بەهمەن كاكە عەبدوڵڵا ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: پارەی خاڵە سنوورییەكان و داهاتی ناوخۆی سلێمانی هیچ شەفافییەتێكی تێدا نییە

بەهمەن كاكە عەبدوڵڵا  ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:     پارەی خاڵە سنوورییەكان و داهاتی ناوخۆی سلێمانی هیچ شەفافییەتێكی تێدا نییە

دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان بۆ بێ ئیرادەكردنی خەڵكی كوردستانە، لە دەرەوەی هەرێم و لە ناوخۆی هەرێمیش ئەم شێوازەی هێرشكردن و دیارنەمانی پارەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی بەڕێوە دەچێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ پەرلەمانتار (بەهمەن كاكە عەبدوڵڵا) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان سازدا و بەمجۆرە لەسەر كۆكردنەوەی داهات وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

 

* هەرێمی كوردستان بەردەوام ڕەچاوی دراوسێتی و ڕێزگرتن لە سەروەرییەكانی دراوسێتی كردووە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆ بەردەوام ئەم میللەتە دەبێت بكەوێتە بەردەم هەڕەشە و كاری دوژمنكاری؟

- ئەگەر چاوێك بە مێژووی كورد و كوردستاندا بخشێنینەوە، دەبینین دەیان زوڵم و چەوساندنەوە و كۆمەڵكوژی و كاری دوژمنكاری بە شێوازی جۆراوجۆر دەر هەق بە میللەتی كورد كراوە، ئامانجیش تەنیا بۆ بێ ئیرادەكردنی ئەم میللەتە بووە، هەڵمەتی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و كۆمەڵكوژیی ئێزدی و كۆڕەو و بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان، هەمووی زنجیرە كارێكی دوژمنكارییانە بووە لە مێژووی نزیكی ئەم میللەتەدا، بەداخیشەوە بەردەوام سوود لە خیانەتكاری و كەسانێك وەرگیراوە كە كورد زمان و ئەڵقە لە گوێی دوژمنان بوون و پێش تانك و جبەخانەی دوژمن كەوتوون، وەك ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەردا ڕووی دا، یان لە ناوخۆدا بە ناوی ئۆپۆزسیۆن، یان بە گەندەڵی و دزینی داهاتی ناوخۆ هاندەر و یارمەتیدەری هێزی دەرەكی بوون. ئەوەتا مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە و ئەمجارە بە مووشەكی بالیستیكی هێرش دەكرێتە سەر هەولێر، تەنیا لەبەر ئەوەی ئامادە نییە دەستبەرداری پێگەی بەهێزی خۆی ببێت و گوێڕایەڵی ئەجێندا و مەرامەكانی دوژمن ببێت، ئەوان چاویان بەو سەقامگیری و پێشكەوتنە هەڵنایەت كە لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی كورد لە مێژووی خۆیدا بەدەستی هێناوە، بەڵام دڵنیام تا كورد كەسانی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی هەبێت، هەرگیز ناحەزان ناتوانن مەرامی پیسی خۆیان بەدی بهێنن و شكۆی ئەم میللەتە بشكێنن. بۆ ئەم مەرام و ئەجێندا پیسەشیان و بۆ قڕكردنی گەلی كورد، بەردەوام پاساوی نابەجێ و دوور لە ڕاستی دەهێننەوە، كە هاوكات كەسان و گرووپ و هێزێك لە نێوخۆی كوردستاندا هەبوون و كارئاسانی بۆ كردوون و پشێوی و دووبەرەكی و ئاژاوەیان ناوەتەوە، لەم دواییەشدا بە دزینی پارە و داهاتی سلێمانی دەیانەوێت بارودۆخەكە زیاتر بشێوێنن و، وای نیشان بدەن كە حكومەتی بەهێز هەرگیز دروست نابێت و ڕای گشتی چەواشە بكەن، وەكو ئەو پەرلەمانتارانەی كە بە ڕۆژی ڕووناك دەزانن پارەی سلێمانی بۆ دیار نییە كەچی پەلاماری پارتی دەدەن.

* باسی هێرشە مووشەكییە بالیستیكییەكانت بۆ سەر هەولێر كرد، ئایا هۆكارەكانی پشت ئەم هێرشە چی بوون؟

- كاتێك عێراق هەڵەبجەی كیمیاباران كرد بە پاساوی بوونی پاسدارانی ئێران بوو، هەر بە پاساوی ڕیفراندۆمیش بە پاڵپشتیی خیانەتكارانی 16ی ئۆكتۆبەر كەركووك و نیوەی خاكی كوردستانیان داگیر كردەوە، مووشەكبارانی هەولێریش وەكو پایتەختی كوردستان و هەرێمێكی فیدڕاڵیی سەر بە عێراق، جگە لەوەی پێشێلكاری دەستووری و سەروەریی عێراق بوو، كارێكی نامرۆڤانە و دوور لە عورفی نێودەوڵەتی بوو. مافی دراوسێتی و مێژووی نزیكی نێوان ئێران و كورد هەرگیز ئەوە قبووڵ ناكات كەسانێكی قین لە دڵ تەنانەت نەك ڕای گشتی بشێوێنن، بەڵكو دەزگا هەواڵگری و سیخوڕییەكانی خۆشیان لەكەدار بكەن و، بەو پاساوە نابەجێیە مووشەك بگرنە خانووی سەرمایەدارێكی سڤیلی كورد، خۆ ئەگەر پەیامێكیان لە دژی ئێمە هەبێت، ئەوا دەتوانێت بە زۆر ڕێگەی دیكەی دیپلۆماسی ئەم پەیامە بگەیەنن، لەلایەكی دیكەوە لێدوانەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریكا و هاوپەیمانەكان و وڵاتانی كەنداو و هاتنی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش و هەر دوو جێگری سەرۆكی پەرلەمان و كەسایەتییەكانی دیكە و هەموو ئەو دەوڵەت و ناوەندە گەورەكانی جیهان نیشانەیەكی ڕوونە، بەوەی ئەمڕۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان دەپارێزێت و ڕێز لە پێگە و حكومەت و خەڵكەكەی دەگرێت. هەموو ئەو كەسایەتی و لایەنە سیاسییانەی كە پێش دوژمن دەكەون و هەولێر تۆمەتبار دەكەن، هەر زوو درۆ و چەواشەكارییەكانیان ئاشكرا دەبێت.

* دیارە بەدبەختی و نەبوونی شانسی كوردە هەموو جارێك كە هەرێمی كوردستان پێگەی بەهێز بووە و شۆڕش و ڕاپەرینی كردووە، دوژمنەكانی كوردستان هاتوون و بە هێزێكی ناوخۆیی و كەسانێكی كورد زمان لێیان داوە، ئایا لە ئێستادا هیچ مەترسییەك هەیە بۆ نانەوەی پشێوی و تێكدانی ناسەقامگیریی ناوخۆ لەلایەن ئەو هێزانەوە؟

- بەردەوام خیانەتكار و جاش و خۆفرۆش بەرامبەر ئەم میللەتە لە كەمیندا بوون دژ بە هەموو ئەو سەركردە نەتەوەیی و نیشتمانییانەی كە كاریان بۆ سەربەخۆیی و ئازادی و سەرفرازی و خۆشگوزەرانیی گەلەكەیان كردووە، هەرجارە و بە بیانوو و پاساوی نابەجێ و بە شێواز و ناوی جیاجیا، لە دەرەوە و لە ناوخۆدا كاریان بۆ تێكدانی بار و بژێویی ژیانی خەڵك و بڕینی بودجە و مووچەی خەڵك كردووە، هەمیشەش كاریان درۆ و بوختان و چەواشەكاری بووە، بۆ ئەوەی دواتر سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی و بێزاریی هاووڵاتیان ببن، هەر ئەمانەشن لە شۆڕش و ڕاپەرینەكاندا خیانەتیان كردووە و لە ئەنفالدا پێشی سوپای عێراق دەكەوتن و دواتریش پێشی حەشدی شەعبی كەوتن دژ بە پێشمەرگە، لە ناوخۆدا جاشە ئەڵقە لە گوێیەكانی ئێمە پێش دوژمن باسیان لە بوونی موساد دەكرد، كەسانێك هەن لەسەر شاشەی تیڤییەكان كە جلكی كوردییان لەبەردایە و ئیدعای موسڵمانێتی دەكەن، بەڵام لە ڕاستیدا بازرگانی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە دەكەن و لە قسەكانیاندا ژەهر دەبارێت، هەر ئەمانەش بوون هانی سەركردە شیعەكانیان دەدا بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان ببڕن، سەركردە شیعەكان دەیانگوت پێمان سەیرە پەرلەمانتاری كورد داوای بڕینی مووچە و بودجەی كوردستانیان دەكرد، لێرەش لەسەر شاشەی تیڤییەكان دەیانگوت بۆچی مووچەی خەڵكی پاشەكەوت دەكرێت، ئەمانە بە ئاشكرا ئیدعای پاشكەوتەیی بۆ وڵاتانی دیكە دەكەن و دژی هەموو یەكدەنگی و یەكگرتووییەكی هێزە سیاسییەكانن. ئەمانە سوودمەندن و پارە و بودجەیان دەدرێتێ لە وڵاتانی دراوسێوە. موقتەدا سەدر دەڵێت هەولێر لەژێر مووشكباران و برسێتیكردندایە، ئەمە لە گەورەترین حزبی عێراقی و كوتلەی پەرلەمانی دەرچووە، كەچی كەناڵە بەگرێگراوەكانی ئێرە هەر كەسەو بە ئاوازێك دژی كوردستان قسە دەكات و، یەكێك دەڵێت بەغدا مافی خۆیەتی پارە و بودجەی هەرێم ببڕێت و یەكێكی دیكە دەڵێت بۆ نەوتمان فرۆشت، هەمووشی بۆ یەك ئامانجە كە خەڵكانێك لە دەوروی خۆیان كۆ بكەنەوەو ئەوان بە پەرلەمانتاریان لە بەغدا زیاتر سوودمەند بن و لە كوردستانیش و وەكو حزبی سیاسی لە كۆكردنەوەی داهات و تاڵان و دزی بەردەوام بن. خۆشبەختانە زۆر لەو خۆفرۆشانە ئەمجارە دەنگیان نەهێنایەوە، بەڵام هەندێكیشی چووە پەرلەمان، دەبێت یاسایەك لە كوردستان هەبێت بۆ لێپرسینەوە لە خیانەتكارەكان، ئەوانەی دژی هەرێمی كوردستان لە بەغدا قسەیان دەكرد، یەك ڕۆژ باسی قەرەبووكردنەوەی هەڵەبجە و زیانلێكەوتووانی كوردستانیان نەكرد، باسی شایستەی جووتیاران و بودجە و مووچەی كوردستانیان نەكرد و جورئەتی ئەوەیان تێدا نییە باسی داهاتی عێراق بكەن.

* لە ئێستادا زۆر باس لە داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەرین دەكرێت، ئایا بۆچی پارە لە بانكەكانی سلێمانی نییە؟ ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان ناینێرێت، یان داهاتی ناوخۆ بۆ حكومەت ناگەڕێتەوە؟

- نەك لە سلێمانی داهاتی ناوخۆ وەكو پێویست ناگەڕێتەوە بۆ حكومەت، بەڵكو لەوەش زیاتر ئەو پارانەی لە بانكەكاندا هەیە دەیبەن و نامێنێت، بە داتاو ئامار هەموو ئەو ژمارانەی داهاتی ناوخۆی خاڵە سنوورییەكان لە سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەرین و گەرمیان دراوە بە بەرپرسێكی باڵای یەكێتی لە حكومەت كە دەدزرێت و ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزیری دارایی بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە كە نەك داهات لە سنووری سلێمانی وەكو پێویست كۆ ناكرێتەوە، بەڵكو داهاتی ناوخۆ ناگەڕێتەوە بۆ حكومەت، خۆ لە دوای ڕووداوەكانی هەشتی تەمووز خۆیان دەیانگوت چیتر دزی و قاچاخچێتیكردن و سەرانەمان كۆتایی پێ هێنا، هەر هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی ڕایگەیاند كە لە شەو و ڕۆژێكدا داهاتی قاچاخچێتی شەش ملیۆن دۆلارە، باشە یەكێتی حاكمی موتڵەقی ئەو زۆنەی خۆیانن ئەی بۆچی داهاتی ناوخۆیان نییە و خەڵكیش هان دەدرێت دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان قسە بكات، بە ئاشكرا پڕۆژە لە سنووری سلێمانی دوا دەكەوێت و دەوەستێت و پارەكەی دەخورێت و تەواو ناكرێت، بڕۆن سەیری حاڵی دووسایدەكانی ڕانیە و دووكان و دەربەندیخان و تونێلەكەی كۆیە و 100مەتریی سلێمانی بكەن، هەرچەندە ئەمانە نموونەیەكی كەمن لەو بەهەدەردانە گەورەیەی داهاتی گشتی، لە یەك مانگی مەرزی پەروێزخان ملیارێك و 350ملیۆن دینار داهات هەبووە، باشە ئەم پارەیە لە بانكەكانی سلێمانی چی لێهات، خۆیان ئیعتراف دەكەن كە بە ڕەقەمیش پارەكە ناگەڕێتەوە بۆ هەولێر، لە كاتێكدا لە خراپترین حاڵەتدا داهاتی ناوخۆی سلێمانی تەنیا بۆ مانگێك 150 ملیار و بۆ 160 ملیار دینارە.

ئەوان 20 ساڵ خەڵكیان ڕاهێنابوو دەیانگوت پارەی نەوت شەفاف نییە، ئێستا شەفافترین پارە پارەی نەوتە و ناشەفافترین پارە پارەی خاڵە سنوورییەكان و داهاتی ناوخۆی زۆنی سلێمانییە، هەرچی پڕۆژەی هەولێر و دهۆك هەیە هەر لە شەقام و كارەبا و ئاو و پارك و قوتابخانە و تونێل و دەیان پڕۆژەی دیكە كە دروست دەكرێت، بە داهاتی ناوخۆكەیەتی، هەر لە داهاتی ناوخۆ تەمویلی مووچەكانیان دەكرێت، لە هەولێر و دهۆك 76%ی بودجە دەدرێت و لە سلێمانی بە هەموو سنوورەكانی گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەرینەوە تەنیا 24%ی دەدرێت، كەچی لە سلێمانی لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە بەردەوام كێشەی داهاتی ناوخۆ هەیە، هەمووشی لە چوارچێوەی بەرنامەی دزین و تاڵانكردن و بێزاركردنی هاووڵاتیان و سیاسەتی برسیكردنی خەڵكە، كە هاوتەریبە لەگەڵ سیاسەتە دوژمنكارییەكانی زۆر لایەنی سیاسی لە عێراق و لە وڵاتانی دراوسێ، ئەوان نایانەوێت كوردستانێكی بەهێز دروست ببێت و پێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خودی ڕێزدار مسرور بارزانی بمێنێت.

Top