سه‌ركرده‌ى په‌روه‌رده‌یی سه‌ركه‌وتوو

سه‌ركرده‌ى په‌روه‌رده‌یی سه‌ركه‌وتوو

 

فه‌یله‌سوف و سه‌ركرده‌ى چینى سن تزو ده‌لێ" سه‌ركرده‌ى كارامه‌ وا سه‌ركردایه‌تى شوێنكه‌وتووانى ده‌كات، وه‌كو ئه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌ك كه‌س بكات و له‌ ده‌ستى بێت.
له‌و ووتاره‌دا ده‌مه‌وێ باسى ڕۆلى به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ بكه‌م و ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێ ببێته‌ به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌، پێویسته‌ فێری گرنگى و بایه‌خی ڕۆلی به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ بێت وه‌كو سه‌ركرده‌ى په‌روه‌رده‌یی. له‌وانه‌یه‌ وه‌كو پێویست نامیلكه‌ وبه‌ڵگه‌ و پێڕست و سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌ر ده‌ست نه‌بێت وه‌كو ڕێنیشانده‌ر و ڕێنمایی كردن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌یانه‌وێ ببنه‌ به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی ڕاست و دروست هه‌ڵسوكه‌وت و ڕه‌فتار بكه‌ن و، له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌گه‌ر تووشى هه‌ر هه‌ڵوێست و وێستگه‌یه‌كى كارگێڕى یان ڕوودانى هه‌ر حاڵه‌تێكى كێشه‌ و گرفتێى په‌روه‌رده‌یی بوون، چۆن ڕه‌فتاری گونجاو و پێویست ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر به‌رێوه‌به‌رێك پێویستى به‌ هه‌بوونى كارامه‌یی په‌روه‌رده‌یی و كارگێڕى و بیركردنه‌وه‌ى په‌روه‌رده‌ییانه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنى بڕیارى په‌روه‌رده‌یی ته‌ندروست له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكی جۆراوجۆر بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رده‌م سه‌ركرده‌یه‌كى په‌روه‌رده‌یی سه‌ركه‌وتوو بێت، پێویسته‌ له‌ سه‌ره‌تا دا ئاماده‌یی ئه‌وه‌ت تێدا هه‌بێت خۆت بگونجێنیت له‌گه‌ڵ شێوازه‌ نوێی و جۆراجۆره‌كانى كارگێڕی په‌روه‌رده‌یی و، هه‌رده‌م په‌رۆش و په‌یوه‌ست بێ به‌ داهێنانى نوێی له‌ پسپۆڕى په‌روه‌رده‌یی و فێربوونى زیاتر و زیاتر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌ سه‌ر ئه‌و چه‌ند خاڵه‌ى خواره‌وه‌ ده‌توانی له‌ كاره‌كه‌ى خۆت دا داهێنان بكه‌ى و ببیته‌ سه‌ركرده‌یه‌كى په‌روه‌رده‌یی سه‌ركه‌وتوو ئه‌ویش:
1-سه‌ره‌تا ئه‌وه‌ بزانه‌ سه‌ركه‌وتن سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتن پێویستى به‌ كات هه‌یه‌ له‌ شه‌و و ڕۆژێكدا به‌ده‌ست نایه‌ت، كلیلی پادداشتى بونیادنان و گه‌شه‌ كردنى قوتابخانه‌ بریتییه‌ له‌ پشوو درێژى و ئیشى به‌رده‌وام و كۆششى ڕاستگۆیانه‌ و هه‌وڵدانى بێ وچان.
2-هه‌رده‌م قوتابییه‌كانت له‌ پێشه‌وه‌ى هه‌موو كاره‌كانت بن له‌ جیاتی ئه‌وه‌ى خۆت به‌ ئیشى هونه‌رى كارگێڕى خه‌ریك بكه‌ى و كاروبارى قوتابیان له‌ یاد بكه‌ى، پێویسته‌ هه‌میشه‌ قوتابییه‌كان له‌ پله‌ى یه‌كه‌م بێت لاى به‌رێوه‌به‌ر له‌ هه‌موو بڕیاردان و گۆڕانكاری و پێشكه‌وتن و داهێنانێك له‌ قوتابخانه‌ قوتابییه‌كان له‌ كارى هه‌ر له‌ پێشینه‌ بن و له‌ بیرمان نه‌چێت قوتابی ده‌رئه‌نجامى كۆى پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌.
3-به‌رده‌وام سه‌ردان و به‌ سه‌ركردنه‌وه‌ى پۆڵ پێویسته‌ له‌ كاتى وانه‌ ووتنه‌وه‌ى مامۆستایان، ئه‌وه‌ش بیرۆكه‌ و وێنه‌یه‌كى دروست پێشان ده‌دات تا چه‌ند فێركردن به‌ شێوه‌یه‌كى نه‌رم و نیان و په‌روه‌رده‌یی به‌رێوه‌ده‌چێت له‌ قوتابخانه‌.
4-چاودێری و سه‌رپه‌رشتى كردنى چۆنیه‌تیی ده‌وام كردنى سه‌رجه‌م مامۆستا و فه‌رمانبه‌ران و به‌دواداچوون بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌وگرفته‌كانیان و هه‌رده‌م په‌یوه‌ندییه‌كى بریانه‌ و باوكانه‌ له‌ نێوان به‌رێوه‌به‌ر و كارمه‌نده‌كان به‌ گشتیى بوونى هه‌بێت.
5-به‌رده‌وامى و پێكه‌وه‌یی له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری قوتابیان و بونیادنانى په‌یوه‌ندییه‌كى په‌روه‌رده‌ییانه‌ له‌گه‌ڵیان و ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌ هه‌ر كه‌م و كوڕى و كێشه‌یه‌ك.
6-به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌و گرفتى مامۆستاكان و فه‌رمانبه‌ران و ڕه‌فتاركردنى په‌روه‌رده‌یی ته‌ندروست له‌گه‌ڵیان دا، هه‌رده‌م هه‌ست به‌ پاڵپشتى ڕاسته‌قینه‌ بكه‌ن له‌ قوتابخانه‌، ئه‌وه‌ش ژینگه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌یی له‌ بارو گونجاو و پڕ ده‌ستكه‌وت و به‌رده‌م دێنیته‌ كایه‌وه‌ و هه‌رده‌م هه‌موو لایه‌ك هه‌ست به‌ ئاسوده‌یی و یه‌ك تیمی و یه‌ك خێزانى ده‌كه‌ن.
جودا له‌و خالانه‌ش پێویسته‌ به‌رده‌وام به‌رێوه‌به‌ر هه‌وڵ بدات پادداشت و خه‌ڵاتى مامۆستا و فه‌رمانبه‌ر و قوتابییه‌كانى بكات له‌ سه‌ر كار و ڕه‌فتارى باش و هانیان بدات، ئه‌وه‌ش وایان لێ ده‌كات زیاتر و زیاتر ببه‌خشن له‌ پێناو قوتابخانه‌ و خوێندن و په‌روه‌رده‌ و فێربوون و فێركردن دا.
ماوه‌ته‌وه‌ بلێم گرنگه‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ له‌ رێگاى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكان و یه‌كه‌ى سه‌رپه‌رشتیاری ساڵانه‌ به‌ داوداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندنى وورد و پێویست له‌ سه‌ر كۆى ئه‌دا و ڕۆلی به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه‌كان ئه‌نجام بدات له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، له‌ كۆتایدا كۆمه‌لێ بڕیاری ته‌ندروستى په‌روه‌رده‌یی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى لێ بێته‌ دی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی پرۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێركردن.


به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌
ماسته‌ر له‌ كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی

Top