لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان و بەشداری کارای مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
(( *))
لە ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی ئاداری ٢٠٢٢، لە شاری دوبەی، بە سەرپەرشتیی بەڕێز (شێخ محەممەد بن ڕاشد ئال مەکتوم) جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و حاکمی دوبەی، لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان ٢٠٢٢، بە بەشداری سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان و سەرۆکی حکومەت و وەزیر و سەرۆکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و شارەزا و پسپۆڕانی بواری کاری حکومەتی و ئاییندەناسان، بەڕێوەچوو.
لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان ٢٠٢٢ لە دوبەی، کە یەکەم کۆبوونەوەی فراوان بوو لەسەر ئاستی جیهان لە دوای پەتای کۆڕۆنا، ڕووداوێکی سەرەکی جیهانییە بۆ پێشخستنی نموونەی حکومەتداری لە ئاییندەدا. ئەم لووتکەیە، بەشدارییەکی فراوانی زیاتر لە ٤٠٠٠ کەسایەتی لە ١٩٠ دەوڵەوەتی جیاوازەوە بەخۆیەوە بینی و بژاردەی بەرپرسانی حکومەتەکان و زیاتر لە ٣٠ ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی تیایدا بەشداربوون و گفتوگۆ و بیروڕایان بە مەبەستی دروستکردنی ئاییندەیەکی باشتر و هاوکاریکردن گۆڕییەوە.
لەو لووتکەیەدا کە زیاتر لە ١١٠ دانیشتنی سەرەکی و دیالۆگ و ١٥ کۆڕبەندی جیهانیی ئەنجامدران، تیایاندا ئاڵنگارییە جیهانییەکانی سەردەمی ئێستا و ئەوانەی لە داهاتوودا ئەگەری ڕوودانیان هەیە، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. هەروەها شێوازەکانی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای حکومەت و بەهێزکردنی توانای حکومەتەکان بۆ ئامادەیی و گونجان لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان و دۆزینەوەی شیاوترین چارەسەرییەکان کە ژیانی کۆمەڵگەکان باشتر بکات، باسیان لەبارەوە کرا. بە هەمان شێوە گرنگیی ڕوانین بۆ ئاسۆی پێشکەوتنەکانی ئاییندە لە بوارە جیاجیاکانی زانست و تەکنۆلۆژیا و پزیشکیی و کۆمەڵایەتیی و کارکردن لەو بوارانە بە جۆرێک لە خزمەتی کۆمەڵگەکان و ئایندەیەکی بەردەوام بێت بۆ نەوەکانی داهاتوو، جەختی لێ کرایەوە. جگە لەو بابەتانەی ئاماژەیان پێدرا، بابەتەکانی کەشوهەوا، بازرگانیی نێودەوڵەتی، ئاییندەی شار، هاتوچۆ، هایدرۆجین وەک سەرچاوەی وزەی جێگرەوە، سەرکردەکانی نەوەی داهاتوو بۆ حکومەتەکان، گەشەپێدانی بەردەوام و ئابووری و دەیان بابەتی دیکە، تەوەرەی سەرەکی و ناونیشانی ئەو دانیشتنانە بوون کە گفتوگۆیان تێدا دەکرا.
ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دانیشتن و دیالۆگ و کۆڕبەندەکانی لووتکەی جیهانی حکومەتەکان٢٠٢٢ لە دوبەی، بەشدارییەکی کارای کرد و یەکێک بوو لەو سەرۆک حکومەتانەی کە بایەخی زۆر بە بەشداریکردنیان درابوو. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ١١٠ دانیشتنە جیاوازەی ئەنجامدران، لە سێیەمین دانیشتنی سەرەکی ئەو لووتکەیە، لە ڕۆژی یەکەمیدا لە ٢٩ی ئاداری ٢٠٢٢، لەژێر ناونیشانی (ئایا جیهان ئامادەیە بۆ قۆناغی دوای نەوت)، بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میر (عەبدولعەزیز بن سەلمان ئال سعود) وەزیری وزەی شانشینی عەرەبی سعودیە و (سوهێل بن محەممەد ئەلمەزروعی) وەزیری وزە و ژێرخان لە دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی، یەکێک لە دانیشتنە گرنگەکانی ئەو لووتکەیەیان ئەنجامدا. لەو دانیشتنەدا کە ئامادەبوویەکی زۆری تێدا بەشداربوون، تیایدا جگە لە شیکردنەوەی ڕوانینەکان بۆ مەترسییەکانی ئاییندە لە ڕوانگەی جیاوازەوە و سەرنج و ڕا لەسەر کەرتی وزە بەشێوەیەکی گشتی، باس لەو هێرشانەش کرا کە لەلایەن دەوڵەت و تاقمە جیاجیاکانەوە دەکرێنە سەر دەوڵەت و هەرێمەکانی دیکەوە. لێرەدا سەرۆکی حکومەت ئەو پاساوانەی ڕەتکردەوە کە کرانە بیانووی مووشەک بارانکردنی هەولێر لەلایەن ئیرانەوە، هەروەها بەڕاشکاویش باسی لە یاسایی و دەستووریبوونی ئەو گرێبەستانە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری وزەی ئەنجام داوە و دڵنیاییشی بە هەموو لایەک دا کە بەپێی یاسا و مافە دەستوورییەکانی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوکارە نێودەوڵەتییەکانی بەردەوام دەبێت.
هەر لە پەراوێزی دەستپێکی ئەو لووتکەیە، لە (کۆڕبەندی وزەی جیهانیی)دا کە لەلایەن (ئەنجوومەنی ئەتلانتیک)ەوە ڕێکخرابوو، ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی ٢٨ی ئاداری ٢٠٢٢دا لە دانیشتنێکی ئەو کۆڕبەندە لە ژێر ناوی (پێشخستنەکانی وزە، هەناردەکردن، ئاییندەی هەرێمی کوردستان) وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد و تیاییدا ئامادەیی هەرێمی کوردستانی نیشاندا بۆ هاوکاریکردن بۆ چارەسەری لەهەر قەیرانێک کە ڕووبەڕووی کەرتی وزەی جیهانی دەبێتەوە، هەروەها باسی لەو گرفت و فشارە سیاسییانە کرد کە دەویسترێت بە ناوی دادگای فیدڕاڵییەوە بخرێنە سەر هەرێمی کوردستان و ڕاستیی و ڕەوایی و یاساییبوونی ئەو گرێبەستانەی خستەڕوو کە بەپێی یاساکانی پەرلەمانی کوردستان و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا داڕێژراون. دواتریش لەلایەن چوار لە پسپۆڕ و شارەزا نێودەوڵەتییەکانەوە گفتوگۆ دەربارەی ئەو هێڵە سەرەکییانە کران کە سەرۆکی حکومەت لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر و لەلایەن دەزگا میدیاییە جیهانییەکانەوە بایەخێکی گرنگی پێدرا.
جگە لەو بەشدارییە سەرەکیی و گرنگەی ئەو دوو ڕۆژە لە پێشکەشکردنی وتار و دانیشتن و کۆڕبەندەکان، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دیکەی گرنگ لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی حکومەتدا ئەنجامدران، گرنگترینیان کۆبوونەوە بوو لەگەڵ (سوهەیل ئەلمەزروعی) وەزیری وزە و ژێرخانی دەوڵەتی ئیمارات، کۆبوونەوە لەگەڵ (محەممەد بارکیندۆ) سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، کۆبوونەوە لەگەڵ (محەممەد ئەلجەدعان) وەزیری دارایی شانشینی عەرەبی سعودیە، کۆبوونەوە لەگەڵ (عەبدوڵلا بن تۆق) وەزیری ئابووریی دەوڵەتی ئیمارات.
هەروەها کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ زیاتر لە ٥٠ خاوەنکار و کۆمپانیای گەورە و وەبەرهێنەر بۆ باسکردنی دەرفەت و ئاسانکارییەکانی کە لە هەرێمی کوردستان هەن سەبارەت بە لایەنە جیاوازەکانی وەبەرهێنان.
کارێکی دیکەی گرنگی بەڕێز سەرۆکی حکومەت لەو لوتکەیەدا، واژووکردنی یادداشتێکی لێکتێگەیشتن بوو لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی، کە لەلایەن بەڕێز سەرۆکی حکومەت و (محەمەد قرقاوی) وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی دەولەتی ئیمارات واژوو کرا، سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی لە بواری نوێکردنەوەی کاروباری حکومەتدا، کە لەو چوارچێوەیەدا دەوڵەتی ئیمارات هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە پێشخستنی کاروبارەکانی حکومەتی هەرێم و برەودان بە توانا مرۆیی و دام و دەزگاکانی حکومەت و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی دەوڵەتی ئیمارات لە بواری حکومەتی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکاندا.
ئەوەی جێی باسە، کە سەردانی بەڕێز سەرۆکی حکومەت لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتی ئیماراتەوە بە گرنگییەوە بایەخی پێدرا و بە جیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا لەلایەن (شێخ محەمەد بن ڕاشد ئال مەکتوم) جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و حاکمی دوبەی، (شێخ سوڵتان بن محەممەد ئەلقاسمی) حاکمی مینشینی شاریقە، (شێخ سعود بن سەقڕ ئەلقاسمی) حاکمی مینشینی ڕەئس ئەلخەیمە پێشوازی کرا و ئەو سەردانەی سەرۆکی حکومەت ڕووماڵێکی گرنگی ڕۆژنامەوانی و میدیایی دەوڵەتی ئیماراتی پێدرا.
* وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.