چۆنیه‌تى په‌ره‌پێدانى فێركردن له قوتابخانه‌كان
![چۆنیه‌تى په‌ره‌پێدانى فێركردن له قوتابخانه‌كان](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20220415004705_original_25.jpg )
ئه‌حمه‌د ئه‌لشقیری راگه‌یاندكاری سعودی ده‌لێ" به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه له ژاپۆن زووتر له قوتابییه‌كانیان نان ده‌خوات به نیو كاتژمێر له چێشتخانه‌ى قوتابخانه بۆ دڵنیابوونى له خواردنه‌كه كه ته‌ندروسته و نه‌خۆشیان ناخات".
گه‌ر بمانه‌وێ هه‌ر پێشكه‌وتن و هه‌ستانه‌وه و بۆژانه‌وه‌یه‌ك به جۆره‌ها رێگا ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین و به ده‌ستى بهێنین ئه‌وا ده‌بێ بیر بكه‌ینه‌وه و هه‌وڵ بده‌ین چۆن فێركردن له قوتابخانه‌كان په‌ره‌ى پێ بده‌ین و قوتابخانه چۆن گه‌شه‌ى پێ بده‌ین، چونكه هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین كه‌وا هه‌ر هه‌ستانه‌وه و گه‌شانه‌وه و بوژانه‌وه‌یه‌ك به ڕاست و دروستى گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌وا ده‌بێ له پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و فێركردن له قوتابخانه‌كان ده‌ست پێ بكه‌ین، گومان له‌وه دانییه قوتابخانه خاڵى هه‌ره پێشه‌وه‌ى كۆى پرۆسه كه یه و له قوتابی و مامۆستا و كارگێڕى قوتابخانه‌كان پێك دێت.
بۆیه ده‌بێ گرنگى و بایه‌خی زۆر به قوتابخانه‌كان بده‌ین و، ژینگه‌یه‌كى له بار‌و ڕه‌خساو و گه‌نجاو و ته‌باو هاریكار دروست بكه‌ین له نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى قوتابخانه. گرنگه قوتابییه‌كانمان ڕابهێنین چۆن په‌ره به بیركردنه‌وه‌یان بده‌ن و رێگاكانى فێركردن و فێربوون تاقی بكه‌نه‌وه، هه‌ر ته‌نها خه‌ریكی په‌رتووكی قوتابخانه نه‌بن، به‌ڵكو فێر بكرێن چۆن به‌دوای زانست و زانیاری جۆراوجۆر ده‌گه‌رێن له سه‌رچاوه باوه‌ڕپێكراوه‌كان له پێگه‌كانى ئه‌نته‌رنێت له گۆڤار و رۆژنامه و په‌رتووك و سه‌رچاوه‌كانى په‌رتووكخانه‌كان ، یانیش له ئه‌نجامى چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌سانى دیار و ناسراو و خاوه‌ن ئه‌زموون و شاره‌زا، بێَگومان ئه‌و گه‌ڕان و خۆماندوو كردنه وا له قوتابی ده‌كات كارامه‌یی گه‌رٍانی به دواى زانست لا دروست بێت و خولیای ده‌بێت و ده‌رئه‌نجامیش ده‌بێته كارامه‌ییه‌كى جێگیر لاى قوتابی، جگه له‌وه‌ش رێگاكانى بونیادنانى خودی لاى گه‌شه ده‌كات و ده‌توانێ چاره‌سه‌ری زۆر گرفت بكات.
هه‌روه‌ها مامۆستا كه هه‌رده‌م ئه‌ستونده و كۆله‌گه‌ى سه‌ره‌كى پرۆسه‌كه ده‌ژمێردرێ، پێویسته به‌رده‌وام په‌ره به‌توانا پسپۆرییه‌كانى بدات. چونكه هه‌ر چه‌ند رێگاكانى فێركردن به‌ره‌وپێش بچن و ته‌كنه‌لۆژیا و كۆمپیوته‌ر و ئه‌نته‌رنێت باو بێت و رێگاكانى خۆ فێركردن په‌ره‌بستێنێ و ئاسان بێت، به‌ڵام مامۆستا هه‌میشه وه‌كو په‌روه‌رده‌كار و ئاراسته‌كار و ئامۆژكار و ڕێپیشانده‌ری یه‌كه‌م دێت بۆ قوتابییه‌كانى و به سه‌رچاوه‌ى زانست و زانیاری ده‌ژمێردرێت، بۆیه پێویسته هه‌رده‌م مامۆستا په‌ره به‌تواناى خۆى بدات و به‌رده‌وام به‌شدارى بكات له خوله‌كانى ڕاهێنانى جۆراوجۆری پسپۆڕى و وانه‌وتنه‌وه و به‌ده‌ست هێنانى شاره‌زایی زیاتر و زیاتر، تا بتوانێ هه‌میشه به شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر و متمانه وانه بلێته‌وه و ڕۆڵى ئه‌رێنى مامۆستا بگێرێ به‌رامبه‌ر قوتابییه‌كانى كه ببێته مایه‌ى دڵنیایی و متمانه‌ى به‌رده‌وام.
هه‌روه‌ها ده‌سته‌ى كارگێڕى قوتابخانه به تایبه‌تى به‌رێوه‌به‌ر پێویسته به‌رده‌وام به‌شدارى بكات له خولى راهێنانى كارگێڕى و سه‌ركرده‌ی په‌روه‌رده‌یی كه قوتابخانه‌كه‌ى ببێته شوێنێكى ئارام و پارێزراو بۆ مامۆستا و قوتابییه‌كان، وه ببێته نموونه‌یه‌كى به‌رزى ڕه‌وشت و ئادكاری په‌روه‌رده‌یی گشتیی بێت له قوتابخانه و، ژینگه‌یه‌كى له باری په‌روه‌رده‌یی گشتگیر له قوتابخانه‌كه فه‌راهه‌م و ده‌سته‌به‌ر بكات، له بیرمان نه‌چێت هه‌ر كاتێ ڕۆلى به‌رێوه‌به‌رى قوتابخانه ڕۆلێكى سه‌ركه‌وتوو نایاب بوو، ئه‌وا ئه‌و كات قوتابخانه‌كه‌ش سه‌ركه‌وتوو و نایاب ده‌بێت.
بۆیه جه‌خت له‌وه ده‌كه‌مه‌وه گه‌ر بمانه‌وێ هه‌ر گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانێك له پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و فێركردن له قوتابخانه ئه‌نجام بده‌ین، ئه‌وا ده‌بێ ئه‌وپه‌ری گرنگی و بایه‌خی زۆر به قوتابی و مامۆستا و كارگێری قوتابخانه بده‌ین، چونكه هه‌روه‌كو ده‌لێن قوتابخانه ماڵى دووه‌ممانه و له‌وێ فێر ده‌كرێن چۆن پڕ چه‌ك بین به زانست و زانیاری و چۆن بیر و هزرمان پێبگات، لێره‌وه ده‌بێ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌كان به‌رده‌وام پلان و كاری له پێشینه‌یان گرنگیدان بێت به قوتابخانه‌كان و چاودێری و به‌دواداچوونى ووردیان هه‌بێت له سه‌ر كۆی پرۆسه‌ى په‌روه‌رده و فێركردن له قوتابخانه‌كان.
به‌رێوه‌به‌رى گشتى/ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده
ماسته‌ر له كارگێڕى په‌روه‌رده‌یی