دیپلۆماسییه‌ت وه‌ك هێزی نه‌رمی هه‌رێمی كوردستان..

دیپلۆماسییه‌ت وه‌ك هێزی نه‌رمی هه‌رێمی كوردستان..



گشت بانگهێشت و سه‌ردانه‌ فه‌رمییه‌كانی بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ و ئینجا گرنگی و بایه‌خی سترایتژی و پێگه‌ی جیۆ سیاسی وئێكۆنۆمی كوردستان له‌ رووی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ و ئینجا بوونی سه‌ركردایه‌تییه‌كی ژیرانه‌ و مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ رووداو و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و نێوده‌وڵه‌تیی وایانكردوو كه‌ رۆژ به‌ رۆژ زیاتر سه‌رنج وبایه‌خ و گرنگیدان بۆ هه‌رێمی كوردستان زیاتر بووه‌ .
جموجوًڵ و چاڵاكییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و نێوده‌وڵه‌تی ، باشترین ده‌سكه‌وت و ده‌رفه‌ته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ ده‌وری ئه‌و دیپلۆماسییه‌دا كۆ ببنه‌وه‌، چونكه‌ ئاراسته‌ی كاره‌ دیپلۆماسییه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدایه‌ و، هه‌ر ئه‌مه‌یش ده‌توانێت حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌وری خۆیدا ڕێك بخات و كۆیان بكاته‌وه‌. گرنگی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌و قۆناخه‌ زه‌مه‌نیه‌دا، به‌هۆی زانیاری به‌خشین به‌ گشت نیه‌، به‌ڵكو له‌ رووی ستراتیژییه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان له‌ رێگای هاتوچۆی ئاسانی ئه‌و زانیاریانه‌وه‌، چه‌ند ده‌توانن سه‌رنج و فۆكه‌سی جیهان بخه‌نه‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی وڵات و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یان، ئه‌وه‌یان به‌ هێزی نه‌رم و گه‌وهه‌ری دیپلۆماسی و لێزانی سه‌ركرده‌ی هه‌ر وڵاتێك هه‌ژمار ده‌كرێت .
له‌ هیچ سه‌رده‌مێكدا، به‌و ڕاده‌یه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌وره‌ هێزه‌كان چ له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌ و چ له‌سه‌ر ئاستی جیهان، وه‌ك ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی كورد له‌یه‌ك نزیك نه‌بووه‌ته‌وه‌ و كوردستان له ‌روانگه‌ی ئابوری، نه‌بووه‌ته‌ رۆژه‌ڤی باس و خواسی ده‌وڵه‌تان و كۆمپانیا فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان . یه‌كێكی دیكه‌ له‌و فاكته‌رانه‌ی رێگه‌ی له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدانه‌وه‌ی دوایین ته‌وقی زنجیری ده‌وره‌دانی ئابوری كوردستان له‌ دوای 16ی ئۆكتوًله‌لای گرت، هه‌مان سیاسه‌تی ستراتیژی بونیاتنانی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش بوو، كه‌ له‌ رێگای سێكته‌ری وزه‌وه‌ بناغه‌ی بۆ دارێژرا بوو
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی سه‌ده‌ی بیست ویه‌ك، سیاسه‌تی دیپلۆماسی، له‌ بری دیپلۆماسی سیاسی، وه‌كوو رێكارێكی جێی په‌سه‌ندی كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی، نه‌ به‌ته‌نێ له‌ پێناوی رێكخستنی په‌یوه‌ندی و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵكوو وه‌كوو چاره‌سه‌رێكیش بۆ رزگاری و پرسی ئازادیخوازی گه‌لانی ژێرده‌ست، له‌ شوێنی بزاڤی شۆڕشگێڕیی چه‌كداری، بووه‌ته‌ جێگای بایه‌خی بیروڕای گشتی و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و مه‌یڵیك هاتۆته‌ ئاراوه‌، كه‌ ئیدی دانووستان و گفتووگۆ، وه‌كوو شوێنگره‌وه‌ی خه‌باتی شۆڕشگێڕی پێشوازی لێده‌كرێ .به‌ دیوه‌كه‌ی تریشدا، هه‌ر ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ پشتیوانی بۆ چالاكییه‌ دیپلۆماسییه‌كه‌. دیپلۆماسی و كارتێكه‌رییه‌كانی له‌ ناوه‌وه،‌ ده‌بێ دوو دیوی دراوێك بن، ده‌نا ده‌رفه‌ته‌كان ده‌سووتێن! پێكهێنانی چه‌ندان لێژنه‌ له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی په‌یوه‌ند به‌و پرسه‌ دیپلۆماسییه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی كه‌نداو و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌توانێت ته‌واوكه‌ری دیپلۆماسییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان بێت تا وڵاتمان به‌رهه‌مه‌كه‌ی بچنێته‌وه‌.
هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی وزه‌ی غاز و نه‌وتیدا له‌ ناو ململانێی هێزی نه‌رم و ڕه‌قی ئه‌كته‌ره‌ هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا گه‌مه‌ ده‌كات و له‌ چوارچێوه‌ی وزه‌ی ئاویش ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیانه‌ كار بكات و وه‌ك كارتی گوشاریش به‌كاری بهێنێت. بۆ باشتر گه‌مه‌كردن حكومه‌ت هه‌رێمی كوردستان ده‌توانن سوود له‌ توانایی سه‌ربازی وه‌ك هێزی ڕه‌ق و توانایی وزه‌ وه‌ك هێزی نه‌رم وه‌رگرێت و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پارێزگاری له‌ ئه‌منییه‌ت و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان بكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری مێژووی كورد به‌ تایبه‌تیش له‌ دوای نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م بۆ سه‌ره‌وه‌ بكه‌ین، هێزه‌ هه‌رێمایه‌تی و جیهانییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی سه‌ربازی و وزه‌وه‌ سه‌یری كورد و هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌.
بۆیه‌، ئه‌وه‌ی له‌ قۆناغی ئێستای سیاسیی و دیپلۆماسی هه‌رێمی كوردستان گوزه‌ر ده‌كات ، به‌ر ئه‌نجامی خه‌باتێكی و تێكۆشانێكی به‌رده‌وامه‌ و تێكشكێنه‌ری ئاسته‌نگ و كۆسپه‌كانی به‌رده‌مێتی ، له‌ هاوسۆزییه‌ وه‌ بۆ هاوبه‌شی سه‌ربازی و دروستكردنی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و وزه‌ و هێزی نه‌رم ودیپلۆماسیه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێز و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، سه‌ردان و بانگهێشتی فه‌رمی سه‌رۆكی هه‌رێم و حكوومه‌تی كوردستان بۆ وڵاتانی ئیمارات و قه‌ته‌ر و وڵاتانی ئه‌وروپایی ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ بونیاتنانی په‌یوه‌ندییه‌كی بواری ئابووری و ئاسایش و بازرگانی و ڕه‌نگڕێژی ستراتیژیه‌تی سیاسیی هاوبه‌ش.

 

Top