فشارەکانی سەر کوردستان و هاوکێشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

فشارەکانی سەر کوردستان و هاوکێشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 


ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم وەچەرخانێکی گرنگ و قۆناغێکی گەورەدایە، ئەگەر عێڕاق خاڵی دەستپێکی گۆڕانەکەش نەبێت، ئەوە خاڵی یەکلاکەرەوە و چەقی گۆڕانکاریە، ئەو گۆڕانە پەیوەندی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوکێشەی سیاسی و هێز و ئابوریە لە ناوچەکەدا.
گۆڕانکاریەکان لە دوو جەمسەری گرنگی ناوچەکە دەستیان پێکردووە کە گرنگترین خاڵی سەر ئاوە گەرمەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکدەهێنن، یەمەن لە سەر دەریای عەرەب و دەریای سوور، هەروەها لوبنان و سوریا لە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، کە کاریگەری هەردووکیان بۆ سەر عێڕاق شۆڕدەبێتەوە، ئەویش خۆی لە پاشەکشێ پێکردنی ئێران دەبینێتەوە، لە یەمەن پڕۆسەیەکی نوێ و شێوازی حوکمڕانیەکی نوێ بە پاڵپشتیەکی بەهێزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دروست بووە، لە لوبنانیش ئەو حکومەتەی بارمەتەی ئێران بوو لە رێگای حیزبوللاوە رۆژ بە رۆژ زیاتر لە بەریەک هەڵدەوەشێتەوە و خەریکە لوبنان وەک دەوڵەتێکی مایەپوچ بکەوێتە دەرەوەی هەژمارەکان و دەرفەت بۆ دۆستە دێرینەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە نوێیەکانی ئیسڕائیل دروست دەبێت و بەهێزەوە بگەڕێنەوە لوبنان، ئەوە سەرنجمان بۆ خاڵێک دەبات کە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تڕەمپ لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا رایگەیاند کە دەبێ کلک و دەستەکانی ئێران ببڕدرێ و ناچار بکرێ بگەڕێتەوە ناو سنوورەکانی خۆی.
لە گەڵ هاتنە سەر کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فشارەکان لە سەر قەوارەی دەستوری کوردستان زۆرتر و توندتر بوونە، ئەو فشارانە لە سەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکین، کە هەردووکیان تەواوکەری یەکترن، زادەی یەک سەرچاوەن، چەند فشارەکان زۆرتر بن و هەوڵی ئەوە بدرێ قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان سازش بکات و مل بۆ داواکاری لایەنێک دابنێ، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان مکوڕتر دەبێت لە دەستگرتن بەو ستراتیژیەتەی لە یەکەم رۆژی راگەیاندنی کارنامەکەی کە بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان نابێت و سازش لە سەر ئەو مافانە ناکرێ بە هەر نرخ و رێگایەک بێت.
ئەو هەڵوێستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە سەر زاری سەرۆکەکەی لە چەندین بۆنەوە دووپات کراوەتەوە، خەریکە هەرێمی کوردستان وەک دیفاکتۆیەکی قبوڵکراو لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و جێگیرکراو لە دەستوری هەمیشەیی عێڕاقدا، بەهێزەوە دەگەڕێتەوە ناو هاوکێشە هەرێمایەتیەکان و لە دەرگایەکی گەورەتر و بە رێگایەکی کاریگەرتر بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە بەرژەوەندیەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکاتەوە، لە رێگای زیاتر گەشەدان بە سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ و هەناردەکردنی غازی سروشتی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان.
ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی ئیقلیمی و لە رێگای هەمان هێزی ئیقلیمیەوە و بە بەکارهێنانی دامەزراوە فیدڕالیەکانی عێڕاق و هاندانی هێزێکی ناوخۆیی کوردستانی بە هەموو توانایێکەوە کار بۆ پەکخستنی ئەو کارە دەکەن، سەرەتا بە بەکارهێنانی دادگای فیدڕالی بە دەرچوونی لە مادە دەستوریەکان و پێشێلکردنی دەستور و مافە دەستوریەکانی خەڵکی کوردستان، دواتر بە موشەکباران کردنی هەولێری پایتەختی کوردستان و ئێستاش بە باسکردن لە رادەست کردنەوەی دەڤەری سلێمانی بە سامانی ژێر زەوی و سەر زەویەوە بە بەغدا و لە رێگای بەغداشەوە بە میلیشیایانەی پاسەوانی بەرژەوەندیەکانی هێزێکی دەرەکین. بەڵام ئەوەی دیارە، ئەو هەوڵەش وەک ئەوانەی دیکە سەرکەوتو نابێت لە راگرتنی پێشکەوتن و گەشەکردنی هەرێمی کوردستان، چونکە ئیرادەی خەڵکی کوردستان و پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵدایە.

Top