناوخۆ لە پاریزگای سلێمانی و هەڵەبجە تەنیا 5.887 ملیار دینار بووە كە دەكاتە 19%.

پرسیاری سەیر لێرەدا ئەوەیە كە داهاتی وەزارەتی ناوخۆ لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە شتێك لە سەرووی داهاتی وەزارەتی ناوخۆیە تەنیا لە پارێزگایەكی بچووكی وەك دهۆك، ئەمەش ئەو لوغزەیە كە خەڵكی كوردستان لە داهاتی سلێمانی تووشی سەرسوڕمانێكی گەورە دەكات.

 

 4. داهاتەكانی وەزارەتی شارەوانی

وەزارەتی شارەوانییش یەكێكە لەو وەزارەتانەی كە بە ڕێگەی كۆكردنەوەی ڕسومات و پارەی ئاو و مۆڵەتی بینا و.. هتد، داهاتی باشی هەیە و، ئەم داهاتانەش بۆ تەواوی پارێزگاكانی كوردستان جێگرن و گۆڕانكاریی گەورە تیایاندا ڕوو نادات، بەڵام ئەو جیاوازییە گەورەی لە نێوان كۆكردنەوەی داهاتی وەزارەتی شارەوانی لە هەر دوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بە بەراورد بە سلێمانی و هەڵەبجە هەیە، بەم جۆرەیە:

ا: داهاتی وەزارەتی شارەوانی لەیەك مانگدا لە هەر دوو پاریزگای هەولێر و دهۆك نزیكەی 9 ملیار دینار بووە، كە دەكاتە 79% كۆی داهاتی وەزارەتی شارەوانی.

ب: داهاتی یەك مانگی وەزارەتی شارەوانی لە هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە تەنیا نزیكەی 2.5 ملیار دۆلار بووە كە دەكاتە تەنیا 21% كۆی داهاتی وەزارەتی شارەوانی. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە بۆ دەبێت ئەم جیاوازییە گەورەیە لە داهاتی وەزارەتی شارەوانی هەبێت كە بەپێی ژمارەی دانیشتووان دەبوو داهاتەكان لێك نزیك بن.

 

 5. داهاتەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارەكانی خانووبەرە

تۆماری خانووبەرەش یەكێكە لەو سەرچاوەی داهاتانەی كە پێویستە هاوسەنگییەك بەپێی ژمارەی دانیشتووان لە ڕێژەی كۆكردنەوەی داهاتی هەبێت، لەمەش زیاتر جووڵەی ئەم كەرتە لە كوردستان بە شێوەیەكی ڕێژەی هاوسەنگە، ئەمەش بەو مانایەی نابێت جووڵەی عەقارات لە هەولێر و دهۆك زۆر بەرز و خێرا بێت و لە سلێمانی و هەڵەبجە سست و هێواش بێت و، ئەوانەی لە بواری عەقارات لە هەر دوو پارێزگای «هەولێر و دهۆك» و «سلێمانی و هەڵەبجە» كار دەكەن و ڕیكلام بۆ كارەكەی خۆیان دەكەن، ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە ئەو جووڵەیەی لەم بوارە لە هەولێر و دهۆك هەیە، هەمان جووڵەش لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەش هەیە، ئەگەر زیاتریش نەبێت، بەڵام دەبینین داهاتەكان بەم جۆرە جیاوازییان هەیە:

ا: داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری خانووبەرە لە هەولێر و دهۆك لە مانگێكدا بریتی بووە لە 6.745 ملیار دینار كە دەكاتە 70%ی كۆی داهاتی تۆماری خانووبەرە.

ب: لە سلێمانی و هەڵەبجە تەنیا 2.918 ملیار دینار بووە كە دەكاتە 30%ی كۆی داهاتی خانووبەرە.

 

 6. داهاتی وەزارەتی كارەبا

یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە داهاتەكانی «كارەبا، ئاو، باج» بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە مامەڵەی فەرمانگەكانی حكومەت گرێ دراونەتەوە بە سفركردنەوەی ئەو پارانەی لەو كەرتانە لای هاووڵاتیانە، زیاد لەمەش حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێژەیەك داشكانی كردووە، كە ئەمەش بووەتە هاندەرێكی باش بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ئەو قەزرانە زووتر بدەنەوە، لەم بوارەشدا بەپێی ئاماری ڕێژەی بەشداربووانی كەرتی كارەبا، ڕێژەی بەشداربووان زۆر لە یەكتری نزیكە، بەڵام جیاوازییەكەش بەم جۆرەیە:

أ: داهاتی كارەبای پارێزگای دهۆك و هەولێر لە مانگێكدا بریتی بووە لە 22.514 ملیار دینار كە دەكاتە 55%ی كۆی داهاتی وەزارەتی كارەبا.

ب: داهاتی كارەبای پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە مانگێكدا تەنیا 18.647 بووە كە دەكاتە 45%ی كۆی داهاتی وەزارەتی كارەبا.

ئەوەی لەم ژمارانە جێگەی سەرسامین، ئەوەیە كە كەمكردن و دیارنەمانی پارە لە سنووری هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە تەنیا لە یەك سێكتەر نییە، بەڵكو لە هەموو ئەو سێكتەرانەی كە داهاتی نانەوتی تێدا كۆدەكرێتەوە، دیارنەمانێكی گەورەی پارە هەیە، تەنیا ئەم كەرتەش «كۆكردنەوەی داهاتی نانەوتی» لە ژێر كاریگەریی لایەنێكی سیاسی «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان»ـە كە ئەم كێشە گەورانەی بۆ دروست دەكرێت و دەیكەنە سزایەك و سزای خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجەی پێ دەدەن و، سەرچاوەكانی دیكەی داهات كە بریتین لە داهاتەكانی «نەوت + یارمەتیی هاوپەیمانان + 200 ملیارەكەی عێراق « لە هەموویان شەفافانە بە ڕێژەی 43% دەدرێتە هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و، لە حاڵەتێكدا ئەگەر 200 ملیارەكەی عێراقیش نەیەت، ئەوا لە داهاتی هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك 43%ی ئەو بڕە دەنێردرێت بۆ سلێمانی كە دەكاتە 86 ملیار دینار و، لە هەر دوو مانگی یەك و دووی ئەمساڵ كە حكومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیەی نەناردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 86 ملیارەكەی بۆ هەر دوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ڕەوانە كردووە.

Top