كەسێك ڕۆڵی لە هەرزانكردنی بازاڕدا هەبێت بەشدارە لەو خێرەی بەر خەڵكی دەكەوێت

كەسێك ڕۆڵی لە هەرزانكردنی بازاڕدا هەبێت بەشدارە لەو خێرەی بەر خەڵكی دەكەوێت

 

بە ناوی خودای بەخشندەو میهرەبان. مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ڕوكنێكە لە ڕوكنەكانی ئیسلام، خودای گەورە و میهرەبان بەجێگەیاندنی ئەم ئەركەی لەسەر هەموو موسڵمانێك واجب كردووە، لەم مانگەدا موسڵمانان بە خوداپەرستی و بەڕۆژووبوون و نزا و خێر و كاری چاكەوە، لە خودای گەورەو میهرەبان زیاتر نزیك دەبنەوە. موسڵمانان وێڕای بەڕۆژووبوونیان، دەستبەرداری هەموو هەڵە و كەموكورتییەكیش دەبن و، خۆیان لەسەر پێكەوەژیان و لێبووردەیی و خۆشەویستی ڕادەهێنن.

 مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی هەموو موسڵمانان بەخۆیاندا بچنەوە و زۆرترین نزا بكەن بۆ پێغەمبەرمان دروودی خوای لەسەر بێت. ڕۆژووبوون لە ڕووی كۆمەڵایەتی و دەروونی و جەستەییەوە سوودێكی زۆر گەورەی هەیە، لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگە زیاتر لێك نزیك دەكاتەوە و، لەم مانگەدا هەژار و دەوڵەمەندەكان زیاتر یەكتر دەناسن، بە هاوكاری و یارمەتیدانی یەكتر لە لایەن دەوڵەمەندەكانەوە كە بەڕۆژوو دەبن و زیاتر بەهای برسێتی دەناسن و هەژارەكان بەسەر دەكەنەوە. بە خێر و زەكات و سەرفترە و هاوكاری، لەم مانگە پیرۆزدا ئەوانەی دەوڵەمەند و هەبوون، واجبە لە سەریان زیاتر برا موسڵمانە هەژارەكانیان بەسەر بكەنەوە، هەژارەكانیش بەهای ئەو بەسەركردنەوەو یارمەتی و هاوكارییەی دەوڵەمەندەكان دەزانن، بەمەش ڕەمەزان سۆز و خۆشەویستی لە نێوان تاكەكانی ناو كۆمەڵگەدا دروست دەكات، لە نێوان چینی هەژار و چینی سەرمایەدار و خزم و بێگانە و هەموو مرۆڤایەتیدا .

سوودێكی دیكەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لایەنی تەندروستیی مرۆڤە، پێغەمبەرمان سەلامی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت: «ئێوە بەڕۆژوو بن بۆ خاتری ئەوەی تەندروست بن»، لە لایەنی تەندروستییشەوە پزیشكانمان سەلماندوویانە كە جگە لە هەندێك نەخۆشیی تایبەت نەبێت، بەڕۆژوبوون بۆ لەشساغی و تەندروستیی مرۆڤ زۆر گرنگە و، لەشی مرۆڤ لە زۆر ژەهر و چەوری و ماددەی زیانبەخش پاك دەكاتەوە و، پشوویەكیشە بە هەندێك لە ئەندامەكانی لەش وەك گەدەی مرۆڤ كە ساڵ دوانزدەی مانگ ماندووە و پێویستی بەو پشووە هەیە، لەم ڕوانگەیەوە لە مێژوودا سوودی ڕۆژووبوون بۆ لایەنی جەستەیی و تەندروستیی مرۆڤ سەلمێندراوە، لە كۆنەوە لە ناو ئەو میللەتانەشی كە پەیامی ئیسلامیان پێ نەگەیشتووە، یان هیچ دینێكیان نەبووە، بە شێوازی جۆراوجۆر بەڕۆژووبوون، (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ (183) أَيَّامًا مَّعْدُودَاتٍ)، تەنانەت لە ناو زیندەوەران و گژوگیا و درەختیشدا سوڕی متبوون و وەرنەگرتنی خۆراك و ئاو هەیە و، دوایی دووبارە بووژانەوە و گەشە هەیە.

  لەم مانگە پیرۆزەی ڕەمەزاندا زۆر گرنگە موسڵمانان ئاگاداری ڕەوشت و هەڵسوكەوت و زمان و ویژدانیان بن، پێغەمبەرمان درودی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت: «هەندێك كەس هەیە بەڕۆژوو دەبێت، تەنیا برسێتی و توونێتیی بۆ دەمێنێتەوە و هیچ پاداشتی نابێت لەلای خوای گەورە و میهرەبان». لێرەدا مەبەست لەو كەسانەیە كە نان و خواردن و خواردنەوە بە ڕۆژ ناخۆن، بەڵام لە هەمان كاتدا قسەیان ناشیرینە و جنێو و بوختان و كار و ڕەفتاری نابەجێ و غەش و فرتوفێڵ لە كەسابەت و كاریاندا دەكەن.

لەم مانگەی ڕەمەزانی پیرۆزدا مامۆستایان و زانایانی ئیسلامی لە خواپەرستی و ڕێكخستنی ئەركە ئایینییەكانی موسڵماناندا، ئەركێكی قورس و گرانیان لەسەر شانە، مامۆستایان بە باشترین شێوە هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەكەن و، لە ڕابردووشدا بە باشترین شێوە بەم ئەركەی سەرشانیان هەڵساون و، ئینشائەڵا لە ئێستا و داهاتووشدا بە هەمان ڕۆڵی خۆیان هەڵدەستن و بەردەوام دەبن لەسەری. خودای گەورە و میهرەبان و پێغەمبەرمان درودی خوای لەسەر بێت و ئایینەكەمان تەكلیفی ئەوەیان لە مامۆستایان كردووە، بەتایبەتی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا و لە گوتارە ئایینییەكانیانەوە موسڵمانان ئاگادار و هوشیار بكەنەوە و، زیاتر ڕوویان لە كاری چاكە و خێر و خۆشەویستی و لێبووردەیی بێت و، ئەوانەی گوناح و تاوانی بچووكیشیان هەبووە، تۆبە بكەن، مەلاكانی كورد لە كۆنەوە بەم ئەرك و پەیامەی خۆیان هەڵساون و نموونەی نەك نیشتمانپەروەری و دڵسۆزیی بوون، بەڵكو نموونە و ڕۆڵی پیاوچاك و ڕیشسپی و ئاشتبوونەوە و لێبووردەیی بوون، كۆمەڵگە و چین و توێژەكانیان لە فیتنە و ئاژاوە دوور خستووەتەوە و، ڕۆڵی چاكەیان بینیوە و تەكیە و حوجرە و مزگەوتەكانیان بوونەتە شوێنی زانست و دروستكردنی مرۆڤی باش و خێرخواز و سەركردە، ئەمەشیان بە ئەركی خۆیان زانیوە و لە نزیكی و باشتێگەیشتنیان لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەی پێغەمبەرمان درودی خوای لەسەر بێت و لە ئایینی ئیسلامی پیرۆزەوە سەرچاوەی گرتووە، بە واتایەكی دیكە مەلا و مامۆستایانی ئایینیی كورد لە ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام نزیك بوون.

لەم بۆنەیەدا دەمەوێت موسڵمانان لە ئەركێكی پیرۆزی ئیسلام و ئایینەكەیان ئاگادار بكەمەوە، ئەویش مامەڵەی بازاڕ و كەسابەتە، پێغەمبەری ئیسلام سەلامی خوای لەسەر بێت، لە فەرموودەیەكدا بە موسڵمانان دەڵێت: هەركەسێك لە بازاڕدا شتێك هەرزان بكات و هەوڵ بدات هەرزانی بۆ بازاڕ دروست بكات، چەندە خەڵكی هەژار خێر لەو هەرزانییە دەبینن، ئەو كەسەی كاری بۆ ئەو هەرزانییە كردووە، لەگەڵیاندا شەریكی بەدەستهێنانی ئەو خێرەیە، بەپێچەوانەشەوە هەركەسێك هەوڵ بدات لە بازاڕدا نرخ گران بكات، چەند خەڵكی زیان لەو گرانییە دەبینن، ئەو كەسە لەگەڵ هەموو شەڕو زیانەكە شەریكە و گوناهەكەی دەكەوێتە ئەستۆ. بۆیە داوا لە موسڵمانان دەكەم با برسێتی و ڕۆژووبوون و عیبادەتیان بۆ بەدەستهێنانی قازانجێكی بە تەماع بەفیڕۆ نەدەن، لەگەڵ ئەمەشدا خۆ دەبێت لە هەموو باس و خواسێكدا حوكمڕانییەكیش هەبێت و كاروبارەكان بە كاروباری كاسبی و پیشە و بازاڕو نرخەوە ڕێك بخاتەوە. ئالێرەدا ئەركی سەرشانی حكومەتە چاودێری و بەدواداچوونی توندی بازاڕ بكات و، توانای تەواوی خۆی بەگەڕبخات و، هەركەسێك مەوادی ئیكسپایەر و خراپ بە موسڵمان دەفرۆشێت سزایان بدات و ڕێگایان لێ بگرێت. ڕاستە مامۆستایانی ئایینی لە مزگەوت ئامۆژگاریی موسڵمانان دەكەن بۆ ڕێكخستنی كاری بازاڕ و ئاگاداربوون لە نرخەكان، بەڵام وەكو كوردەواری دەڵێت، شەرع بە بێ حوكم، زۆر جێگیر نابێت، هەموو شەرعێك كە باسی دەكەیت بۆ خەڵكی، لە دوای شەرعەكەش پێویستە حوكمێكیشی لەگەڵ بێت.

 لەم مانگە پیرۆزەدا لە خودای گەورەو میهرەبان داواكارم كە ڕۆژوو و عیبادەت و خوداپەرستیی موسڵمانان قبووڵ بكات و، خێر و خۆشی و ئاشتی بە سەر مرۆڤایەتی و موسڵمانانی كورددا ببارێنێت و، ڕەحم و بەزەیی بخاتە دڵی هەمووانەوە.

 

Top