کوژرانی نۆیەەمین ڕۆژنامەنووس لە ساڵی 2022 لە مەکسیک
پەیامنێرانی بێسنوور کوژرانی ڕۆژنامەنووسێکی دیکەی مەکسیکییان ڕاگەیاند و جەختیان کردەوە کە ئەمە کوشتنی نۆیەم ڕۆژنامەنووسە لەم ساڵە لەو وڵاتەدا.
پەیامنێرانی بێ سنوور ڕایگەیاند، كە تەرمی ڕۆژنامەنووسێکی مەکسیکی تەمەن 59 ساڵ بە ناوی « لوئیس ئینریکە رامیرز ڕاموس» لە ویلایەتی کەناراوی « سینالوا» لە باشووری ئەو وڵاتە دۆزراوەتەوە.
لە کاتێکدا کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕاگەیەنرا کە ڕۆژنامەنووسەکە دیارنەماوە و بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە تەرمەکەی لە نزیک شارۆچکەی «کولیاکان»، لە ویلایەتی سینالوا دۆزرایەوە، پەیامنێرانی بێسنوور دووپاتیان کردەوە کە ئەمە نۆیەم حاڵەتی كوشتنی ڕۆژنامەنووسانە لە مەکسیک لە سەرەتای ساڵی نوێی 2022وە.
هاوکات « بالبینا فلورس»، نوێنەری پەیامنێرانی بێسنوور لە مەکسیک، دەربارەی تیرۆرکردنی « لوئیس ئینریکە رامیرز ڕاموس» ، کە کاری بۆ ڕۆژنامەیەکی ناوخۆیی کردووە و ماڵپەڕێکی هەواڵی دامەزراندووە، دەڵێت: ئەوەی ڕوویدا بێگوومان تیرۆرکردن بووە.
گوڵان: سەردار خەلیل