ویلیەم وۆلفۆرس پڕۆفیسۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی لە كۆلێژی دارتمۆس بۆ گوڵان: بڕیاری شەڕ لەلایەن ڕووسیاوە هەڵەیەكی ستراتیژی بوو

ویلیەم وۆلفۆرس  پڕۆفیسۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی لە كۆلێژی دارتمۆس بۆ گوڵان:     بڕیاری شەڕ لەلایەن ڕووسیاوە هەڵەیەكی ستراتیژی بوو

 

 

ویلیەم وۆلفۆرس پڕۆفیسۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی لە كۆلێژی دارتمۆس، شارەزا و تایبەتمەند و وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك تیۆریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ئاسایشی جیهانی، سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤە كرد كە پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرئەنجام و لێكەوتەكانی و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەڕوانیت و ئایا ئامانجی بنەڕەتیی ڕووسیا لەم شەڕەدا چی بووە و دەرئەنجام و لێكەوتەكانی چی دەبن؟

- ئەوە پرسیارێكی گەورەیە، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە من پێم وایە دەبێت ئێمە لە خواستە بنەڕەتی و گشتییەكەی سەرۆكی ڕووسیاوە (ڤلادمیر پوتین) لەم پرسە بڕوانین، مەبەستم ئەوەیە ئەمە هەوڵێكە لە چوارچێوەی كۆششێكی گەورەتردا بۆ دووبارە باشتركردن و برەودان بە پێگەی ڕووسیا لە نێو ئەوروپا و لە نێو تێكڕای سیستمە نێودەوڵەتییەكەدا، بەڵام ئاشكرایە بە هەموو پێوەرێك شەڕەكە بەو شێوەیە بەڕێوە نەچوو كە ڕووسیا پلانی بۆ دانابوو، ئێستاش هەوڵەكانی ڕووسیا چڕ بووەتەوە لەوەی جۆرێك لە سەركەوتن بۆ خۆی وێنا بكات، یان دایبتاشێت، لە بارودۆخێكدا كە بە ئاشكرا وا دەردەكەوێت دوچاری شكست هاتووە.

* كەواتە باوەڕت وایە سەرۆكی ڕووسیا ڤلادمیر پوتین لە بڕیارەكەیدا بۆ داگیركردنی ئۆكرانیا دوچاری هەڵەی حیسابات و پێشبینیكردن بووە و، بگرە ئەم بڕیارە و پەرەسەندن و پێشهاتەكانی شەڕەكەش پێمان دەڵێت كە نەك هەر تەنیا ئامانجەكانی خۆی نەپێكاوە، بەڵكو دەرئەنجامی نەخوازرا و پێچەوانەی بۆ ڕووسیا لێ كەوتووەتەوە؟

- بەڵێ، هەموو پێوەر و ئاماژەكان پێمان دەڵێن كە بارودۆخەكە بەو شێوەیەیە كە ئێوەش لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ كردووە، من هیچ شرۆڤەكارێكی ورد ناناسم كە پێشبینی ئەوەی كردبێت ڕووسیا و سەرۆكی ئەو وڵاتە چاوەڕوانی ئەوەیان كردبێت كە دوچاری بوونەوە لە ئۆكرانیادا، هەموو ئەوانەی من دەیانناسم و دیراسەت و لێكۆڵینەوەیان لە بارەی كاروبارەكانی ڕووسیا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ئەو وڵاتەوە كردبێت، هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كە ڕووسیا پێشبینی ئەوەی دەكرد كە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی تێچوونێكی كەم لە خۆدەگرێت و تا ڕاددەیەكی خێرا دەبێت و تا ڕاددەیەك بە ئاسانی گۆڕانی دەسەڵات و حكومەتی كییڤ-ی لێ دەكەوێتەوە، كە ئاشكرایە ئەمە ڕووی نەدا، بەڵكو شەڕێكی قورس و خوێناوی بەرپا بووە و ئێستاش هەوڵەكانی ڕووسیا بە ئاراستەی ئەوەیە كە جۆرێك لە دەستكەوتی سیاسی لێ بەدەست بهێنێت.

* ئێوە لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا باستان لەوە كرد كە دەبێت ئەم شەڕە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ڕووسیادا بۆ بەهێزكردنەوەی پێگەی خۆی لێك بدەینەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێگەی ڕووسیا بەرەو لاوازی دەچێت، یان بەهێزبوون، ئەویش لەبەرچاوگرتنی ئەوەی شەڕەكە بەو شێوەیە پەرەی نەسەند كە ڕووسیا پێشبینی دەكرد؟

- گومانی تێدا نییە كە لە ئێستادا و لەسەر بنەمای ڕەوتی بەرەوپێشچوونی شەڕەكە، ئەوا پێشهاتەكان پێمان دەڵێن كە پێگەی ڕووسیا بەرەو لاوازی دەچێت، چونكە دەبێت ئەوەمان لە یاد بێت كە بانگەشەی ڕووسیا بەوەی پێگەی هێزێكی مەزنی هەیە لە بەشێكیدا بەند بوو بە هێزە سەربازییەكەیەوە، لە كاتێكدا هێشتا هێزێكی گەورەی سەربازی هەیە و دووەمین وڵاتی بەهێزە لە ڕووی بوونی چەكی ناوكییەوە، بەڵام ناكرێت ئەو دەرئەنجامەش لەبەرچاو نەگرین كە هێزی سەربازی تەقلیدیی ڕووسیا لەوە لاوازتر بوو كە پێشبینیمان دەكرد، ئەمەش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە پێگەی ڕووسیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەراورد بەو پێگەیەی كە لە پێش هەڵگیرسانی شەڕەكەوە هەیبوو.

* ئایا دەكرا ئەم شەڕە ڕووی نەدایە؟ مەبەستمان ئەوەیە هەندێ لە شرۆڤەكاران باس لەوە دەكەن كە دەكرا هەندێ هەنگاو هەڵبگیرایە كە ڕەنگە ڕێگر بوونایە لە ڕوودانی ئەم شەڕە، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

-  لە ڕاستیدا ئەو نائومێدبوونەی كە نوخبەی ڕووسیا، یان خودی سەرۆكی ئەو وڵاتە ڤلادمیر پوتین هەستیان پێ كرد لە ئاست ڕۆژئاوادا كە ئامادە نەبوون پێگەیەكی باشتر و بەهێزتر بە ڕووسیا بدەین لە پەیوەندی بە بونیادی ئەمنیی ئەوروپاوە، مایەی تێگەیشتنە، بەڵام ئەوە ڕوونە كە بڕیارەكەی بۆ هەڵگیرساندنی ئەم شەڕە- وەك كاردانەوەیەك بۆ نائومێدبوونەكەی- هەڵەیەكی ستراتیژی بوو، دەرئەنجامەكەش ئێستا هەڵكشانی توندوتیژی و هەڵكشان و بەرفراوانبوونی زیاتری بۆردومانەكانە وەك هەوڵێك بۆ بەدەستهێنانی سەركەوتن لە ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا، هەموو ئەوانەش مایەی كارەساتێكی مرۆیین كە زیان بە خودی ڕووسیا دەگەیەنن، ئەگەرچی زیان و خەسارەتی گەورە بەر گەلی ئۆكرانیا دەكەوێت، بەڵام ئەم دۆخە زیان بە ناوبانگی ڕووسیاش دەگەیەنێت.

* ئاشكرایە كە ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جگە لەوەی هاوكاریی سەربازییان بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر كردووە، بەڵام لە هەمان كاتدا چەندین سزای ئابووری و دارایی بەربڵاو و قورسیان بە سەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئێوە چۆن لە كاریگەری و كارایی ئەم سزایانە دەڕوانن؟

- تا ئێستا ئەم سزایانە- سەرباری بەربڵاوی و گەورەییان- نەبوونەتە هۆی ئەوەی ڕووسیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ڕابگرێت، ئەمەش شتێكی پێشبینی كراوە، چونكە سرووشتی سزاكان بە چەشنێكە كە كاریگەرییەكانی بە خێرایی دەرناكەون. بەڵام گومان هەڵناگرێت كە لە مەودای دووردا ئەم سزایانە كاریگەرییان لەسەر ڕووسیا و لەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە دەبێت. بەڵام بەكارهێنان و پەنابردن بۆ بەكارهێنانی سزاكان لەلایەن ڕۆژئاواوە دژی ڕووسیا قابیلی تێگەیشتنە، بە تایبەتی كە ڕۆژئاوا دەستێوەردانێكی ڕاستەوخۆی نییە لەم شەڕەدا، كە لە ڕاستیدا نابێت دەستێوەردانێكی ڕاستەوخۆشی تێدا بكات، پەیامی سزاكانیش ئەوەیە كە هەر وڵاتێك كارێك بكات بە چەشنی ئەوەی لە ئێستادا ڕووسیا- بە سەرۆكایەتیی پوتین- دەیكات لە دژی ئۆكرانیا، ئەوا دەبێت باجەكەی بدات.

* بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوتی شەڕەكە لە ئێستادا كە ڕوونە ڕووسیا نەیتوانیوە سەركەوتنێكی بەرچاو بەدەست بهێنێت، بەڵام لە هەمان كاتدا ئۆكرانیاش دوچاری زیان و وێرانكارییەكی زۆر بووەتەوە، ئایا پێت وایە شەڕەكە درێژە دەكێشێت، یان دەكرێت لە ڕێی گفتوگۆوە كۆتایی پێ بهێندرێت؟

- من نازانم بە دیاریكراوی ڕەوتی بەرەوپێشچوونی شەڕەكە بە چ ئاقار و ئاراستەیەكدا دەڕوات، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە شەڕەكە بووەتە هۆی ئەوەی هەر دوولا سەختگیرتر بن لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ یەكدیدا، بە تایبەتی كە حكومەتی ئۆكرانیا جۆرێك لە بۆچوونی بۆ دروست بووە، بەوەی ڕەنگە بتوانێت سەركەوتوو بێت لە شەڕەكەیدا لەگەڵ ڕووسیا، ڕووسیاش لەلای خۆیەوە- هەرچەندە ئەمە تەنیا مەزەندەكردنە- ڕەنگە پێی وابێت دەتوانێت هێزەكانی ئۆكرانیا لە بەشی ڕۆژهەڵاتدا تێك بشكێنێت و لۆهانسك و دۆنێتسك لە ئۆكرانیا داببڕێت و جیای بكاتەوە. ئەگەر ئەمە وا بێت، ئەوا زەحمەتە حكومەتی ئۆكرانیا ڕازی بێت بە ڕێككەوتنێكی ئاشتیی لەوجۆرە كە لەدەستدانی بەشێكی گەورەی خاكەكەی لێ بكەوێتەوە. هەرچۆنێك بێت، ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ پرسیارەكەتان ئەوا پێ دەچێت شەڕەكە درێژە بكێشێت، ئەگەرچی من هیوادارام ئەمە حاڵەتەكە نەبێت، بەڵام ئاماژەیان پێمان دەڵێن دۆخەكە بە ئاراستەی بەردەوامبوونی شەڕەكەدا دەڕوات.

* چۆن لە ڕۆڵی چین دەڕوانیت؟ ئایا پێت وایە دەتوانێت ڕۆڵێكی بنیاتنەر و ئەرێنی ببینێت بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە و گرتنەبەری ڕێگای گفتوگۆ، یان لە كۆتاییدا بڕیاری ئەوە دەدات كە پشتیوانی لە ڕووسیا بكات؟

- من خوازیاری ئەوە بووم چین ڕۆڵێكی چالاكی هەبووایە لەم ڕووەوە- بەرەو هێوركردنەوەی دۆخەكە، یان شەڕەكە-، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە چین نایەوێت لەسەر ئاستی ستراتیژی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ ڕووسیادا كۆتایی پێ بهێنێت و بپچڕێنێت لەم دۆخەكە خراپەكەدا كە ڕووسیا پێیدا تێدەپەڕێت، بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتەكانیش ئامادە نییە پاڵپشتییەكی تەواوی ڕووسیا بكات، كەواتە چین ڕۆڵێكی تەمومژاوی هەیە. بە گوێرەی لێكدانەوەی زۆربەی شرۆڤەكاران چین شەراكەتی ستراتیژیی خۆی لەگەڵ ڕووسیادا كۆتایی پێ ناهێنێت بە هۆی ئەم شەڕەوە. ئەگەر چین بە تەواوەتی پشتیوانیی ئۆكرانیا، یان ڕۆژئاوا بكات لە دژی ڕووسیا، ئەوا ئەمە بە مانای كۆتاییهاتنی هاوبەشییەكەیەتی لەگەڵ ڕووسیا و من پێم وانییە چین هەنگاوێكی لەم چەشنە هەڵبگرێت.

* ئایا پێت وایە ئەم شەڕە هیچ كاریگەرییەكی هەبێت لەسەر پێگە و دەستڕۆیشتوویی ڕووسیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەتی كە ئاشكرایە ڕووسیا دەستتێوەردانی سەربازی كردووە لەم ناوچەیەدا، بە تایبەتی لە سووریا؟

- ئەوە ڕاستە كە ڕووسیا توانیویەتی پەرە بە پێگەی خۆی بدات لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەتی بە هۆی پاڵپشتیكردن، یان ڕۆڵی لە مانەوەی بەشار ئەل ئەسەد لە دەسەڵاتدا لە سووریا، هەروەها ڕووسیا پەیوەندییەكی باشی هەبوو لەگەڵ ئیسرائیل و پەیوەندیی باشی هەبوو لەگەڵ توركیا، كە بۆی هەیە ئەم دەستڕۆیشتووییە دوچاری جۆرێك لە پاشەكشە ببێتەوە، بە تایبەتی كە ئەم شەڕە بارگرژی لە پەیوەندییەكانی ڕووسیا و ئیسرائیل، هەروەها لە پەیوەندییەكانی ڕووسیا و توركیاش دروست دەكات. كەواتە پوختەی مەسەلەكە ئەوەیە كە بۆی هەیە ئەم شەڕە ببێتە هۆی لاوازبوونی ئەو پێگەیەی پێشتر ڕووسیا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدەستی هێنابوو.

 

Top