كه‌سایه‌تی و پێگه‌ی به‌هێزی سه‌رۆك بارزانی له‌ كوردستان،عێراق،ناوچه‌كه‌ وجیهان

كه‌سایه‌تی و پێگه‌ی به‌هێزی سه‌رۆك بارزانی له‌ كوردستان،عێراق،ناوچه‌كه‌ وجیهان

سه‌رۆك مسعود بارزانی ، خاوه‌ن پێشینه‌یه‌كی به‌رخودان و تێكۆشانی پرشانازی و سه‌روه‌رییه‌ له‌ فیداكاری و داكۆكیكردن له‌ مافه‌ره‌واكانی كورد وكوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی و كه‌ وه‌ك میراتێكی گرانبه‌ها له‌ باب و باپیرانی وه‌ك زنجیره‌یه‌ك تا به‌ ئێستا درێژه‌ی هه‌یه‌ ، یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌ هه‌ر به‌هێزه‌كانی له‌ رووی ستراتیژی سه‌ربازی، سیاسی و دیپلۆماسی له‌ سه‌ر ئاستی كوردستان، عێراق، ناوچه‌كه‌ و نێوده‌وڵه‌تی ، زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ خه‌باتی بێوچان و دڵسۆزانه‌ی بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه‌ و بێ وچان وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی ماندوونه‌نناس كه‌ گه‌وره‌ترین شانازییه‌ لاییه‌ به‌رێزیان هه‌رگیز خه‌باتی كردووه‌ ، بۆ سه‌ربڵندی و ئازادی و سه‌ربه‌ستی نه‌ته‌وه‌كه‌ی و له‌ پێناو ئاشتی و كۆتایی هێنان به‌ جه‌نگ .
له‌ مێژووی زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی، سیاسی و دیپلۆماسی به‌رده‌وام و به‌ بێ‌ پشوودان ، سه‌رۆك بارزانی رۆڵی گرنگی له‌ داكۆكیكردن بۆ دۆزی كورد وكوردستان بینیووه‌ و ده‌بینێت و هه‌رگیز له‌ سه‌ختترین بارودۆخه‌كاندا سازشی له‌سه‌ر بچووكترین مافه‌ره‌واكانی گه‌لی كورد له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق نه‌كردووه‌، له‌ رابردوو و له‌ مێژووی دوای رووخانی ڕژێمی به‌عس له‌ عێراقیش به‌تایبه‌ت له‌ دوای 2003 سه‌رۆك بارزانی هه‌وڵه‌كانی له‌ چوار چێوه‌ی چه‌سپاندنی مافه‌نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ، خاك و مادده‌ی 140ی ده‌ستوور و وه‌ڕگرتنی مافی پێشمه‌رگه‌ و شه‌هید و تاوانه‌كانی جینۆساید و ئه‌نفال بووه‌ وه‌ك ناساندنی به‌تاوانێكی گه‌وره‌ له‌ لایه‌ن رژێمه‌كانی عێراقه‌وه‌ له‌ رابردوو.
سه‌رۆك بارزانی له‌ماوه‌ی 19 ساڵی رابردوو ، له‌ عێراقی نوێی گشت هه‌وڵه‌كانی له‌و پێناوه‌ بووه‌ تاكو له‌ سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی ، سازان و هاوسه‌نگی و فیدراڵی زێهنیه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق به‌ ئاڕاسته‌ی جێبه‌جێكردنی دۆسییه‌ و بابه‌ته‌گرنگه‌كانی وه‌ك مادده‌ی 140ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی ، ئینجا یاسایی نه‌وت و غاز و پێشمه‌رگه‌ به‌ رۆحییه‌تێكی ئاشتیخوازانه‌ و لێكتێگه‌یشتن و ئاشتیانه‌ ئه‌و مافه‌ره‌وایانه‌ به‌ده‌ست بێنێت و پارێزگاریشی لێبكات ،به‌رگریكردن له‌ بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هێز و ڕا و ویستی گه‌ل، گشت ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ به‌ تایبه‌تی ئاماژه‌ن به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی،نیشتیمانی ئه‌وه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و راستییانه‌ن كه‌ بارزانی هه‌رده‌م له‌ خزمه‌ت به‌رژوه‌ندییه‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمانه‌كه‌ی بووه‌ و له‌هه‌مان كاتیشدا رۆڵ و تێكۆشانی بۆ بونیاتنانی عێراقێكی دیموكراسی و فیدراڵی و ده‌ستووری و هاوبه‌شی بووه‌ له‌ پێناو سڕینه‌وه‌ی زێهنیه‌تی خۆسه‌پاندن و دیكتاتۆری و ئه‌گه‌ر پێداگری به‌رێزیان نه‌بووایه‌ ، دیار نه‌بوو عێراق به‌ چ ئاقارێكی مه‌ترسیدار و نادیار بڕوشتایه‌.
ناكرێت ئاماژه‌ به‌و راستیانه‌ و پێشكه‌وتن و دیموكراسیه‌ت و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ و ئازادییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌كه‌ین كه‌ ، پێش 30 ساڵ سه‌رۆك بارزانی هه‌وێن و پشتیوانی بوو تا ئه‌مڕۆ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ش له‌ سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ وجیهان ببێته‌ ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ش له‌ رووی ئازادی ، دیموكراسی و هه‌مووان خوازیاری په‌یوه‌ندی و به‌رژوه‌ندی هاوبه‌ش بن له‌گه‌ڵ گه‌لی كورد ـ ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی دیموكراسی ، ئازادی به‌یان و رۆژنامه‌ وانی و مافه‌كانی مرۆڤ و یه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ ژیانی هه‌موو ئایین و ئایینزاكان نموونه‌یه‌كی جوانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ دا . سه‌رۆك بارزانی به‌ ئه‌ندازیاری یه‌كبوونی نێوماڵی كورد هه‌ژمار ده‌كرێت، به‌ تایبه‌تی دوای ڕاپه‌ڕین و هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و پێكهێنانی حكومه‌ته‌كان و ڕێككه‌وتنه‌ سیاسییه‌كان. چونكه‌ بڕوای به‌وه‌ بوو كه‌ ته‌نیا یه‌ك حزب ناتوانێت له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌دا خزمه‌ت بكات له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان، ئه‌گه‌ر هاوكاری و هاوپه‌یمانیی ستراتیژی نه‌بێت له‌گه‌ڵ هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان و عێراق كه‌ ڕۆڵیان له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌یه‌.
هه‌روه‌ها له‌ رووی كۆمه‌ڵایه‌تی و بواره‌گرنگه‌كانی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیی، ئابووری و گشت بواره‌كانی دیكه‌وه‌ ،به‌تایبه‌ت به‌ چاوێكی باوكانه‌ و به‌ پربایه‌خ و گرنگه‌وه‌ ئاگاداری ژیانی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفاڵكراوان بووه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێری و وردبینی بۆ كردووه‌ ، هه‌روه‌ها له‌رووی سیاسی و دیپلۆماسی و چاودێری كردنیان بۆ زیاتر به‌هێزكردنی پێگه‌ی كورد له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان دا ، ده‌توانین ئاماژه‌ به‌و راستییه‌ بكه‌ین كه‌ ، هه‌موو ئه‌م جموجووڵه‌ دیپلۆماسییانه‌ی ئێستای به‌ڕێزان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و بنه‌ما ئابوورییانه‌یه‌ كه‌ كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت له‌ ئاسایشی دیپلۆماسییه‌تی وزه‌ كه‌ خۆی له‌ نه‌وت و گاز و گه‌شه‌پێدانی مرۆیی ده‌بینێته‌وه‌. هه‌رێمی كوردستان بووه‌ به‌ نموونه‌یه‌كی دیموكراسی له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، كه‌ ئاینده‌یه‌كی گه‌ش چاوه‌روانی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ ده‌كات به‌تایبه‌ت له‌رووی پارێزگاریكردنی له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانی ده‌وروبه‌ری .
ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ ئه‌وڵه‌ویه‌ت و گرنگه‌ بووه‌ لایی سه‌رۆك بارزانی له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیتشیمانییه‌ ،كه‌ بارزانی وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی تێكۆشه‌رو فیداكاری له‌ په‌روه‌رده‌ی قوتابخانه‌ی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر ژیرانه‌ كارده‌كات و شانازی به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ خه‌باتی شۆڕشگێڕی و سیاسی و بزاڤی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد بۆ گه‌یاندنی كورد به‌ ئارمانج و كه‌ناڕی دڵنییایی و سه‌قامگیری .

Top